
بژی خەبات دژی هەژاری، گرانی و هەڵاوسان، بۆ پێشەوە بەرەو شۆڕش
لەماەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران وەڕێ کەوتووە. ئەم ناڕەزایەتییانە کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە بەدوای بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی دۆلار و هەڵکشانی توندی نرخەکان، بە ناڕەزایەتیی کاسبکاران و خەڵک لە “بازاڕی گەورە”ی تارانەوە دەستی پێکرد، هەر لە سەعاتەکانی سەرەتادا شەقامی جمهووری و دواتر ناوچەکانی دیکەی تارانی گرتەوە. شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان کە لە بێزاریی گشتیی جەماوەر، لە ئاستەنگەکانی بژێوی خەڵک، لە گرانیی بێسنوور و لە کەمبوونی حەقدەست و داهاتی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەشدا درێژەی بوو و بە پەرەسەندنی بەرەو شارەکانی وەک ئیسفەهان، مەشهەد، کەرەج، هەمەدان، قیشم، کیش، مەلارد، مەمەسەنی و کرمان، ڕەهەندێکی بەرینتری بەخۆیەوە گرتووە.
خێرایی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە تارانەوە بۆ شارەکانی دیکە، هاوڕێ لەگەڵ بەرزکردنەوەی دروشم دژی خامەنەیی و کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی خێرای خوێندکارانی زانکۆکانی تاران و زانکۆکانی دیکەی وڵات، دەربڕی تووڕەیی و نەفرەتی پەنگخواردووی جەماوەری زەحمەتکێشە کە چیتر حازر نین جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی تەحەمول بکەن. دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و کۆنەپەرست کە ساڵانێکی دوور و درێژە خەڵکی ئێرانی سەرکوت کردووە، هەژاری و نەداریی بەسەردا سەپاندوون و ملیاردها دۆلار لە دەستڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشانی بۆ شەڕئەنگێزی، پەرەپێدان بە هێزە نیابەتییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی خۆی تەرخان کردووە. ڕژیمێکی گەندەڵ و ستەمکار کە سەرباری ئەو هەموو هەژاری و نەهامەتییەی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێراندا سەپاندووە، کەشێکی پڕ لە زەبروزەنگ و سەرکوتی بێسنووری بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ کردووە و هەر جووڵەیەکی ناڕەزایەتیی خەڵکی بە گرتن و بەندیخانە و سێدارە و کوشتوبڕ وەڵام داوەتەوە. وەک چۆن لەم دوو ڕۆژەی ڕابردووشدا، بۆ بڵاوەپێکردنی جەماوەری ناڕازی گازی فرمێسکڕێژیان بەرکاهێناوە، زانکۆکانیان گەمارۆ داوە، ناڕازییانیان داوەتە بەر لێدان و لە هەندێ حاڵەتیشدا تەقەی ڕاستەوخۆیان لێ کردوون.
ناڕەزایەتیی ڕوو لە گەشەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هەر لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بە ڕوونی دەریخستووە کە نەک تەنیا کوشتار و سێدارە و زیندان و ڕەشبگیرییەکانی ساڵانی ڕابردوو نەیتوانیوە خەڵکی ژێر ستەم لە خەبات بۆ ڕزگاری لە هەژاری و نەهامەتی و هەڵاواردن سارد بکاتەوە، بەڵکوو جارێکی دیکە بە دروشمەکانی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی” و “بژی ئازادی” هێناونیەتەوە سەر شەقام و شەقامەکانی کردووەتە مەیدانی نەبەردیان لەگەڵ کۆنەپەرستیی دەسەڵاتدار. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لەگەڵ پێکهاتنی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان، خوێندکارانی خەباتکاری زانکۆکانی تارانیش هەر لە سەعاتەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە بە وتنەوەی دروشمگەلی وەک “نە شا و نە ڕابەری، دێموکراسی و بەرابەری”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە پادگان نە بۆنگا، بژی دانشگا” و “خوێندکار دەمرێت، زەلیلی قبووڵ ناکات”، گۆڕەپانی زانکۆکانیشیان بە خەباتی سەر شەقامی خەڵکەوە گرێ داوەتەوە.
لەم نێوەندەدا هێزێکی کەم و بەڕواڵەت سەڵتەنەتخواز – و بگرە نفووزییە ئەمنییەکان – هەوڵ دەدەن بە دزەکردنە ناو بەشێک لە کۆبوونەوەکانی خەڵکی تێکۆشەر و داغدار لە دەست هەردوو دەسەڵاتی کۆنەپەرستی “ئیسلامی و پاشایەتی” و بە بەرزکردنەوەی دروشم بە قازانجی ڕەزا پەهلەوی، ناڕەزایەتییەکانی ئێستای خەڵکی ئێران هەروەک ساڵی ١٤٠١ تووشی دووبەرەکی و لێکترازان بکەن. هەر بۆیە جێی خۆیەتی ژنان، لاوان و هێزە پێشڕەوەکان بە پەراوێزخستنی سیاسەتە نیۆفاشیستییەکانی ئەوان و هاوکات بە ئاشکراکردنی کردەوە فاشیستییەکانی ئیسرائیل و تەلەڤزیۆنە ڕاستڕەوەکانی “مەن و تۆ” و “ئێران ئینتەرناشناڵ”، لە ساختەکاری و دەنگخستنەسەر ڤیدیۆی خەباتە شەقامییەکان، ڕەوتی خەباتی ڕوو لە گەشەی ئێستا خێراتر بکەن. هەروەها کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی ئێرانیش بە پەیوەستبوونی هەرچی زیاتریان بە ڕیزەکانی خەباتی سەر شەقام، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرفراوانتر بکەن، یەکگرتوویی خەباتکارانەی خۆیان زیاتر لە جاران پتەو بکەن و ئەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن بە دزەکردنە ناو ڕیزەکانی خەباتیانەوە تەفرەقە و دووبەرەکی بنێنەوە، لە خۆیان دوور بخەنەوە.
گرنگتر لە خەباتی سەر شەقامی جەماوەری کار و زەحمەت و هاوپشتیی خوێندکارانی خەباتکار و ئازادیخواز لەگەڵ خەباتی ئەوان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەرهەڵدان و پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکارییەکان و گرێخواردنی بە خەباتی سەر شەقامی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوەیە. خواستێکی ڕەوا کە دەبێ بزووتنەوەی شەقام و بزووتنەوەی خوێندکاری لەم ڕۆژە چارەنووسسازانەدا لە چینی کرێکاری ئێرانی داوا بکەن. ئەوەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە شەقامەکانی زیاتر لە دە شاری وڵاتدا شکڵی گرتووە و پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا شارگەلێکی زیاتر بگرێتەوە، درێژەی خەباتی خەڵکی ستەملێکراوی ئێرانە لە بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نیوەی دووەمی ساڵی ١٤٠١. بزووتنەوەیەکی مەزن و جێی شانازی کە تا لێواری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی چوو، بەڵام لە نەبوونی ئامادەییی چینایەتیی کرێکاران و لەژێر زەبری سەرکوت و کوشتاری دەسەڵاتدا لە پێشڕەوی وەستا.
ئەزموونی بزووتنەوەی مەزن و شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” و ڕاوەستانی لە نیوەی ڕێگەدا، وەک مەشخەڵێکی داگیرساو لە بەردەم خەباتی ئێستای خەڵکی ستەملێکراو و بەتایبەت چینی کرێکاری ئێراندایە. بێگومان ئەگەر کرێکارانی ئێران لەم ڕۆژە هەستیار و چارەنووسسازانەدا لە کارگە و کارخانە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، مانگرتنە پەرش و بڵاوەکانی خۆیان یەکدەست بکەن، چەرخی بەرهەمهێنان لەکار بخەن و یەکگرتوو و یەکپارچە بۆ ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەری دەست بەکار بن، بە دڵنیاییەوە ئەمجارە ئەوە کرێکاران و ژنان و کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی ئێرانن کە لەسەر وێرانەکانی کۆماری ئیسلامی ئاهەنگی سەرکەوتنی شۆڕش دەگێڕن.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
سایتی شۆرای هاوکاری:
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە