فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەڵگەنامەی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: مەنشووری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتداریەتیی شورایی لە ئێران – بەشی یەکەم
یەکشەممە ۲۸-۱۰-۱۴۰۴   |  18-01-2026

شەپۆلی تازەی ڕاپەڕینی سەرانسەری، کە لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ و بەدوای داڕمانی بەهای دراوی نێوخۆیی و بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری نرخی کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانەی خەڵک دەستی پێکرد، بە خێرایی زانکۆکان و دەیان شاری ئێرانی گرتەوە. جەماوەری ڕاپەڕیو لە هەموو شوێنێک و لەسەر شەقامەکاندا، بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج. سەران و فەرماندەھانی حکوومەتی ئیسلامی کە لە تەشەنەسەندنی ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک تۆقیبوون، هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە بە ئامرازی سەرکوتی خوێناوی هاتنە مەیدانەوە و لە ڕۆژانی دوازدە و سێزدەهەمی ناڕەزایەتییەکاندا، بە بیانووی بانگەوازەکانا “ڕەزا پەهلەوی” و فەرمانەکانی “ترامپ”، دڕندەیی و وەحشیگەرییان گەیاندە ئەوپەڕی خۆی و ڕەهەندێکی سامناکیان بە تاوانەکانیان بەخشی. سەرانی کۆماری ئیسلامی لەم ڕۆژانەدا بە پچڕاندنی ئینتەرنێت و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، هەزاران کەسیان کۆمەڵکوژ کرد و بە کەڵەکەکردنی تەرمی قوربانییان لە سولە گەورەکانی “کەهریزەک”ی تاران و ناوچەکانی دیکە و بە نمایشکردنی ئەم دیمەنە دڵتەزێنانە، لەوپەڕی زەلیلی و داماویدا، هاواریان کرد کە سەرکەوتوون.

ئەم شەپۆلە بەهێزەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١ و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان و تۆفانە سیاسییە مەزنەکاندایە کە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا سیمای سیاسیی ئێرانیان گۆڕیوە و وەرچەرخانێکی گەورەیان لە زهنییەت و وشیاریی کرێکاران و خەڵکی ئێراندا پێک هێناوە. هێزی بزوێنەری ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە، کرێکاران، هەژارانی شار، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران و لاوانی ژێردەستن کە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە گرانی و هەڵئاوسانی بەرین، بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی ئابووریی کەم‌وێنە، هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی و بێبەشبوون لە مافی کۆمەڵایەتی، سیاسی و تاکەکەسی و سیاسەتی وێرانکەری ژینگە، ئەوانی بەرەو گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ڕاکێشاوە. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران کە بە مانگرتن و ناڕەزایەتییە شکۆدارەکانی خۆی لە ماوەی نزیک بە دوو دەیەدا ئیلهامبەخشی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە ڕادیکاڵەکانی دیکە بووە، نەک هەر بەستێنی سیاسیی بۆ سەرھەڵدانی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییانە ئامادە کردووە، بەڵکوو خۆشی لەم بزووتنەوانە هێزی وەرگرتووە. ژنانی وەزاڵەهاتوو لە دەست هەڵاواردنە ڕەگەزییەکان کە بە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆیان لەم گۆڕانکارییانەدا کۆڵەکە ئایدۆلۆژییەکانی نیزامی ئیسلامییان تێک شکاند، لە دۆخی هەنووکەییشدا بە پاشەکشەپێکردنی یاسای حیجابی ئیسلامی، سیمای شەقام و شارەکانی ئێرانیان گۆڕیوە. بزووتنەوەی خوێندکاری کە گەلێک جار سەلماندوویەتی لە ساتە هەستیارەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا لە ڕیزی ژێردەستانی کۆمەڵگادایە، هەروا بەردەوام سەنگەری بەرخودان و بەرگری لە ئازادی و یەکسانییە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە ئاستێکی جەماوەریدا نیشانی دا کە بۆ ڕزگاربوون لە چنگ کۆماری ئیسلامی و بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکانیان، ستراتیژیی یەکگرتوویی و هاوپشتییان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری گرتووەتەبەر. گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک نووسەران، شاعیران، هونەرمەندانی شۆڕشگێڕ و سینەماکارانی پێشڕەو، بە هاوڕێییکردن و وێناکردنی حەماسە و گیانفیداییەکانی بەرەی ناڕەزایەتی و ڕەنج و کار، بەکردەوە دەورونەخشی هونەری پێشڕەویان لە ئەزموونی زیندووی خەباتی جەماوەردا خستە ڕوو.

ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە مەزنانە کە لە هاودڵی و پشتیوانیی زۆرینەی خەڵکی ئێران بەهرەمەندن، نەبوونی مەشرووعییەتی سیاسیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان بە ڕوونی ئاشکرا کرد. لەم هەلومەرجەدا، قووڵبوونەوەی قەیرانی مەشرووعییەت، بنبەستی ئایدۆلۆژیک، قووڵایی قەیرانی ئابووری و وێرانبوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، گەندەڵیی دامەزراوەیی و پەرەسەندنی باندە مافیاییەکان لە نێو پێکهاتەی دەسەڵاتدا، ئاکامی توندتربوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، هەڵئاوسانی بێ‌لەمپەر، گرانیی بێ‌وێنە و سونامیی بێکاری، قەیرانی ژینگەیی لەکۆنترۆڵ‌دەرچوو و دەیان بابەتی دیکە، حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی تەنانەت لە دابینکردنی نان و ئاو، کارەبا و هەوای پاک، داماو و بێتوانا کردووە. ئەم داماوییە لەسەر بەستێنی شکستی سیاسەتی ستراتیژیکی ناوچەیی و هەڵوەشانەوەی هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت” و دۆڕاندن لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا، کێشمەکێش و قەیرانی حکوومەتیی توندتر کردووەتەوە. لە دۆخی ئێستادا حکوومەتی ئیسلامی لە هەمان کاتدا کە بۆ دەرچوون لەژێر گوشاری هێزە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ڕزگاربوون لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ڕووی لە دانوستان و سازش کردووە، بەڵام ڕوو لە خەڵک و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، پشتی بە ستراتیژیی توندکردنەوەی سەرکوت و ئەنجامدانی تاوانی سامناک، وەک ڕەمزی مانەوەی خۆی، بەستووە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و لەسەر بەستێنی حەقیقەتە ئابوورییەکان، قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت، هەڵاواردن، نایەکسانی و ئاسۆی پەرەسەندنی گرانی و هەژاری و نەهامەتیی زیاتر، لە کاتێکدا کە ڕژیمی ئیسلامی لە وەڵامدانەوە بە داخوازیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان داماو و بێتوانایە و چەکی کوشتار و سەرکوتیش کارایی ڕابردووی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا لەدەست داوە، گەشەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەو و ناڕەزایەتییەکانی دیکەی کردووەتە بابەتێکی حەتمی و هەر وەک چۆن ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێستا نیشانیان دا، ڕاپەڕینی مەزنتری خستووەتە ئاسۆوە.