
کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵکی تێکۆشەری ئێران!
ئەوەی ئێستا لە ئێران و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەگوزەرێت، تەنیا سەرکوتێکی خوێناوی خەباتی بوێرانەی جەماوەری خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو کۆمەڵکوژییەکی گشتییە. کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکێکە کە بۆ ژیان، بژێوی، کار، نان، ئازادی و دەستەبەرکردنی داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی. کۆمەڵکوژیی ژنان و لاوان و منداڵان و جەماوەری تێکۆشەرێکە کە بۆ بەدەستهێنانی کەمترین پێداویستییەکانی ژیانێکی ئینسانی و لە ئاستێکی بەرینتردا، بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. بەڵام کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەوەی لە وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین داخوازییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەری وەزاڵەهاتووی ئێران داماو و بێتوانایە، هەموو جارێ دەست دەداتە کوشتاریان و خەباتی مافخوازانەیان خەڵتانی خوێن دەکات. خۆپیشاندانی بەرینی ژنان و پیاوان و منداڵان و جەماوەری زەحمەتکێش بە تیربار و کلاشینکۆف و دۆشکە دەداتە بەر دەستڕێژ.
ئەو نەبەردەی ئێستا لە نێوان جەماوەر و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی حاکم بەسەر ئێراندا لە ئارادایە، نەبەردێکە بۆ ئازادی و شۆڕش. خەباتێکە بۆ ڕزگاری لە ستەم و سەرکوت. ئەوەیکە خوێنڕێژانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بەسەر جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵکی ئێرانیان هێنا، لە سەرجەم سەرکوت و کوشتارەکانی هەتا ئێستای دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لەماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوو بەرینترە. تا ئێستا “هرانا” و ناوەندەکانی دیکەی مافی مرۆڤ کوژرانی ٥ هەزار تا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیان ڕاگەیاندووە. ژمارەی بریندارەکان یەکجار زۆرە. بەکرێگیراوانی خامنەیی ژمارەیەکی زۆر لەم بریندارانەیان لە کاتی دەستبەسەرکردن، گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و تەنانەت لەسەر تەختی نەخۆشخانەکان داوەتە بەر تێری خەڵاس. دەیان هەزار کەس دەستبەسەرکراون و هەر ئێستا گیانیان لە مەترسیدایە.
کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵکی خەباتکاری ئێران!
کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەو زەبرەی لە خەباتی قارەمانانەی جەماوەری خەڵکی ئێران بەریکەوتووە، هەر ئێستا لە لاوازترین پێگەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدایە. بێدادگاکانی ڕژیم بەهۆی ئاڵۆزیی ناوخۆیی و قەیرانە قوڵ و بێچارەسەرە پێکهاتەییەکان و گوشاری هەمەلایەنەی ناوەندە نێونەتەوەییەکان، بەڕواڵەت لەسێدارەدانی گیراوانی ئەم دواییەی ڕاگرتووە یان دوایخستووە. بەڵام ئەمە تەنیا ڕواڵەتی مەسەلەکەیە. هەواڵەکان لە ناوخۆی ئێرانەوە باس لەوە دەکەن کە کوشتارگاکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی خامنەیی و موحسینی ئێژەیی، لەسێدارەدانی نهێنیی دەستبەسەرکراوانیان خستووەتە دەستووری کاری دەسەڵاتەوە. ژمارەیەک لە بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەموو شوێنێک بەدوای ئازیزانیاندا گەڕاون، بەڵام هیچ شوێنەوارێکیان لەناو کوژراوەکاندا نەبووە، کەچی ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ تەرمی ڕۆڵەکانیان لەنێو تەرمە کەڵەکەبووەکاندا دۆزیوەتەوە. هەندێک زانیاریی گەیشتوو لە شایەتحاڵان و پزیشکانی نەخۆشخانەکانەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان یان بریندارە ڕفێندراوەکان لە نەخۆشخانەکان کە برینی سەختیشیان نەبووە، ئێستا تەرمەکانیان لەنێو کوژراوەکاندا دۆزراوەتەوە.
کۆی هەواڵ و ڕاپۆرتە گەیشتووەکان لە ناوخۆی ئێرانەوە دەری دەخەن کە بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی نهێنی، دەستگیرکراوان و بریندارەکان لەسێدارە دەدەن و بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی شێواوی کۆمەڵگا، تەرمەکانیان دەخەنە ناو کوژراوانی سەر شەقامەکانەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەم دواییە و دەربڕینی بێزاری قووڵ بەرانبەر بە کردەوەی جنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی، داوا لە سەرجەم بنەماڵەکان، کەسانی ئاگادار، چالاکانی سیاسی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە ناوی سەرجەم ئەو دەستبەسەرکراو و بێسەروشوێنانەی کە تا ئێستا لەنێو کوژراوەکاندا نەدۆزراونەتەوە، هەرچی زووتر وەک دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی ئەم دواییە ڕابگەیەنن. چونکە تەنیا بە ئیتیلاعڕەسانی و ڕاگەیاندنی بەرفراوان، بە هێنانەبەرباسی ناوی دەستگیرکراوان لە کۆڕ و کۆمەڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و بە هەواڵدەریی بەپەلە لەسەر ئێعدامە نهێنییەکانی ڕژیم بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، دەکرێت تا ڕادەیەک پێش بەم کردەوە جنایەتکارانەیەی کۆماری ئیسلامی بگیرێت.
نا بۆ سێدارە
ئازادیی دەستبەجێ و بێمەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ – ٢٥ی ژانویەی ٢٠٢٦
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
سایتی شۆرای هاوکاری:
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە