فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦
چوارشەممە ۱۰-۱۰-۱۴۰۴   |  31-12-2025

ساڵی نوێی زایینی لە هەلومەرجێکدا دێت کە ئاکامە کارەساتبارەکانی قەیرانی پێکهاتەیی سیستەمی سەرمایەداری، ڕەهەندی ترسناکی بەخۆیەوە گرتووە. ئەم قەیرانە تەنیا لە بوارێکی ئابووریدا سنووردار نەماوەتەوە، بەڵکوو سەرجەم بوارەکانی دارایی، بازرگانی و کەرتە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی گرتووەتەوە. بەریناییەکەی تەنیا تایبەت بە کۆمەڵێک لە وڵاتانی سەرمایەداری نییە، بەڵکوو سەرجەم وڵاتانی جیهانی لە ئاست و شێوازی جۆراوجۆردا گرتووەتەوە و بەردەوامی و پێکەوەگرێدراویی ئەم قەیرانە، “دایمی بوونەکەی” کردووەتە خەسڵەتێکی دیاری سیستەمی سەرمایەداری.

ئەمڕۆ ناتەبایی و دژایەتییە زاتییەکانی ئەم سیستەمە بەئاشکرا بەرۆکی مرۆڤایەتییان گرتووە. داڕمانی ئابووریی یەک لەدوای یەک، پەرەسەندنی شەڕە وێرانکەرەکان، قوڵبوونەوەی بێ‌وێنەی بۆشایی نێوان هەژاری و دەوڵەمەندی، پەرەسەندنی هەڵاواردن و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و وێرانکردنی بێوێنەی ژینگە، هەموویان نیشانەکانی داڕمان و ئیفلاسی مێژوویی سیستەمێکن کە بەرهەمهێنان تێیدا نەک لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی مرۆڤ، بەڵکوو بۆ کەڵەکەکردنی قازانج ڕێکخراوە. لەم دۆخەدا زلهێزەکانی سەرمایەداری و دامەزراوەکانی وەک سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی، وەک ئامرازەکانی سەرمایەداریی جیهانی، بە بەرنامەڕێژی و سەپاندنی سیاسەتەکانی ڕیازەتی ئابووری هەوڵ دەدەن ئەم نەزمە پڕلەقەیرانە بپارێزن.

لەم بارودۆخەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هەمیشە یەکێکە لە ناوەندەکانی کێبەرکێی زلهێزە سەرمایەدارەکان و شوێنی تێکگیرانی بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکان و ڕژیمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەیە. پەرەسەندنی هەژاری، بێبەشییە کۆمەڵایەتییەکان، سەرکوت، شەڕ و ئاوارەیی، تایبەتمەندییە نەگۆڕەکانی ئەم نەزمە وێرانکەرەن لەم ناوچەیەدا. لە ساڵێکدا کە تێپەڕی، جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین لە غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاودەستیی بەکردەوەی دەوڵەتانی ئورووپا، یەکێک لەم نموونانە و یەکێک لە بێ‌بەزەییترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخی تۆمار کرد. ئەم کۆمەڵکوژییە و کاردانەوەی ڕای گشتی، وەرچەرخانێکی لە ئاگایی سیاسیی جیهانیدا دروست کرد. لە ناڕەزایەتی دژبەم جینۆسایدە و لەپێناو بەرگریکردن لە ئازادیی فەلەستین، یەک ملیارد مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا ڕژانە سەر شەقامەکان و شەپۆلێکی کەم‌وێنە لە هاوپشتیی نێونەتەوەیی شکلی گرت. لەگەڵ ئەوەشدا، بزووتنەوەی جیهانیی پشتیوانی لە فەلەستین، سەرەڕای بەرینایی و قووڵاییە مرۆییەکەی، بەهۆی لاوازیی ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار لە ئاستی جیهان و بەهۆی نەبوونی ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاری‌بەخش، نەیتوانی ئەم تووڕەیی و هاوپشتییە جیهانییە بکاتە هێزێکی کاریگەر بۆ ڕاگرتنی ماشینی جەنگی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل، پووچەڵکردنەوەی نەخشە ئیمپریالیستییەکان و گۆڕینی بۆ گوشارێک لەپێناو ئازادیی خەڵکی فەلەستین. ئەم دۆخە، لە هەمان کاتدا جەختکردنەوەیەکە لەسەر پێویستیی بنیاتنانەوەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کرێکاری.

تراژێدییەکی خوێناویی دیکەی ساڵی ڕابردوو، کۆمەڵکوژیی خەڵکی سوودان بوو بە دەستی هێزە میلیشیاکانی ناسراو بە “هێزەکانی پشتیوانیی خێرا”. ئەم هێزانە بە پشتیوانیی دارایی و سیاسیی ئیماڕات و چرای سەوزی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، شار و گوندەکانی سوودانیان کردە مەیدانی کوشتاری خەڵکی ئاسایی و بێ‌دەرەتان. ئەم کارەساتە تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو نموونەی بەرچاوی لۆژیکی ئیمپریالیزمی سەدەی بیست‌ویەکە کە پەرەپێدانی هەژموونی خۆی لە ڕێگەی هێزی نیابەتی و شەڕی چەندلایەنە و بە بەهای خەڵتانی خوێنکردنی ژیان و بوونی مرۆڤەکان دەباتە پێشەوە. سوودان، هەروەک فەلەستین، یەمەن و شوێنەکانی دیکەی جیهان، قوربانیی کێبەرکێی ئیمپریالیستییە لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و پێگەی ژئۆپۆلیتیک؛ ئەو شوێنەی کە شەڕ بۆ بەردەوامیی دەسەڵات و قازانج ڕێک دەخرێت.

لە ئورووپا، قەیرانی سەرمایەداری بووەتە هۆی پەرەگرتنی هێزە ڕاستڕەوە توندئاژۆ و دەسەڵاتخوازەکان. حیزبە فاشیستەکان، بە کەڵک‌وەرگرتن لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، تووڕەیی چینایەتی بەرەو ڕق و نەفرەت دژ بە پەنابەران و کۆچبەران بەلارێدا دەبەن. هاوکات، لیبڕالیزمی ڕۆژئاوایی کە سەردەمانێک خۆی بە پارێزەری ئازادی دەزانی، بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە دژەشەڕەکان و سنووردارکردنی ئازادییە سیاسییەکان، ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کردووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، مانگرتنە بەرینە کرێکاری و جەماوەرییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئورووپا، نیشاندەری گەڕانەوەی خەباتی چینایەتییە بۆ ناو دڵی وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداری.

لە ساڵی ڕابردوودا، لەسەر بەستێنی بەردەوامیی ئەم قەیرانە و پەرەسەندنی هەژاری و نایەکسانی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان، شایەتی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بووین دژی سەرکوت و ئیستبداد، گرانی، هەژاری و نەهامەتیی ئابووری. لە وڵاتانی وەک نیپاڵ، ئەندۆنێزی و سریلانکا، تەقینەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی پایەکانی ڕژیمە بۆرژوازییەکانی هێنایە لەرزین. بەڵام، نەبوونی ڕێکخراوبوونی چینایەتی، پەرتەوازەیی هێزە کرێکارییەکان و نەبوونی ڕێبەرییەکی شۆڕشگێڕ بە ئاسۆیەکی سۆسیالیستییەوە، بووە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕاپەڕینانە تەنیا بە گۆڕانکاریی سنووردار لە ئاستی حکوومەتەکان کۆتاییان بێت و هەمان چینە دەسەڵاتدارەکان، بە ڕوخسارێکی تازەوە، جارێکی دیکە دەسەڵات بگرنەوە دەست. ئەم ئەزموونانە جارێکی دیکە ئەوە دەسەلمێنن کە لە نەبوونی ڕێبەرییەکی شۆڕشگێڕدا، سەرمایەداری توانای ئەوەی هەیە قەیرانەکان و تەنانەت ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانیش بکاتە ئامراز و دەرفەتێک بۆ گۆڕینی ئارایشی سیاسی و بنیاتنانەوەی خۆی. بەبێ ڕێبەرایەتیی چینی کرێکار و حیزبی شۆڕشگێڕ، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی شێوازی بەرهەمهێنانیان لێناکەوێتەوە و لە چوارچێوەی نەزمی مەوجوودا کۆنتڕۆڵ دەکرێن.

لە ئێرانیش، لەسەر بەستێنی قەیرانی قووڵی ئابووری، گرانی و هەڵاوسانی بێسنوور، هەژاریی و هەڵاواردن و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، شایەتی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بووین. مانگرتنە کرێکارییەکان لە پیشەسازییەکانی نەوت، پۆڵا، پەروەردە و خزمەتگوزارییەکان، هاوڕێ لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران و خانەنشینان، نیشانەی ڕوونی سەرهەڵدانی خەباتی چینایەتین. ڕەهەندی بێ‌وێنەی هەژاری و نەهامەتی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەر چینی کرێکاری ئێرانیدا سەپاندووە و هەروەها ناچاری و حەتمیەتی پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیی یەکگرتوویی هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاریی لە دەوری بنەماکانی ستراتیژێکی سۆسیالیستی لە بواری ڕێکخراوبوون، پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری، یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و قۆناغەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ ڕاپەڕین دژی دۆخی مەوجوود، هێناوەتە گۆڕێ. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان لە ئێران بەشێکی دانەبڕاوی خەباتی دژەسەرمایەدارییە. ستەمی جێندەری دیاردەیەکی فەرهەنگی نییە، بەڵکوو سازوکارێکی ئابوورییە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و هێزی کاری هەرزان. ئەزموونی مێژوویی دەریدەخات کە هیچ ڕزگارییەکی کۆمەڵایەتی بەبێ ڕزگاریی ژنان مومکین نییە. سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی ژنان تەنیا بە هێنانە مەیدانی جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و بە یەکگرتوویی ستراتیژیک لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری دەتوانن پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن مسۆگەر بکەن.

لەم جەرگەی ئەم بارودۆخەدا، ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە جیهانی سەرمایەداری بەرەو هەر لایەک بڕوات، بۆشایی نێوان هەژاری و دەوڵەمەندی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قوڵتر دەبێتەوە و هەژاری و نایەکسانی بۆ ئاستێکی بێ‌وێنە پەرەدەستێنێت. لەم هەلومەرجەدا، بە شێوەیەکی چارەهەڵنەگر و حەتمی، مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لەدژی ئەم هەژاری و نایەکسانییە، لەدژی پەلاماری دەوڵەتان بۆ سەر کار و ژیان و بژێوی کرێکاران، لەدژی هێرش بۆ سەر ئازادییە سیاسییەکان و کوشتار و جینۆساید و لەناوچوونی ژینگە، لە سەرانسەری جیهاندا پەرە دەسێنن. بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئەنترناسیۆنالیستیی چینی کرێکار لەم قۆناغە مێژووییەدا و لەسەر بەستێنی گەشەی خەباتە کرێکارییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، ئەم دەرفەتەی هەیە کە لە دۆخی بەرگری بێتە دەرەوە، شێوازێکی هێرشبەرانە و تەعەڕوزی بگرێتە بەر و ببێتە جەمسەرێکی بەهێزی سیاسی. پێکهێنانی حیزبە کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان کە بتوانن خەباتی ئێستای کرێکاران دژی پەلاماری سەرمایە و بۆ باشترکردنی دۆخی کار و ژیان، لەگەڵ ستراتیژیی شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی  ئاوێتە بکەن، وە بزووتنەوەکانی مانگرتن و ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگەدا بکەنە بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز لەدژی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، یەکێکە لە پێشمەرجەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لەم قۆناغەدا. ساڵی نوێی زایینی بۆ هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ بیرکردنەوەی دووبارە لە چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە مێژووییە و ڕێکخستن و سازماندانی کۆمۆنیستی وەک هێزی ماددیی ڕزگاریی مرۆڤ. لە جیهانێکدا کە سەرمایەداری، ژیانی زۆرینەی دانیشتووانی گۆی زەوی و سروشت و ژینگەی خستووەتە مەترسیی لەناوچوونەوە، سۆسیالیزم نەک ئارمانێکی دووردەست، بەڵکوو تاکە وەڵامی ڕاستەقینەیە بە قەیرانی ئێستا.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv