فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

زەروورەتی سیاسیی بەرپاکردنی مانگرتنی کرێکاری بە داواکاریی کۆتایی‌هێنان بە سەرکوتگەرییەکان و ئازادیی دەستبەسەرکراوان
چوارشەممە ۲۴-۱۰-۱۴۰۴   |  14-01-2026

ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، ئێستا پازدەهەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاندووە. ئامارە بڵاوکراوەکان لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە، باس لە هەڵکشانێکی بێ‌وێنە لە ژمارەی گیانبەختکردووان و دەستبەسەرکردنە بەرفراوانەکان دەکەن؛ هەڵکشانێک کە لە سایەی دزەکردنی شێنەیی زانیارییەکان لە دۆخی سەرکوتی توند، کەشی ئەمنییەتیی زاڵ و پچڕاندنی سیستماتیکی ئینتەرنێت و پەیوەندییە گشتییەکاندا ئاشکرا دەبێت. ئەم دۆخە، دەرفەتی تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکانی پەیوەست بەم تاوانانەی بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە و هاوکات ڕەهەندە شاراوەکانی توندوتیژی و کوشتارە حکوومەتییەکانی دەرخستووە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ئێراندا دەگوزەرێت، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و وشیارانەی جەماوەری چەوساوەی کۆمەڵگایە لەگەڵ نەزم و سیستمێکدا کە مانەوەی خۆی لە هەژاریی پێکهاتەیی، سەرکوتی ڕێکخراو و زەوتکردنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانی زۆرینەی خەڵکدا دەبینێتەوە. کوشتاری زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، کە ٨ منداڵی خوار ١٨ ساڵیان تێدایە، بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵات بۆ پاراستنی خۆی هیچ سنوورێک لە پەنابردن بۆ توندوتیژیدا ناناسێت و گیانی مرۆڤەکان، تەنانەت منداڵانیش، لە لێکدانەوەکانیدا هیچ بەهایەکی نییە. بوونی منداڵان لە ڕیزی گیانبەختکردوواندا، دەرەنجامی ڕاستەوخۆ و بەکارهێنانی بێ‌بەزەییانەی هێزی سەرکوتگەرە دژی خەڵکێک کە بۆ کەرامەت و ژیانی ئینسانی ڕاپەڕیون.

پچڕانی چوار ڕۆژەی ئینتەرنێت، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان ئاستی پەیوەندیی ئێرانی بە جیهانی دەرەوە بۆ نزیکەی یەک لەسەد دابەزاندووە، بەشێکی دانەبڕاوە لە ماشێنی سەرکوتی دەوڵەتی. بێبەشکردنی کۆمەڵگا لە پەیوەندی، ڕێکخستن و گەیاندنی زانیاری، هەوڵێکی ئاگایانەیە بۆ شاردنەوەی ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی کوشتار، پێشگرتن لە دروستبوونی هاوخەباتیی کۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی کەشی ترس، دابڕان و بێ‌خەبەری. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی ڕۆژانی ڕابردوو دەریخستووە کە ڕاستی، تەنانەت لە تاریکترین دۆخ و لەژێر قورسترین گوشارەکانیشدا، ڕێگای خۆی بۆ دەرەوە دەدۆزێتەوە.

هاوکات لەگەڵ کوشتاری سەر شەقام، دەستبەسەرکردنە بەرفراوانەکان یەکێکی دیکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی سەرکوتە. تۆمارکردنی زیاتر لە ١٠٦٨١ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و لانی‌کەم ٩٦ حاڵەتی دانپێدانانی زۆرەملێ، نیشاندەری هەوڵی سیستماتیکی دەسەڵاتە بۆ گواستنەوەی مەیدانی ناڕەزایەتی لە شەقامەوە بۆ زیندان. ئەم سیاسەتە، درێژەی لۆژیکیی هەمان توندوتیژیی سەر شەقامە بە ئامرازگەلێکی دیکە؛ هەوڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی تاک و کۆمەڵ لە ڕێگای زیندان، گوشاری دەروونی، هەڕەشە، سووکایەتیی ئاشکرا و نمایشی دانپێدانانە دروستکراوەکان. دانپێدانانی زۆرەکی، ئامرازێکە بۆ شەرعییەت‌دان بە سەرکوت و بەرهەمهێنانەوەی ڕەوایەتی ئەمنییەتیی دەسەڵات و تاوانبار نیشاندانی قوربانیان.

لە دۆخێکی وەهادا، مەسەلەی پشتیوانی لە دەستبەسەرکراوان و بنەماڵەکانیان بووەتە ئەرکێکی هەرەگرینگ. زیندانەکان بوونەتە درێژکراوەی شەقامە سەرکوتکراوەکان و بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، بەشێکی دانەبڕاوە لە بەردەوامیی خەباتی کۆمەڵایەتی. ڕێکخستنی پشتیوانیی بەکۆمەڵ، ئاشکراکردنی دۆخی گرتووخانەکان، بەرەنگاربوونەوەی دانپێدانانی زۆرەکی و یارمەتیدانی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و زیندانیان، تەنیا کارێکی مرۆیی نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی سیاسییە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی هاوخەباتی و پێشگرتن لە پەرشوبڵاوی و دامرکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی.

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران دەگوزەرێت، ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەیە لە ململانێی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکدا کە مانەوەی خۆی لە توندوتیژی و سەرکوتی بێ‌سنوور و بێ‌بەهاکردنی گیانی مرۆڤەکاندا دەبینێتەوە. کوشتاری ناڕازییان، گیانبەختکردنی منداڵان، پچڕاندنی پەیوەندییەکان و زیندانی‌کردنی هەزاران کەس، نیشاندەری ترسی قووڵی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگایەک کە دەستی بە وشیاری، هاوخەباتی و ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ ڕاگەیشتووە. مێژوو بەردەوام سەلماندوویەتی کە هیچ نەزمێکی سەرکوتگەر، ناتوانێت هەتاهەتایە لە بەرامبەر ئیرادەی وشیار و ڕێکخراوی جەماوەردا خۆی ڕابگرێت.

لەم هەلومەرجەدا، بەرپاکردنی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەند و دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان، وزە، گواستنەوە و بەشە خزمەتگوزارییەکان بە داواکاریی کۆتاییهێنان بە سەرکوت و ئازادیی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوان، دەتوانێت هێزێکی گوشاری ئابووریی کاریگەر دروست بکات و تێچووی درێژەدان بە سەرکوت بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرز بکاتەوە. مانگرتنە کرێکارییەکان بە خواستی ڕاگرتنی سەرکوت و ئازادیی زیندانیان، پەیوەندیی نێوان “کارخانە و شەقام” بەهێز دەکات، ورە دەبەخشێت بە خەباتکاران و ناڕازییانی سەر شەقام و یارمەتیدەری بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان دەبێت. مانگرتنی کرێکاری لە ڕێگەی گوشار خستنە سەر جومگە ئابوورییەکان، لە درێژەی خۆیدا دەتوانێت ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ڕژیمی ئیسلامی زەوینگیر بکات.