فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی مافخوازانەی کۆمەڵانی خەڵک
یەکشەممە ۱۴-۱۰-۱۴۰۴   |  04-01-2026

تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکانی خەڵک لە زۆرێک لە شارەکاندا، نیشانەی ئەوپەڕی دژواربوونی بارودۆخ، نایەکسانیی بێوێنە و تاقەتپڕووکێن و دۆخێکی یەکجار قەیراناویی ژیانی جەماوەرە. هەرچی لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی زیاتر تێدەپەڕێت، جەماوەری خەڵک بەتایبەت کرێکاران، مامۆستایان، زەحمەتکێشانی شار و دێ، ژنان، لاوان و خەڵکی ژێرستەم زیاتر لە جاران تێدەگەن کە لەژێر سێبەری ئەم دەسەڵاتەدا ڕووی ئارامی، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بە خۆیانەوە نابینن و هیچ داهاتوویەکی ڕوون و گەش بەدی ناکرێت. هەژاریی ڕەها، هەڵاوسانی ڕوو لە هەڵکشان و گرانیی بێ‌سنوور، سەرجەمیان ئاکامی پێکهاتەی سیستەمی قەیراناویی سەرمایەدارین و کۆماری ئیسلامی نە دەیهەوێت و نە دەتوانێت قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کەم بکاتەوە؛ چونکە لە لایەکەوە ژیان و مانەوەی ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای چەوسانەوە و ستەمی سەرمایەداری دامەزراوە و لە لایەکی دیکەوە سیاسەتەکانی دەسەڵات و کارکردی ڕژیم خۆیان هۆکارگەلێکن کە کاریگەریی جددییان لەسەر توندترکردنەوە و پەرەسەندنی قەیرانەکان هەیە. سەرەڕای ئەمانە، هەرچەشنە هەوڵێک بۆ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە کۆمەڵگادا دەتوانێت بناغەی دەسەڵات بخاتە لەرزە و ڕووبەڕووی مەترسیی جددیی بکاتەوە. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی زۆر بە توندی دژایەتیی هەرچەشنە داخوازییەکی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش دەکات و هەر جۆرە هەوڵ و خەباتێک بۆ سەرەتاییترین داخوازییەکان، بە سەرکوت و کوشتار وەڵام دەداتەوە.

ڕێگەچارەی سەرکوت ڕەنگە دیکتاتۆرەکان بەو هیوایەی کە دەتوانن هەر دەنگێکی ئازادیخوازی کپ بکەن، بۆ ماوەیەکی کاتی دڵخۆش بکات؛ بەڵام ئەمە خەیاڵێکی خاوە و دەنگی ناڕەزایەتیی جەماوەر کپ ناکرێت و خەباتی چینایەتی بەردەوام دەبێت! وەک چۆن دەبینین تەنانەت لە ڕەشترین ساڵەکانی سەرکوتدا، ڕژیم هەرگیز نەیتوانیوە بێدەنگی و تەسلیم‌بوون بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. ئێمە ئەم ڕاستییەمان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ٩٦، ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١دا بینی. لەئێستاشدا کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زۆربەی شارەکانی ئێرانی کردووەتە گۆڕەپانی خەباتی شەقام، وە هێزە ناڕازییەکان بەتایبەت لاوانی بوێر و شۆڕشگێڕی سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گولـلە و تفەنگ کێشاوەتە مەیدانی مەرگ و ژیان، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. سەرکەوتنی کۆتایی بە هاوپشتی و یەکگرتوویی خەباتکارانە و بەهێزکردنی ڕیزەکانی تێکۆشەران، هێزە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکان و بە هاوکاری و هاوڕێیەتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەر دەبێت.

پشتیوانی و داکۆکی لەم خەباتە، ئەرکی هەر ستەملێکراو و هەر ئازادیخواز و مافخوازێکە. داڕێژەرانی ئەم بەیاننامەیە و ڕێکخراوە سەربەخۆ و چالاکە کرێکارییەکان و خانەنشینان، پشتیوانی لە خەباتی جەماوەری خەڵک دەکەن و خۆیان بە سەربازێک لە سوپای گەورەی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەزانن.

بەڵام ئەو وانەیەی کە سەرجەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕە سەرکەوتووەکان فێری هێزە خەباتکارەکانیان کردووە، دەبێ فێر بین و بۆ سەرکەوتن لە خەباتی خۆماندا بەکاری بهێنین:

بەبێ ناسینی دروست و زانستییانەی کۆمەڵگا و ڕەوتی جووڵەی مێژوو، بەبێ ناسینی دۆست و دوژمنانی خۆمان، بەبێ ستراتیژی و ڕێکارێک کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ئاوا دارێژرابێت و بەبێ بوونی کرێکاران و ڕووناکبیرانی پێشەنگ و ڕێکخراو کە لەسەر بنەمای ئەم ناسینە دروستە خەبات بکەن، هیچ حەرەکەت و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بە سەرکەوتن ناگات.

با یەک بگرین، ڕێکخراو بین، چارەنووسی خۆمان بگۆڕین.

١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت‌تەپە

کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خوزستان

گرووپی یەکێتیی خانەنشینان