
باسی زیادکردنی هەقدەست و کرێ لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو ساڵێک لەم کاتانەدا و هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دێتە گۆڕێ. ئەمساڵیش باسی دیاریکردنی هەقدەستی ساڵی داهاتوو، لە کەشێکدا دەکرێت کە لێواولێوە لە تووڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتی دژی تاوانە دژە-مرۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەخوێنکێشانی ڕاپەڕینی مانگی بەفرانبار و لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی شەڕدا کە کەمتاکورت ئاشکرا کراون. ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندان، هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران “ئیسنا” ڕایگەیاند کە: “دەوڵەت لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ١٤٠٥دا، بەتەمایە مووچە و هەقدەستەکان لە ٢٣ تا ٤٢ لەسەد زیاد بکات”. بەم پێیە لانیکەمی مووچە و کرێ لە ساڵی داهاتوودا، لە ١٣ ملیۆنەوە بۆ ١٨ ملیۆن و ٦٥٩ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، وتەبێژی ستادی بودجە ڕایگەیاند کە: “لانیکەمی مووچە و هەقدەست لە ساڵی داهاتوودا ٤٣ لەسەد زیاد دەکرێت”. هەڵبەت ئەم بڕە لە زیادکردنەش لە کاتێکدا دەبێت کە لایەحەی پێشنیارکراوی دەوڵەت، هەم لە پەسەندکردنی ئاشکرای مەجلیس و هەم لە پەسەندکردنی شورای نیگەبانی یاسای بنەڕەتی تێپەڕێت و لەگەڵیدا موافقەت بکەن.
ئەو فێڵ و تەڵەکەیەی کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لە پێوەندی لەگەڵ دیاریکردنی کرێ و هەقدەستەکان و بە ئاراستەی هەرزانکردنی هێزی کار بەکاری دەهێنێت، پێکهێنانی کۆمیسیۆنی سێلایەنەیە کە لە نوێنەری خاوەنکار، نوێنەری دەوڵەت و “نوێنەری کرێکاران” پێکهاتووە. بێگومان ئەو کەسەش کە بەناو وەک نوێنەری کرێکاران لەم کۆمیسیۆنەدا دیاری دەکرێت، خۆی سەر بە ڕێژیمە و هاوشان لەگەڵ نوێنەری دەوڵەت، لە قازانج و بەرژەوەندیی خاوەنکاران و سەرمایەداران بەرگری دەکات نەک کرێکاران. بەڵام ئەمساڵ گرفتە بنەڕەتییەکە بۆ ڕێژیم، دۆخی شپرزەی ئابووریی کۆماری ئیسلامییە. ئەمساڵ دەوڵەتی پزیشکیان ڕووبەڕووی کەمبوونی توندی سەرچاوەی دراوی و دارایی و گەورەترین کورتهێنانی بودجە لە مێژووی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بووەتەوە. تیمی ئابووریی دەوڵەت ئەمساڵ بۆ دابینکردنی بەشێک لە کورتهێنانی بودجە، لە لایەکەوە زەریبە و باجەکانی زیاتر بەرز کردووەتەوە و لە لایەکی دیکەوە دراوی تەرجیحی (دۆلاری ٢٨ هەزار و پێنج سەد تمەنی) بۆ هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی لابردووە و، کاڵا ئەسڵییەکانی جێینیازی ڕۆژانەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بە دراوی “شیناوەر” و بە نرخی ڕۆژی دۆلار هاوردە دەکات و بە هەمان نرخیش دەیداتە خەڵک، کە ئەمەش بۆ خەڵکی هەژار و نەدار بە واتای لابردن و حەزفکردنی بەشێکی دیکە لە مادە سەرەکییەکانی خۆراکە.
لابردنی دراوی تەرجیحی، سەرباری فێڵ و تەڵەکەی تیمی ئابووریی دەوڵەتی پزیشکیان کە چەندین مانگ بوو زەمینەسازییان بۆ دەکرد، شۆکێکی گەورەی لە بازاڕ دا. هەنگاوی دەوڵەت بۆ پێدانی یارانەی مانگانەی یەک ملیۆن تمەن (کە بەرابەرە لەگەڵ ٧ دۆلار) بە بنەماڵەکان لە بەرانبەر ڕەهاکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکانی بازاڕ، تەنیا خۆڵکردنە چاوی کرێکاران و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگە بوو. نەبوونی سەقامگیریی نرخەکان لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلار، بە ڕاپەڕینی ناڕەزایەتیی جەماوەریی ئەم دواییە لە ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەر لە بازاڕی تاران وەڵام درایەوە. پەرەسەندن و فراوانبوونی خێرای ناڕەزایەتییەکان کە دەستبەجێ ڕەنگ و بۆی سیاسیی بەخۆیەوە گرت، سەدان شاری ئێرانی گرتەوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی خستە ترس و دڵەڕاوکێی مەرگ و نەمانەوە. پچڕاندنی ئینتەرنێت و کارەبای هاووڵاتییان بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو تاوانە سامناک و لەپێشدا داڕێژراوەی کوشتوبڕی هەزاران مرۆڤی ناڕازی بە هەڵاوسان و گرانی، هەژاری و برسیەتی لە ماوەی دوو ڕۆژدا، نەیتوانی پێش بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو تاوانانە بگرێت. بێگومان توندکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەورووپا دژی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لە هەمان کاتدا دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی کرێکاران و خەڵکی هەژارەوە و، ژیان و بژێوییان زیاتر لە جاران دەخاتە تەنگانە و مەترسییەوە.
لە هەلومەرجێکدا کە ئابووریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر لێواری هەڵدێر و داڕماندایە؛ ڕێژەی هەڵاوسانی خۆراک گەیشتووەتە سەرووی ٦٠ و ٧٠ لەسەد و لە دۆخێکدا کە دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن هیچ توانایەکی کڕینی بۆ خەڵکی نەدار نەهێشتووەتەوە و تێچووی سەبەتەی بژێویی خێزان گەیشتووەتە سەرووی ٦٠ ملیۆن تمەن، دیاریکردنی هەقدەستی ١٨ ملیۆن تمەنی هێشتا سێ هێندە لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەبێت. کەوایە هیچ ئاسۆیەک بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووریی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە سایەی ئەم ڕێژیمەدا بەدی ناکرێت و سروشتییە کە دۆخێکی وەها بۆ ئەوان هێندە تاقەتپڕووکێن بێت کە تەنانەت توندکردنەوەی سەرکوت و کوشتار و تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیش نەتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم ناڕەزایەتییەکانیاندا. ئەزموون دەریخستووە کە کۆماری ئیسلامی توانای وەڵامدانەوەی خواست و داخوازییەکانی جەماوەری خەڵکی نییە. سەرەڕای ئەوە، ئەوەی لەم ماوەیەدا ڕووی داوە لە لایەکەوە سەپاندنی گەمارۆی زیاتر و تەعرفەی بازرگانیی نێودەوڵەتی دژی کۆماری ئیسلامی بووە کە ڕوو لە زیادبوونە، و لە لایەکی دیکەوە دووپاتبوونەوەی سووڕی “ناڕەزایەتی” لە لایەن کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، و “سەرکوت” لە لایەن دەسەڵاتی تاوانکار و مایەپووچی کۆماری ئیسلامییەوە بووە. بەم واتایە ڕێژیم مانەوەی خۆی لە پەرەپێدانی سەرکوتکردنی هەر چەشنە جووڵەیەکی ئازادیخوازانە و مافخوازانەدا دەبینێتەوە و، بۆ کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگەش تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوون لە دەست ڕێژیمی هار و دڕندەی کۆماری ئیسلامی، درێژەدانە بە مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە ڕێکخراو و سەرانسەرییەکان و هەوڵدانە بۆ پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرانسەری بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستییەوە. پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و فاکتۆری ڕێکخراوبوون، شکڵدان بە ڕێبەریی سەرانسەری و هەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون، لە پێداویستییە حاشاهەڵنەگرەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامین.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە