
شەڕی دوو جەمسەری کۆنەپەرستیی ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە بەتوندی بەردەوامە. لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا، سەرباری کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لەوانە خودی “عەلی خامنەیی”، چەندین بنکە و ناوەندی هەستیاری سەربازی و ئەمنی و ژێرخانە ئابوورییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، سپای پاسداران و هێزە سەربازی و ئینتیزامییەکان لە سەرانسەری ئێراندا تێکشکێندراون. لەم شەڕە وێرانکەرەدا، جگە لە ناوەندە سەربازی و حکوومییەکان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، یاریگاکان، کۆگاکانی وزە و گەڕەکە نیشتەجێبوونەکانیش بۆردومان کراون. لە ئاکامی ئەم بۆردومانانەدا تا ئێستا زیاتر لە ١٣٠٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و بێدەرەتان، کە ١٨١یان منداڵی خوار تەمەنی ١٠ ساڵانن، لە ئێران گیانیان لەدەست داوە. هەواڵی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش لە قۆناغی پشتڕاستکردنەوەدایە.
لە پێناو فراوانکردنی پانتایی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەمە، ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە: “پشتیوانی و یارمەتیی بەشداریی چەکدارانەی گرووپە کوردە ئێرانییەکانی جێگیر لە ئۆردوگاکانیان لە کوردستانی عێراق (وەک هێزی پیادەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە)، دژی کۆماری ئیسلامی دەکات”. ئەو گوتی: “پێموایە ئەوان دەیانەوێت کارێکی نائاسایی لەم شێوەیە بکەن، من بەتەواوی لەگەڵیانم”. هەر لەم پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵی “سی ئێن ئێن” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردبووەوە کە دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا CIA))، بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ ڕاپەڕین دژی کۆماری ئیسلامی، خەریکی پڕچەککردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانە لە هەرێمی کوردستان.
هەر لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی کوردی ئێرانی ڕاگەیەندرابوو کە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە، دۆناڵد ترامپ بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قسەی کردووە. هەر لەم ڕاستایەدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا میدیاکانی وەک “ئەکسیۆس” و “سی ئێن ئێن” و پێشتریش ڕۆژنامەی “واڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاییەوە بڵاویان کردبووەوە کە ترامپ خەریکی تاوتوێکردنی پرسی پشتیوانیکردنە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران بۆ پەرەپێدانی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، و هەواڵی پەیوەندییە نهێنییەکانی ناوبراویان لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها هەندێک لە سەرکردەکانی حیزبە کوردییەکانی ئێران بڵاو کردبووەوە. لەم پێوەندییەدا تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن” لە زاری سەرچاوە ئەمریکاییەکانەوە ڕایگەیاندبوو کە ڕێکخراوی “سی ئای ئەی” بە ئامانجی هاندانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران هەوڵی پڕچەککردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی دەدات و بڕیارە حیزبە کوردەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژاوای ئێران (وەک سەربازی پیادەی ئەم شەڕە) دەست پێ بکەن.
ئەم پێشهاتانە بەدوای ئەوەدا هاتن کە، لە سەروبەندی دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، پێنج حیزب و هێزی سیاسیی کوردستانی ئێران کە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دڵیان بە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل خۆش کردبوو، بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک پێکهێنانی “هاوپەیمانیی حیزبە کوردەکان”یان ڕاگەیاند. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم شەڕە و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترامپ لەگەڵ مستەفا هیجری، “ڕێکخراوی زەحمەتکێشان…”یش بە ڕێبەریی عەبدوڵڵا موهتەدی بەپەلە و بە واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامەیە پەیوەست بەم هاوپەیمانییە بوو.
لەگەڵ پێکهێنانی ئەم “هاوپەیمانییە”، ژمارەیەک لە حیزبەکانی ناو هاوپەیمانییەکە داوایان لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان کرد کە بە مەبەستی بەهێزکردنی بنیاتی سەربازییان بڕۆنە هەرێمی کوردستان و پەیوەست ببن بە ڕیزە حیزبەکانیانەوە. ئەم بڕیارە و ڕاگەیاندنی ئامادەیی سەرکردەی هەندێک لەم حیزبانە بۆ بەزاندنی سنوور، بووە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای شکستە ئابڕووبەرە سەربازییەکانی و کوژرانی عەلی خامنەیی و فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتەکەی، جارێکی دیکە هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئۆردوگاکانی ئەم حیزبانە لە هەرێمی کوردستان. سپای پاسداران ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی سەربازییان کردووەتە سەر ئۆردوگاکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم هێرشانە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بەردەوام بوون و بەداخەوە زیان و قوربانیی لە ڕیزەکانیاندا لێ کەوتووەتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، بەدوای هۆشدارییەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئەمریکا سەبارەت بە پڕچەککردنی هێزەکانی سەر بە حیزبە کوردەکان و بەکارهێنانیان لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە، ترامپ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە: “لە بڕیارەکەی خۆی بۆ تێوەگلانی هێزەکانی حیزبە کوردەکان لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا پەشیمان بووەتەوە”. فیدان ئەم ڕێکارەی ئەمریکای بە مەترسیدارترین سیناریۆ بۆ گۆڕینی ڕێژیم و هەڵەیەکی مێژوویی ناوبردبوو و دژایەتیی کردبوو. ترامپیش بەم پاساوەی کە “پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ کوردەکان هەیە و نامەوێت زیانیان پێ بگات و بکوژرێن، پێم وتوون کە نامەوێت بچنە ناو ئەم شەڕەوە و نامەوێت شەڕەکە لەوەی کە هەیە ئاڵۆزتر بێت”، پاشگەز بووەوە. ترامپ بەم گۆڕینی هەڵوێستە و تا ئەم ساتە، ئاوی ساردی کرد بەسەر خەون و ئومێدی ئەو حیزبە ناسیۆنالیستانەدا کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، دڵیان بە دەستێوەردانی ئەمریکا خۆش کردووە بۆ گۆڕینی حکوومەتی ئیسلامی لە سەرەوەی ئێرادەی خەڵکەوە. تا ئەو جێگەیەی کە بەدوایدا یەکێک لە سەرکردەکانی ئەم حیزبانە ڕایگەیاند “دیسانەوە خیانەتیان لێ کردین”. ئەم دەربڕینی بێهیوایی و نائومێدییە، نیشاندەری سەرلێشێواویی ستراتیژیی حیزبە ناسیۆنالیستەکانە لە نێوان هەڵوێست و قسە دژبەیەکەکانی ترامپدا. ئەم سەرلێشێواوییە لە کاتێکدایە کە ئەزموونی ڕۆژئاوا و “”خیانەت””ی ئەمریکا لە بزووتنەوەی هەقخوازانەی کوردستانی سووریا، وەبیر ئەم حیزبانە دێنێتەوە کە ئەم سیاسەتە شکستخواردووە دووبارە تاقی نەکەنەوە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان بۆ بوون بە هێزی پیادەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، گەر بێت و جێبەجێ بکرێت، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ خەڵکی کوردستان لێ دەکەوێتەوە و ئەم دەرفەتە دەداتە کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەمەرگ و لێواری داڕماندایە، شار و گوندەکانی کوردستان لەوەی کە هەیە، زیاتر بکاتە مەیدانی شەڕ و وێرانی و ئاوارەیی. بوونی حیزبە کوردەکان بە ئامرازی پێشبردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زەربە لە پێگەی سیاسیی بزووتنەوەی هەقخوازانە و شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەدات و زیان بە هاوپشتیی خەباتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی سەرانسەری دەگەیەنێت، کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا دیمەنە شکۆدارەکانی نیشان دا. لە بارودۆخی جەنگیی ئێستادا، پێویستە کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و لاوانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی کوردستان، لە بەرامبەر ستراتیژیی حیزبە ناسیۆنالیستەکان کە دڵیان بە دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و پشک وەرگرتن لە دەسەڵات خۆش کردووە، ڕیزەکانی خۆیان ڕێک بخەن.
ئێستا کاتی قایمکردنی هاوپشتی و یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونە؛ کاتی تێکۆشانی دەستبەجێیە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی دەسەڵاتی جەماوەری و شوورایی خەڵک لە خوارەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە تۆڕە بەرفراوانەکانی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت لاوان لە گەڕەکەکان، بە پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکەکان، تۆڕەکانی پەیوەندیکردن، کۆمیتەکانی هاوکاری، پێکهێنانی گرووپەکانی فریاگوزاری، بنکەکان و شووراکانی گەڕەک، بۆ جێگیرکردنی هاوپشتی لە نێوان خەڵک و کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە لەسەر ئاسایش و ژیان و گوزەرانیان تێبکۆشن. لە درێژەی پێشهاتەکانی ئێستادا و بە هەر ڕادەیەک کە هەژموونی کۆماری ئیسلامی لاواز دەبێت و پایەکانی دەسەڵاتەکەی سست و لاواز دەبن و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر کاروباردا لەدەست دەدات، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەتوانن بە پشتبەستن بەم ڕێکخراو و ناوەندە جەماوەرییانە کۆنترۆڵی گەڕەک و شارەکان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بگرنە دەست.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە