فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سازش لەگەڵ ئەمریکاش ناتوانێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەرباز بکات
یەکشەممە ۰۷-۱۰-۱۴۰۴   |  28-12-2025

توندبوونەوەی بێ‌وێنەی قەیرانی ئابووری لە ئێران، کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تووشی نیگەرانییەکی قووڵ کردووە؛ بە جۆرێک کە دەترسن درێژەکێشانی ئەم دۆخە ببێتە هۆی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و ڕووخانی دەسەڵاتە ئیسلامییەکەیان. سەرەڕای هەڵیت و پڵیت و چەواشەکاریی بێ‌شەرمانەی خامنەیی کە بانگەشەی ئەوە دەکات “ئێران لە حاڵی پێشکەوتندایە”، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ سەرووی ١٣٦ هەزار تمەن، هێزی کڕینی کرێکاران و توێژە هەژار و نەدارەکانی کۆمەڵگای ئەوەندە دابەزاندووە کە ئێستا قەیرانی خۆراک و مەترسیی قاتی و نەبوونی، هەڕەشە لە ژیانی دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران دەکات. ڕاپۆرت و شیکارییە کارناسییەکان و تەنانەت ئامارە فەرمییەکانی خودی ڕژیمیش دەرخەری ئەوەن کە لە ئاکامی توندبوونەوەی گەمارۆکاندا، دەوڵەت بۆ هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان ڕووبەڕووی کورتهێنانی جیدیی دراو بووەتەوە و ڕێگاکانی دەوڵەت بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیش زۆر سنووردار بوونەتەوە. ئەم مەسەلەیە هەندێک لە ڕەوت و مۆرەکانی حکوومەتی ئیسلامیشی تووشی وەحشەت کردووە. لەم پەیوەندییەدا مەرعەشی، سکرتێری گشتیی “حیزبی سازەندەگی”، کە نیگەرانی چارەنووسی دەسەڵاتە، هۆشدار دەداتە بەرپرسان و دەڵێت: “مەترسییەکە زۆر جیدی و نزیکە، چونکە قەیرانی خۆراک ئەو پتانسیلەی هەیە کە خەڵکی برسی و وەگیانهاتوو ڕابکێشێتە سەر شەقامەکان.”

لە کاتێکدا کە دەوڵەت لەگەڵ کەمبوونی پاشکەوتی دراو بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان بەرەوڕووە، بۆ ڕێگری لە قاتی و نەبوونی، بەشێک لەو کاڵایانەی بە دۆلاری ١٢٥ هەزار تمەنی هاوردە کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و لە ئەنجامدا ڕژیم تێچووەکەی بەسەر سفری بەتاڵی خەڵکدا سەپاندووە. لەبەر ئەوەی دەوڵەت دراوی پێویستی بۆ هاوردەکردن نییە، دەستی هەناردەکارانی ئاوەڵا کردووە تا لە داهاتی هەناردەکانی خۆیان، کاڵای بنەڕەتی هاوردە بکەن. ئەم سیاسەتە بە واتای گرانیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی نرخەکان لە بازاڕ، دەرچوونی کۆنترۆڵی نرخی خۆراک لە دەستی دەوڵەت و سەرهەڵدانی هەرج‌ومەرجی ئابوورییە لە بازاڕدا.

لە دۆخێکی ئاوادا، حکوومەتی ئیسلامی ئەمجارە ڕاستەوخۆ لە هەوڵدایە تا بەڵکوو بتوانێت لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتن یان هەڵپەساردنی هەندێک لە گەمارۆکان، خۆی لە ئاکامەکانی قەیرانی ئابووری و مەترسیی ڕووخان ڕزگار بکات. لەم ڕووەوە، ئەمجارە عەباس عێراقچی بۆ خۆشکردنی زەمینەی تەسلیم‌بوون و سازش لەگەڵ ئەمریکا، دەستی داوەتە شیکردنەوەی دۆخی سیاسی و ئابووریی ڕژیم. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە چواری بەفرانبار لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئیسفەهان وتی: “پیلانی نوێی دوژمن بۆ دروستکردنی قەیران و زیادکردنی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، هەوڵی ڕێکخراوی دەرەکی و کەڵکوەرگرتنە لە گەمارۆکان؛ تاوەکوو دەسەڵات و حکوومەتی ئیسلامی لە ناوەوە تووشی کێشە بکات”. عێراقچی بۆ ئەوەی قسەکانی جێگای بڕوا بن، دانی بە بوونی گەندەڵی، ناکارامەیی، نەزانیی بەڕێوەبەری و ڕۆڵی مافیای دەسەڵات لە خراپترکردنی دۆخی ئابووریی حکوومەت دانا. عێراقچی لەم ماوەیەدا بەردەوام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە هەرگیز مێزی دانوستانمان بەجێ نەهێشتووە بەڵام خوازیاری دانوستانی “دادپەروەرانە”ـین بە ڕەچاوکردنی ڕێزی بەرامبەر. ناوبراو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکایە. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دانی بەوەدا نا کە: “گرنگترین ئەرکی وەزارەتی دەرەوە لە هەلومەرجی ئێستادا هەوڵدانە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان”.

عێراقچی لە کاتێکدا ئەولەویەتی ئەرکی خۆی بە هەوڵدان بۆ لابردنی گەمارۆکان و وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا ڕادەگەیەنێت، کە ڕۆژێک پێشتر محەممەد ئیسلامی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ڕژیم لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دەستەی دەوڵەتدا هەڵوێستێکی دیکەی گرتەبەر. ئەو ئەمریکای بە پەیڕەوکردنی یاسای جەنگەڵ و ڕافایێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بەهۆی پێداگریی لەسەر پشکنینی سایتە ئەتۆمییەکان، بە گێڕانی ڕۆڵی دوژمن تۆمەتبار کرد و وتی: “داخوازیی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی بە ڕێبەری و پشتیوانیی ڕەوتی زایۆنیستی ئەنجام دەگرێت و قابلییەتی ئیجرایی نییە؛ بەدواداچوونی بێ‌رەبت بۆ پشکنینی ئەو دامەزراوانەی بۆردومان کراون، تەواوکەری ئۆپەراسیۆنی دوژمنە و قبووڵ ناکرێت و وڵامیش نادرێتەوە”.

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕۆژێک پێشتر، واتە سێشەممە دووی بەفرانبار، نوێنەری ئەمریکا لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: “ئەمریکا هێستاش بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ ئامادەیە، بەڵام کۆماری ئیسلامی مەرجەکانی ئەمریکای ڕەت کردووەتەوە”. ناوبراو ڕوو لە نوێنەرانی ڕژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ وتی: “لە ئاگر دوور بکەونەوە و دەستی دیپلۆماسیی ترامپ بگرن. هیچ جۆرە پیتاندنێکی ئەتۆمی لە ئێران قبووڵ ناکرێت”.

دیارە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، تەنیا ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی سفر نییە؛ بەڵکوو داخوازیی دیکەی وەک: لەناوبردنی ئۆرانیۆمی پیتێنراو و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ڕژیم، دەستێوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و ڕاگرتنی پشتیوانی لە گرووپە ئیسلامییە وابەستەکان لەژێر ناوی “میحوەری موقاوەمەت”یش لەخۆ دەگرێت. ئەم مەرجانە لەگەڵ ستراتیژی پاوانخوازانە و دەستدرێژیکارانەی تا ئێستای حکوومەتی ئیسلامی و لەگەڵ ناسنامەی ئەم ڕژیمە یەک ناگرنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بۆ خامنەیی ڕێگایەک جگە لە نۆشینی جامی ژەهری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و قبووڵکردنی مەرجەکانی نەماوەتەوە. بەڵام گەمارۆکان تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامین. بە پێچەوانەی قسەی هەندێک لە مۆرە لیبڕاڵەکانی نێو ڕژیم کە “ئابووریی ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە بارمتەی بەرنامەی ئەتۆمی” دەزانن، زۆر هۆکاری دیکەی وەک: قەیرانی پێکهاتەیی ئابووریی سەرمایەداری، گەندەڵی و دزی و تاڵانچێتی و ڕانتخۆریی بەرینی سەران و بەرپرسان و فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ بەرنامە کەڵان و پڕخەرجییەکان بۆ مانەوەی دەسەڵات، لە هۆکارە سەرەکییەکانی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری، ئیفلاسی حکوومەتی ئیسلامی و پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری و برسیەتین. لەم ڕووەوە، بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بۆ ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێگایەک جگە لە درێژە و گەشەپێدان بە مانگرتن و ناڕەزایەتییە یەکگرتوو و ڕێکخراوەکان لەپێناو ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی و دەستەبەرکردنی داخوازییەکانیان بوونی نییە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv