
شەڕی کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە. بۆردومان و مووشەکبارانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکشکاندنی بنکە و بارەگا سەربازی، ئەمنی و حکوومییەکان، بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی کوردستان، لەوانە سەردەشت، بانە، مەریوان، سنە، پاوە، بۆکان، مەهاباد و شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە توندییەکی زیاترەوە بەردەوامە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بوونی هەلومەرجی جەنگی، ئامادە نەبووە بنکە و ناوەندە سەربازی و ئینتیزامی و ئەمنییەکانی خۆی کە لە ناوچە ئاوەدانەکانی شار و گوندەکاندا جێگیر کراون، چۆڵ بکات. ئەم ڕژیمە تاوانکارە بۆ پاراستنی هێزە سەرکوتگەرەکانی خۆی، ئەوانی لە شوێنە گشتییەکان، قوتابخانەکان، مزگەوتەکان، بەشەناوخۆییەکان و شوێنەکانی دیکە نیشتەجێ کردووە و بە کردەوە خەڵک وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی هێزە سەرکوتگەرەکانی خۆی بەکار دەهێنێت. ئەمەش ئەگەری هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر ئەو شوێنانە زیاد کردووە و خەڵکی بێدفاعی خستووەتە بەردەم مەترسیی جیدییەوە. لەم دۆخەدا خەڵکی شارەکان ناچار بوون بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ماڵ و حاڵ و شاری خۆیان بەجێ بێڵن و ڕوو لە شوێنەکانی دیکە بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، هەواڵی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە بڕیاری هێرشی زەمینیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە کوردستانەوە بە هاوکاریی هاوپەیمانیی ٦ حیزب و ڕەوتی سیاسیی ناسیۆنالیستی ناسراو بە “هاوپەیمانیی کوردستانی” بڵاو بووەتەوە. بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەندیی تەلەفۆنیی ترامپ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەدوای ئەوەشدا لەگەڵ “مستەفا هیجری”، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەممە، ڕاستیی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست کردەوە. دوای ئەم گفتوگۆیانە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییە باڵاکانی ئەم حیزبانە و هەروەک چۆن “سی ئێن ئێن”یش ڕاپۆرتی داوە، باس و خواسی هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕژیمی ئیسلامی لە ڕۆژانی داهاتوودا لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی ٦ حیزبەکەی کوردستانەوە پەرەی سەندووە.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت ئەگەر شەڕەکە درێژەی کێشا و بووە شەڕێکی فەرسایشی، هەر کات پێویست بێت هێزی چەکداری هاوپەیمانیی ٦ حیزبەکەی کوردستان وەک پیادەنیزامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی بەکار بهێنن. ئاشکرایە کە دەرەنجامی ئەم سیاسەتە و هاتنی هێزی چەکداری ئەم حیزبانە بۆ ناو شارەکانی کوردستانی ئێران و بە وتەی ئەمریکاییەکان “بۆ هاندانی ڕاپەڕینی جەماوەری”، شارەکانی کوردستان دەکاتە کانگای سەرەکیی شەڕ و وێرانکاری. واتە ئەگەر ئەم هێزانە بەپێی نەخشەی ئەمریکا و ئیسرائیل جووڵە بکەن، بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو لایەکەوە لەژێر گوشاردایە و لە لێواری هەڵوەشانەوە و ڕووخاندایە، ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنن کە شارەکانی کوردستان بداتە بەر ئاگری چەکی قورس و مووشەکباران و ئەم ناوچەیە بکاتە مەیدانی سەرەکیی شەڕ و کاولکاری. ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئاشکرا دەیهەوێت ئێران بکاتە سووریایەکی دیکە لە ناوچەکەدا.
ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، جارێکی دیکە ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە مەحکووم دەکەین و دژایەتیی لێبڕاوانەی خۆمان لەگەڵ سیاسەتی هاوپەیمانیی ٦ حیزبە کوردستانییەکە ڕادەگەیەنین و هەر لە ئێستاوە سەبارەت بە دەرەنجامی ئەم سیاسەتە کە دژی بەرژەوەندییەکانی خەباتی خەڵکی کوردستانە، هۆشدار دەدەین. هاوپەیمانیی ئەم حیزبانە لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەمریکا و دەوڵەتی نەسڵکوژی نەتانیاهوودا، سەرەڕای ئەوەی کە زیانی جیدی لە ئیعتیباری خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەدات، کوردستانیش دەکاتە یەکێک لە کانگاکانی شەڕ و وێرانکاری و ئاوارەیی. ئێمە هەروەک چۆن گەلێک جار ڕامانگەیاندووە، ئێستا کاتی بەهێزکردنی هاوپشتی و یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونە؛ کاتی هەوڵی بەپەلەیە بۆ دەستەبەرکردنی ملزومات و پێداویستییەکانی حاکمییەتی جەماوەری و شوورایی خەڵک لە خوارەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان بەتایبەت گەنجان لە گەڕەکەکاندا بە پێکهێنانی کۆمیتەکانی گەڕەک، کۆمیتەکانی هاویاری، پێکهێنانی تیمەکانی بەهاناوەچوون، بنکەکان و شووراکانی گەڕەکەکان بۆ بەهێزکردنی هاوپشتی لەنێو خەڵک و کەمکردنەوەی کارەساتەکانی ئەم شەڕە وێرانگەرە لەسەر ئەمنییەت و ژیانیان هەوڵ بدەن و تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی هێشتا کۆنترۆڵی ئیداری و حکوومیی خۆی لەدەست نەداوە، ئەم دامەزراوانە بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی شەڕ و وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەڵک لەم دۆخە جەنگییەدا بەکار بهێنن؛ بە هەر ڕادەیەک کە کۆماری ئیسلامی لاواز دەبێت و پایەکانی دەسەڵاتەکەی دەلەرزێت و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر کاروبارەکاندا لەدەست دەدات، لە ڕێگای هەر ئەم دامەزراوانەوە کۆنترۆڵی گەڕەک و شارەکان و بەڕێوەبردن و ئیدارەی کۆمەڵگا بە پشتبەستن بە سیستەمی دەسەڵاتداریی شوورایی لە ئەستۆ بگرن. ئەم کارە کردەییە و دەکرێت. دەبێ باوەڕمان بە هێزی جەماوەر هەبێت.
هاوپەیمانیی ٦ حیزبە سیاسییەکە لە کوردستان دەبێ ئەوە بزانن کە ئەمریکا لە بەرنامەیدایە ئەزموونی کوردستانی سووریا لە کوردستانی ئێرانیش دووبارە بکاتەوە. ئەمریکا هەروەک چۆن لە هێزی ڕۆژئاوا وەک پیادەنیزامی شەڕ لەگەڵ داعش کەڵکی وەرگرت تا خوێن لە لووتی سەربازی ئەمریکایی نەیەت، لە شەڕی زەمینیشدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نایەوێت سەربازانی ئەمریکا پەلکێشی مەیدانەکە بکات. لە کوردستانی سووریا لە ڕەوتی شەڕ لەگەڵ داعش، هەزاران تێکۆشەری یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن گیانی خۆیان بەخت کرد، بەڵام ئەمریکا سەرەنجام لە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ “ئەحمەد شەرع” و دەوڵەتی تورکیا بۆ بە شکست کێشانی ئەو ئەزموونە، لە هیچ جۆرە جەنایەت و هەوڵێک درێغییان نەکرد.
لەم هەلومەرجە جەنگییەدا کە ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لە هەموو لایەکەوە کەوتووەتە ژێر گوشار، شووشەی تەمەنی ئەم ڕژیمە لە دەستی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز و ناڕازیی ئێراندایە. بە بەرزکردنەوەی درووشمی “شەڕ دەستبەجێ ڕاگرن” لە دۆخی ئێستادا، بە مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە پیشەسازی و کلیلەییەکانی بەرهەمهێنان وەک پیشەسازیی نەوت و گاز و پترۆشیمی، پیشەسازیی پۆڵا، کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلسازی، زەوبئاهەن، گواستنەوە، پیشەسازیی کارەبا، کانەکان، هێڵی ئاسن و هتد، ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و کۆتایی هێنان بە سزای لەسێدارەدان، دەتوانرێت قوڕگی حکوومەتی ئیسلامی بگوشرێت و ماشینە جەنگی و سەرکوتگەرەکەی لەکار بخات. مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێناندا دەتوانێت سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕازییە پێشکەوتنخوازەکانی نێو کۆمەڵگا بە شێوەیەکی هەماهەنگ بخاتە جووڵە. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتی پێک دەهێنێت، دەتوانێت شیرازەی ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران لێکهەڵوەشێنێت، کەلێنی نێو ڕیزەکانی ئەم هێزانە قوڵتر بکاتەوە و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.
نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە
ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی!
بژی دەسەڵاتداریی شوورایی خەڵک لە کوردستان!
شوورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
ڕێکخستنی کوردستانی یەکێتیی سۆسیالیستیی کرێکاری
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤
٤ی مارسی ٢٠٢٦