فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

با خەم و پەژارە و دەریای تووڕەییمان بکەینە کردەوەیەکی ئاگایانە و ڕێکخراو بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەوە
هەینی ۱۰-۱۱-۱۴۰۴   |  30-01-2026

ڕەهەندە سامناکەکانی کوشتاری ناڕازییانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤، کۆمەڵگای خستووەتە دۆخێکی لێواولێو لە خەم و پەژارە و تووڕەیی. ئەم هەستە دوولایەنە، کاردانەوەیەکی مرۆڤانە و مەنتقییە لە ئاست تاوانێکی ڕێکخراو و ئاشکرا کە دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامی بۆ پاراستنی دەسەڵات و مانەوەی خۆی بەکاری هێناوە. مرۆڤێک کە لەژێر باری گرانی چەوساندنەوە، ستەم و هەڵاواردنە جۆراوجۆرەکان و سەرکوت و سووکایەتیدایە، نەک هەر تووڕەیە، بەڵکوو دەربڕینی ئەو تووڕەییە پەنگخواردووەش بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت. بەڵام پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم خەم و تووڕەییە چۆن دەتوانێت ببێتە هێزێکی ئاگایانە، ڕێکخراو، هەڵمەتبەر و ڕزگاری‌بەخش.

یەکەم هەنگاو، تێگەیشتنە لە دۆخی هەنووکەیی. کۆمەڵگایەک کە ڕووبەڕووی کوشتاری سەر شەقام، بێسەروشوێنکردن، دانپێدانانی زۆرەملێ، لەسێدارەدان و هەڕەشە و سووکایەتیی سیستماتیک بە بنەماڵەی گیانبەختکردووان بووەتەوە، بۆ دەرخستنی ئاگایانە و ڕێکخراوی تووڕەییە پەنگخواردووەکەی، پێویستی بە کاتە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وەک دەوڵەتێکی هاری سەرمایەداری بە ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامییەوە، سەرجەم ئامرازەکانی زەبروزەنگی قۆرخ کردووە و هەرووەک سەلماندوویەتی، بۆ پاراستنی نەزمی چینایەتیی مەوجوود، لە هیچ ئاستێک لە توندوتیژی دژی ناڕازییان درێغی ناکات. هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەک هەر ئەم واقعییەتە قبووڵ دەکەن، بەڵکوو لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و چینایەتیدا شیکردنەوەی بۆ دەکەن. بەڵام تووشبوونی کۆمەڵگا بە شۆک و سەرسووڕمان و تووڕەیی قووڵ لە ئاکامی کوشتاری سامناکی ناڕازییانەوە، بە مانای تەسلیمبوون نییە؛ بەڵکوو مەرجێکی پێویستە بۆ تێپەڕینێکی ئاگایانە لە دۆخی مەوجود.

یەکێک لە کارکردە سەرەکییەکانی سەرکوتی دەسەڵات، ئاسایی‌کردنەوەی مەرگ و کوشتنە. دەسەڵات بە گۆڕینی گیانی مرۆڤ بۆ ژمارە، ئامار یان “تێچووی لاوەکی”، هەوڵ دەدات هەم کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و هەم هەر چەشنە خەباتێک دژی پەیوەندییە زاڵەکان و بارودۆخی ئێستا بێ‌ئیعتیبار بکات. لە بەرامبەر ئەم لۆژیکەدا، تێڕوانینی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست، بەتایبەت بە گرێدانەوە بە ئەزموونی کۆمۆنی پاریس، شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مێژووی خەباتی دژە-فاشیزم، هەمیشە جەختی لەسەر بەهای بێ‌وێنەی گیانی مرۆڤ کردووەتەوە. گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییە، مرۆڤی تێکۆشەر و خەباتگێڕ بوون بۆ ژیانێکی شیاو و بەختەوەر. درێژەدان بە ڕێگای ئەوان، نەک لە سۆنگەی ڕۆمانتیزەکردنی مەرگ، بەڵکوو لە پێگەی بەرگری لە ژیانەوە واتای هەیە. وەفاداری بە ئامانجی گیانبەختکردووان، پێویستی بە بونیادنانی ڕێگایەکە کە بە ڕزگاریی بەکۆمەڵ کۆتایی بێت، نەک بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چەرخەی کوشتار.

یەکێک لە هۆکارەکانی دڵساردی و نائومێدی دوای سەرکوت، داڕمانی ئەو هیوا ساختانەیە کە نەک لە دڵی خەباتی سەنگەر بە سەنگەر و ڕێکخستنی ئیرادەی هاوبەش، بەڵکوو لە بەڵێنی هێزەکانی وەک سەلتەنەتخوازانی فاشیست یان کەسایەتییە ئابڕووچووەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە سەرچاوەی دەگرت کە ئومێدیان بە هێرشی ئەمریکا بەستبوو. ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە ئەگەر ستراتیژیی ئەم هێزانە کۆمەڵگا بەرەو قەیران و لێکهەڵوەشان دەبات، ئەوا لە کورتخایەنیشدا «هیوافرۆشی»ـی ئەم هێزانە، نەک تەنیا لە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە و یارمەتییەک بە بزووتنەوەکە ناکات، بەڵکوو دوای شکست، بەشگەلێک لە خەڵک زیاتر بەرەو بێهیوایی و نائومێدی دەبات.

ئەو ڕەوتانەی کە بە پشت‌بەستن بە دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، هەڕەشەی سەربازیی دەوڵەتانی دەرەکی یان کەسایەتییە دەسەڵاتخوازەکان، خەڵکیان بۆ مانەوە لە شەقام و هێرش بۆ سەر ناوەندە حکوومەتییەکان هان دەدا، بە کردەوە بەرپرسیارێتیی سیاسیی ئەنجامی ئەم بانگەوازانەیان لە ئەستۆ نەگرت. هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئاشکراکردنی ماهییەتی ڕاستەقینەی ستراتیژی، سیاسەت و تاکتیکەکانی ئەم بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، هەمیشە جەختیان لەسەر زەروورەتی ئامادەکردنی “پێداویستییەکانی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی” لەسەر بەستێنی درێژەدان بە ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان و پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کۆمەڵگا و لە ڕێگەی ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرانسەرییەوە کردووەتەوە. لە هەلومەرجی ئێستادا، بڕینی هیوا بە ستراتیژی و پرۆژەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، بەتایبەت فاشیستە سەڵتەنەت‌تەڵەبەکان کە هیواخواز و چاوەڕوانی دەستێوەردانی ئەمریکان، مەرجی سەرەکییە بۆ بونیادنانەوەی ئیرادەی بەکۆمەڵ و سەربەخۆ.

هیچ سەرکوتێک بەبێ گێڕانەوە و ڕەوایەتی زاڵ دوام ناهێنێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو تاوانەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامی داوە، ڕاپەڕینی جەماوەری بۆ ئاستی «شەڕ و پیلانگێڕیی دوژمنانی دەرەکی» دادەبەزێنێت. ئەم ڕەوایەتە، نەک تەنیا بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی هێزی سەرکوت، بەڵکوو بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ سیستمی جیهانیی سەرمایە بەرهەم دەهێنرێت. هەرچەشنە دەستێوەردانێکی سەربازیی دەوڵەتانی دەرەکی، تەنانەت ئەگەر لەژێر پەردەی «پشتیوانی و دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە»شدا بێت، بە کردەوە یارمەتی بە بەهێزکردنی هەر ئەم گوتارە دەدات. ئەرکی هێزە شۆڕشگێڕەکان، بێ‌ئیعتیبارکردنی ڕیشەیی ئەم ڕەوایەتەیە. ڕاپەڕینی خەڵکی بێچەک دژی ڕژیمێکی هار و پڕچەک، تەنانەت ئەگەر لە قۆناغێکیشدا لەلایەن دژە-شۆڕشی سەڵتەنەت‌خوازەوە بەلاڕێدا چووبێت، پیلانی دوژمنی دەرەکی نییە، بەڵکوو خەباتی چینایەتییە لە ئاشکراترین شێوەی خۆیدا. هیچ هێزێکی ئیمپریالیستی، بەهۆی ماهییەتی چینایەتیی خۆیەوە، ناتوانێت هەڵگری ڕزگاری بێت.

بێگومان دڵساردی و بێهیوایی بەهۆی کوشتاری بەکۆمەڵی ناڕازییان، نەک کۆتایی خەبات، بەڵکوو ساتەوەختێکە کە زەروورەتی پێداچوونەوە، بونیادنانەوە و ڕێکخستن ئاشکراتر دەکات. سۆسیالیستەکان بە گرێدانی شرۆڤەی ماددییانەی دەسەڵات لەگەڵ هەستی قووڵیان بەرانبەر ئازاری خەڵک، ئاسۆیەکی وەها دەخەنە ڕوو کە تێیدا تووڕەیی، هۆشیاری و هاوپشتی لەگەڵ دیدگایەکی ڕووندا، دەبنە هێزێکی مێژوویی. ڕێگای ڕزگاری نە کورتە و نە ئاسان، بەڵکوو تەنها لەناو جەرگەی سەربەخۆیی سیاسی لە هەموو هێزە بۆرژواکان، ڕەخنەی بێ ئەمان لە وەهمی دەستێوەردانی هێزە ئیمپریالیستەکان و لە ناخی ڕێکخستنی چینایەتییەوە تێدەپەڕێت. خوێنی گیانبەختکردووان نەک بۆ سات و سەودای سیاسی، بەڵکوو بۆ بنیاتنانی جیهانێکی دوور لە چەوسانەوە و سەرکوت ڕژاوە؛ جیهانێک کە تەنها بە کردەوەی هۆشیارانە و ڕێکخراوی کرێکاران و جەماوەری چەوساوە دێتە دی.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv