
پلێنۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٩، بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە وەک چاودێر بانگهێشتی ئەم کۆبوونەوەیە کرابوون، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ٢١ی فێوریەی ٢٠٢٦، بەڕێوەچوو.
پلێنۆم بە سروودی “ئەنتەرناسیۆنال”، سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم، بەتایبەت ڕێزگرتن لە یادی هەزاران کەس لە ناڕازییانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ کە لەلایەن ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامییەوە کۆمەڵکوژ کران، کارەکانی خۆی دەستپێکرد.
یەکەمین دەستووری جەلسەی پلێنۆم، ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بۆ پلێنۆم و ناساندنی ڕەشنووسی بەیاننامەیەک بوو کە تێیدا بە وردی شیکردنەوە بۆ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران و کوردستان، قەیرانەکان و ڕەوتی لاوازبوونی زیاتری پێگەی کۆماری ئیسلامی، ڕاپەڕینی سەرتاسەریی بەفرانبار و ڕیزبەندیی هێزە سیاسییەکان کرابوو. وە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم بابەتانە تیشکی خستبووە سەر ئەرک و ڕێکارەکانی کۆمەڵە لەم هەلومەرجەی کوردستاندا. بەدوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سیاسی، هاوڕێیانی بەشدار لە پلێنۆم تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان بەمەبەستی وردکردنەوە و تەواوکردنی ڕاپۆرتەکە خستەڕوو و کلیاتی بەیاننامەکە بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا. پلێنۆم ئەرکی سپاردە کۆمیتەی ڕێبەریی هەڵبژێردراوی خۆی کە دوای جێگیرکردنی ئیسلاحات و گۆڕانکارییە پێویستەکان، دەقی کۆتایی بەیاننامەکە ئامادە و بڵاو بکاتەوە.
لە ڕاپۆرتی سیاسیدا بە کورتی ئاوڕ لە گرنگترین ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دەورەیە لە جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درایەوە کە گۆڕانکارییەکانی کوردستانی سووریا “ڕۆژئاوا” لە چەقی ئەو باسەدا بوو. لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە بە جێگیربوونی پێگەی حکوومەتی “ئەحمەد ئەلشەرع” کە دەوڵەتێکی هاوئاراستە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە هەمان کاتدا لەژێر نفوز و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیادایە، گوشارەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بەمەبەستی بەرەو شکست بردنی ئەو ئەزموونە، توندتر بووەتەوە.
لەو ڕەوتەدا و بەپێی دوایین ڕێککەوتننامە کە لە ٣٠ی ژانویە لەنێوان ئەحمەد ئەلشەرع و مەزلووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دێموکرات ئیمزا کراوە، بەشێکی زۆر لە هێزە پڕۆفیشناڵەکانی سووریای دێموکرات بە کردەوە لەنێو پێکهاتەی نوێی ئەرتەشی سووریادا تێکەڵ دەکرێن و دەخرێنە ژێر فەرماندەیی و ئیختیاراتی وەزارەتی بەرگریی سووریاوە. ناوەندە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لەنێو دامەزراوە حکوومییەکانی سووریادا دەتوێنرێنەوە. فڕۆکەخانەی قامیشلو و دوو دەروازەی سەرەکیی “سێمالکا” لەگەڵ هەرێمی کوردستان و “نەسێبین” لەگەڵ تورکیا و هەروەها کێڵگە نەوتییەکان لە ڕمێلان و ئەلسوێدیە ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەکرێنەوە. جێبەجێکردنی ئەم “ڕێککەوتننامەیە” بەتایبەت جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیوەست بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دێموکرات لە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگریی سووریا و ناچارکردنی ئەنجومەن، ڕێکخراو و ناوەندەکانی خۆبەڕێوەبەریی جەماوەری بە وەرگرتنی مۆڵەتی حکوومی، بە کردەوە بە واتای چەککردنی ڕۆژئاوا و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا و شکستپێهێنانی ئەو ئەزموونەیە.
هەڵبەت لەم ڕێککەوتننامەیەدا هاتووە کە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر لە شوێن و پێگەی خۆیان دەمێننەوە و هێزەکانی سووریای دێموکرات ئەم بەندە وەک زەمانەتێک بۆ پێشگرتن لە هەڵوەشانەوەی ئیداری و کۆمەڵایەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لێک دەدەنەوە. هەروەها بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە جەخت لەسەر پاراستنی مافی خوێندن بە زمانی کوردی و داننان بە مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان بۆ کوردەکان کراوەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم ڕێککەوتنانە نیشانی دەدەن کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لە پێکهاتەیەکی سیاسیی نیمچە سەربەخۆوە بۆ دامەزراوەیەکی ئیداری لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندیی سووریادا پاشەکشەی کردووە. بەڵام ئەوەی ڕوونە، ئیختیارات و کۆڵەکەکانی سەرەکیی دەسەڵات وەک سەرچاوە ئابوورییەکان، ئەرتەش و هێزە چەکدارەکان و پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لە دەستی دەوڵەتی ناوەندیدایە؛ دەوڵەتێک کە ماهییەتێکی سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەی هەیە و هەر ئەم ڕاستییە دەستکەوتە سنووردارەکانی ئەم ڕێککەوتنانە تووشی ناسەقامگیری دەکات و دەیانخاتە بەردەم مەترسیی لەدەستچوون.
کۆمەڵە لەسەر ئەو باوەڕەیە لە هەلومەرجی ئێستادا کە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا کەوتووەتە ژێر گوشاری هەماهەنگی دەوڵەتانی سووریا، تورکیا و ئەمریکاوە، تەنیا بەشداریی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانی سووریا لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگە و بەدامەزراوەییکردنی دەستکەوتە دێموکراتیکەکانی تا ئێستا، پێداگری لەسەر مانەوەی چەک لە دەستی جەماوەری خەڵک بۆ بەرگری لەم دەستکەوتانە و هەوڵدان بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەب لە سەرتاسەری سووریا، دەتوانێت هێزی هاوپشتی بەهێز بکات و ئاسۆیەکی ئومێدبەخش بۆ تێپەڕبوون لەم قۆناغە بخاتە بەردەم کۆمەڵگە. لەم هەلومەرجەدا، پێداگری لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە جەخت لە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هەروەها مافی ژن لە ژینگەی بنەماڵە، یەکسانیی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزییەکان لە بەردەم یاسا، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کاروباری ئیدارە و بەڕێوەبردنی شار و گوندەکان و ئازادییە سیاسییەکان و ڕەچاوکردنیان لە کردەوەدا دەکەنەوە، دەتوانن بۆ ڕاکێشانی هاوپشتیی مرۆڤە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان لە سەرتاسەری سووریا لەگەڵ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان یارمەتیدەر بن.
کۆمەڵە وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی سەربازی و گوشارەکانی دەوڵەتانی سووریا و تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و جینایەتەکانیان دژی خەڵکی کوردستان و درێژەی گەمارۆی کۆبانی، لێبڕاوانە پشتیوانی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی سووریا لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا دەکات. ئەزموونی ڕۆژئاوا جارێکی دیکە دەریخست کە نە ئەمریکا و نە هیچ دەسەڵاتێکی ئیمپریالیستی پشتیوانی ئازادی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵک نین و تەنیا لە ڕێگای پشتبەستنی ئاگایانە بە هێزی یەکگرتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوەوە دەتوانرێت ماشێنی شەڕ و داگیرکاریی زلهێزە کۆنەپەرستەکانی سەرمایەداری پاشەکشە پێ بکرێت و ئاسۆی ڕزگاری لەبەردەم کۆمەڵگەدا بکرێتەوە. لەم هەلومەرجەدا ڕاکێشانی پشتیوانی و هاوپشتیی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان لە ئاستی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەت خەڵکی کوردستان لە تورکیا، عێراق و ئێران بۆ لای ڕۆژئاوا، دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی سووریا بگۆڕێت.
دەستووری جەلسەی دواتری پلێنۆم، ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی ئۆرگانەکانی کۆمەڵە بوو کە لەلایەن بەرپرسانی ئۆرگانەکانەوە بە شێوەی نووسراوە یان زارەکی پێشکەش کرا. هاوڕێیانی بەشدار لەم باسەشدا ئاماژەیان بە لاوازی و کەموکوڕییەکان کرد و ڕەخنەیان لێ گرتن و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ باشترکردنی چالاکیی ئۆرگانەکان خستەڕوو.
دەستووری جەلسەی کۆتاییی پلێنۆمی دووەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، ئارایش و دابەشکردنی کاری هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی لە ئۆرگانە تەشکیلاتییەکاندا بوو. پلێنۆم بەمەبەستی ڕێبەرایەتیکردنی چالاکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵە لە مەودای نێوان دوو پلێنۆمدا، لە نێوان ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەدا، هاوڕێیان: ڕەئووف پەرەستار، ڕەحیم عەزیزپوور، محەممەد کەمالی، حەسەن شەمسی، سەلاح مازووجی و جەلال محەممەد نژاد ـی وەک ئەندامانی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە هەڵبژارد و بە هەڵبژاردنی هاوڕێ حەسەن شەمسی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٤
٢٤ی فێوریەی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە