
عەلی خامنەیی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، بەرانبەر بە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦، لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکی شەڕێکدا کە خۆی یەکێک لە هەڵگیرسێنەرانی بوو، کوژرا. کوژرانی ناوبراو لە قەیراناویترین قۆناغی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی ئاڵوگۆڕەکانی نێو ئەم ڕژیمە تاوانبارە و ئەو پێکهاتەیەی کە لەسەر سیستەمی ویلایەتی فەقیهـ دامەزراوە و هەروەها دەرخەری ڕەوتی لاوازبوونی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
هەرچەند خامنەیی لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بۆمبارانی دەوڵەتانی فاشیستی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا، بەڵام چۆنیەتیی ڕوودانی ئەمەش نەبووە ڕێگر لەوەی شادیی ئاشکرا و پەنگخواردووی زۆرینەی مەزنی خەڵکی ئێران سەر هەڵنەدات. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی مەرگی ناوبراوەوە ٤٠ ڕۆژ ماتەمینیی گشتیی ڕاگەیاندووە، بەڵام خەڵکی جەرگسووتاوی ئێران کە ئەزموونی کوشتاری سامناکی ناڕازییانی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا هەیە، بۆ بیستنی هەواڵی مەرگی ساتژمێرییان دەکرد. کەم کەس هەن کە مەرگیان بەم چەشنە فرمێسکی شادی لە چاوی خەڵک بێنێ؛ تەنانەت ئەو چاوانەش کە بە فەرمانی وی بیناییان لە دەست دابوو، لەم ڕۆژەدا فرمێسکی شادییان ڕشت. ئەم شەپۆلی شادییە بەخاتری مەرگی جەللاد، جارێکی دیکە نیشانی دا کە دەرەیەکی پڕ لە خوێن لە نێوان حکوومەتی ئیسلامی و خەڵکدایە.
ناو و ڕوخساری خامنەیی تا بەر لە ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ١٣٩٨، لە بیرەوەریی خەڵکی ئێراندا وەبیرهێنەرەوەی تاوانی هاوینی ساڵی ٦٧ بوو. لەو سەردەمەدا خومەینی بە ڕاوێژ و هاودەستی لەگەڵ عەلی خامنەیی و ڕەفسەنجانی، بە ئامانجی چاوترسێنکردنی خەڵکێک کە لە شەڕ و نەهامەتیی ئابووری وەزاڵە هاتبوون، دەستیان دایە تاوانێکی دژەمرۆیی. لەو ڕۆژانەدا بە بڕیاری ئەوان، هەزاران زیندانی بە گرایشە جۆراوجۆرە سیاسییەکانەوە سپێردرانە جوخەی مەرگ و لە گۆڕە بەکۆمەڵە و بێناونیشانەکاندا نێژران. بەڵام خامنەیی فەرمانی کوشتاری زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە ڕەوتی خەزەڵوەر و کوشتاری زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە شۆڕشی ژیناشی لە کارنامەدایە. خامنەیی وەک ڕێبەری ئایدیۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامی، لە سەقامگیرکردنی پایەکانی ڕژیمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی، لە وەگەڕخستنی جنوونی مەزهەبی و پیرۆزکردنی تەباهی، لە دژایەتی کردنی ژن و سووکایەتی و پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی ژنان، لە برەودان بە جەهل و خوڕافە، لە زەوتکردنی سەرەتاییترین مافە سیاسی، تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک، لە هەڵگیرساندنی شەڕە نیابەتییەکان بۆ شەکاندنەوەی ئاڵای ئیسلام و لە هێرشی بەردەوام بۆ سەر ژیان و بژێویی کرێکاران و هەرزانکردنی هێزی کاردا، لە هیچ هەوڵێک درێخی نەکرد. هەر بۆیە خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی ئێران، بەتایبەت بنەماڵەی گیانبەختکردوان و بزووتنەوەی دادخوازی، بێسەبرانە خوازیاری ئەوە بوون کە خامنەیی بە دەستی ڕاپەڕینی جەماوەر بێتە خوارەوە و لە دادگایەکی ئاشکرادا و لە بەردەم جەماوەردا بە تاوانی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی دادگایی بکرێت و بە سزای کردەوەکانی بگات.
بەڵام خامنەیی لە ئاسمانەوە نەهاتبوو. ئەو یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی دژە شۆڕشی ئیسلامی سیاسی بوو کە لە مەکتەبی خومەینیدا پەروەردە بوو و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧دا ئەمریکا و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی دیکە بۆ ڕزگارکردنی سیستەمی سەرمایەداریی ئێران هێنایانە پێشەوە. لە ڕەوتی شۆڕشی ٥٧دا کاتێک کرێکارانی پیشەسازیی نەوت هەناردەکردنی نەوتیان ڕاگرت و بە خواستە سیاسی و چینایەتییەکانی خۆیانەوە هاتنە مەیدان، کاتێک دەرکەوت دژە شۆڕشی ڕژیمی سەلتەنەتی ناتوانێت بە ڕشتنی خوێن لە شەقامی ژاڵەکان ڕاپەڕینی جەماوەر سەرکوت بکات، لەو ڕۆژانەدا ئەمریکا و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی دیکە بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری لە مەترسیی شۆڕش، لە کۆنفرانسی “گوادلوپ” کۆبوونەوە تا بە ڕادەستکردنی ئەرتەش و دەزگای سەرکوتی حازر و ئامادەی ڕژیمی پەهلەوی بە ڕەوتی ئیسلامی، ئەرکی سەرکوت و بەخوێنکێشانی شۆڕشی پێ بسپێرن. عەلی خامنەیی بەرهەمی ئەو ڕەوتانە بوو.
شووڕای سێ کەسیی جێگرەوەی کاتیی خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران، بە ڕاگەیاندنی ٤٠ ڕۆژ ماتەمینیی گشتی و بە هەڕەشە و تۆقاندن، دەیانەوێت مەرگی خامنەیی و هاوڕێکانیشی بکەنە دەرفەتێک بۆ یەکخستنەوە و ئینسجامدان بە ڕیزە تێکچووەکانی حکوومەتی ئیسلامی لەم دۆخە جەنگییەدا. لەگەڵ مەرگی خامنەیی، بەشگەلێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران کە ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای هێرشەکانی ئەمریکا و ئاڵوگۆڕ لە سەرەوە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ستراتیژییەکەیان پێک دەهێنێت، کوژرانی خامنەیی وەک ڕووداوێکی گرنگ لە چوارچێوەی ستراتیژیی سیاسیی خۆیان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرووی خەڵکەوە دەبینن.
بەڵام کرێکارانی ئاگا و کۆمۆنیست دەزانن کە بە کوژرانی خامنەیی کۆماری ئیسلامی ناڕووخێت و ماشێنی کوشتارەکەی ناوەستێت. حکوومەتی ئیسلامی پشت بە حیزبێکی پادگانی وەک سپای پاسداران دەبەستێت کە ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. سپای پاسداران کە لەسەر پێکهاتەیەکی هەرەمی و یاسا توندە سەربازییەکان دامەزراوە، قەیرانەکانی نێو ڕژیم بەڕێوە دەبات و بۆ مۆرە لەدەستچووەکان جێگرەوە دیاری دەکات. کرێکارانی وشیار دەزانن کە شووشەی عومری حکوومەتی ئیسلامی لە دەستی چینی کرێکار دایە. هەر وەک چۆن کرێکارانی نەوت لە ڕەوتی شۆڕشی ٥٧دا بە گرتنەوەی شێرەی نەوت زەمینەی ڕووخانی ڕژیمی ئیستبدادیی سەلتەنەتییان خۆش کرد، لە هەلومەرجی ئێستاشدا تەنیا بە مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە پیشەسازی و سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان وەک پیشەسازییەکانی نەوت، گاز و پەترۆشیمی، پیشەسازیی پۆڵا، ماشێنسازییەکان، زەوبئاهەن، گواستنەوە، پیشەسازیی کارەبا، کانەکان، ڕێگا و بان و… و بە فەرمانی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە سزای سێدارە، دەتوانرێت قوڕگی حکوومەتی ئیسلامی بگیرێت و ماشێنی سەرکوتەکەی لە کار بخرێت.
کرێکارانی کۆمۆنیست دەزانن کە ڕێگایەکی کورت و لابڕ بوونی نییە. مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان دەتوانێت هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕازییە پێشڕەوەکانی نێو کۆمەڵگا بە شێوەیەکی هەماهەنگ بخاتە جووڵە. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتی پێک دەهێنێت، دەتوانێت یەکگرتوویی ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران تێک بشکێنێت، ناکۆکی و ناتەبایی نێو ڕیزەکانی ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە، هێزی سەرکوتیان زەوینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.
نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە
ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤
١ی مارسی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە