
ئاڵوگۆڕە خوێناوییەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی سووریا، جارێکی دیکە ماهییەت و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و پشتیوانە ئیمپریالیستەکانیانی ئاشکرا کردەوە. هێرشی هێزە جیهادییەکانی سەر بە “دەوڵەتی ئیسلامی”ـی ئەحمەد شەرع بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەڵەب و پاشان پەرەپێدانی پەلامارە سەربازییەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕووداوێکی لەناوکاو و بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئەڵقەیەکە لە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو بۆ تێکشکاندنی یەکێک لە پێشکەوتنخوازترین ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
داگیرکردنی عەین عیسا، گەمارۆدانی کۆبانێ، بڕینی ئاو و کارەبای شارەکان، دەستبەسەرداگرتنی بەنداوی تشرین و بەشگەلێک لە ڕەققە، تەبقە و دێرەزوور و هەروەها پەلاماردانی زیندانی شەدادی و ئازادکردنی چەکدارانی داعش، هەموویان دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە هێزە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع نە تەنیا درێژەپێدەری هەمان پڕۆژەی داعشن، بەڵکوو وەک باسکی مەیدانیی دەوڵەتی تورکیا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زلهێزەکاندا کار دەکەن. سووکایەتی و ئەشکەنجەدانی شەڕڤانانی دیلی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیان، هەوڵێکی ئاگایانەیە بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و تێکشکاندنی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی.
لە وەها هەلومەرجێکدا، ڕاگەیاندنی “ڕێککەوتننامە”ی ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزلووم عەبدی، کە لەژێر گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا و تورکیادا واژۆ کراوە، نە هەنگاوێک بەرەو ئاشتی، بەڵکوو ئامرازێکی سیاسییە بۆ تەواوکردنی هەمان پەلاماری سەربازی. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە لە درێژەی ڕێککەوتنی ٨ خاڵیی مارسی ٢٠٢٥دا ئامادە کراوە، بەکردەوە بە واتای بێبەشکردن و دەستکورتکردنەوەی تەواوەتیی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دەستکەوتە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانیانە: هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و تواندنەوەی لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا، ڕادەستکردنی تەواوەتیی ئیدارە و ئەمنییەتی پارێزگاکان، ڕادەستکردنی سەرچاوە نەوتییەکان، زیندانەکان و کەمپەکان، تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنییەکانی خۆبەڕێوەبەری لەناو دەزگای دەوڵەتی دیمەشق و پاکتاوی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە.
ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە ڕوونی دەریانخست کە بانگەشەکانی پەیوەندیدار بە “بەفەرمیناسینی مافی کورد و کەمایەتییەکان” لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئیسلامیی سووریادا، شتێک جگە لە فریوێکی سیاسی نەبووە. دەوڵەتێک کە بوون و مانی خۆی لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی، سەرکوتی سیستماتیک و نکۆڵیکردن لە فرەیی نەتەوەیی و ئایینی بونیاد دەنێت، نە دەتوانێت و نە دەشیەوێت مافی یەکسان مسۆگەر بکات. کوشتاری عەلەوییەکان، سەرکوتی کوردەکان و سڕینەوەی دامەزراوە جەماوەرییەکان، سەلمێنەری سیاسەتێکە کە دوژمنایەتییەکی ئاشتینەهەڵگرى هەیە لەگەڵ هەرچەشنە پێکەوەژیانێکی ئازاد و یەکسان.
ئەم پەلامارە هەمەلایەنەیە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی مامەڵە و بازرگانییەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی سووریا، ئیمپریالیزمی ئەمریکا و باقیی هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەیە. تورکیا کە لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرهەڵدانی ڕۆژئاواوە، ئەم ئەزموونەی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر پڕۆژەی شۆڤێنیستی و پاوانخوازانەی خۆی دەزانی، ئێستا بە کەڵکوەرگرتن لە هێزە نیابەتییەکانی و بە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، لە هەوڵی لەناوبردنی یەکجاریی ئەم ئەزموونەدایە. ئەمریکاش کە ساڵانێک لە هێزە کوردییەکان وەک ئامرازێکی جەنگی دژی داعش کەڵکی وەرگرت، جارێکی دیکە سەلماندی کە بەرژەوەندییە ژیۆپۆلیتیکەکان، هاوپەیمانییەکانی ناتۆ و بەرنامە ئیمپریالیستییەکانی، لە سەرووی هەر بانگەشەیەکی داکۆکی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤەوەیە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرش بۆ سەر #ڕۆژئاوا، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان شەپۆلێکی مەزن لە ناڕەزایەتی و تووڕەیی و بێزاری وەڕێ کەوتووە. لاوانی زۆر لە سلێمانی، کەرکووک، دیاربەکر و… لە سنووری قامیشلۆ/نسێبینەوە خۆیان گەیاندووەتە #قامیشلۆ، ئاڵای تورکیایان هێناوەتە خوارەوە و ئامادەی خەبات و بەرەنگاربوونەوەن.
لە وەها بارودۆخێکدا، تەنیا ڕێگای بەرەوڕووبوونەوەی ئەم پەلامارە کۆنەپەرستانەیە، پشتبەستنە بە هێزی سەربەخۆی خەڵک. ڕێکخراوبوونی ئاگایانەی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و سەرجەم چەوساوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەرگریی چەکدارانە لە دەستکەوتە مەوجوودەکان، قووڵکردنەوەی پێکهاتە دیموکراتیکەکان لە خوارەوە و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخوازی سەرانسەری سووریا و هەروەها هاوخەباتیی ئەنتەرناسیۆنالیستی، تەنیا ئاسۆی واقیعبینانەیە بۆ تێپەڕین لەم قۆناغە دژوارە. ئەزموونی ڕۆژئاوا نیشانی داوە کە یەکسانیی ژن و پیاو، بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، پێکەوەژیانی ئازادانەی نەتەوەکان و ئازادییە سیاسییەکان، دروشم نین، بەڵکوو ئامرازی ڕاستەقینەی هێنانەمەیدانی جەماوەرن.
خەڵکی #کوردستان و #سووریا دەبێ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، هاوپەیمانانی ڕاستەقینەی خۆیان نە لە دەوڵەتان و زلهێزە جیهانییەکان، بەڵکوو لەنێو کرێکاران و گەلانی چەوساوەی سووریا، ناوچەکە و جیهاندا بدۆزنەوە. هاوپشتیی نێونەتەوەیی هێزە ئازادیخواز و سۆسیالیستەکان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ماشێنی جەنگ و داگیرکاریی سەرمایەداریی جیهانی.
ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی توندی پەلاماری سەربازیی دەوڵەتانی سووریا و تورکیا بە پشتیوانیی ئەمریکا، وێڕای لەقاودانی ڕێککەوتنە سەپێنراو و دژە جەماوەرییەکان، پشتیوانیی بێمەرجی خۆمان لە بەرخۆدان و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنین. ئەزموونی ئەم ساڵانە جارێکی تر سەلماندی کە نە ئەمریکا و نە هیچ هێزێکی ئیمپریالیستی، زامنی ئازادی و ڕزگاری نین. تەنیا لە ڕێگای پشتبەستنی ئاگایانە بە هێزی یەکگرتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بە ئاسۆی سۆسیالیستییەوە دەکرێت بیساتی جەنگ، داگیرکاری و کۆنەپەرستی تێکەوە بپێچرێت و ڕێگای ڕزگاریی ڕاستەقینە خۆش بکرێت.
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شورایی خەڵک لە کوردستان
شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە