فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە سەربەخۆکان: بەرزبوونەوەی حەقدەست لە گرەوی خەباتی هەمەلایەنە دژی دەوڵەتی سەرمایەداریدایە
دوشەممە ۲۰-۱۱-۱۴۰۴   |  09-02-2026

ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، هاواری تووڕەیی و کاردانەوەیەک بوو بەرانبەر بە سیاسەتی ئابووری و بژێوی ڕژیم و کردەوەی سیاسیی دەسەڵاتێک کە هەلومەرجێکی سەخت و کارەساتباری بەسەر جەماوەری چەوساوەدا سەپاندووە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکان و جەللادانی حکوومەتەوە بە گولـلە، کوشتار و زیندان وەڵام درایەوە. کۆڵان و شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی وڵات، کرانە کوشتارگەی خەڵکی ڕەنجدیتوو و چەوساوە و هەزاران مرۆڤ بەتایبەت لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار و ڕۆژانی دواتردا، گیانیان لێ ئەستێندرا. هاوتەریب لەگەڵ ئەم کوشتارە بەرفراوانەدا، هەزاران کەسی دیکەش بریندار یان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کران.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینە گشتییە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ڕەزا پەهلەوی و لایەنگرانی سەڵتەنەت وەک داردەستی ئەوان، هەلپەرستانە دۆخەکەیان بۆ سواربوونی شەپۆلی ئاخێزی جەماوەر و تۆڵەسەندنەوە لە کۆماری ئیسلامی بە لەبار زانی و بە قسەی زل و فریوکارانە و شارلاتانیزمی ترامپ و ڕەزا پەهلەوی، کەشوهەوایەکی گونجاویان بۆ بەرژەوەندی دەستدرێژکارانە و ئیمپریالیستیی خۆیان ڕەخساند.

دۆخێکی وەها خوێناوی، وێڕای هەژاری و نەبوونی، نەبوونی ئاسایش و ئارامی، نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بێکاریی بەرین و بە کورتی نەبوونی «نان و ئازادی»، ژیانی کرێکاران، زەحمەتکێشانی زیاتر لە جاران بەرەو هەڵدێری تەباهی و نەمان بردووە و بارودۆخێکی سەخت و تاقەت‌پڕووکێنی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە.

ڕێک لەم هەلومەرجەدا، خاوەن سەرمایە و دەسەڵاتداران هەمان ئەوانەی خەڵکیان لەبەر داواکاری و ویستە ڕەواکان و داوای “نان و ئازادی” لە شەقامەکاندا خەڵتانی خوێن کرد لە بۆسەدان تا لەم کەشوهەوا ئەمنییە لێڵەدا، لە ڕێگەی دەستوپەیوەند و دامەزراوە دەستکردەکانی خۆیانەوە لە پشت دەرگا داخراوەکان کۆببنەوە و بەسەر سەری ملیۆنان کرێکارەوە، بڕیارە شوومەکانی خۆیان سەبارەت بە  لانیکەمی حەقدەست بسەپێنن.

بێگومان دەوڵەت، خاوەنکار و سەرمایەداران وەک ساڵانی ڕابردوو لە کۆبوونەوەکانی “شۆرای باڵای کار”دا، هەرگیز بڕیارێکی دروست لە بەرژەوەندیی کرێکاران نادەن؛ چونکە هەرچەندە کرێ نزمتر بێت، قازانجی سەرمایەداران زیاتر هەڵدەکشێت و بازنەی هەژاری لە ژیانی کرێکاراندا فراوانتر دەبێت. قەبارەی سفری کرێکاران پەیوەندییەکی پێچەوانەی لەگەڵ چاوچنۆکی و تەماحی سەرمایەداران هەیە. کرێیەک کە لەژێر هێڵی هەژاریدا بێت، زیاتر لە پێشوو بێ‌مافیی ڕەها، ماڵوێرانی و بەدبەختی بەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاراندا دەسەپێنێت.

دەبێ هەر لە ئێستاوە لە بەرانبەر ئەم قازانج‌پەرستە چەوسێنەرانە و پارێزەرانی سوێندخواردووی سەرمایەدا، بەرەنگاری بکەین و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار گرێ بدەینەوە بە خەبات بۆ زیادکردنی حەقدەست، مافی پێکهێنانی ڕێکخراو و خۆڕێکخستن، کەمکردنەوەی سەعاتی کار و دژایەتیکردنی کۆمپانیاکانی پەیمانکاری و دابینکردنی هێزی مرۆیی، گەڵاڵەی ڕیزبەندیی کارە سەخت و زیانبارەکان و درێژە بەم خەباتە بدەین و ئاستی داواکارییەکانمان بەرزتر بکەینەوە.

وریایی و ئاگایی لە دۆخی کار و ژیان، یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی ئێمە، زامنی بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکارە و گرنگترین هەنگاو دەبێت بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی و بەرهەمدار لە دۆخی ئێستادا. دەبێ بۆ داواکارییەکانمان یەکگرتووانە خەبات بکەین و مافی خۆمان لە گەرووی ئەم چەوسێنەرانە دەربێنین کە بە مژینی خوێن و ڕەنجی کرێکاران، سەروەتی ئەفسانەیی پێکدێنن.

ئەو حەقدەستە مانگانەیەی کە ئەم تاڵانچییانە، بەبێ پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرانی ڕاستەقینە و هەڵبژێردراوی کرێکاران بۆ ئێمەی دیاری دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسانی ڕەها و گرانیی لەڕادەبەدەری پێداویستییەکانی ژیان، تەنانەت تێچووی هەفتەیەکی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دابین ناکات. کرێی ئێمە دەبێ لەسەر بنەمای تێچووی ڕاستەقینەی ژیان و هاوتای تێچووی مامناوەندیی خانەوادەیەکی چوار کەسیی شارنشین بێت. کرێیەکی وەها دەبێ بتوانێت خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی کرێکاران و مووچەبگیران، لە خۆراک و جلوبەرگ و خانووی گونجاوەوە تا دەستڕاگەیشتنی تەواو بە خوێندن، تەندروستی، دەرمان و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات. لە دۆخی ئێستادا، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسانی پێکهاتەیی بەرین و دابەزینی هێزی کڕین، بەرزکردنەوەی ڕاستەقینەی حەقدەست و کرێەکان، پێویستییەکی بەپەلە و حەیاتییە.

ئەگەر پێشتر دەوترا کەمترین کرێ نابێ لە ٦٠ ملیۆن تمەن کەمتر بێت، لە دۆخی ئێستادا و بە ڕەچاوکردنی هەڵاوسانی بێسنوور، دابەزینی بەردەوامی توانای کڕین و گرانیی ڕۆژانەی کاڵا پێویستەکانی خەڵک، ئەم بڕە پارەیە چیتر وەڵامدەرەوەی کەمترینەکانی ژیانێکی ئاسایی و باویش نییە. ئەم ژمارەیە ئەمڕۆ دەبێ زیاتر لە ٦٠ ملیۆن تمەن بێت (بەپێی داتا ئامارییەکان و بە دانپێدانانی کەسایەتی و دامەزراوە حکوومییەکان، کەمترین کرێ دەبێ نزیکەی ٧٠ ملیۆن تمەن بێت).

ئێمە تەسلیمی ئەو کرێ سووکایەتی‌پێکەرانە و چەند قات لەژێر هێڵی هەژارییە نابین کە خاوەن سەرمایە و دەسەڵاتداران دەیانەوێت لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە لیژنەی “سێ‌قۆڵی”ی دەوڵەت، خاوەنکار و نوێنەرانی دەستکرد و فەرمایشیی کرێکاران بەسەرماندا بیسەپێنن.

ئێمەی کرێکاران کە بەرهەمهێنەری سەروەت و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگاین، بە هیوا بە داهاتوویەکی ڕزگار لە کۆیلایەتی، دیلی و ئیستبداد، و بە ئاواتی ژیانێکی شایستە و لێوانلێو لە خۆشگوزەرانی و ئازادی، خەبات دەکەین و بە پشت‌بەستن بە هێزی بەکۆمەڵی خۆمان، بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، یەکگرتووانە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین.

ئێمە هەروەها وێڕای شەرمەزارکردنی سەرکوت، دەستبەسەرکردن و کوشتاری ناڕازییان، خوازیاری ئازادیی بێ‌مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانین.

تەنیا ڕێگەی بەرگری لە مافی کرێکاران، خۆڕێکخستنی سەربەخۆ، هاوپشتیی چینایەتی و ڕێکخراوبوونی سەرتاسەرییە.

با یەک بگرین، ڕێکخراو بین و چارەنووسی خۆمان بگۆڕین!

١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت‌تەپە

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینکراوی خوزستان

گرووپی یەکێتیی خانەنشینان

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv