فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

جیهان لە قۆناغی وەرچەرخاندایە
چوارشەممە ۰۳-۱۰-۱۴۰۴   |  24-12-2025

جیهانی سەرمایەداری لەگەڵ یەکێک لە قووڵترین قەیرانەکانی تەمەنی خۆیدا ڕووبەڕوویە. ئەو نەزمە نێونەتەوەییەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی بە هەژمۆنیی ئەمریکا شکڵی گرتبوو، لەناو دڵی قەیرانێکی سەرمایەداریدا—کە خۆی لە پەرەسەندن و جیهانگیربوونی قەیرانی ئابووری، سروشتی مفتەخۆریی سەرمایەی دارایی، شکستی سەرمایەداریی دەوڵەتی و بنبەستی جیهانگیریی نیولیبراڵیدا نیشاندابوو—گەیشتووەتە کۆتاییی ڕێگا. ئەم سیستەمە، کە لەسەر پایەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی جیهانی، سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، هەژموونی ئەمریکا وەک هێزی باڵادەستی ئابووری و سەربازی، و داڕشتنی چوارچێوە یاساییەکان لە دەوری چەمکگەلێکی وەک “سەروەریی نیشتمانی” بۆ ڕێگرتن لە جەنگی گەورە و ڕێکخستنی کێبڕکێی زلهێزەکان بنیات نرابوو، بەتەواوی داڕماوە. چونکە نەزمی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی هێزی نێوان بلۆکەکانی سەرمایەداری بوو لە ساڵی ١٩٤٥ و دواتریش هاوسەنگیی هێز لە جیهانی دووجەمسەریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە سەردەمی جەنگی سارددا، نەک ڕەنگدانەوەی واقعییەتی سەردەمی ئێستا کە تێیدا سەرهەڵدانی چین و نەخشە ستراتیژییەکانی، شانبەشانی هاتنەمەیدانی بلۆکەکانی دیکەی هێز، هاوکێشەکەیان بەتەواوی گۆڕیوە.

ئەم داڕمانەی نەزمی جیهانی، بە ڕوونی خۆی لە بێبایەخبوونی ئەنجومەنی ئاسایش و پەککەوتنی لە ئاست قەیرانەکانی وەک سووریا، ئۆکراین و غەززە و ڤێنێزوێلا دەنوێنێت. هەروەها لە لاوازبوونی شەرعیەتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پشتگوێخستنی بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتیی داد یان ئەنجومەنی مافی مرۆڤ سەبارەت بە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، لە کزبوونی هەژموونی ئەمریکا، گەشە و سەرهەڵدانی بەهێزی چین، گەڕانەوەی ڕووسیا، بەهێزبوونی ئەکتەرە ناوچەییەکان، لە کۆتاییهاتنی سیستەمی تاکجەمسەری، گەیشتنە بنبەستی جیهانگیریی نیولیبراڵی و لە هەڵگیرسانی جەنگی تەعرەفەکاندا دەبینرێت. لە جەرگەی ئەم داڕمانەدا، چەمکەکانی وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و خەبات دژی تیرۆریزم لە کردەوەدا بوونەتە تەنها چەکێک بۆ مەشرووعییەتدان بە شەڕە ئیمپریالیستییەکان و پەردەیەک بۆ داپۆشینی بەدیلە بۆرژواییە ساختەکان لە وڵاتە قەیرانلێدراوەکاندا.

بەردەوامیی ئەم قەیرانە ئابوورییە و ئیفلیجبوونی نەزمی نێودەوڵەتی، قەیرانی ژیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و گۆشە و کەنارەکانی جیهاندا قووڵتر کردووەتەوە. چونکە نەزمی کۆنی ئیمپریالیستی لە کردەوەدا لەکارکەوتووە و نەزمێکی نوێش هێشتا لەدایک نەبووە، جیهان هێشتا لە پرۆسەیەکی گواستنەوەدایە بەرەو جێگیربوونی جیهانێکی فرەجەمسەر دەروات. لە ئەنجامدا، شایەدی بشێوی ناوچەیی، شەڕی نیابەتی، کێبڕکێی توندی بلۆکەکان و قەیرانی شەرعیەتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانین. لەسەر بەستێنی داڕمانی نەزمی جیهانیی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، کە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، دوا بزماری لە تابووتەکەی دا، جیهان ڕووبەڕووی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نیۆفاشیزم لە کۆشکی سپیی ئەمریکادا بووەتەوە. ئیدارەی ترەمپ ماسکی لیبراڵیزمی بەیەکجاری فڕێ داوە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی جیهان و نیۆفاشیستەکان دەکات بەپێچەوانەی دەیەی ١٩٣٠ کە ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە دژی فاشیزمی هیتلەر لە ئاڵمان وەستایەوە، ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولای لە دەوڵەتی فاشیستیی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژییەکەی لە غەززە و درێژەدان بە داگیرکردنی غەززە بە نوێنەرایەتیی نەتانیاهۆ، سەرکردایەتی و پشتیوانیی ڕەوتە نیۆفاشیستییەکانی لە سەرانسەری جیهاندا گرتووەتە ئەستۆ. ئەم دۆخە ئاکامی بەرینی لە بوارەکانی سیاسی، ئایدیۆلۆژی و ژینگەییدا لێکەوتووەتەوە.

ئێستا بە شێوەیەکی بابەتییانە جیهان بووەتە فرەجەمسەر. دەسەڵاتەکانی وەک چین، ئەمریکا، ڕووسیا، هیند، ئەورووپا و ئەکتەرە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا لە کێبڕکێدان. ئەم دەسەڵاتانە لە ڕێگەی ئەو بلۆکانەی کە پێکیان هێناوە، بۆ گێڕانی ڕۆڵی زیاتر لە پێناسەکردنەوەی سیستەمی جیهانیدا درێژە بە کێبڕکێی خۆیان دەدەن. هێشتا هاوسەنگیی هێز و سنوورەکانی ناوچەی نفوزی نێوان ئەم هێز و بلۆکانە جێگیر نەبووە، هێشتا سیستەمێکی نوێ لەدایک نەبووە و هەر ئەم ناجێگیرییە، سروشتی ڕاگوزەربوونی ئەم قۆناغە دەردەخات، قۆناغێک کە تێیدا دێوەزمەکانی وەک ترەمپ و نەتانیاهۆ سەریان هەڵداوە. ئەوەیکە لەئێستادا ئاشکرا و ڕوونە ئەوەیە کە بلۆکە سیاسی و ئابوورییەکانی وەک “بریکس”، “ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای”، “یەکێتیی ئەورووپا”، “جی ٧” و “جی ٢٠” درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن، بەڵام هاوسەنگیی هێز لە نێوانیاندا لە گۆڕاندایە. لەم کێبڕکێیانەدا، “بریکس” بە ڕابەرایەتیی چین و بە پڕۆژەی “پشتێن و ڕێگا”ەوە، گرنگییەکی زیاتر لە داڕشتن و پێناسەکردنەوەی سیستەمی جیهانیدا بەدەست دەهێنێت.

لە نێو ئەم بلۆکبەندی و کێبڕکێیانەدا و لەم قۆناغە گوزارەدا هێشتا ڕوون نییە کە ئایا جیهانی فرەجەمسەر دەتوانێت جێگیر بێت، یان جیهان بەرەو پێکهاتەیەکی پشێوی هەنگاو دەنێت، واتە بەردەوامبوونی بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی کەشوهەوا، کۆچ، وزە و تەکنەلۆژی و چڕبوونەوەی ململانێ ناوچەییەکان. بەڵام جیهانی سەرمایەداری بەرەو هەر لایەک بڕوات، ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە بۆشایی نێوان هەژاری و دەوڵەمەندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و هەژاری و نایەکسانی بە ڕادەیەکی بێوێنە پەرەدەستێنێت. بێگومان لەژێر ئەم بارودۆخەدا، مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان دژی ئەم هەژاری و نایەکسانییە و دەستدرێژیی دەوڵەتەکان بۆ سەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران، دژی دەستبردن بۆ ئازادییە سیاسییەکان و کوشتار و کۆمەڵکوژی و لەناوچوونی ژینگە لە سەرانسەری جیهاندا پەرە دەستێنێت. بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستیی چینی کرێکار لەم قۆناغە مێژووییەدا و لەسەر بنەمای گەشەی خەباتی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، ئەم دەرفەتەی لەبەردەمدایە کە لە دۆخی بەرگرییەوە بێتە دەرەوە، ڕێبازێکی هێرشبەرانە بگرێتە بەر و ببێتە جەمسەرێکی سیاسیی بەهێز. پێکهێنانی حیزبە کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان، کە بتوانن خەباتە هەنووکەییەکانی کرێکاران دژی دەستدرێژیی سەرمایە و بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کار و ژیانیان، لەگەڵ ستراتیژیی شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستیدا تێکەڵ بکەن و بزووتنەوەکانی مانگرتن و ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگەدا بگۆڕن بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز دژی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، یەکێکە لە پێشمەرجەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لەم قۆناغەدا.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv