فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان داکۆکیکاری لێبڕاوی دەسەڵاتی شورایی خەڵکی کوردستان و کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی
دوشەممە ۰۴-۱۲-۱۴۰۴   |  23-02-2026

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە بەرانبەر پڕۆژەی حیزب و هێزە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان بۆ دەسەڵاتداری لە قۆناغی گوزار و ئەو سیستەمە پەرلەمانییەی کە ئەم حیزب و هێزانە بانگەشەی بۆ دەکەن، سیستەمی شورایی بە باشترین و لەبەردەستترین ئامراز دەزانێت بۆ دەخاڵەتی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا وەک یاسادانەر و جێبەجێکەری یاسا لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا. شورای هاوکاری لەو بڕوایەدایە لە هەلومەرجێکدا کە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان و بەرفراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەیوەندییەکانی پەرەپێداوە و دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە هەموو بوارێکدا بۆ هەمووان فەراهەم کردووە، سیستەمی شورایی پرسی دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگادا، زیاتر لە جاران ئاسان کردووە و کردوویەتی بە ئیمکانێکی عەمەلی.

بەڕێوەبردنی شورایی کۆمەڵگا دەتوانێت پێش بە دامەزراندنی سیستەمێکی بیرۆکراتیک بگرێت کە جارێکی دیکە لە سەرووی خەڵکەوە بوەستێت و خەڵک بکاتەوە بە تەماشاچییەکی بێدەسەڵاتی گۆڕەپانی سیاسەت. ئەو خەڵکەی لە سیستەمی شوراییدا خۆیان ڕێکدەخەن، خۆیشیان هەم یاسادانەر و هەم جێبەجێکەری یاسا دەبن. لەم سیستەمە حکوومەتییەدا سەرجەم بەرپرسانی ئیداری، سیاسی و دادوەری لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەر کاتێک زۆرینەی دەنگدەران ئیرادە بکەن، لە هەر ساتێکدا دەتوانن متمانەیان لێ وەربگرنەوە و لایان ببەن.

دەسەڵاتی شورایی خاوەنی پێکهاتەیەکی هەرەمییە، کە لە شورای گەڕەکەکان، شورای شارەکان، شورای ناوچەکان و کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکان وەک باڵاترین ئۆرگانی دەسەڵاتی خەڵک لە کوردستان پێک دێت. کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکان هەم یاسادانەرە و هەم باڵاترین دامەزراوە دەوڵەتییەکان بۆ کاروباری جێبەجێکردن ڕێکدەخات و چاوەدێریی کارەکانیان دەکات.

لە دەسەڵاتی شوراییدا سیستەمی دادوەری بە تەواوەتی لە سیستەمی جێبەجێکردن سەربەخۆ دەبێت. دادوەران و سەرجەم بەرپرسانی دەزگای داد لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەر کاتێک زۆرینەی دەنگدەران ئیرادە بکەن، دەتوانن لایان ببەن. سەرجەم دادگا تایبەتییەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و هەموو دادگایی‌کردنەکان بە ئاشکرا و بە ئامادەبوونی دەستەی دادپەروەران بەڕێوە دەچن.

لە حکوومەتی شورایی خەڵکی کوردستاندا، حیزبە سیاسییەکان تەنیا لە ڕێگەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شوراکان لە ئاستە جیاوازەکاندا دەتوانن لە ئۆرگانەکانی بەڕێوەبردن و ئیدارەی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بن.

لەژێر دەسەڵاتی شورایی خەڵک لە کوردستاندا، ئەرتەش، سپای پاسداران و سەرجەم دامودەزگا هەواڵگری، ئەمنییەتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدەوەشێنرێنەوە و ڕێکخراوێکی چەکداریی جەماوەری لەژێر فەرمانی کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکاندا پێک دەهێنرێت. ئەم ڕێکخراوە چەکدارە جەماوەرییە لە کوردستان لەژێر فەرماندەیی کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکان، ئەرکی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر پەلاماری دەوڵەتی ناوەندی یان هەر هێزێکی دیکەی لە ئەستۆ دەبێت. ئەم هێزە مافی هیچ چەشنە دەخاڵەتێکی لە کاروباری ناوخۆیی کوردستاندا نابێت.

نەزم و ئاسایشی ناوخۆیی کوردستان لەلایەن هێزێکەوە دابین دەکرێت کە لەلایەن باڵاترین دامەزراوەی دەوڵەتیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکانەوە ڕێکدەخرێت و کۆنگرە چاوەدێریی بەسەر کارکردنییەوە دەبێت.

دەسەڵاتی شورایی خەڵک لە کوردستان کۆتایی بە ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان دەهێنێت.

  • بە سەرنجدان بەوەی کە ستەمی نەتەوەیی چ لە سەردەمی ڕژێمە پاشایەتییەکان و چ لە سەردەمی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا بە دڕندانەترین شێوازەکانی سەرکوت دژی خەڵکی کوردستان پیادە کراوە، بۆیە لە کوردستانی ئازادکراودا هەموو یاسا و دامەزراوەکان کە هێما یان پارێزەری ستەمی نەتەوەیین هەڵدەوەشێنرێنەوە و بنبڕ دەکرێن و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە مانای ئازادیی جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بە ڕەسمی دەناسرێت. حکوومەتی شورایی وێڕای پێداگری لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنووسیی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری ئێران، هەموو مەرج و پێداویستییەکانی ڕێفراندۆمێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ کەڵکوەرگرتنی وشیارانەی خەڵکی کوردستان لەم مافە دابین و مسۆگەر دەکات.
  • ئەگەر هاتوو بە دابینکردنی کردەیی و ڕاستەقینەی مەرج و پێداویستییەکانی سەرەوە، خەڵکی کوردستان ئازادانە بڕیاریان دا کە لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا بمێننەوە، لەو حاڵەتەدا مافی یەکسانی خەڵکی کوردستان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئیداریی کۆمەڵگا دابین و زەمانەت دەکرێت.
  • لە حکوومەتی شورایی کوردستاندا سەرجەم دانیشتووانی ئەم ناوچانە بەدەر لە نەتەوە، ڕەگەز و ئایین، لە هەموو ئاستەکاندا، لە سیستەمی سیاسی و یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی کوردستاندا بەشدارییان دەبێت و بەبێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک لە مافی یەکسان لەگەڵ هەموو دانیشتووانی کوردستان بەهرەمەند دەبن.
  • ئێمە هەروەها ڕادەگەیەنین کە گەڵاڵەی فیدڕاڵیزم بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، نەک تەنیا یارمەتی بە نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان ناکات، بەڵکو دەیکات بە دامەزراوەیی و پەرە بە دووبەرەکی و پارچەپارچەبوون دەدات.
  • دەسەڵاتی شورایی خەڵک لە کوردستان هەر چەشنە بەندوبەستێکی دەوڵەتی ناوەندی لەگەڵ هێزە خۆجێییەکان سەبارەت بە دیاریکردنی ئارایش و نەخشەی سیاسیی کوردستان بە نایاسایی و بێ‌شەرعییەت دەزانێت. یەکلاکردنەوەی هەر گەڵاڵەیەک سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردستان و شێوەکانی پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دەنگی گشتیی خەڵکی کوردستانەوە دەبێت.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان هەوڵ دەدات هەموو خواستەکان، ماف و ئازادییەکانی خەڵک -کە نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی تەنیا یەکێکە لەوان- ببنە بنەمایەک بۆ داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی دەسەڵاتی شورایی خەڵک لە کوردستان.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای داخوازیی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی خەڵکی کوردستان لە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران، بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکوومەتی شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان تێدەکۆشێت کە تێیدا سەرجەم سەروەت و سامانە سروشتییەکان لە خزمەت خۆشگوزەرانیی گشتیدا بن. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان مەرجی پێشڕەوی و زەمانەتی سەرکەوتنی خۆی لە یەکێتی و هاوخەباتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری ئێراندا دەبینێتەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv