
لە کاتێکدا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕەهەندگەلێکی تازە لە کوشتار و خەڵتانی خوێنکردنی ناڕازییان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا ئاشکرا دەبێت -ئەو ناڕازییانەی کە بۆ “نان و ئازادی” شەقامەکانیان کردبووە سەنگەری خەبات-، هەواڵی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکارانی ناڕازیی عەسەلوویە دەری دەخات کە ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ئەم ڕژیمە تاوانبارە بۆ ساتێکیش لە جووڵە ناوەستێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ناوچەکانی عەسەلوویە، کەنگان، دەیر، لامێرد و پارسیانەوە بڵاو کراونەتەوە، دەیان کرێکاری پڕۆژەکانی سەر بە دامەزراوەی “عومرانی ساحیل” (لە ژێرمەجموعەکانی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران)، دوای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەستبەسەر کراون و لە سۆلەکانی سەر بەم قەرارگایەدا ڕاگیراون. ئەم کرێکارانە کە زۆربەیان بە گرێبەستی کاتی، پەیمانی و بەبێ هیچ چەشنە ئەمنییەتێکی پیشەیی کار دەکەن، لە ناڕەزایەتی بە پێنەدانی مووچە و حەقدەستەکانیان، دۆخی سەخت و نامرۆڤانەی کارکردن و هەروەها نالەباربوونی دۆخی بژێوی، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کرێکارانی ناڕازی دوای ئەم کۆبوونەوەیە، لە حاڵی هەماهەنگی و ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی مانگرتنێکی بەرفراوان و سەرتاسەریدا بوون؛ مانگرتنێک کە ئامانجەکەی ملکەچکردنی خاوەنکار و ناوەندە بەرپرسەکان بوو بۆ وەڵامدانەوە بە داخوازییە سەرەتایی و ڕەواکانیان. بەڵام پێش ئەوەی ئەم مانگرتنە ڕێکخراوە شکڵ بگرێت، هێزە سەرکوتگەرەکانی سپای پاسداران بە توندوتیژییەوە هاتنە مەیدان و بە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران، ئەوانیان بۆ سۆلەکانی سەر بە قەرارگای خاتەمولئەنبیا گواستەوە. بەگوێرەی بەڵگەکان، ئەم سۆلانە لە کەمترین ئیمکاناتی ژیان بێبەرین و بنەماڵەکانیش لە مافی چاوپێکەوتن و ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئازیزانیان بێبەش کراون.
هۆکاری ڕاستەقینەی دەستبەسەرکردنی ئەم کرێکارانە، هەوڵدان بووە بۆ بەرگریکردن لە نان، کەرامەت و مافی ڕێکخراوبوون و مانگرتن. لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی ئابووری، هەڵاوسانی بێسنوور و پێنەدانی حەقدەستەکان ژیانی میلیۆنان کرێکاری گەیاندووەتە لێواری هەرەس و داڕمان، دەسەڵاتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی، ڕێگای سەرکوت و تۆڵەسەندنەوەی هەڵبژاردووە.
قەرارگای خاتەمولئەنبیا، وەک باڵی ئابووریی سپای پاسداران و یەکێک لە گەورەترین بنکە ئابووری-ئەمنییەتییەکانی وڵات، کە خۆی بەهۆی دەستێدابوونی ڕاستەوخۆ لە سەرکوت و گەندەڵیی سیستەماتیکدا لەژێر گەمارۆ و تەحریمدایە، ساڵانێکە لە هێزی کاری هەرزان، گرێبەستە پەیمانییەکان و نەبوونی مافە پیشەییەکانی کرێکاران قازانج دەبات. ئەمڕۆش هەر ئەم ناوەندە، بۆ داپۆشینی ناکارامەیی و دەرهاوێشتەی گەمارۆکان و بنبەستی پڕۆژەکانی کۆماری ئیسلامی، کرێکارانی ناڕازیی کردووەتە ئامانجی سەرکوتێکی وەحشیانە.
بەڵام ڕژیمی ئیسلامی سەرباری کوشتاری سامناکی ناڕازییان و درێژەدان بەم سەرکوتگەرییانە، نەیتوانیوە ترس بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات. بنەماڵەی ناڕازییە گیانبەختکردووەکان، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و یادکردنەوەی ئازیزانی خۆیان کردووەتە مەیدانی دادخوازی و تووڕەیی و ناڕەزایەتی دژی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە. خوێندکاران بە برپا کردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی خوێندکارانی گیانبەختکردوو، تاوانە دژە مرۆییەکان و دڕندەیی حکوومەتی ئیسلامییان مەحکووم کردووە و خوازیاری ئازادیی دەستبەسەرکراوانن و جەخت لەسەر درێژەدان بە خەبات دەکەنەوە. کرێکاران و خانەنشینان بەشێوەی بەردەوام درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەستبەسەرکردنی کرێکارانی ناڕازیی عەسەلوویە لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی شەڕدا، بە بەشێک لە شەڕی چینایەتیی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران دژی چینی کرێکار دەزانێت و ڕادەگەیەنێت کە: سەرکوت، دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی کرێکاران و ئەو دەرە خوێناوییەی کە لەنێوان خەڵک و کرێکارانی ناڕازی لەگەڵ پێکهاتەی سیاسی و چینایەتیی دەسەڵاتدا بوونی هەیە، نەک هەر ئەم ڕژیمە لە بنبەست ڕزگار ناکات، بەڵکوو تووڕەیی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر و بەرفراوانتر دەکاتەوە. ئەزموون دەریخستووە کە هیچ هێزێکی سەرکوتگەر توانای کپکردنی خەباتی وشیارانە و یەکگرتووانەی کرێکارانی نییە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم سەرکوتگەرییانە، لە ڕێکخراوە و ناوەندە کرێکارییەکان و بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری داوا دەکات بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێت پشتیوانی و هاوخەباتیی خۆیان لەگەڵ کرێکارانی دەستبەسەرکراوی عەسەلوویە و بنەماڵەکانیان ڕابگەیەنن و خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێمەرجی هاوچینەکانیان و دەستەبەربوونی داخوازییەکانیان بن.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤
٩ی فێوریەی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە