
لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێو قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەنەدا دەست و پێ لێ دەدات؛ لە کاتێکدا کە پیسبوونی هەوا لە زۆربەی شارەکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستی سوور و بەو هۆیەوە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە شوێنی کار و ژیانیاندا تووشی نەخۆشییەکانی سی و کۆئەندامی هەناسە دەبن و ژمارەیەکیش بەهۆی نەبوونی دەرمان و چارەسەر گیانیان لەدەست دەدەن؛ لە کاتێکدا کە ڕێژەی هەڵاوسان سنووری ٦٠ لەسەدی تێپەڕاندووە و تێچووی سەبەتەی بژێوی بۆ سەرووی ٦٠ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا بەرز بووەتەوە؛ بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا بە شێوەیەکی بێوێنە داڕماوە و توانای کڕینی کرێکاران و توێژە دەستکورتەکان بە توندی دابەزیوە، لە دۆخێکی ئاوادا عەلی خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەز، کۆمەڵێک لە مەداح و ستایشبێژانی کاسەلێسی حکوومەتی ئیسلامیی کۆ کردەوە و بە خۆگێل کردن لەو دۆخە پڕ لە نەهامەتییەی کە بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە، هەوڵی دا ڕای گشتیی کۆمەڵگا بە مەسەلەی بێ ڕەبت بە ژیانیانەوە بەلارێدا بەرێت و خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش ئامادە بکات.
لە دۆخێکی وەهادا خامنەیی لە جیاتی وەڵامدانەوە و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی دروستکردنی ئەم هەلومەرجە کارەساتبارە بۆ خەڵک، بەوپەڕی بێشەرمییەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە: “وڵات ڕوو لە پێشکەوتنە”. ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی مەترسیداری هەوا لە ئەهواز، ئەوەی لە بەرامبەر کێشەکانی دیکەدا بە شتێکی بچووک و بێبایەخ زانی و مەوعیزە و ئامۆژگاریی بۆ کردن کە “دوژمن هێرش دەکاتە سەر شوناسی ئایینی و مێژوویی ئێران. بەڵام ئەم خەڵکە بە موقاوەمەتی نەتەوەیی ئەم هێرشانەی دوژمنیان پووچەڵ کردووەتەوە”. لە کاتێکدا خەڵک لە بیری پەیداکردنی پارووە نانێکن بۆ تێرکردنی سکی خۆیان و خێزانەکیان، ئەو بە مەوعیزەی خورافی داوای لە مەداحان کرد کە “تەرکیز بکەنە سەر مەعاریفی ئیسلامیی شیعە و شۆڕشگێڕی، چونکە ئارایش و پلانی دوژمنیش ئەوەی کردووەتە ئامانج”.
لە کاتێکدا کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران دەستەویەخەی هەژاری و نەبوونی و فەلاکەتی ئابوورین، خامنەیی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی دەستکورتی بۆ “موقاوەمەت و بەرگەگرتن” وەک تاکە ڕێگەچارەی ڕژیم بانگهێشت کرد. ئەو لە هەمان کاتدا خێڵی گەورەی مەداحانی مفتەخۆر و مشەخۆر کە باڵی تەبلیغاتیی حکوومەتی ئیسلامین، بسیج دەکات تا بۆ بەلارێدابردنی ڕای گشتی دەستبەکار بن و بە قەولی خۆی “ئەدەبیاتی موقاوەمەت” یان لە ڕاستیدا هەمان “ریازەتی ئابووری” بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. بە ئیعترافی بەرپرسی ئیدارەی “ڕێکخستنی دەستە و شورا مەزهەبییەکان”ی ڕژیم، ژمارەی دەستەکان و مەداحە جیرەخۆرەکان لە سەرانسەری ئێراندا زیاتر لە ١٠٠ هەزار و ژمارەی مەداحان تەنیا لە تاران ١٧ هەزار کەس دەبێت. ئەم دەزگایەی شۆردنەوەی مێشکی ڕژیم لە تەنیشت هێزە سەرکوتگەرە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، ئەرکیان ئەوەیە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و دەستکورت بۆ بەدەستهێنانی خواست و داخوازییەکانیان سەرکوت بکەن.
بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیمی ئیسلامی لە هەموو لاوە تووشی بنبەست بووە؛ لە کاتێکدا بە بۆچوونی کارناسانی ئابووری، شیرازەی ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵی هەرەس و داڕماندایە، خامنەیی و سەرانی دیکەی ڕژیم زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆیان لەبەردەم مەترسیی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەبینن. سەرەڕای زیادبوونی لەسێدارەدانەکان، پەرەسەندنی دەستبەسەرکردنەکان، کوشتنی بە ئەنقەستی چالاکانی سیاسی و توندترکردنی کەشی ئەمنیەتی و سەربازی، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم نەیانتوانیوە پێش بە گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا بگرن و ئەم ناڕەزایەتییانە هەروا لە پەرەسەندندان. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئۆرگانی هەواڵدەریی “هەرانا”، لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم ٣٧٠٢ کۆبوونەوە و مانگرتن لە سەرانسەری ئێراندا بەڕێوە چووە.
ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی شکۆداری زیاتر لە ٥ هەزار کرێکاری پەیمانکاری لە ١٢ پاڵاوگەی ناوەندی گازی پارسی جنووبی لە عەسەلوویە لە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز، کە بۆ چەندەمین جار خوازیاری لابردنی کۆمپانیا چەوسێنەر و ڕانتخۆرە پەیمانکارییەکان بوون؛ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی گەورەی کرێکارانی کۆمپانیا پەیمانکارییەکانی نەوت و گاز لە ناوچە جیاوازەکانی سەرانسەری ئێران بە بانگەوازی پێشوەختە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز لە بەردەم مەجلیسی شورای ئیسلامیی ڕژیم بە دروشمگەلێکی وەک “زوڵم و ستەم بەسە – سفرەمان بەتاڵە” و لە ناڕەزایەتی بە درێژەی تاڵانکردنی چەند هێندەی دەستڕەنجی کرێکاران؛ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی کارمەندانی بێهزیستیی پارێزگا جۆراوجۆرەکان لە بەردەم مەجلیس هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە لە ڕۆژی چوارشەممەدا لە ناڕەزایەتی بە ئاستی نزمی مووچە و کێشە مەعیشەتییەکان بە دروشمی “وەعدە و بەڵێن بەسە – سفرەمان بەتاڵە” و “مەدەدکار دەنگ هەڵبڕە – مافی خۆت هاوار بکە”، تەنیا نموونەگەلێکن لە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو.
لە لایەکی دیکەوە، پشتیوانی چینایەتیی بەشەکانی دیکەی کرێکاران لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نەوت و گاز، فاکتۆرێکی دیکەیە بۆ نیشاندانی گەشە و پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەدژی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداری. بڵاوکردنەوەی تراکتەکانی پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی عەسەلوویە و ناوچەکانی تر لەلایەن کۆمەڵێک لە ژنانی کرێکاری تاران و کەرەج لە ١٨ و ١٩ی سەرماوەزدا کە تێیاندا هاتووە: “ئێمە ژنان بەشێکی گەورە لە چینە گەورەکەی کرێکارانین، خەبات دژی چەوسانەوە و کۆیلایەتیی مزدی و هەڵاواردنە چینایەتی و ڕەگەزییەکان، ئەڵقەی پەیوەندیی ئێمەیە”. وە هەروەها بەیاننامەی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبووسڕانیی تاران و دەوروبەر لە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانکاریی نەوت و گازی پارسی جنووبی لە ڕۆژی ١٩ی سەرماوەز، نیشانەی گەشەی وشیاریی چینایەتی و هاوپشتییە لە نێو بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا. هەروەک لە بەیاننامەی کرێکارانی خەباتکاری سەندیکای شیرکەتی واحیدیشدا هاتووە، تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە مافە ئینسانییەکانی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکە، یەکگرتوویی و تەشکیلاتە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە