فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنفرانسی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ چینی کرێکاری ئێران: کاتی دەستپێشخەریی خەباتکارانە و سیاسیی کرێکارانە!
شەممە ۰۴-۱۱-۱۴۰۴   |  24-01-2026

کرێکارانی ئێران!

سەرەتا سڵاو و دروودی کۆنفرانسەکەمان پێشکەشتان بێت!

کۆنفرانسی ستۆکهۆڵم لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی سەد ساڵەی ئێراندا بەڕێوە دەچێت. ڕژیمی ئیسلامی گەورەترین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران لە دوای بزووتنەوەی ژینای خەڵتانی خوێن کرد. سەرکوتکردنی سەرانسەریی ناڕازییانی سەر شەقام، دەسبەسەرکردنە بەربڵاوەکان و کۆمەڵکوژیی چەندین هەزار کەس لە جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران، ئەگەرچی کۆمەڵگای تووشی ماتەم و خەم کردووە، بەڵام کۆتایی بە ناڕەزایەتییە گشتییەکان دژ بە دیکتاتۆری، هەژاری و نەهامەتیی گشتی کە لە سەدان شاردا لە ئارادا بوو، ناهێنێت.

هیچکات بۆشایی چینایەتی، جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند و ئەو دەرەیەی لەنێوان زۆرینەی خەڵکی ئێران و ڕژیمی ئیسلامیدا هەیە، هێندە قووڵ و بەرین نەبووە. ئاستی چەوساندنەوەی کرێکارانی ئێران لە جیهاندا بێ‌وێنەیە، چونکە ئەم ڕژیمە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە ئەو شۆرا کرێکارییانەی لەناو دڵی شۆڕشی ٥٧ـدا سەریان هەڵدابوو لەناو برد و هەر جۆرە جووڵەیەکی کرێکارانی ئێرانی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، بە دەرکردن، گرتن، ئەشکەنجە و کوشتنی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری سەرکوت کرد. لەئێستادا چینی کرێکاری ئێران خاوەنی ڕێکخراوەی سەربەخۆی خۆی نییە و زیاتر لە سەدا نەوەدیان بە گرێبەستی کاتی، واژۆی سپی و لە کۆمپانیا پەیمانکارییەکاندا کار دەکەن کە یەکێک لە ئاکامەکانی، دیاریکردنی لانی‌کەمی حەقدەستێکە کە چوار بەرابەر لە ژێر هێڵی هەژاریدایە.

کرێکارانی ئێران!

لە سەردەمی شۆڕشی ٥٧دا، جیهان شایەتی یەکێک لە گەورەترین مانگرتنە گشتییەکانی مێژووی سەدەی بیستەم لەلایەن چینی کرێکاری ئێرانەوە بوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاشکاو خوازیاری دەسەڵاتی سیاسی نەبوو، ڕەوتە ئیسلامییەکان لەو مانگرتنە کرێکارییانەی کە پشتی ڕژیمی شای شکاندبوو کەڵکیان وەرگرت و خۆیان دەسەڵاتیان گرتە دەست. لەجیاتی ئەوەی چینی کرێکار بەرەو دەسەڵاتی سیاسی هەنگاو بنێت و ئامرازەکانی دەسەڵات بۆ دابینکردنی خواستەکانی بەکار بێنێت، دوژمنانی کرێکاران دەسەڵاتیان گرتە دەست و کەوتنە گیانی کرێکاران و لە ماوەی چەند دەیەدا خنکانێکی سیاسی و نەهامەتییەکی ئابووریی گشتییان بەسەر چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاند.

کرێکارانی ئێران!

ئێوە هەرگیز تەسلیمی ئەم دۆخە دژە مرۆییە نەبوون و کارخانە و شەقامەکانی شارەکانی سەرانسەری ئێران شایەتی مانگرتن و کۆبوونەوە پرژمارەکانتان بووە. ئەگەرچی هێشتا خەباتەکەتان بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ ڕژیمی ئیسلامیی نەکردۆتە ئامانج، بەڵام هاتنەدیی ئەو داخوازییانەی کە تا ئێستا و لەوانە لە بەیاننامەکانی ڕۆژی کرێکاردا لە هەموو ئەم ساڵانەدا هاوارتان کردووە، تەنیا لە سایەی دەسەڵاتی شۆرایی خۆتاندا دێتە دی.

ئێستا زۆرینەی خەڵکی ئێران، لە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، لە ستەم و چەوساندنەوەی توندی چینایەتی، لە ستەمی جێندەری و یاساکانی ئاپارتایدی دژە ژن، لە دیکتاتۆری و سەرکوت، لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن و ستەم دژ بە هاووڵاتیان و دانیشتوانی وڵات و لە نابوودیی زیاتر لە ڕابردووی ژینگە و دەرەنجامە سامناکەکانی، لە ڕەنج و ئازارێکی زۆردان. کرێکاران نەک تەنیا هیچ قازانجێک لەم ستەمانە ناکەن، بەڵکوو خودی ئەم ستەمانە لە بەربەستەکانی بەردەم یەکگرتوویی چینایەتیی ئەوانە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و ئازادیی کۆمەڵگا ناچارن دژ بە هەموو ئەم ستەمانە خەبات بکەن. کلیل و ڕەمزی ڕزگاریی زۆرینەی خەڵک لە نەهامەتیی ئابووری، زەبروزەنگ و بێ‌مافی و پاراستنی ژینگەی ئێران، لە دەستی ئێوەدایە.

وانەی گەورەی شۆڕشی ٥٧ بۆ بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار ئەوەیە کە چینی کرێکار بەبێ تەحەزوب و ڕێکخراوبوون و بەبێ مسۆگەرکردنی ڕێبەری بەسەر بزووتنەوەی گشتیدا، دەبێتە هێزی بزووتنەوەگەلێکی نا-کرێکاری. بەرهەمی خەباتی کرێکاران دەبێ لە خزمەت دابینبوونی خواستە چینایەتییەکانی خۆی و هاوپەیمانانی لە بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، لابردنی ستەمی نەتەوەیی، مامۆستایان و خانەنشینان و ژینگەدا بێت. چالاکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی بزووتنەوەی کرێکاریش دەبێ وەک ڕەوتەکانی دیکە خواستەکانی خۆیان هاوڕێ لەگەڵ سیستەمی جێگرەوەی خوازراوی کرێکاران کە “دەسەڵاتی شۆرایی”ـیە، بەیان بکەن. دوای کۆمەڵکوژیی خەڵک لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، هاتنەمەیدانی کرێکاران بۆ خەبات لەپێناو خواستە چینایەتییەکانی خۆیان، دۆخی ئێران دەگۆڕێت. کاتی دەستپێشخەری و داهێنانی خەباتکارانە و سیاسی لەلایەن کرێکارانەوەیە.

لەم پێناوەدا، شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان خۆی بە بەشێک لە حەرەکەتی ئێوە دەزانێت و بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان چالاکان و ڕێکخراوەکانی باڵی چەپ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری، لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکات.

بژی بزووتنەوەی سەربەخۆی کرێکاری

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

بەفرانباری ١٤٠٤ – ژانویەی ٢٠٢٦