فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دۆسیەی ئێپستین؛ ڕوخساری ڕاستەقینەی دەسەڵاتی سەرمایە و توندوتیژی
یەکشەممە ۱۹-۱۱-۱۴۰۴   |  08-02-2026

بڵاوبوونەوەی ملیۆنان لاپەڕە لە بەڵگەنامە نوێیەکانی دۆسیەی “جێفری ئێپستین”، جارێکی دیکە پەردەی لەسەر ڕاستییەک هەڵدایەوە کە بۆ زۆر کەس بابەتێکی تازە نییە. سیستەمی سەرمایەداری نەک تەنها لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و بەهرەکێشیی کەمینەی سەرمایەدار لە زۆرینەی کرێکاران و زەحمەتکێشان دامەزراوە، بەڵکوو تاوان و توندوتیژیی ڕێکخراو، پیشەسازیی سێکس، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بێ‌سزا دەرچوونی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە لەنێو خۆیدا بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەژێر ناوی لەقاودان و ئیفشاگەری دەخرێتە ڕوو، لە ڕاستیدا تەنها کەلێنێکی بچووکە لەو دیوارە ئەستوورەی “پارێزبەندیی چینایەتی” کە دەسەڵاتداران بۆ خۆیان دروستیان کردووە؛ دیوارێک کە بە پارە، دەسەڵاتی سیاسی و دەزگا ئایدۆلۆژیکەکان پاسەوانی لێ دەکرێت. دۆسیەی ئەپستین تەنها گێڕانەوەی لادانی ئەخلاقیی تاکێک یان بازنەیەک لە تاکە گەندەڵەکان نییە، بەڵکوو ئەم دۆسیەیە نمادێکە لە پەیوەندیی پێکهاتەیی و قووڵی نێوان مشتێک پیاوی سەرمایەداری بەدەسەڵات، دەوڵەتە بۆرژوازییەکان و شێوازە ڕووت و ئاشکراکانی توندوتیژی دژی جەستەی ژێردەستان، بەتایبەت ژنان و منداڵان. تۆڕێک کە ساڵانێکی دوور و درێژ لەژێر سێبەری پشتیوانیی سیاسی، ئەمنی و لە بێدەنگیی میدیاییدا چالاکیی کردووە.

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم دۆسیەیە، ئەو ناوانەن کە جارێکی دیکە لە بەڵگەنامە نوێیەکاندا دەرکەوتوونەتەوە. ملیاردێرەکان، سیاسەتمەداران، سەرۆکی دەوڵەتان و نوێنەرانی ڕاستەوخۆی سەرمایەی جیهانی. بوونی کەسانی وەک دۆناڵد ترەمپ، بیل کلینتۆن، بیل گەیتس، ئیلان ماسک و سیمای بنەماڵە پاشایەتییەکان یان بەرپرسانی باڵای حکوومی، بەڕێکەوت یان پەراوێزی نییە. ئەمە دەریدەخات کە چۆن چینی دەسەڵاتدار لە ئاستی جیهانیدا، بەدەر لە هەر ناکۆکییەک کە لە نێوانیاندا هەبێت، لە مەنتیقی کەڵەکە کردنی قازانج و دڵنیابوون لە پارێزبەندیی خۆیان، بە شێوەیەکی هاوبەش هەڵسوکەوت دەکەن. دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، بە پێچەوانەی بانگەشەی بێ‌لایەنییان، ئامرازی ڕاستەوخۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازین. کاردانەوەی وەزارەتی داد لە ئەمەریکا کە تۆمەتەکانی دژی سەرۆک کۆمار بە “باوەڕ پێنەکراو” وەسف دەکات، نموونەیەکی ڕوونە لەم کارکردە. لێرەدا یاسا نەک وەک ئامرازی دادپەروەری، بەڵکوو وەک قەڵغانی بەرگریی لە دەسەڵات کار دەکات. یاسا و دادی بۆرژوایی تەنها تا ئەو شوێنە ئیعتیباری هەیە کە زیان بە پێکهاتەی دەسەڵات نەگەیەنێت.

لە بەرانبەر ئەم پارێزبەندییە ڕێکخراوەدا، قوربانییەکان وەستاون؛ مرۆڤگەلێک کە جەستە و ژیانیان کراوە بە کاڵا. ناڕەزایەتیی ١٨ کەس لە قوربانییەکان بەرانبەر بە چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان، خۆی گوزارشتە لە دژایەتییەکی قووڵی نێو سیستەمی ئێستا؛ ناو و شوناسی قوربانییەکان ئاشکرا دەکرێت، بەڵام زۆرێک لە ئەنجامدەرە سەرەکییەکان لە پشت دیواری سانسۆر، بەرژەوەندیی سیاسی و تێبینییە ئەمنییەکانەوە دەشاردرێنەوە. ئەم هەڵگەڕانەوە ئەخلاقییە، جەوهەری سیستەمی سەرمایەدارییە. لە مەنتیقی سەرمایەدا، مرۆڤ بەهایەکی زاتیی نییە؛ بەڵکوو بەهاکەی پاشکۆی پێگەیەتی لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا. قوربانییەکان، کە زۆربەیان لە توێژە ژێردەست و هەژارەکانی کۆمەڵگان، نە دەسەڵاتی داراییان هەیە و نە ئامرازی سیاسی. هەربۆیە ئاشکراکردنی ناویان وەک “تێچوویەکی قبووڵکراو” تەماشا دەکرێت، لەکاتێکدا ئاشکراکردنی تەواوەتیی تاوانباران دەتوانێت سەقامگیریی پێکهاتەکە بخاتە مەترسییەوە.

توندوتیژیی سێکسی، فۆرمێکە لە توندوتیژیی چینایەتی. لە دۆسیەی ئێپستیندا، دەستدرێژی و سووکایەتیی سێکسی بەشێکە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ئامرازێکە بۆ شکاندنەوە، کۆنترۆڵکردن و بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی. جەستەی قوربانییەکان دەبێتە مەیدانی پیادەکردنی دەسەڵات و سەروەری، هەروەک چۆن هێزی کاری کرێکاران لە کارگە و ناوەندە خزمەتگوزارییەکاندا دەچەوسێنرێتەوە. دوورگەی ئێپستین دەتوانرێت وەک ئیستیعارەیەکی عەینی لە جیهانی سەرمایەداری لێک بدرێتەوە: فەزایەکی تایبەت، دابڕاو، دوور لە چاودێریی گشتی، کە تێیدا یاسا هەڵدەپەسێردرێت و ویستی دەسەڵاتداران حوکمی موتڵەق دەکات. ئەم فەزایانە، چ لە قاڵبی دوورگە تایبەتەکاندا بن، چ لە ژووری دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمپانیاکان یان کۆبوونەوە سیاسییە نهێنییەکان، ئەو خاڵانەن کە سیمای ڕاستەقینەی دەسەڵاتیان تێدا دەردەکەوێت.

ڕۆڵی میدیاکانی دەسەڵات لەم دۆسیەیەدا جێگای سەرنجە. ئیفشاگەرییەکان بە شێوەی قەترە-چکان، هاوکات لەگەڵ سانسۆری بەرفراوان و چوارچێوەبەندیی کۆنترۆڵکراو بڵاو دەکرێنەوە. ئامانج لێی تێکدانی نەزمی موجود نییە، بەڵکوو بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی جەماوەرە. سەرمایەداری بە باشی فێر بووە کە چۆن قەیرانەکان کۆنترۆڵ بکات؛ لە ڕێگەی گۆڕینی تاوان و گەندەڵیی پێکهاتەیی بۆ ئابڕووچوونێکی تاکەکەسی و بچووککردنەوەی بۆ مەسەلەی ئەخلاقی شەخسی، قەیرانەکە بەڕێوە دەبات. لەم دۆخەدا، تەنانەت لەقاودان و ئیفشاگەریش دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەزمەکە. کاتێک ڕاستی بە شێوەیەکی ناتەواو و بژاردەکراو دەخرێتە ڕوو، لەجیاتی وشیاریی ڕزگاریبەخش، بێ‌هیوايي و بێ‌متمانەیی لێ دەکەوێتەوە. وەسفکردنی ئەم بڵاوکردنەوەیە لەلایەن قوربانییەکانەوە وەک “خیانەت”، ڕێک ئاماژەیە بۆ هەمان ئەزموون.

دۆسیەی ئێپستین جارێکی دیکە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئومێد بەستن بە ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ و ڕزگاری لە ڕێگەی ڕیفۆرم و چاکسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتی بۆرژواییدا، وەهمێکی مەترسیدارە. پێکهاتەیەک کە خۆی بەشێکە لە تۆڕی تاوان و چەوساندنەوە، ناتوانێت ناوبژیوانێکی بێ‌لایەن یان هۆکاری ڕزگاری بێت. گۆڕانکاریی ڕووکەش، جێگۆڕکێی کەسەکان یان تەنانەت دادگایی‌کردنی چەند مۆره‌یەکی لاوەکی، ماهیەتی سیستەمەکە ناگۆڕێت. کۆتایی هێنان بە مەینەتییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری و یەکسانیی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، تەنها بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دەسەڵاتدا مومکینە. تا ئەو کاتەی سەرمایە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بێت، توندوتیژی، نایەکسانی و بێ‌سزا دەرچوونیش بەردەوام بەرهەم دەهێنرێنەوە. کێشەکە چەند تاکێکی گەندەڵ نین، بەڵکوو سیستەمێکە کە گەندەڵی بە دامەزراوەیی کردووە و کردوویەتی بە یاسا.

ئەم ئیفشاگەریانە، هەرچەند سنووردار و کۆنترۆڵکراویش بن، دەتوانن ببنە خاڵی دەستپێکی وشیاریی چینایەتی، ئەگەر بخرێنە نێو چوارچێوەی شیکارییەکی ڕزگاریخوازانەوە. ئەرکی هێزە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکانە کە ئەم ڕووداوانە لە ئاستی ئابڕووچوونە کاتییەکان بەرزتر بکەنەوە و پەیوەندیی ئەمانە لەگەڵ مەنتیقی گشتیی سەرمایەداری ئاشکرا بکەن.

بەرگری لە مافی مرۆیی قوربانیانی دۆسیەی ئێپستین، لە ڕێڕەوی ڕێکخستنی جەماوەری، هاوپشتی لەگەڵ قوربانیان و خستنە ژێر گوشاری دامەزراوە حکوومی و قەزاییەکانەوە تێدەپەڕێت. تا ئەو کاتەی هەلومەرجی مادیی بەرهەمهێنانی توندوتیژی لەنێو نەچووە، تەنها بە گوشاری بزووتنەوەی جەماوەری لە خوارەوە و لە ڕێگەی پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ قوربانیانی ئەم دۆسیەیە، دەتوانرێت ڕەچاوکردنی مافەکانیان بەسەر دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا بسەپێنرێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv