
مانگرتنی ٢٩ی ڕێبەندان لە مەدرەسەکان، کە بەدوای بانگەوازی “شوورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان” و بەشێک لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکان هاتە ئاراوە، دەبێت لەسەر بەستێنی خەباتی کۆمەڵایەتیی ساڵانی ڕابردوو و لە چوارچێوەی قووڵبوونەوەی ناکۆکییە پێکهاتەییەکانی کۆمەڵگای ئێراندا شیبکرێتەوە. کاتێک مەدرەسەکان لە شارە جۆراوجۆرەکان کلاسەکانی دەرس و خوێندنیان تێدا بەڕێوە نەچوو، ئەمە تەنیا نیشانەی خەم و ماتەمین نەبوو؛ بەڵکوو دەربڕینێکی سیاسیی هوشیارانە بوو لە ناڕەزایەتییەکی کەڵەکەبوو و ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دۆخی مەوجوود. ئەم ساتانە دەبێت وەک بڕگەیەک لە ڕەوتێکی مێژوویی بەرینتر ببینرێت؛ ڕەوتێک کە تێیدا چین و توێژە چەوساوەکان، بەرەبەرە لە فۆرمە پەرتەوازەکانی ناڕەزایەتییەوە بەرەو یەکگرتوویی و خۆڕێکخستن هەنگاو دەنێن.
کۆمەڵکوژییە سامناکەکەی بەفرانبار، بەتایبەت گیانبەختکردنی خوێندکاران و مامۆستایان، نەک هەر برینێکی قووڵی لەسەر جەستەی کۆمەڵگە بەجێ هێشت، بەڵکوو درزی نێوان حاکمییەت و بنکە کۆمەڵایەتییەکەی ئاشکراترو قووڵتر کردەوە. لە هەلومەرجێکی وەهادا، مانگرتن لە مەدرەسەکاندا مانایەکی بانتر لە داخرانی پۆلەکانی هەبوو. ئەم هەنگاوە، جۆرێک بوو لە هێنانەدەری پەروەردە لەژێر چنگی ئایدۆلۆژیکی ڕژێم؛ بوارێک کە ساڵانێکە بووەتە ئامرازێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی موناسباتی دەسەڵات. کاتێک خوێندکاران و مامۆستایان، سەرباری گوشارە ئەمنییەکان، ئامادە نەبوون بچنە مەدرەسەکان، لە ڕاستیدا بەرەنگاری ئەو نەزمە سەپێنراوە بوونەوە و نیشانیان دا کە “سوژە کۆمەڵایەتییەکان” توانای ئەوەیان هەیە لە بارودۆخی ڕۆژمەڕەشدا، کردەوەی سیاسی بخوڵقێنن.
پەروەردە بەشێکە لە میکانیزمەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار و چەسپاندنی ئایدۆلۆژیای دەسەڵات. بەڵام، هەر ئەم گۆڕەپانە دەتوانێت ببێتە مەیدانی بەرخۆدان؛ ئەوکاتەی کە ناکۆکیی نێوان حەقیقەت و ڕەوایەتی فەرمی ئەوەندە بەرچاو دەبێت کە ئیتر توانای شاردنەوەی نامێنێت. مانگرتنی ٢٩ی ڕێبەندان دەبێت لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێت؛ ساتێک کە مامۆستایان، وەک بەشێک لە چینی کرێکاری بەرین و مووچەبگرانی فکری، ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ناسییەوە و لە پێگەی دامەزراوەیی خۆیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ کەڵکیان وەرگرت.
داخستنی مەدرەسەکان لە ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی بە تاوانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و وەک هاوپشتییەک لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان، جووڵەیەکی پیشەیی (سینفی) نەبوو، بەڵکوو مانگرتن و ناڕەزایەتییەکی سیاسی بوو دژ بە خودی ساختاری دەسەڵات. بەڵام ئەزموونی دەیەکانی ڕابردوو دەریخستووە کە “پەرشوبڵاوی لە خەبات”، یەکێک لە گرنگترین خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بووە. مامۆستایان بە جیا، ژنان لە شەقام، کرێکاران لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، پەرستاران لە نەخۆشخانەکان، خانەنشینان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، خوێندکاران لە زانکۆکان و بنەماڵە دادخوازەکان لەسەر گڵکۆی ئازیزانیان، هەر یەکە و خەباتیان کردووە، بەڵام پەیوەندییەکی ئۆرگانیک و بەردەوام لە نێوان ئەم هێزانەدا بە دەگمەن دروست بووە. هەر ئەم دابڕان و پچڕانە ڕێگەی داوە کە دەسەڵات بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە ئەمنییەکان، ئیمتیاز پێدانی سنووردار یان بە فەرسایشیکردنی ناڕەزایەتییەکان، هەر بەشێک بە جیا کۆنترۆڵ و سەرکوت بکات.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگا نیشانەکانی “ئیمکانی تێپەڕین” لەم پەرشوبڵاوییەی تێدایە. قەیرانی ئابووریی قووڵ، دابەزینی بەردەوامی توانای کڕین، بەتایبەتیکردنی بەرفراوان (خسووسیسازی)، بەکاڵاکردنی پەروەردە و دەرمان، و سنووردارکردنەوەی بەردەوامی داواکارییە مەدەنییەکان، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای خستووەتە بەردەم ئەزموونێکی هاوبەش لە نائەمنی و ناسەقامگیری. ئەم ئەزموونە هاوبەشە، زەمینەی عەینی بۆ پێکهاتنی خواستێکی هاوبەش و “هاوپشتیی چینایەتی” فەراهەم دەکات. یەکگرتوویی چینایەتی نە لەسەر بنەمای هاودڵی، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە مادییە هاوبەشەکان و تێگەیشتنی ئاگایانە لە ساختارەکانی چەوساندنەوە و دەسەڵات شکل دەگرێت. کاتێک مامۆستا، کرێکار، ژن، پەرستار و خوێندکار تێدەگەن کە ڕیشەی کێشەکانیان لە سازوکارێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی یەکگرتوودا شاراوەتەوە، ئیمکانی تێپەڕین لە هاودەردییەوە بۆ یەکگرتن و ڕێکخراوبوون فەراهەم دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، پێویستیی گرێدرانی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە و پێکهێنانی “ڕێبەرییەکی سەرانسەری” وەک شوورای هاوئاهەنگی، گرنگییەکی چارەنووسساز پەیدا دەکات. دامەزراوەیەکی لەم چەشنە دەتوانێت وەک ناوەندی هاوئاهەنگی، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بەرنامەڕێژی کار بکات. مەبەست لەم ڕێکخراوبوونە، دروستکردنی ساختارێکی بیرۆکراتیک و لە سەرەوە نییە؛ بەڵکوو پێکهێنانی تۆڕێکە لە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ کانوونەکانی خەباتدا هەیە.
ئەرکی سەرەکیی وەها دامەزراوەیەکی سەرانسەری، گۆڕینی داواکارییە پەرشوبڵاوەکانە بۆ بەرنامەیەکی هاوبەش و ڕادیکال. دەسەڵات بە پشتبەستن بە ئامرازە ئەمنییەکان، میدیایی و ئابوورییەکان هەوڵ دەدات هەر جووڵەیەکی ناڕەزایەتی سنووردار یان بێکاریگەر بکات. لە بەرانبەر وەها سازوکارێکدا، تەنیا هێزێک کە دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت، “هێزی ڕێکخراوی جەماوەری”یە. مانگرتنی سەرانسەری، وەک یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی خەباتی چینایەتی، کاتێک دەکرێت کە تۆڕێکی هەماهەنگ و جێی متمانە لە نێوان بەشە جیاوازەکاندا دروست بووبێت. ئەزموونی ٢٩ی ڕێبەندان نیشانی دا کە تەنانەت لە ژێر گوشاریشدا، ئیمکانی داخستنی عەمەلیی مەدرەسەکان لە ناوچە جیاجیاکاندا هەیە. ئەگەر ئەم پوتانسیەلە بۆ بەشە بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزارییەکانی تریش بگوازرێتەوە، توانای کاریگەریی بزووتنەوەکان چەند هێندە دەبێت. «ڕزگاریی چینی کرێکار تەنیا بە دەستی خودی چینی کرێکار مسۆگەر دەبێت.»؛ بەو مانایەی کە هیچ هێزێک لە دەرەوە ناتوانێت ڕزگاری بە کۆمەڵگا ببەخشێت. ئەم ڕزگارییە تەنیا لە ڕێگای ڕێکخراوبوونی ئاگایانە و بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە بڕیارداندا بەدەست دێت.
هاوکات لەگەڵ شیکردنەوەی مادی و ساختاریدا، نابێت لە ڕەهەندی ئینسانیی ئەم خەباتە غافل بین. هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکان، بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووان و خۆڕاگری دژ بە فەرامۆشی، بەشێکە لە خەبات بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ. نەزمی زاڵ هەوڵ دەدات بە ئاساییکردنەوەی توندوتیژی و نایەکسانی، هەستیاریی کۆمەڵایەتی لاواز بکات. هەر جارێک کە کۆمەڵگا بە مانگرتن یان کاردانەوەیەکی بەکۆمەڵ لە بەرانبەر ئەم ئاساییبوونەوەیە دەوەستێتەوە، لە ڕاستیدا بەرگری لە بەها مرۆییەکان دەکات. گرێدانی ئەم ڕەهەندە بە شیکردنەوەی چینایەتییەوە، قووڵایی و بەردەوامی بە بزووتنەوەکان دەبەخشێت.
مانگرتنی ٢٩ی ڕێبەندان دەبێت وەک هەنگاوێک لە خەبات بۆ یەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئازادی سەیر بکرێت. ئەم ڕووداوە سەلماندی کە تەنانەت لە فەزای پڕ لە کۆسپ و ئاستەنگدا، ئیمکانی کاری بەکۆمەڵ هەیە و ئیرادەی بەرخودان هێشتا زیندووە. ئێستا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم وزە کۆمەڵایەتییە دەتوانێت ببێتە ساختارێکی پایەدار و سەرانسەری یان نا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە گرەوی داهێنان، هاوپشتی و ڕێکخستنی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکاندایە.
پێکهاتنی ڕێبەرییەکی سەرانسەری لە ڕێگای پێکەوەگرێدانی دامەزراوەکان و هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کە پەیوەندیی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ کانوونەکانی خەبات هەیە، زەروورەتێکی مێژووییە؛ زەروورەتێک کە لە دڵی ئەزموونە تاڵەکانی سەرکوت و هەروەها لە ئومێدە تازەکانی هاوپشتییەوە سەری هەڵداوە. ئەگەر ئەم ناوەندە ڕێبەرییە دروست بێت و بتوانێت لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە زیندووەی لەگەڵ کانوونەکانی خەبات هەیەتی، بەرنامەیەکی ڕادیکال لە دەوری خواسته هاوبەشەکان دابڕێژێت، ئەوکات دەتوانێت خەباتە پەرشوبڵاوەکان بکاتە هێزێکی کاریگەر و بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز.
ساتی ئێستا، قۆناغێکی وەرچەرخانی مێژووییە. کۆمەڵگا لە حاڵی پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتدایە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لەم پڕۆسەیەدا بگێڕن. ئەوەی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر گرنگیی هەیە، تێپەڕینە لە ناڕەزایەتییە جیاوازەکانەوە بەرەو خۆڕێکخستنێکی سەرتاسەری و هۆشیارانە؛ تێپەڕینێک کە دەتوانێت ئاسۆی ڕزگاری لە هەر جۆرە دەسەڵات و چەوساندنەوەیەک، لە ئاسۆیەکی دوورەوە بکاتە ئیمکانێکی بەرجەستەتر و مێژوویی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە