
زیاتر لە مانگێک بەسەر سەرکوتکردنی خوێناوی و بێوێنەی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباردا تێدەپەڕێت. ڕژیمی ئیسلامی هەزاران کەسی لەسەر شەقامەکان دایە بەر ڕێژنەی گولـلە و دەیان هەزار کەسی دەسبەسەر کردووە کە ئێستا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر توندترین ئەشکەنجەکاندان. خەڵک ماتەمبارن، بەڵام لە شۆکی سەرەتایی هاتوونەتە دەر. تەنانەت گەورەترین کوشتاری مێژووی هاوچەرخی ئێرانیش نەیتوانی ترس بخاتە دڵی جەماوەرەوە تا دەست لە خەبات دژی تاڵانکردنی سفرهکانیان و بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەڵگرن. شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان لە سەرتاسەری ئێراندا نەپچڕاوە و دەستبەسەرکراوان تەنانەت بەبێ بەڕێوەچوونی بێدادگا چەند خولەکییە ئیسلامییەکانیش، بە نهێنی تیرۆر دەکرێن. دەستبەسەرکردن و هەڕەشە لە پزیشکان و پەرستاران بە تاوانی چارەسەرکردنی ئەو بریندارانەی کە نەیانتوانیوە ڕوو لە ناوەندە دەرمانییەکان بکەن، هەروەها بەردەوامە.
ڕژیمی ئیسلامی لەناو قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی، لەناو گەندەڵیی سیستماتیک، مایەپووچبوونی بانکەکان، گەمارۆکان و مەترسیی جەنگدا نوقم بووە. ئەم قەیرانانە و لە هەمووان گرنگتر دژایەتیی چارەهەڵنەگری نێوان خەڵک و دەسەڵات، ئەوەندە بەرینن کە هەر هەنگاوێکی ڕژیم بۆ چارەسەر یان کەمکردنەوەی هەرکام لە قەیرانەکان، درز و کەلێنی دیکەی لێدەکەوێتەوە. بۆ ڕژیمی ئیسلامی پێشبینیکراو بوو کە دەستبردنی بۆ سفرەی دەیان ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێش، بەرەوڕووی بەرخۆدانی بەربڵاوی جەماوەر دەبێتەوە. دامودەزگا سەرکوتگەرەکان لە پێشترەوە بۆ کوشتاری خەڵک ئامادە کرابوون. ناوەندە ئەمنییەکان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ سەرکوتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەیان، پێشوەختە هۆکاری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکیان دەخستە ئەستۆی ئیسرائیل. ڕەزا پەهلەوی بۆ ڕفاندنی ڕاپەڕینێک کە ئامانجە دژە هەژارییەکەی لە دژی سیستەمی ئابووریی هەموو ئاڵتەرناتیڤە سەلتەنەتی و کۆمارییە لیبڕالەکانە، هاتە ناو مەیدانەکە و بانگەوازی دا تا لە یازدەهەمین و دوازدەهەمین ڕۆژی ڕاپەڕینەکەدا (پێنجشەممە و هەینی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار)، خەڵک بەشێوەی سەرتاسەری بێنە سەر شەقام، لەوێ بمێننەوە و ناوەندەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵ بکەن. لە تەکمیلی ئەم بانگەوازەدا، ترامپ-یش هەڕەشەی لە سەرانی ڕژیم کرد کە نابێ خەڵک سەرکوت بکەن و بەڵێنی بە خەڵک دا کە “یارمەتی بەڕێوەیە”. ترامپ و ڕەزا پەهلەوی کەوتنە هەمان داوەوە کە سپای پاسداران بۆی دانابوون. ئاڕاستەی بکوژانی ڕژیم بەرەو شەقامەکان کرایەوە و لەژێر ناوی درێژەی جەنگی دوازدە ڕۆژە و بەرەوڕووبوونەوەی بەکرێگیراوانی ئیسرائیل، هەزاران کەسیان کوشت. ئەگەرچی ڕەزا پەهلەوی، ترامپ، نەتانیاهوو و پۆمپێئۆ (کە بانگەشەی دەکرد بەکرێگیراوانی مۆساد لە خۆپیشاندانەکاندا چالاکن)، ڕۆڵێکی تێکدەرانەیان لە ڕاپەڕینی دژە هەژاریی خەڵکی ئێراندا گێڕا، بەڵام بەرپرسیارێتیی کوشتاری خەڵک لە مانگی بەفرانباردا، سەرلەبەری لە ئەستۆی ڕژیمی ئیسلامییە.
ڕژیمی ئیسلامی بەتەمایە درێژە بە ئازادکردنی نرخەکان و لابردنی یارانەکان بدات، کە ڕێگەچارەیەکی جیهانیی ئابووریی نیۆلیبڕالییە. سەرباری ئەوەش، بڕیاردەرانی ڕژیم وایان دەزانی کە بەم کوشتارە بەرینە -کە دەچێتە ڕیزی کوشتارەکانی دەیەی شەست- دوژمنی ناوخۆیی خۆیان پاشەکشە پێ دەکەن، تا لە کاتی بەڕێوەبردنی گرژییەکان یان شەڕ لەگەڵ ئەمریکا، چیتر نیگەرانی دوژمنە سەرەکییەکەیان لە ناوخۆدا نەبن. بە پێچەوانەی خەیاڵی خاوی دەسەڵاتداران، مرۆڤکوژییە بەربڵاوەکەی بەفرانبار، خەڵکی ئێرانی لە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیم پێداگرتر کردووە. خەڵکی ئێران نەترساون و خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە بە تووڕەیی و رقێکی زۆر زیاتر و بە هوشیارییەکی قووڵتر لەئاست پیلانی نگریسی دەزگا هەواڵگرییەکان دژی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، بەردەوامە.
مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن کۆڕ و کۆمەڵە خوێندکارییەکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ژنان، مامۆستایان و خانەنشینان و تەنانەت لەنێو زیندانەکانەوە و درێژەدان بە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە”، هاوخەمیی بەربڵاو لەگەڵ بنەماڵە جەرگ سووتاوەکان و بەهێزکردن و پەرەسەندنی بزووتنەوەی دادخوازی، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە گرتن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی زیندانیان، چارەسەرکردنی بریندارەکان لە دەرەوەی ناوەندە فەرمییەکان سەرەڕای هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی پزیشکان و پەرستاران، یارمەتیدانی ئەو بنەماڵانەی کە نانھێنەری خۆیان لەدەست داوە، بڕوانەکردن بە شانۆی دانپێدانانی زۆرەملێ، درێژەی لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بە ئاماری ئەو خەڵکەی لەلایەن بکوژانی ڕژیمەوە لە شەقامەکاندا گیانیان لێ سەندراوە، ئاشکراکردنی چیرۆکسازییەکان سەبارەت بە هۆکارەکانی کوشتاری خەڵک، چالاکی بۆ وەڵامدەرکردن و دادگاییکردنی هەموو فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێوێنەیەی بەفرانبار؛ ئەمانە کۆمەڵێک لەو چالاکی و هەنگاوانەن کە ڕۆژانە دژی کوشتارەکەی بەفرانبار لە ئارادان.
کوشتارەکانی دەیەی شەست بۆ سەقامگیرکردنی پایەکانی دەسەڵاتێکی نوێ بوو، بەڵام کوشتاری بەفرانبار بۆ درێژەدان بە ژیانی ڕژیمێکە کە سەرتاپای تاوان، گەندەڵی و دژەژنە و هەژارییەکی گشتیی بەسەر دەیان ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێشدا سەپاندووە. بەم مرۆڤکوژییە بەربڵاوە کە بەشێکی زۆریان خوێندکار بوون، خەڵکی ئێران تەسلیم نەبوون. کەڵەکەبوونی هەموو قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەکان، شۆڕش دژی ڕژیمی ئیسلامیی کردۆتە تاکە ڕێگا بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانانە. دەستبردنی بەربڵاوتر بۆ سفری بەتاڵی دەیان ملیۆن کرێکار بەڕێوەیە. تەنیا یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی کرێکاران و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاری، ژنان، مامۆستایان و خانەنشینان دەتوانێت بزووتنەوەی “نان و ئازادی” بەهێز بکات و ڕێگری لە تاڵانکردنی ژیانی کرێکاران بکات. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، هێزی پایدار و پێداگرە بۆ شکلدان بە جووڵەی بەربڵاوی بزووتنەوەی کرێکاری و هاوپەیمانەکانی لەپێناو شۆڕش و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.
ئازادیی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ – ١٣ی فێوریەی ٢٠٢٦
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە