فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆمەڵکوژیی ناڕازییان، قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامیی قووڵتر و مەرگبارتر کردووەتەوە
سێشەممە ۰۷-۱۱-۱۴۰۴   |  27-01-2026

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵکوژیی ناڕازییان و تاوانە دژە مرۆییەکانی لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو، قەیرانی ئابووریی زیاتر لە جاران توندتر کردووەتەوە. سەرکوتێکی خوێناوی کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نە وێراویە ئاماری وردی قوربانییەکانی ڕابگەیەنێت و نە دوای دوو حەفتە دەوێرێت کۆتایی بە پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت بێنێت تا خەڵک بتوانن کار و پەیوەندییە زەروورییەکانیان دەست پێ بکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی “نێت‌بڵاکس”، ناوەندی چاودێریی ئینتەرنێت، بەراوردی کردووە کە پچڕانی ئینتەرنێت ڕۆژانە ٣٧ ملیۆن دۆلار بۆ دەوڵەت تێچووی هەیە. بێگومان پچڕانی ئینتەرنێت بۆ کار و کەسابەتی خەڵک تێچووی زۆر لەوە زیاتری بووە. ئەم ناوەندە تێچووی پچڕانی ئینتەرنێتی لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینادا بە یەک ملیارد و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵاندبوو. لەم پەیوەندییەدا جێگری جێبەجێکاری پزیشکیان دانی بەوەدا نا کە کار و پیشە دیجیتاڵی و نا-دیجیتاڵییەکان لە وڵاتدا تووشی زیان بوون کە ئەمەش زیان بە دەوڵەت دەگەیەنێت، چونکە دەوڵەت ناتوانێت لەو کەسانەی کارەکەیان بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە وەستاوە، باج وەربگرێت. سەرباری ئەوەش ناوبراو دانی بەوەدا نا کە “دۆخی ئەمنییەتیی خەڵک (بخوێنەرەوە ڕژیم) لە کار و کاسبی هاووڵاتییان گرینگترە”. بەمجۆرە دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی وەک ئیمکانێک بۆ ڕەفاه و ئاسایش و یارمەتیدانی خەڵک لە ئینتەرنێت بڕوانێت، وەک ئامرازی سەرکوتی خەڵک لەپێناو درێژەدان بە دەسەڵاتە دژە مرۆییەکەی بەکاری دەهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی ئیسلامی دوای تێپەڕینی دوو حەفتە بەسەر ئەنجامدانی تاوانی سامناکی کۆمەڵکوژیی خەڵکی ناڕازی، بە درێژەدان بە پچڕانی ئینتەرنێت، هەوڵ دەدات ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە بێ‌وێنەیە بشارێتەوە تا بە خەیاڵی خۆی بتوانێت بیخاتە چوارچێوەی تێپەڕبوونی کاتەوە و لە بیری خەڵکی بەرێتەوە. بەڵام کۆمەڵکوژیی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕژیمەوە ئەوەندە بەرین و دڕندانەیە کە لە مێژووی پڕ لە تاوانی دەسەڵاتی ئیسلامیدا وەک “تاوان دژی مرۆڤایەتی” تۆمار کراوە. خامنەیی و سەرکردە جەنایەتکارەکانی دیکەی دەسەڵات و سپای پاسداران ئاگایانە و بە درۆ، ناڕەزایەتییە سروشتییەکانی خەڵکی برسی لە بەرانبەر هەڵاوسان و گرانی و هەژاری و برسێتی و دیکتاتۆری و نەبوونی ئازادی، بە “پیلانی دەست و پەیوەندە دەرەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل” وەسف دەکەن، تا بتوانن پاساو بۆ ئەم جۆرە تاوانانە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی گەندەڵی ئیسلامیی خۆیان بهێننەوە. ئەوان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرنامەی پڕهەزینە بۆ مانەوەی خۆیان، قەیرانی ئابوورییان توندتر کردووەتەوە و زیاتر لە ٦٠ لە سەدی خەڵکی ئێرانیان بەرەو ژیان لە ژێر هێڵی هەژاریدا بردووە.

بێگومان بەهۆی درێژەی ئەم بارودۆخە پڕ لە نەهامەتییە، سەرکوت و کوشتار و تاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت پێش بە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بگرێت و ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت؛ سەرکوت و کۆمەڵکوژیی بێ‌وێنەی دوو حەفتەی ڕابردوو، ڕق و بێزاریی گشتیی قووڵتر کردووەتەوە و قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتداریی ڕژیمی ئیسلامی زیاتر لە جاران توندتر دەکاتەوە. چونکە سەرجەم قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی ” پێکهاتەیین و ئەم ڕژیمە ڕێگایەکی بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانانە نییە. کەمبوونەوەی داهاتی ڕژیم لە فرۆشتنی نەوت بەهۆی گەمارۆکان، هەڵکشانی ساڵ لەدوای ساڵی کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت، چاپکردنی پارەی بێ پشتیوان، قەرزکردن لە بانکەکان، ئاڵوگۆڕی سەدەی ناوەڕاستیی کاڵا بە کاڵا و گوشاری زیاتر بۆ سەر خەڵک بۆ وەرگرتنی باج، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گرانیی زیاتر. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ناوخۆیی و ستراتیژیی دەرەکی، گەمارۆکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دژی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توندتر بووەتە. یەکێتیی ئەورووپا خەریکی پەسەندکردنی پاکێجێکی دیکەی گەمارۆکانە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە بەداخەوە لێکەوتە و دەرەنجامەکانی بۆ سەر سفرەی خەڵک دەگوازرێتەوە.

کەواتە دەربازبوون لە قەیرانی ئابووریش لە گرەوی ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە. بێگومان ناڕەزایەتیی جەماوەر کە لە بەفرانباری ساڵی ٩٦ـەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە و شەپۆلەکانی لە ساڵەکانی ٩٨ و ١٤٠١ و تا ئێستا درێژەی هەبووە، سەرەڕای تاوانە سامناکەکانی ڕژیم دژبە خەڵک، بەردەوام دەبێت. چینی کرێکار و خەڵکی ئێران کارد گەیشتووەتە سەر ئێسقانیان، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران چاوترسێن نەکراون، ڕژیم نەیتوانیوە ترس زاڵ بکات و هیوا بە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕەگی داکوتاوە. بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەژێر تیغی سەرکوتدا لە بواری ڕێکخراوبوون و شکڵدان بە ڕێبەریدا، هەنگاوی بەرەوپێشیان ناوە.

لەم قۆناغی “نە شەڕ و نە ئاشتی”ـیەدا کە مەترسیی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەڵگیرسانی شەڕێکی کۆنەپەرستانە هێشتا بوونی هەیە، تەنیا بە پتەوکردنی پەیوەندیی هاوپشتی لەنێو ڕیزەکانی خەڵک، بە ناڕەزایەتی دژی شەڕ و دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکان بە هەر شێوەیەک کە دەکرێت، بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی ڕێکخراو و دامەزراوە جەماوەرییەکان، بە پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتیی ڕێکخراو  و بە گەشەپێدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، دەتوانین لە بەرانبەر مەترسیی شەڕی کۆنەپەرستانەدا خۆمان ئامادە بکەین. هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەت‌خوازە فاشیستەکان و هەندێک لە کەسایەتییە ئابڕووچووەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران چاوەڕوانی دەکەن، سەرلەبەری بە زیانی خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانی‌خوازانەی خەڵکی ئێرانە. شەڕێکی لەو چەشنە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان پەراوێز دەخات و زەمینە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرەوە و بەبێ دەخالەتی خەڵک خۆش دەکات.

تەنیا بە چڕکردنەوەی هەوڵ و خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانین خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە شەڕی ئەم ڕژیمە تاوانکارە ڕزگار بکەین، هەوڵی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی و ڕاستڕەو بۆ دروستکردنی ئالتێرناتیو لە سەرەوەی ئیرادەی جەماوەر پووچەڵ بکەینەوە و لە بەرانبەر نەزمی ناوچەیی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆیەکی ڕوون بخەینە بەردەم کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.