فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانگەوازی هاوبەش بۆ پەیوەستبوون بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و پاشەکشەکردن بە ماشینی کوشتن و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی! با یەکگرتوو و یەکپارچە بێینە مەیدان!
چوارشەممە ۱۷-۱۰-۱۴۰۴   |  07-01-2026

ئەو ناڕەزایەتییانەی کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ هەشتەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٣٩٦ و بەدوای هەڵاوسانی بێ‌وێنەی بازاڕی دراو و کاریگەرییەکانی لەسەر گرانیی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک دەستی پێکرد، ئێستا دەیەمین ڕۆژی تێپەڕاندووە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ڕۆژانی دواتردا بۆ زانکۆکان و دەیان شاری ئێران پەرەی سەند و ناڕازییان لە هەموو شوێنێک و لەسەر شەقام بە درووشمی سەرەکیی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، تەواوی پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان کردووەتە ئامانج.

لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان کە ڕوو لە پەرەسەندنە، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس و گاردی ویژە لە ناوچە جیاجیاکانی تاران و ئەو شار و ناوچانەی بوونەتە ناوەندی ناڕەزایەتییەکان و بە پەلاماردانی ڕیزی ناڕازییان و تەقەکردن لێیان، تا ئێستا گیانی ٣٦ تێکۆشەری ئەستاندووە، دەیان کەسی بریندار و زیاتر لە دوو هەزار کەسیشی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کردووە. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هێرشکردنە سەر ڕیزی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی شارستانی مەلەکشاهی لە پارێزگای ئیلام و بە خەڵتانی خوێن کردنی ناڕەزایەتییەکانیان و بە هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی شاری ئیلام بۆ بەبارمتەگرتنی برینداران و تەرمی گیانبەختکردووان، کە وەبیرهێنەرەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکانی غەززە بوو، دڕندەیی و وەحشیگەرییان گەیاندووەتە ئەوپەڕی خۆی.

ئەم شەپۆلە بەهێزەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، لە درێژەی ڕاپەڕینە جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١دا بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری و هەڵاواردنە ڕەگەزی و نەتەوەییەکان، نەهێشتنی بێبەشییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و لە یەک کەلامدا بۆ “ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی” کەوتووەتە ڕێ. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هەروەک چۆن لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە پێشەنگایەتیی خۆیان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری هاتنە مەیدان و بە کردەوە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا سەلماندیان کە گەیشتن بە ئامانجەکانیان و پاشەکشەکردن بە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دەبیننەوە، پێویستە ئەمجارەش شانبەشان و هاوپشتی خەڵکی تێکۆشەری پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان پەیوەست بن بە ڕیزی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە. پێویستە خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە لە سەرجەم شارەکان بە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی بێنە مەیدان و وەڵامێکی لێبڕاوانە و شیاو بە جەنایەت و سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە.

کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

لە کاتێکدا کە لافاوی خرۆشانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دژی ئەو دۆخە کارەساتبارەی کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندوویەتی بەردەوامە، ئێمە واژۆکارانی ئەم بانگەوازە داوا لە ئێوەی خەڵکی ئازادیخواز دەکەین دەست بدەنە ناڕەزایەتیی گشتی و سەرتاسەری دژی کۆماری ئیسلامی و جەنایەت و سەرکوتگەرییەکانی.

داواتان لێ دەکەین وێڕای جەختکردنەوە لەسەر مافی سەرەتایی و بێمەرجی ئازادیی ناڕەزایەتیی سەر شەقام، تاوان و سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و پەلاماردانی ڕیزی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە توندی مەحکووم بکەن و خوازیاری ئازادیی سەرجەم دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی بن. بە ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەی خۆتان کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن کە کۆتایی بە بانگهێشت و ڕاوەدوونان و گرتن و دۆسیەسازی دژی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بهێنێت.

چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان بە بەکارهێنانی داهێنان و ئەزموونەکانی خۆیان لە بواری گەیاندنی زانیاری لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و… بە ئامادەکردن و هێنانە مەیدانی بەرینی جەماوەر، بە ئامادەکاری و دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لەڕێگەی کۆبوونەوەی گەورە و ڕێگری لەوەی هێزە سەرکوتگەرەکان بتوانن ناڕەزایەتییەکان بکەنە شەڕ و تێکهەڵچوونی سەر شەقام، نە تەنیا دەتوانن هێزی سەرکوتی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی کاریگەر پووچەڵ بکەنەوە، بەڵکوو دەتوانن ڕیزەکانیان لەبەریەک هەڵوەشێنن. بێگومان ناڕەزایەتیی یەکپارچە، یەکگرتوو و سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان دەتوانێت وەڵامێکی لێبڕاوانە بە جەنایەت و هەڕەشەکانی سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بێت و یەکگرتوویی و هاوپشتیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران لە خەبات دژی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە پتەوتر بکات.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان
ڕێکخراوی کوردستانیی ئیتحادی سۆسیالیستیی کرێکاری
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٧ی ژانویەی ٢٠٢٦
١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤