
دوای شەپۆلی بەهێزی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران کە ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، بە بیانووی بانگەوازەکانی ڕەزا پەهلەوی، فەرمانەکانی ترامپ و ئیدیعای دەستێوەردانی دەزگای ئەمنیی ئیسرائیل و بە ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگی، بە دڕندەیییەکی بێوێنە خەڵتانی خوێنی کرد، هێشتا خەڵک لە خەم و پەژارە و شۆکی ئەو جنایەتە دژەمرۆییە نەهاتوونەتە دەرەوە کە مەترسیی شەڕێکی دیکە باڵی بەسەر ئاسمانی ئێران و ناوچەکەدا کێشاوە. دۆناڵد ترامپ لەو کاتەوەی کە فەرمانی بە ناڕازییان لە ئێران دەدا کە “لە مەیداندا بمێننەوە، هێرش بکەنە سەر ناوەندە حکوومییەکان، یارمەتی لە ڕێگادایە”، تا ئێستا لانیکەم دە کەشتیی جەنگی، لەوانە کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگر و کەشتییە پشتیوانییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە و ئارایشێکی جەنگیی بەخۆیەوە گرتووە. دوای میلیتاریزەکردنی ناوچەکە، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە “ئەرتەش ئامادەیە بۆ ئەوەی هەر بڕیارێک کە دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ئێران بیدات، جێبەجێی بکات”. یەکێتیی ئەورووپاش لە هەمان کاتدا کە نیگەرانی ئاکامەکانی جەنگە، بەتایبەت لەسەر ڕێڕەوە گرنگەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز، بەڵام بە خستنەلیستی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بە کردەوە هەنگاوی بۆ خۆشکردنی زەمینە و بەیاساییکردنی هێرشی سەربازیی ئەمریکا هەڵێناوە.
دەوڵەتی ئەمریکا کە ئەنگوستی لەسەر ماشەی جەنگ داناوە، جارێکی دیکە جەختی لەسەر مەرجەکانی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە، لەوانە کۆتاییهێنان بە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە خاکی ئێراندا، گواستنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز، سنووردارکردنی مووشەکە دوورهاوێژەکان و بڕینی یارمەتییەکان بۆ هێزە “نیابەتییەکان”. دوای جینۆساید لە غەززە، ئاڵوگۆڕەکان لە لوبنان و دەستپێکردنی چەککردنی حیزبوڵڵا، هێنانەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئەلشەرع لە سووریا، لاوازکردنی حووسییەکان لە یەمەن، کۆنتڕۆڵکردن و مهارکردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دابینکردنی ئەم مەرجانەوە، ڕێک لە ئاراستەی ئەو نەزمە ئیمپریالیستییەدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەبەستیانە. دەوڵەتی ئەمریکا کە لەژێر ناوی “یارمەتی لە ڕێگادایە” ناوچەکەی میلیتاریزە کردووە، دەیەوێت بە یارمەتیی ژورنالیسمی بەکرێگیراو و کەمپەینی تەبلیغاتی، کێشانی ماشەی جەنگیش وەک هێرشێکی مرۆڤدۆستانە و یارمەتیدانی ناڕازییان بە بیروڕای گشتی نیشان بدات.
بەڵام هەڵگیرسانی ئاگری جەنگێکی لەو چەشنە، کە بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران وەک سەڵتەنەتخوازان، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق و هەندێک لە حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان کە لە “ناوەندی دیالۆگ”دا کۆبوونەتەوە چرکەژمێری بۆ ڕوودانی دەکەن، سەرلەبەر لە زیانی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و خەڵکی ئێران و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکەیاندایە. وەک چۆن شەڕ لە لیبی و سووریە و شەڕی دوازدە ڕۆژە دەریانخست، هێرشی سەربازی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەراوێز دەخات، هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئەمنییەت لە بەرامبەر مەترسیی بۆردومان و وێرانی و کوشتار و ئاوارەیی دەکاتە ئەولەوییەتی خەڵک و دەرفەت دەداتە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم کە بە بیانووی دۆخی جەنگییەوە کەشی ئەمنییەتی و سەرکوت توندتر بکەنەوە و بۆ ڕاو و تیرۆری چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەرنامەڕێژی بکەن.
لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا لەژێر تیغی سەرکوتی ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی و لەژێر گوشاری هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بە ڕێبەریی ئەمریکا کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ چووەتە چاوی خەڵکەوە، کۆمەڵگای ئێران هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، چوار ڕاپەڕین و ئاخێزی جەماوەری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بێوچانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگای ئەزموون کردووە. چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لەم ڕەوتەدا ڕەوایی (مەشروعیەت)ی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان تێکشکاندووە، قەیرانی دەسەڵاتەکەیان قوڵتر کردووەتەوە و پرۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییان بە پشت بەستن بە هێزی خەباتکارانەی خۆیان تا ئەم قۆناغە بەرەو پێش بردووە. لە تەواوی ئەم ماوەیەدا سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی ئەمریکا نەک هەر یارمەتیی بە بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەداوە، بەڵکوو لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا بووە. بۆ نموونە، هاوکات لەگەڵ سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، هەژاریی پێکهاتەیی یەکێک لە بەربەستەکانی سەر ڕێگای پێشڕەوی و پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بووە، کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا توندتریان کردووەتەوە. بەکارهێنانی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان لەلایەن ئەمریکاوە وەک گوشارێک دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ مامەڵە و سەودای ژێربەژێر، هەر وەک چۆن لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئەم دواییەدا جارێکی دیکە ئاشکرا بوو، بەتەواو مانا لەدژی بەرژەوەندییەکانی خەباتی خەڵکی ئێراندا بووە. شەڕی دوازدە ڕۆژە لە هەمان کاتدا کە دەرفەتی دا بە کۆماری ئیسلامی تا ناسیۆنالیزمی پاوانخوازی ئێرانی لە پشت خۆیەوە بەڕیز بکات، بە ئەمنییەتیکردنی کەشی کۆمەڵگا هەزاران کەسی دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کرد و بۆ ماوەیەک بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تووشی وەستان کرد. هەڕەشە جەنگییەکانی ئەمریکا ئەگەر ببێتە هۆی جەنگ، نەک هەر یارمەتییەک بە ناڕازییان ناکات، بەڵکوو یارمەتی بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە شێوە و قاڵبێکی دیکەدا دەدات. هێرشی سەربازیی ئەمریکا دەتوانێت هەموو دەستکەوتەکانی خەباتی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدەی خەڵکی ئێران، کە لە نەبەردی سەنگەر بە سەنگەر و بە بەهای ئەو خوێنانەی لەسەر شەقام ڕژاون بەدەست هاتوون، نابوود بکات.
کۆی بەڵگەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە دەوڵەتی ئەمریکا لە نەبوونی ئەڵتەرناتیڤی دڵخوازی خۆیدا، هێشتا پڕۆژەیەکی دیاریکراوی بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نییە و هەروا چاوی لە گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ لەنێو خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بڕیوە. ئەمریکا خوازیاری ئەوەیە کە باڵێک لە حکوومەتی ئیسلامی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت کە هەم توانایی سازش و دابینکردنی مەرجەکانی ئەمریکای هەبێت و هەم توانایی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیشی هەبێت. هێرشە سەربازییە ئەگەرییەکانی ئەمریکا هەرچەند ئامانجەکانیشی لەپێشەوە دیاری کرابن و ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکان، بنکەی مووشەکە بالیستیکەکان و هەندێک لە ناوەندەکانی دەسەڵات و مۆرەکانی ڕژیم بکاتە ئامانج، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ئاکامی ئاڵۆزی بەهۆی ئەم هێرشانە، دەوڵەتێکی سەربازیی فاشیستی بە ڕێبەریی سپای پاسداران بە فەرمی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات بگرێتە دەست. حکوومەتی نیزامییەکان بە قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا، ئاگربەست و کۆتایی جەنگ ڕادەگەیەنێت، دەستی ڕۆحانیەت لە دەسەڵات کورت دەکاتەوە و بۆ جێگیرکردنی پێگەی سیاسیی خۆی درێژە بە سەرکوتی خوێناوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە ئێران دەدات.
لەم ڕووەوە، هەروەک چۆن گەلێک جار جەختمان کردووەتەوە، شەڕ و ململانێی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکە بالیستیکە دوورهاوێژەکان و پشتیوانی لە هێزە “نیابەتییەکان”، هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و خەڵکی ئێران و ناوچەکەوە نییە. هەروەک چۆن ئەمریکا لە درێژە و لە ئاراستەی نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دڵخوازی خۆیدا ناوچەکەی میلیتاریزە کردووە و پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەی جەنگ داناوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش لە ئاراستەی ستراتیژیی مانەوەی خۆیدا سەدان ملیارد دۆلار لە سەرچاوەکانی سامانی کۆمەڵگا و بەرهەمی ڕەنج و چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانی بۆ پڕۆژە و بەرنامە ئەتۆمییەکان، بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک و پڕچەککردن و تەیارکردنی هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت” خەرج کردووە، کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ چووەتە چاوی خەڵکی ئێرانەوە. جەنگ و ململانێی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل درێژەی سیاسەتەکانی تاکوو ئێستایە و لە هەردوو لاوە، جەنگ و ململانێیەکی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیە. چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە مەترسیی پەرەسەندنی ئەم شەڕە، ڕێگایەکیان جگە لە پەرەپێدان و توندکردنەوەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، تێکۆشانی چڕوپڕتر بۆ ڕێکخراوکردنی ڕیزەکانی خۆیان و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێش نییە. تەنیا بە پێشڕەوی لە بواری ڕێکخراوبوون و دروستکردنی شۆراکان، کۆمیتەکان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانە کە بە دەرکەوتنی نیشانەکانی بۆشایی دەسەڵات، ئەم دامەزراوانە توانایی ئەوەیان دەبێت کە ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە ئەستۆ بگرن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی هەڕەشە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئەم ململانێ و کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە، سەرجەم کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ ناڕەزایەتی دژی هەڕەشە جەنگییەکان و بۆ پەرەپێدان و چڕکردنەوەی خەبات لەپێناو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بانگهێشت دەکات و داوا لە چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەکات کە تێکۆشان بۆ پرسی ڕێکخراوبوون و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری پەرە پێ بدەن. تەنیا بە پەلەکردن و توندکردنەوەی هەوڵ و خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانرێت خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە چەنگ ئەم ڕژیمە تاوانکارە ڕزگار بکرێن، هەوڵی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی و ڕاستڕەو بۆ ئەڵتەرناتیڤسازی لە سەرووی ئیرادەی جەماوەرەوە پووچەڵ بکرێتەوە و لە بەرامبەر نەزمی ناوچەیی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ئاسۆیەکی ڕوون بخرێتە بەردەم کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەروەها داوا لە هەموو مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە سەرانسەری جیهان دەکات کە لە پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران، کوشتاری بە کۆمەڵ و ڕەشبگیری و لەسێدارەدانی ناڕازییان بە دەستی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن و دژی میلیتاریزم و هەڕەشە جەنگییەکانی ئەمریکا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرزتر بکەنەوە.
نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤
٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٦