
لە بارودۆخێکدا کە زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە تێدەپەڕێت، میدیاکانی ڕەوتی زاڵ و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە داڕشتن و ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا دەگێڕن. ئەوەی لەم کەشەدا زیاتر لە هەر شتێک سەرنج ڕادەکێشێت، ئەو هەوڵە بەربڵاوەیە بۆ ئاساییکردنەوەی شەڕ و نیشاندانی وەک ڕێگەیەک بەرەو ئازادی، دیموکراسی و خۆشگوزەرانی. لە گێڕانەوە و گوتاری زاڵی میدیاییدا، ئەو شەڕەی هەڵگیرساوە یان پاڵپشتی لێ دەکرێت، نەک وەک کارەساتێکی مرۆیی، بەڵکوو وەک «زەروورەتێکی مێژوویی» یان تەنانەت «دەرفەتێک بۆ ڕزگاری» پێناسە دەکرێت. ئەم جۆرە گێڕانەوەیە نەک تەنیا شێواندنی ڕاستییەکانە، بەڵکوو بەشێکە لە میکانیزمی ئایدۆلۆژیکی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی بۆ شەرعیەتدان بە دەستێوەردانە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانەوەی هەژموون و باڵادەستیی خۆی.
میدیاکانی ڕەوتی زاڵ لە دەیەکانی ڕابردوودا چەندین جار سەلماندوویانە کە چۆن دەتوانن شەڕ بە شێوەیەکی قبووڵکراو و تەنانەت ئەخلاقیش نیشان بدەن. لە هەواڵ و شیکارییەکانیاندا، چەمکگەلێکی وەک «هێرشی ورد»، «ئۆپەراسیۆنی خاڵپێک» یان «دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە» جێگەی چەمکەکانی وەک بۆردومانی شارەکان، کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی ژێرخانە هەستیارەکان و ئاوارەبوونی خەڵک دەگرنەوە. ئەم گۆڕینی دەستەواژانە تەنیا یارییەکی زمانەوانی نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە پرۆسەی «خوێنشۆردنی» شەڕ. لە چوارچێوەیەکی لەم شێوەیەدا، ئەو وێنە و ڕاپۆرتانەی کە دەتوانن ڕاستییە توندوتیژەکانی شەڕ ئاشکرا بکەن، یان سانسۆر دەکرێن یان دەخرێنە پەراوێزەوە. لە بەرامبەردا، تیشک دەخرێتە سەر ئەو گوتارانەی کە هێرشە سەربازییەکان بە عەقڵانی، پێویست و تەنانەت ڕزگارکەرانە نیشان دەدەن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەرچەندە لە ڕواڵەتدا فەزایەکی ئازادتریان بۆ دەربڕینی بۆچوونە جیاوازەکان ڕەخساندووە، بەڵام لە پراکتیکدا زۆرجار یارمەتیدەری بەرهەمهێنانەوەی هەر هەمان گوتار و گێڕانەوەن. لە دەرەنجامدا، شیکاریی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ماهیەتی شەڕ و ڕۆڵی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان کەمتر دەبینرێن، لە کاتێکدا گێڕانەوە سادە و ڕووکەشییەکانی وەک «شەڕ لەپێناو ئازادیدا» بە خێرایی پەرەدەستێنن.
یەکێک لە گرنگترین ئەو بانگەشانەی لەم کەشوهەوایەدا دەکرێت ئەوەیە کە گوایە شەڕ دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و لە ئەنجامدا ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ئێران و تەنانەت ناوچەکەش لێ بکەوێتەوە. لەوانەیە ئەم بانگەشەیە لە ڕوانینی یەکەمدا بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا کە ساڵەهایە لەژێر زەخت و سەرکوت و قەیرانی ئابووریدا دەژین، سەرنجڕاکێش بێت. بەڵام هەڵسەنگاندنی مێژوویی دەریدەخات کە بەڵێنی لەم شێوەیە لە ڕابردووشدا چەندین جار دراون و لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکاندا ئاکامێکی تەواو پێچەوانەیان لێ کەوتووەتەوە. نموونەکانی عێراق، ئەفغانستان، لیبی و سووریە لەم بوارەدا پڕاوپڕن لە پەند و وانە. لە هەر یەک لەم وڵاتانەدا، دەستێوەردانە سەربازییەکان بە بەڵێنی هێنانەدی ئازادی، دیموکراسی یان کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری پاساویان بۆ هێنرایەوە. بەڵام، ئاکامی ڕاستەقینە هیچ نەبوو جگە لە وێرانکاریی بەربڵاو، داڕمانی ژێرخانەکان، پەرەسەندنی هەژاری، تەشەنەسەندنی توندوتیژیی تایفەگەری و ناسەقامگیریی درێژخایەن.
شەڕە ئیمپریالیستییەکان لە بنەڕەتدا نەک بۆ ڕزگاریی خەڵک، بەڵکوو بۆ بەدیهێنانی ئامانجە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانی زلهێزەکان دادەڕێژرێن. کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە، فراوانکردنی هەژموونی ناوچەیی، زامنکردنی ئاسایشی ڕێڕەوە بازرگانییەکان و پاراستنی باڵادەستیی سیاسی، هۆکاری ڕاستەقینەی دەستێوەردانەکانن. لە هەمان کاتدا، دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ڕێژیمەکانی وەک کۆماری ئیسلامیش، دۆخی شەڕ وەک دەرفەتێک بۆ چەسپاندن و قایمکردنی دەسەڵاتی خۆیان دەقۆزنەوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە حکوومەتەکانی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی وەهادا زۆرجار دەتوانن فەزای ناوخۆیی میلیتاریزەتر و ئەمنیتر بکەن، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سەرکوت بکەن و نەیارانی سیاسی بە شێوەیەکی دڕندانەتر بخەنە ژێر گوشارەوە. لەم سۆنگەیەوە، دۆخی ئێستا جۆرێک لە پارادۆکسی تاڵ ئاشکرا دەکات؛ لە کاتێکدا میدیاکانی ڕەوتی زاڵ باس لە شەڕ دەکەن وەک ئامرازێک بۆ «ڕزگاری»، بەڵام لە جیهانی واقیعدا شەڕ دەبێتە هۆی توندتربوونی سەرکوت، وێرانکاری، کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی، و هەروەها پەرەسەندنی گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری.
لەم نێوەندەشدا، ڕۆڵی هەندێک لە ڕەوتە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن جێگەی تێڕامانە. بەشێک لە هێزە پاشایەتیخوازەکان و هەروەها ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان و بەلوچستان لە ساڵانی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو جۆرێک لە هاوتەریبی و خۆگونجاندن لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان هەنگاویان ناوە. لە گوتاری ئەمانەدا، هاوکاریکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل وەک «هاوپەیمانییەک بۆ ئازادی» پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە. هەڵوێستێکی لەم چەشنە ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە پرۆژەی سیاسییە کە هەوڵدان بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتی سیاسی لە سەرەوەی ئیرادەی خەڵکەوە و لە ڕێگەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە، ئامانجی سەرەکیەتی.
ئەزموونە مێژووییەکان زۆر جار ئەوەیان سەلماندووە کە ئازادیی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوی چینە چەوساوەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدەست دێت. ئەم خەباتە نەک لە چوارچێوەی پرۆژە جیۆپۆلەتیکییەکانی زلهێزەکاندا، بەڵکوو لە چوارچێوەی ڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا فۆرم دەگرێت. بە واتایەکی دیکە، ڕزگاری هەرگیز ناتوانێت لە ناو بۆردومانی شارەکان و دەستێوەردانی سەربازییەوە لەدایک بێت.
کەواتە، ڕەخنەگرتن لە میدیاکانی ڕەوتی زاڵ و گوتارە شەڕخوازەکان تەنیا باسێکی تیۆریک نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە خەبات بۆ بەرگریکردن لە حەقیقەت و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی کە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا ڕوویان داوە. لە کۆتاییدا، ئەگەر ئامانجی ڕاستەقینە ئازادی و خۆشگوزەرانیی خەڵک بێت، دەبێت لە هەردوو جەمسەرە وێرانکەرەکەی ئەم شەڕە فاسلە بگیرێت. نە هێرشی سەربازیی ئەمریکا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و بە مەبەستی داڕشتنی نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دڵخوازی خۆیان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و ڕێڕەوە ئاوییەکانی ئەم ناوچەیە لە ململانێ لەگەڵ چیندا پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و جەماوەرەوە هەیە، وە نە پێداگریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی مەودا درێژ و پشتیوانیکردنی لە هێزە «نیابەتییەکان» هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و خەڵکی ئێران و ناوچەکەوە هەیە. ئەم شەڕە لە هەردوو بەرەکەیەوە، ململانێ و شەڕێکی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیە.
تەنیا لە ڕێگەی پەلەکردن و چڕکردنەوەی خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییەوە دەتوانرێت خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە دەستی ئەم ڕێژیمە تاوانکارە ڕزگار بکرێت، هەوڵی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی و ڕاستڕەو بۆ ئەلتەرناتیڤسازی لە سەرووی خەڵکەوە پووچەڵ بکرێتەوە، و هەروەها لە بەرامبەر نەزمی ناوچەییی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆی ڕوون بخرێتە بەردەم کرێکاران و جەماوەری ستەمدیتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە