
ڕەزا پەهلەوی ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ڕەشەمە، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە پلاتفۆرمی “ئێکس” و لە کاردانەوە بە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی “هاوپەیمانیی پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی ئێران”، ئەوانی بە چەند گرووپێکی “جوداخواز” (تەجزیەتەڵەب) ناو برد کە گوایە “ئیدیعای خەیاڵی و بێبنەمایان سەبارەت بە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران” کردووە. ناوبراو لەم نووسراوەیەدا وێڕای پێداگری لەسەر “پاراستن و بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی ئێران وەک ئەسڵێکی نەگۆڕ و وتووێژهەڵنەگر”، ڕایگەیاندووە کە: ” یەکپارچەیی خاکی ئێران هێڵی سووری نەتەوەی گەورە و یەکگرتووی ئێمەیە. هەر تاک یان گرووپێک کە ئەم هێڵە سوورە ببەزێنێت، یان هاوکاریی ئەو کەسانە بکات کە دەیبەزێنن، لەگەڵ وەڵامی توندی نەتەوەی وشیاری ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە.”
ئەم دەنگەی هەنگاوەکانی فاشیزمی “پەهلەوی سێیەم”، هی تاکێکی خۆبەزلزان و بێبەری لە پڕەنسیپە ئەخلاقییەکانە کە دەیەوێت بە کۆمەکی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لە ژێر سێبەری شەڕ و کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرووی ئیرادەی خەڵکەوە، لەسەر کورسیی دەسەڵات دانیشێت و دوای سەرکوتکردنی خوێناوییی ڕاپەڕینی جەماوەر، خەونە قەدەغەکراوەکانی خۆی بکاتە ڕاستی. ڕەزا پەهلەوی ئەگەرچی لە نامیلکەی “دۆخی نائاسایی”دا ڕایگەیاندووە کە سەرانی هەر سێ دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن و یاسادانان و ئەندامانی “دامەزراوەی ڕاپەڕینی نەتەوەیی” و تەنانەت ئەو دامەزراوەیەی کە بڕیارە ڕێفراندۆمی قۆناغی گواستنەوە ڕێک بخات، خۆی دیارییان دەکات و ئیدارەی ئەمنییەتیی نوێ (یان هەمان ساواکی کۆن) تەنیا وەڵامدەرەوەی خۆی دەبێت؛ بەڵام لە کاتێکدا هێشتا هیچکام لەم هەنگاوە سەرەتاییانەی هەڵنەگرتووە و ئەرتەش و سوپاشی وەرنەگرتووەتەوە، هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکات. ئەگەر خومەینی دوای گەڕانەوە بۆ ئێران و وەرگرتنی ئەرتەش و ساواک و ڕێکخستنی سپای پاسدارانی دژە-شۆڕش، فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد، ئەوا ڕەزا پەهلەوی هێشتا بۆمبەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا نەباریون، لە لۆسئانجلسەوە و بە ناوی “نەتەوەی ئێران”ـەوە ئەم هەڕەشانەی دەست پێ کردووە.
پێداگریی ڕەزا پەهلەوی لەسەر “پاراستن و بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی ئێران وەک ئەسڵێکی نەگۆڕ”، ناوی نهێنی و ڕەمزی دژایەتیکردنە لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستانی ئێران و کۆدی دژایەتیکردنە لەگەڵ هەر چەشنە خەباتێک بۆ لابردنی ستەمی نەتەوەیی لەژێر ناوی دژایەتی لەگەڵ “تەجزیەتەڵەبی”دا. ڕەزا پەهلەوی تا ئێستا چەندین جار لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی ناسیۆنالیزمی مەزنخوازی ئێرانییەوە نەک هەر لەسەر “پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران” پێداگریی کردووە، بەڵکوو تاکە ئەرکی ئەرتەشی بە “بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی وڵات” پێناسە کردووە. میراتگری بنەماڵەی گەندەڵی پەهلەوی، هێشتا هیچ نەبووە، گۆپاڵی ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی بەسەر سەری خەڵکی کوردستان و هەر نەتەوەیەکدا ڕاگرتووە کە لەوانەیە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاددا مەبەستی جیابوونەوەی لە ئێران هەبێت. لە حاڵێکدا کە پاراستنی یەکێتی و هاوپشتیی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران تەنیا لە ڕێگای بەفەرمی ناسینی مافی یەکسانی ئەوان لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری، بەفەرمی ناسینی ئازادییە سیاسییە بێمەرجەکان و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نادادپەروەرییەکان تێدەپەڕێت، ڕەزا پەهلەوی لە بەرانبەر داخوازییەکان و خەباتی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، درێژە بە هەمان ڕێگای ڕژێمی دیکتاتۆریی سەلتەنەتیی پەهلەوی و حکوومەتی ئیسلامی دەدات. ڕەزا پەهلەوی ئەگەر لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بە سازکردنی کۆڕبەندی جۆرجتاون و دواتر بە بڵاوکردنەوەی “مەنشووری مەهسا” لە پشتەوە خەنجەری لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا دا، ئێستا بە چەکی سواو و ژەنگاوی “دژایەتی لەگەڵ تەجزیەتەڵەبی” و بە چاندنی تۆوی دوژمنایەتی، دەیهەوێت لە نێوان بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سەرانسەریی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، تەفرەقە و دووبەرەکی بنێتەوە.
ئێمە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە، وێڕای مەحکوومکردنی هەڵوێستی کۆنەپەرستانە و دژە-شۆڕشی ڕەزا پەهلەوی کە ڕیشەی لە بەرژەوەندییەکانی شۆڤێنیزم و ناسیۆنالیزمی پاوانخوازی ئێرانیدایە، و وێڕای بەرگریی لێبڕاوانە لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان تا ڕادەی جیابوونەوە، بانگەوازی سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران لەپێناو ڕووخاندنی ڕژێمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی و پاراستنی وشیاری لە بەرانبەر تەفرەقەنانەوەی فاشیستە سەلتەنەتخوازەکان و ڕەزا پەهلەویدا.
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
شۆرای هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان
تەشکیلاتی کوردستانی یەکێتیی سۆسیالیستیی کرێکاری
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤
٢٦ی فێبریەی ٢٠٢٦