
قەیرانی ژینگە لە جیهانی هاوچەرخدا، بووەتە ڕاستییەکی بابەتی و گشتگیر کە هەڕەشە لە بنەما مادییەکانی ژیانی مرۆڤ و سرووشت دەکات. ئەم قەیرانە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی «شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری» و مەنتیقی کەڵەکەکردنی بێوەچانی سەرمایەیە. لەم مەنتیقەدا، سرووشت وەک سەرچاوەیەکی خاو، خۆڕایی و کۆتایینەهاتوو دەبینرێت کە دەبێت بە خێراترین شێوە بگۆڕدرێت بۆ “بەهای ئاڵوگۆڕ”.
سەرمایەداری لە ڕەوتی ناچاریی پەرەسەندنیدا، چ لە قالبی گەشەی پیشەسازی و چ لە شێوەی کشتوکاڵی تیجاری یان شارنشینیدا، هەمیشە دەستبەسەرداگرتن و تێکدانی فەزای سرووشتیی لەگەڵدا بووە. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە نزیکەی ١٢ ملیۆن هێکتار دارستان لە جیهاندا دەفەوتێنرێت؛ ڕووبەرێک کە لە خاکی وڵاتێکی وەک ئیسلەند بەرینترە. ئەم ڕەوتە، نەک حاڵەتێکی دەگمەن، بەڵکوو یاسایەکی پێکهاتەیی و بونیادییە لە سیستەمێکدا کە مانەوە و قازانجەکەی بەندە بە وێرانکارییەوە.
لەناوبردنی دارستانەکان، وشککردنی تاڵاوەکان و گۆڕینی زەوییە سرووشتییەکان بۆ زەویی کشتوکاڵی سەنعەتی یان پڕۆژەی شارسازی، سەرجەمیان لەپێناو تێکەڵکردنی هەرچی زیاتری سرووشت لە بازنەی بازاڕی جیهانیدا ئەنجام دەدرێن. دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە، داڕمانی چەرخە سرووشتییەکان و لاوازبوونی توانای بەرهەمهێنانەوەی ئیکۆسیستەمەکانە. تاڵاوەکان گرنگترین ژینگە بۆ ڕێکخستنی چەرخەی ئاو و کەربۆن دێنە ئەژمار، بەڵام لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بەشێکی زۆریان لەئاستی جیهاندا لەناو چوون. ئەم وێرانکارییە بەربڵاوە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی جۆراوجۆریی زیندەوەرەکان. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی لەناوچوونی جۆرەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا دەیان بەرابەری ڕێژەی سرووشتی بووە. ئەم ئامارانە دەربڕی قەیرانێکن کە نەک تەنیا ژینگە، بەڵکوو ئاسایشی خۆراک، تەندروستیی گشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیشی خستووەتە مەترسییەوە. کشتوکاڵی سەنعەتی، کە لەسەر بنەمای یەکجۆر چاندن، بەکارهێنانی بەربڵاوی کوود و ژەهری کیمیایی و بەکارهێنانی چڕی سەرچاوەکانی ئاو دامەزراوە، هەرچەندە لە کورتخایەندا بازدەهییەکی ڕووکەش دروست دەکات، بەڵام لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە. خاکی لاوازکراو پێویستی بە کوودی زیاتر دەبێت و ئەوەش وابەستەیی کشتوکاڵ بە سەرمایە توندتر دەکەنەوە.
قەیرانی ژینگە لە ئێران، ڕەنگدانەوەیەکی دیاریکراو بەڵام ڕیشەدارە لەم لۆژیکە جیهانییە. گەڵاڵەکانی گواستنەوەی ئاو لە نێوان حەوزەکاندا، نموونەی بەرچاوی گەشەی نایەکسان و سەپێنراون؛ پڕۆژەگەلێک کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی توانای ئیکۆلۆژیک، بۆ دابینکردنی پێداویستیی پیشەسازی و کشتوکاڵی سەرمایەمیحوەر دیزاین کراون. حەوزەی ئاوڕێژی کاروون لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەنداو و تونێلی گواستنەوەی ئاو بووەتەوە. کەمبوونەوەی توندی ئاو و دابەزینی ئاستی ئاوی ئەم ڕووبارە، بووەتە هۆی پێشڕەویی ئاوی سوێر لە خوارەوەی ڕووبارەکە و بەرزبوونەوەی سوێریی ئاوەکە بۆ زیاتر لە ٤٥٠٠ میکرۆمۆس؛ ئاستێک کە عەمەلەن ئەم ئاوەی بۆ کشتوکاڵ و تەنانەت بۆ خواردنەوەی مرۆڤیش نەگونجاو کردووە. ئەم دۆخە نە ڕووداوێکی سرووشتی، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و چینی دەسەڵاتدارە.
گەڵاڵەکانی کشتوسەنعەتی نەیشەکەر لە خوزستان، بە بەرهەمهێنانی ئاوەڕۆی سوێر، قەیرانەکەیان قووڵتر کردووەتەوە. ئاکامی ئەم سیاسەتانە لەناوچوونی نزیکەی چوار ملیۆن دارخورما و لەناوچوونی بەشێکی گەورەی نەخلستانەکانی خوڕەمشار و ئابادان بووە. ئەم وێرانکارییە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بژێوی هەزاران کرێکار و جووتیاری لەناو بردووە و کۆچ و هەژاریی پەرە پێداوە. ئەمە بانتر لە ناکارامەیی یان گەندەڵی دەسەڵاتە. دەوڵەت لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا، کارگێڕی بەرهەمهێنانەوەی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەیە. بڕیارە ژینگەییەکان، لە کۆتاییدا پەیڕەوی زەروورەتەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە و تێکەڵبوون بە بازاڕی جیهانین. بەڕێوەبەرایەتیی بێ سەرەوبەرە و بێ کۆنتڕۆڵ، نەک سەرپێچی و لادان، بەڵکوو شێوازی گونجاوی حوکمڕانییە لەم جۆرە پێکهاتەیەدا.
لە ئاستی جیهانیدا، ئاکامەکانی ئەم سیستەمە بە ڕوونی دەبینرێن. پیسبوونی هەوا ساڵانە دەبێتە هۆی مەرگی نزیکەی ٧ ملیۆن کەس و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئاسایشی خۆراکی زیاتر لە ٣ ملیارد مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. سەرمایەداری بە بەڵێنی بەرهەمداری و گەشە، لە کردەوەدا مەرجە مادییەکانی بەرهەمهێنان، واتە خاک، ئاو و هەوای وێران کردووە و داهاتووی خۆشی خستووەتە مەترسییەوە. قەیرانی ژینگە، ڕوخساری ڕاستەقینەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئاشکرا دەکات. تا ئەو کاتەی سرووشت وەک کاڵا و قازانج وەک پێوەری بڕیاردان بمێننەوە، وێرانکاری هەروا بەردەوام دەبێت. دەربازبوون لەم بنبەستە مێژووییە، نە لە ڕیفۆرمی ورد و لاوەکی و نە لە «سەرمایەداریی سەوز»، بەڵکوو لە دابڕان و گۆڕینی بنەڕەتیی لۆژیکی قازانجدایە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی وێرانکردنی ژینگە، ئەگەرچی چالاکیی هۆشیاریدەرانە بە مەبەستی پەرەپێدانی کولتووری پێشڕەو و ڕەفتاری بەرپرسانە بەرانبەر بە ژینگە ئەرکی هەمیشەیی کۆمۆنیستەکانە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە لە سیستەمێکدا کە هەموو شتێک لە پێناوی سووڕانەوەی سەرمایە و بەدەستهێنانی قازانجدایە و ڕۆژانە هەستیی مرۆڤەکان و ژینگە دەکرێنە قوربانیی قازانجپەرستیی سەرمایە، پێشڕەوی لە خەبات دژی وێرانکردنی ژینگە و بەدیهێنانی باشتربوون لەم بوارەدا، بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دۆخ و مناسباتەی کە بە حوکمی جەوهەری زاتیی خۆی ڕۆژانە گۆشەیەک لە سرووشت بەرەو وێرانبوون دەبات، مومکین نییە. تەنیا بە خاوەندارییەتیی کۆمەڵایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکان، پلاندانانی دیموکراتیکی بەرهەمهێنان و ئەولەوییەتدان بە پێداویستیی مرۆڤ و ئیکۆلۆژی دەتوانرێت پەیوەندیی پچڕاوی نێوان مرۆڤ و سرووشت ساڕێژ بکرێتەوە. ئیکۆلۆژیی سۆسیالیستی، نە ئارمانێکی خەیاڵی، بەڵکوو زەروورەتێکی مێژووییە بۆ مانەوەی ژیان. ڕزگاریی مرۆڤ لە دەسەڵاتی سەرمایە، هاوکات ڕزگاریی سرووشتە لە لۆژیکی وێرانکەری کەڵەکەکردن. ئەم دوو ڕێگایە لە یەک جیا نین؛ هەردووکیان لە گرەوی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی نەزمی مەوجوود دان.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە