
دەیان ساڵە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “مەرگ بۆ خامنەیی” لە هەموو ئێراندا دەنگ دەداتەوە؛ دەیان ساڵە لە هەر ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێکدا، بەتایبەت دوای بەفرانباری ٩٦، لە خەزەڵوەری ٩٨ـدا، لە ڕاپەڕینی مەزنی ١٤٠١ـی “ژن، ژیان، ئازادی” و لە بەفرانباری ١٤٠٤ـدا، گرنگترین و سەرەکیترین دروشمی خۆپیشاندەران “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” بووە.
ئێستا عەلی خامنەیی – ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامی – و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەران و بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی ڕژیم لە هێرشی هاوبەشی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون. مەرگی خامنەیی بۆ ئەو خەڵکەی کە دەیان ساڵە دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” دەڵێنەوە، بۆ بنەماڵەکانی خاوەران، پارکی لالە، قوربانیانی قەتڵە زنجیرەییەکان، گیانبەختکردووانی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی دەیەی ڕابردوو، بۆ بنەماڵەی لەسێدارەدراوان و ملیۆنان خێزانێک کە ژیانیان بەهۆی سیاسەتە کۆنەپەرستانە و وێرانکەرەکانی ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامییەوە تێکچووە، هەواڵێکی دڵخۆشکەر و شادیبەخش بوو. هەواڵێک کە هەستی ئارامی، ڕەزامەندی و شادیی خستە سەر لێوەکانی دایکان و باوکان و هەموو ئەو خەڵکەی کە غەم و ڕەنجی زۆریان لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە بەسەردا سەپاوە.
مەرگی خامنەیی، وەک ڕێبەری باڵای حکوومەتێکی ستەمکار، یارمەتی بە ڕەوتی هەڵوەشانەوە و ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی دەدات. ڕێبەری حکوومەتێک کە ڕێگەی بە دەربڕینی هیچ دەنگێکی ناڕازی نەدا و تەنانەت نزیکترین یار و هاوڕێیانی نیزامەکەشی پەراوێز خست و پاکتاوکردنی خوێناوی ڕێکخست. بێگومان ڕژیمە لەپاش بەجێماوەکەی ناتوانێت بەهۆی کوژرانی ئەو و سەرەکیترین فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی – کە لە دوو قۆناغی زۆر نزیکدا، واتە لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و پاشان شەڕی ئێستادا کرانە ئامانج – بە شێوەی ڕابردوو درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. لەم ڕووەوە گۆڕانکاریی گەورە لەئارادایە.
کارنامەی حکوومەتی ئیسلامی لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت کارنامەی سەرتاپا نگریسی خامنەیی لە ٣٧ ساڵ ڕێبەرایەتیی ڕەهای ئەو بەسەر ئێراندا، لێوانلێو لە کوشتاری وەحشیانەی نەیارانی ڕژیم، سەرکوتی خوێناوی، سانسۆر، پاکتاوکردن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و کوشتنە زنجیرەییەکانە. کارنامەیەکی ڕەش و پڕ لە بێمافیی خەڵک، سەرکوتی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، ڕێکخستنی ئاپارتایدی ڕەگەزی و جێندەری، بەتاڵانبردنی سەرچاوەکانی وڵات لەلایەن خۆی و بنەماڵە و مافیا سیاسی و ئەمنییەکەی، دابەزینی بێوێنەی ئاستی ژیانی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک، وێرانکردنی ئابووری، تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتی و ژینگەییەکان کە بە ئامانجی پەرەپێدانی “هیلالی شیعی” و دوژمنکارییە ناوچەییەکان ئەنجام دراوە.
بێگومان کوژرانی خامنەیی، ئەو دەرفەتەی لە بزووتنەوەی دادخوازی سەندەوە کە دەیتوانی یارمەتیدەر بێت تا لە دادگایەکی ئاشکرا، دیموکراتیک و جەماوەریدا، ئەم ڕێبەرە تاوانبارەی حکوومەتی ئیسلامی دادگایی بکرێت، بەڵام بە نۆرەی خۆی زەبرێکی کاریگەر و کوشندەی لە پەیکەری لەرزۆکی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە دا. بێگومان بە کوژرانی ئەو، کۆماری ئیسلامی ناڕووخێت و ئامێری کوشتارەکەی لەکار ناکەوێت. ئیرتیجاعی دەسەڵاتدار لە ئێران پشتئەستوورە بە حیزبێکی پادگانیی وەک “سپای پاسداران” کە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.
سپای پاسداران کە لەسەر بنەمای پێکهاتەیەکی هەرەمی و یاسا توندە سەربازییەکان دامەزراوە، هەوڵ دەدات قەیرانەکانی ناوخۆی ڕژیم بەڕێوە ببات و بۆ ئەو مۆرانەی لەدەستی داون، جێگرەوە دیاری بکات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، لە دۆخی ئێستادا کە شەڕێکی کۆنەپەرستانە لەنێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا هەڵگیرساوە و هێرشە مووشەکییەکانی ڕژیمی ئیسلامی دژی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، قەتەر، ئەبوزەبی، کوەیت، ئوردن، عومان و عەرەبستانی سعوودی دەستی پێکردووە؛ وێڕای ئەو هەواڵە نیگەرانکەرانەی کە لە بەندیخانەکانی سەرتاسەری وڵاتەوە، بەتایبەت لە “ئێڤین” و “فەشافوویە” دەبیسترێت و زیندانیانی سیاسی لە خۆراک و ئاو و دەرمان و چارەسەر بێبەش کراون، ئەو مەترسییە لەئارادایە کە کاربەدەستانی ئیسلامی لەوپەڕی زەلیلی و ترس لە ڕووخاندا، دەست بدەنە کوشتاری زیندانیانی سیاسی.
لەم ڕووەوە، لەم هەلومەرجە هەستیارەدا دەبێ دژی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێستا و دژی شەڕخوازان بوەستینەوە. بە مووشەک و بۆردومان، ڕزگاری و ئازادیی خەڵک دەستەبەر نابێت. دەبێ دژی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی و بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە ستەمکارە بە دەستی جەماوەری ئێران خەبات بکەین.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە سەرجەم خەڵکی ئێران، کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و پیاوان، و لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکان داوا دەکات کە وشیاریی خۆیان بپارێزن و دەست لەناو دەستی یەکتر بۆ ئازادیی دەستبەجێ و بێمەرجی زیندانیانی سیاسی خەبات بکەین. بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی گیانبەختکردووان بەتەنیا مەهێڵنەوە؛ با بە پێکهێنانی شۆراکان، کۆمیتەکان، دامەزراوە و ئەنجومەنە سەربەخۆ و جەماوەرییەکان، بۆ یارمەتی و کۆمەک و هاوکاری و هاوپشتیی خەڵکی ئێران هەنگاو بنێین. وەک چۆن ئەزموونەکان دەریانخستووە، ئەگەر شەڕ درێژە بکێشێت، ئەگەری پچڕانی ئاو و کارەبا و نەمانی خۆراک و دەرمان، داخستنی مەدرەسە و ناوەندە فێرکاری و خزمەتگوزارییەکان و هتد… لە ئارادایە.
بە پێکهێنانی شۆرا و ئەنجومەن و دامەزراوە سەربەخۆکان، بە هانای یەکترەوە بچین، دەستی یەکتر بگرین و هەوڵ بۆ بەهێزکردنی هاوپشتییە گەورە و مرۆییەکان بدەین. با ئەم ڕۆژانەی شادیی مەرگی دیکتاتۆر، دەستپێکێک بۆ کۆتایی دیکتاتۆری و ئیستیبداد و حکوومەتی مەزهەبی و سەرمایەداری بێت و دەروازەی ئازادی و یەکسانی و مرۆڤایەتی بە ڕووی جەماوەری ئێراندا بکاتەوە.
بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێمەرجی شەڕی کۆنەپەرستانە
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم
١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ – ٢ی مارسی ٢٠٢٦
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت