
لایەن و ڕەهەندەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکا و دەوڵەتی نەسڵکوژی ئیسرائیل لەگەڵ ڕژیمی کوشتاری کۆماری ئیسلامی، هەتا ئێستا زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و مەوداکەشی بەردەوام لە پەرەسەندندایە. کۆمەڵکوژیی منداڵان و خەڵکی مەدەنی، وێرانکردنی ناوەندەکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانەکان، پەلاماردانی قوتابخانە و ناوەندە دەرمانییەکان، کارخانەکان، یاریگاکان و چەندین حاڵەتی دیکە، لە دەرەنجامەکانی تا بەئێستای ئەم شەڕەن. ئەم شەڕە وێرانکەرە کە سەرتاسەری کۆمەڵگای تەنیوەتەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە نییە.
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بۆردومان و پەلاماری سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شارە جیاجیاکاندا درێژەی هەبووە و بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی کوردستان، لەوانە مەهاباد، بانە، سەردەشت، سنە، مەریوان و بۆکان، ڕەهەندێکی بەرفراوانتری بەخۆیەوە بینیوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، ڕژیمی ئیسلامی هەوڵ دەدات بە جێگیرکردنی هێزەکانی سپا و بەسیج لە قوتابخانە و مزگەوتەکانی شارە جیاوازەکانی ئەم ناوچەیەدا، بە هەر شێوەیەک بێت خەڵک بکاتە قەڵغانی مۆڵگە جەنگییەکانی خۆی. هەر ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خەڵک ماڵ و شاری خۆیان بەجێ بێڵن.
لە دۆخی پڕ مەترسی و هەستیاری ئێستادا، هەواڵی نیگەرانکەر لە کوردستانەوە سەبارەت بە هەڵوێستی هاوپەیمانیی شەش حیزب و ڕەوتی سیاسیی ناسیۆنالیست و ئەگەری هاودەستی و تەبایی ئەوان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و دەوڵەتی نەسڵکوژی ئیسرائیل بڵاو بووەتەوە، کە سەرنجی بیروڕای گشتی و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ترامپ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و مستەفا هیجری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە ئەگەری هاوکاری لەگەڵیاندا، وتووێژی تەلەفۆنیی کردووە. هەواڵەکان باس لەوەش دەکەن کە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵ دەدەن لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕ و بۆ پاشەکشەکردنی ڕژیم لەم ناوچەیە، لە ڕێگەی پڕچەککردنی ئەم حیزبانەوە، “ناوچەیەکی دابڕ” (حائیل) لە کوردستان دروست بکەن و وەک ئامرازێک بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەربگرن.
هەرچەشنە ڕێککەوتنێکی ئەم حیزبانە لەگەڵ سیاسەتێکی لەو چەشنە، پشت تێکردنە لە دەیان ساڵ خەباتی خەڵکی کوردستان. ئەم کارە بە واتای لێڵکردن و خەوشدارکردنی ئەو دەورونەخشەیە کە کوردستان لە خەباتی بزووتنەوەی سەرتاسەریی ئێراندا گێڕاویەتی؛ بەتایبەت ئەو پێگە و جێگایەی کە کوردستان لە بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بەدەستی هێنا. سیاسەتێکی لەم جۆرە هەروەها دەبێتە چەکێک بە دەستی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و فاشیستی سەڵتەنەتخوازەوە. ئەزموون نیشانی داوە کە ئەم جۆرە هاودەستی و هاوڕاییانە بۆ بزووتنەوە جەماوەرییەکان وێرانکەرن. ئەزموونی “ڕۆژئاوا”ش دەریخست کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چۆن لە ساتەوەختە هەستیارە سیاسییەکاندا ئامادەن بزووتنەوەی کانتۆنە دیموکراتیکەکان بە پاشماوەکانی داعش بگۆڕنەوە.
ئەم شەڕە، شەڕی دێوەزمەکانە؛ شەڕێکە لە درێژەی کێشمەکێشی نێوان ئیسلامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە لایەک و ئیمپریالیزمی شەڕخوازی ئەمریکا و دەوڵەتی نەسڵکوژی ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، کە لەسەر بستێنی ئاڵوگۆڕە جیۆپۆلیتیکییەکان و کێبڕکێ بۆ باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕژیمە تاوانکارە ئامادەیە بۆ مانەوەی خۆی کۆمەڵگا وێران بکات. ئیسرائیل و ئەمریکاش ئامادەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئێراندا، وڵات بکەنە “سەرزەمینی سووتاو”. ئەم شەڕە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری ئێرانەوە نییە.
کوردستان خاوەنی ئەزموونی دەوڵەمەندی “بنکەکان”، ناوەندە جەماوەرییەکان و کۆمیتە شارییەکان لە خوارەوەیە. دەخالەتگەری لە دۆخی سیاسیی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستادا بە پشتبەستن بە بزووتنەوەکانی خوارەوە، شۆرا و دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرەکان، کرێکاران، ژنان و گەڕەکەکان و هەروەها ڕێکخراوبوون لەم پێناوەدایە، کە دەتوانێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت و لە هاوئاراستەیی لەگەڵ خەباتی چینایەتیدا، کۆتایی بە ستەمی نەتەوەییش بهێنێت.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆشیالیزم
شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٦ی مارسی ٢٠٢٦
١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤
ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت