فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شووڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران: ئەم ناڕەزایەتییانە، ناڕەزایەتیی جەماوەرە، نەک ئامرازێک بۆ ململانێی باڵەکان و کەسایەتییەکان
یەکشەممە ۱۴-۱۰-۱۴۰۴   |  04-01-2026

ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقام، گۆڕەپان و گەڕەکەکانی ئێراندا لە ئارادایە، هاواری تووڕەیی و ئازاری جەماوەرێکە کە ساڵانێکە ئێسقانەکانیان لەژێر بار و گوشاری هەژاری، هەڵاواردن، سووکایەتی، بێ‌عەدالەتی و بێ‌وەڵام مانەوەی داخوازییەکانیاندا ورد بووە. ئەم ناڕەزایەتییانە نە دەسکردی ژوورە فکرییە سیاسییەکانە و نە پرۆژەی ڕەوتێکی تایبەت. ئەمە دەنگی ژیان‌خوازیی خەڵکێکە کە ئیتر جگە لەو زنجیرانەی لە دەست و پێی بژیو، کەرامەت و داهاتوویان هاڵاوە، هیچ شتێکی دیکەیان نییە بۆ لەدەستدان.

خەڵکی ئێران، مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، جووتیاران، بێکاران، ژنان، لاوان، پەراوێزخراوان، بازاڕییان، ساڵانێکە تێچووی ناکارامەیی، گەندەڵیی سیستماتیک و درۆ و دەلەسە بەردەوامەکانی دەسەڵاتیان بە گۆشت و ئێسقانی خۆیان داوە. هەڵاوسانی ئابووریی بێ‌سنوور، لاوازبوونی لەڕادەبەدەری توانای کڕین، وێرانبوونی کەرتی پەروەردە و دەرمان، پەرەسەندنی هەژاری و ناسەقامگیری، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتگەلێکن کە نەک لەپێناو خەڵک، بەڵکوو لەدژی خەڵک و جەماوەر داڕێژراون.

شووڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بە دەنگێکی بەرز ڕادەگەیەنێت:

ئەم ناڕەزایەتییانە، ناڕەزایەتیی جەماوەرە، نەک کەرەستەیەک بۆ کێبەرکێی باڵ و کەسایەتییەکان.

جەماوەر خۆی وتەبێژی خۆیەتی؛ هەر چەشنە هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردن، ئەندازیاری‌کردن یان دەست‌بەسەرداگرتنی ئەم ناڕەزایەتییانە، خیانەتە بە خەڵک و زەربەلێدانە لە ئیمکانی ڕزگاری.

ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دەریانخستووە کە هەر کات خەڵک پەراوێز خراون ، ئازادی و دادپەروەری کراونەتە قوربانی.

ناڕەزایەتی و مانگرتن مافی ڕەوای خەڵکە.

وەڵامی ئەم مافە، نە باتۆمە و نە گولـلە، نە زیندانە و نە سەرکوت. ئەو دەسەڵاتەی کە دەنگی خەڵک نابیستێت، درەنگ یان زوو ڕووبەڕووی هاوارێکی بەرزتر دەبێتەوە.

توندوتیژی دژی جەماوەر قەیرانەکە چارەسەر ناکات، بەڵکوو قووڵتر، بەربڵاوتر و کۆنتڕۆڵ‌نەکراوتری دەکات.

پەیامی ئێمە بۆ هێزە نیزامی، ئینتزامی و ئەمنییەکان ئەوەیە:

ئێوە لە دڵی ئەم کۆمەڵگایە هەڵقوڵاون. وەستانەوە لە بەرانبەر خەڵکدا، وەستانەوەیە لە بەرانبەر داهاتووی خۆتان و ڕۆڵەکانتان. خۆتان لە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییان و سوورکردنی دەستەکانتان بپارێزن و دڵنیا بن کە مێژوو ئەم ساتەوەختانە لەبیر ناکات.

شووڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، خۆی بە بەشێکی دانەبڕاو لە جەماوەر دەزانێت و لە بەرەی ئەواندا وەستاوە و دەوەستێت. نە بۆ بەشخوازی و پۆست و پلە، نە بۆ دەسەڵات، بەڵکوو بۆ کەرامەتی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و داهاتوویەک کە چیتر لەسەر بنەمای ترس و هەژاری بنیات نەنرابێت.

ئەم دەنگە، دەنگی خەڵکە و خەڵک خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن.

شووڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران