
بەپيی ڕاپۆرتەکان، زیندانیی سیاسیی خەڵکی ورمی نایب عەسکەری کە پێنجەم ساڵی حوکمە ١٥ ساڵییەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێ دەپەڕێنێت، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بێبەشکردنی لە دیداری بنەماڵە و مۆڵەتی پشووی کاتی، لێوەکانی دوورییەوە و مانی لە خواردن گرت.
بەپێی ئەو زانیاریەکان، ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی١٤٠٤ وە لێوەکانی دووریوەتەوە و نامەی مانگرتنەکەی ڕادەستی بەرپرسانی زیندان کردووە. نایب عەسکەری لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە هۆکاری نادیار لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و داواکارییەکانیشی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بێوەڵام ماونەتەوە. هەر بۆیە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی زیندان لە بەدواداچوون و داواکارییەکانی، مانی لە خواردن گرتووە.
نایب عەسکەری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەلمەهدیی ئەم دامەزراوە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیدانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم هاووڵاتییە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.