فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە: بارودۆخی سیاسیی ئێستا و دەبێ چی بکەین؟
پێنجشەممە ۲۸-۱۲-۱۴۰۴   |  19-03-2026

ڕەشەممەی ١٤٠٤

فێوریەی ٢٠٢٦

ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران کە لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤وە دەستی پێکرد و لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی هەمان مانگدا بە دڕندەییەکی بێ‌وێنەوە لەلایەن ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامییەوە خەڵتانی خوێن کرا، یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە سیاسییەکانی ئەم قۆناغە بوو کە دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێ کەوتەوە. ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە کە چەخماخەکەی لە بازاڕی تاران لێ درا و بەخێرایی سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، درێژەی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٣٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بوو. ئەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەش ڕیشەی لە گرانی، هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، بێ‌مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نایەکسانی و هەڵاواردنەکان و پەرەسەندنی بێ‌وێنەی زیانە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو. بزوێنەری ئەم هەڵچوونە جەماوەرییەش، کرێکاران و زەحمەتکێشان، لاوانی بێکار و توێژە چەوساوەکان بوون کە لەژێر باری قورسی ئەم نەهامەتییانەدا کارد گەیشتۆتە ئێسقانیان. ئەم ڕاپەڕینە دەستبەجێ گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی، چونکە جەماوەری ڕاپەڕیو، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکیی سەرجەم ئەم نەهامەتییانە دەزانن و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتیان کردە ئامانج.

بەڵام ئەم شەپۆلە بەهێزەی بزووتنەوەی جەماوەری لە بەراورد لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی پێشوو کە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بووین، لە هەلومەرجێکی جیاوازی ناوچەیی و جیهانیدا سەری هەڵدا. هەلومەرجێکی نوێ کە بەهۆی هەرەسهێنانی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت”، ڕووخانی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد لە سووریا، توندتربوونەوەی گەمارۆکان، شەڕی دوازدە ڕۆژە و  بە بنبەستگەیشتنی پڕۆژە ناوکییەکان، هاوسەنگیی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتوندی لە زیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕیوە. لە ڕەهەندی جیهانیشدا، لە ئەمریکا دەوڵەتێکی نیۆفاشیست بە ڕێبەرایەتیی ترامپ لە کۆشکی سپی جێگیر بووە کە سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمی هاوسەنگیی هێزەکانی دوای شەڕی جیهانیی دووەمی بەهۆی شەڕی تەعرفەکانەوە، تا بگرە یاساکانی بازرگانیی ئازادی جیهانیشی پێشێل کردووە؛ هەروەها دوای کۆمەڵکوژیی غەززە و لە هاودەستی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، لەپێناو ئامانجە ئیمپریالیستییەکان و بەتایبەتی لە کێبڕکێ لەگەڵ چیندا، هەوڵ دەدات پڕۆژەی داڕشتنی نەزمی ئیمپریالیستیی دڵخوازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەوپێش ببات. هەر لەم سۆنگەیەشەوە زیاتر لە جاران گوشاری خستۆتە سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک گرنگترین بنکەی ئیسلامیی سیاسی.

لەناو ئەم دۆخە ژئۆپۆلیتیکە ناوچەیی و جیهانییەدا و لەگەڵ شەپۆلی بەهێزی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی بەفرانبار دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەو بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران کە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی حیسابیان لەسەر هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل کردبوو، زیاتر لە هەر کاتێک کەوتنە وەسوەسەوە و پێیان وابوو کاتی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرەوە هاتووە. لە وەها بارودۆخێکدا، بانگەوازەکانی ڕەزا پەهلەوی و فەرمانەکانی ترامپ بەوەی کە “خەڵک لە شەقامەکان بمێننەوە، هێرش بکەنە سەر ناوەندە حکوومییەکان، یارمەتی بەڕێوەیە”، پڕوپاگەندەی میدیاکانی ئیسرائیل و ئیدیعای بوونی هێزەکانی مۆساد لەم پێشهاتانەدا، هەروەها داواکاریی هەندێک لەم مۆرە ئابڕووچووانەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەمریکا بۆ دەستێوەردانی سەربازی، هەموویان پاساو و بیانوویەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەخساند کە بە ڕاگەیاندنی باری جەنگی، کۆمەڵکوژییەکی بەربڵاوی ناڕازییان و ئەم تاوانە سامناکە بەرنامەڕێژی بکات. لەڕاستیدا، دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و سەڵتەنەتخوازان دەستیان دایە دەستی یەک و بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی، زەمینەیان بۆ کۆمەڵکوژیی ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوە خۆش کرد کە شەقامەکانیان داگیر کردبوو. کارەساتێکی سامناک کە تێیدا تا ئێستا گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٧ هەزار کەس پشتڕاست کراوەتەوە، هەزاران کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیش دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان و ئەشکەنجەگەکانی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ کراون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بەم تاوانە دژەمرۆییەوە نەوەستا، بەڵکوو تەرمی سەدان کەس لە گیانبەختکراوانی ناو سوولەکانی کەهریزەکی تارانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خستە ڕوو، بۆ ئەوەی توانای سەرکوت و تاوانەکانی خۆی بەو نەوە گەنجە نیشان بدات کە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیی دەیەی شەستیان لەبیر نییە.

بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەم کۆمەڵکوژییە سامناکە و هەڕەشە بەردەوامەکانی، نەیتوانی ترس بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات. کۆمەڵگا بەخێرایی لە شۆک و سەرسوڕمانی سەرەتایی تێپەڕی و خەم و تووڕەییی خۆی گۆڕی بۆ هێزی هاوپشتی و ناڕەزایەتی دژی پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار. بنەماڵەی گیانبەختکراوان، ڕێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردن و یادکردنەوەی ئازیزانی خۆیان کردە گۆڕەپانی دادخوازی و ناڕەزایەتی دژی ڕژیم. خوێندکاران لە زانکۆ جیاوازەکاندا بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، یادی گیانبەختکراوانیان بەرز ڕاگرت، سەرکۆنەی تاوانەکانی ڕژیمیان کرد و داوای ئازادیی خوێندکارە زیندانیکراوەکانیان کرد. ڕێکخراوە و دامەزراوە کرێکارییەکان، زیندانیانی سیاسی، خوێندکارانی قوتابخانەکان، خانەنشینان، نووسەران، هونەرمەندان، پزیشکان و سەندیکای پارێزەران، بە دەرکردنی بەیاننامەی جیاجیا وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم تاوانە دژەمرۆییانە، جەختیان لەسەر درێژەدان بە خەبات کردەوە. “ئەنجومەنی هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگییان” بە وەڕێخستنی کەمپەینی « کورسییە بەتاڵەکان»، پلاتفۆرمەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردە هەڵمەتی ئاشکراکردنی ئاستی تاوانەکانی ڕژیمی ئیسلامی و لە درێژەشدا بە بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەریی قوتابخانەکان لە ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەنداندا دژی تاوانە ئەنجامدراوەکان، لەپێناو بەرگریکردن لە کەرامەت و ئاسایشی قوتابیان و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵە داغدارەکان، هەستی بەرپرسیارێتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتیی قووڵیان لەگەڵ ئێش و ئازار و هاوارە هاوبەشەکاندا نیشان دا. داخستنی سەرتاسەریی قوتابخانەکان مانگرتنێکی سیاسی بوو دژی تاوانە ئەنجامدراوەکان کە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی کردبووە ئامانج. ئەم پێشهاتانە و گەڕانەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسی کە ڕەنگدانەوەی کەشوهەوای گشتیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادایە، دەری دەخات کە خەڵکی ئێران نەک هەر چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو خەم و تووڕەییی خۆیان کردۆتە هێزی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.

هەڵبەت لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی بەشگەلێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی وەک سەڵتەنەت‌تەڵەبەکان و میدیاکانی سەر بەوان کە بۆ هێرشی سەربازیی ئەمریکا چرکەژمێری دەکەن، توێژگەلێک لە خەڵک نائومێد بوون و چاوەڕێی هێرشی ئەمریکان. بەڵام مەیلی زاڵ لە کۆمەڵگادا و بەتایبەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە لە خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەردا پاشەکشەیان بەسەر ڕژیمدا سەپاندووە، هیوایان بە گۆڕانکاری بە پشتبەستن بە هێزی خۆیان لەدەست نەداوە. لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا لەژێر تیغی سەرکوتی ڕژیمی هار و دڕندەی کۆماری ئیسلامی و لەژێر گوشاری فەقر و فەلاکەتی ئابووری و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا، کۆمەڵگای ئێران هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، چوار ڕاپەڕین و هەڵچوونی جەماوەری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بێ‌وچانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگای ئەزموون کردووە. چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لەم ڕەوتەدا ڕەوایەتیی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان تێکشکاندووە، قەیرانی حکوومەتیی ڕژیمیان قوڵتر کردووەتەوە و خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییان بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. لە تەواوی ئەم سەردەمەدا سیاسەتی دەستتێوەردانی ئەمریکا نەک هەر یارمەتییەکی بە بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەداوە، بەڵکوو لە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا بووە.

لە هەلومەرجێکدا کە میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەکانی ئەمریکا و درێژەی سیاسەتی شەڕخوازییانەی کۆماری ئیسلامی، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕیان کردووەتە مەترسییەکی ڕاستەقینە، دەبێ ڕایبگەیەنین کە ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە نەک هەر یارمەتیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان نادات، بەڵکوو ئەم بزووتنەوانە پەراوێز دەخات. شەڕ هەرچەندەش “زیرەکانە” بێت و ئامانجەکانی ورد و لەپێشتر دیاریکراو و بەناو “مرۆڤدۆستانە”ش بێت، وەک هەر شەڕێکی دیکەی کۆنەپەرستانە، کۆمەڵکوژی، وێرانکاری و ئاوارەیی لێ دەکەوێتەوە. لەژێر کاریگەریی ئەم واقیعە و هەلومەرجی شەڕدا، پاراستنی ئەمنییەت و درێژەدان بە ژیان دەچێتە سەرووی ئەولەوییەتەکانی خەڵکەوە و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەراوێز دەخرێن. بەدوای ئەوەشدا ئەولەوییەتی کاری چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی شەڕ لەسەر کار و ژیان و ئەمنییەتی خەڵک دەبێتە سەرتۆپی ئەولەوییەتەکانیان.

ئاشکرایە لە وەها هەلومەرجێکدا چالاکانی سۆسیالیست و ڕادیکاڵ و پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، بەتایبەتی چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری و لاوان لە گەڕەکەکانی شارەکان، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی نایەکی لێبڕاوانە بەم شەڕە سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەیە، دەبێ لە هەر ڕێگەیەکەوە هەوڵ بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە نێوان خەڵکدا بدەن و بە ڕێکخستنی تیمەکان و کۆمیتەکانی هاوکاری و یارمەتیدانی جەماوەری، نەهامەتییەکانی شەڕ لەسەر ژیان و ئەمنییەتی خەڵک کەم بکەنەوە. لە وەها دۆخێکدا کۆتایهێنان بە شەڕ، لە ڕێڕەوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێت و دەبێ خەباتی ڕێکخراو بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چڕتر بکرێتەوە. بەڵام پێویستە بەردەوام هۆشدار بە خەڵک بدرێت کە جارێکی دیکە فریوی فەرمان و بانگەوازەکانی ترامپ و ناتانیاهۆ و ڕەزا پەهلەوی نەخۆن. ڕاپەڕین بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەک حەرەکەتێکی خۆڕسک، بەڵکوو لووتکەی خۆڕێکخستنی بزووتنەوەی جەماوەری و سەرتاسەرییە. ئەم بابەتەش تەنیا بە عەزم و ئیرادەی یەکگرتووی تەواوی ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت. دەبێ بۆ ڕێکخستنی ئەم ئیرادەیە بێ‌وچان و بەردەوام هەنگاو بنرێت.

*****

بەڵام پێشڕەوی لە بواری پەرەپێدانی خەبات و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتن و گەشەی ئاڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک، لە ڕێڕەوی خۆڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و دانانی ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی لە بەردەم کۆمەڵگادا تێدەپەڕێت.

لە بواری ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری، مامۆستایان و خانەنشینان، پەرستاران و شۆفێرانی بارهەڵگر وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی دژ بە لەسێدارەدان، بزووتنەوەی دادخوازی، و لە ڕاستیدا هیچ کام لەم بزووتنەوانە لە سفرەوە دەست پێ ناکەن. ئەم بزووتنەوانە لەژێر تیغی سەرکوتدا لە بواری خۆڕێکخستنیشدا پێشڕەوییان کردووە. مانگرتن و ناڕەزایەتییە شکۆدارەکانی کرێکاران لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، نیشانەی ئاستێک لە خۆڕێکخستن و بوونی کادر و ڕێبەرانێکە کە لێهاتوویی خۆیان لە ڕەوتی ڕێکخستنی خەباتە کرێکارییەکاندا سەلماندووە. بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و … تا ئاستێک بە شێوەی ڕێکخراو کاریان کردووە. ئەم واقعییەتانە دەری دەخەن کە چرۆی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران، ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ژنان، خوێندکاران و … لەسەر بستێنی درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگیی هێز، بەخێرایی گەشە دەکەن.

بەڵام هەنگاوی دەستبەجێ و هەنووکەیی لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەرییە لە ناوخۆی ئێران. ئەم کارەش لە ڕێگەی پێکەوەبەسترانەوە و گرێدرانی ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان و چالاکان و ڕێبەرانی بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و … کە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ ناوەندەکانی ناڕەزایەتی و خەباتدا هەیە، و هەروەها بەدامەزراوەییکردنی ئەم پەیوەندییانە تێدەپەڕێت. پێکهاتنی شۆرایەکی هاوئاهەنگی و هاوکاری لە ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە لە هەلومەرجی ئێستادا، دەتوانێت تا ڕادەیەک بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پڕ بکاتەوە و یارمەتیی پرسی ڕێکخستنی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان بدات.

لەم هەلومەرجەدا پەرەپێدانی ئاسۆی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و جەماوەر و سۆسیالیزم، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. کرێکاران و جەماوەری خەڵک ئەگەرچی بەڕوونی دەزانن چییان ناوێت – واتە ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان ناوێت – بەڵام وێنایەکی ڕوونیان بۆ ئەوەی چییان دەوێت و حکوومەتی دوای کۆماری ئیسلامی چۆن دەبێت، نییە. دەبێ هەوڵ بدرێت دروشمگەلێکی وەک “کار، نان، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی، یەکسانی، ئیدارەی شۆرایی”، “نە سەڵتەنەت، نە ڕێبەری، حکوومەتی شۆرایی” کە لە هەناوی ڕاپەڕین و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانەوە هەڵقوڵاون، تا دێت زیاتر جەماوەری بکرێنەوە. دەبێ لە ڕەوتی ڕەخنەگرتن لە ستراتیژی و ئاڵتەرناتیڤی حکوومەتیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییدا هەوڵ بدرێت گوتاری ئاڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و جەماوەر بەهێزتر بکرێت.

لە جیهانی واقعدا پێکهێنانی بلۆکێکی دژەفاشیستی، دژی فاشیزمی کۆماری ئیسلامی و دژی سەڵتەنەت‌تەڵەبە فاشیستەکان، هەر لەم ڕێڕەوی گەشەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، یارمەتیدان بە ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری بە ئاسۆی سۆسیالیستی و حاکمییەتی شۆراییەوە تێدەپەڕێت. هەروەک بزووتنەوەی خوێندکاریش بۆ جارێکی تر نیشانی دا، بەرەی سەرەکیی پێشڕەوی دژی هەردوو جەمسەرە فاشیستییەکە لە ناوخۆی ئێرانە. دەبێ هەوڵ بدەین پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم بزووتنەوە دژەفاشیستییە بە یەکگرتوویی بێنینە مەیدانەوە.

*****

لە کوردستان، کۆمەڵە بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی خۆی لە دەورەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ و ساڵانی دواتر، بە پشتبەستن بە ئەزموونی خودی خەڵکی کوردستان و بە جەختکردنەوە لەسەر کۆڵەکە و بنەماکانی ستراتیژیی سۆسیالیستییە کە دەتوانێت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە ڕێڕەوی پێشڕەوی و سەرکەوتندا ڕێنوێنی بکات. کۆمەڵە لەو قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا، نەک لە ڕێگەی تەبلیغات و پەرەپێدانی باوەڕە کۆمۆنیستییەکان و خشت خستنە سەر خشت و دانە دانە کۆمۆنیستکردنی کرێکارانەوە، بەڵکوو لە ڕێڕەوی گرتنەبەری ستراتیژی و تاکتیکە سیاسییە دروستەکان و، کاتێک کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری خەڵک لە ئەزموونی عەمەلیدا دروستیی ستراتیژیی سیاسیی کۆمەڵەیان ئەزموون کرد و ئەم سیاسەتانە درانە بەردەم مەحەکی پراکتیکەوە، بوو بە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و لەگەڵ خۆیشیدا کۆمۆنیزمی کردە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی. لەو دەورەیەدا کادرەکانی کۆمەڵە بە بەشداریی چالاکانە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا نەک هەر پەیوەندی خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگا قووڵتر کردەوە، بەڵکوو بە گێڕانی دەوری ڕێکخەرانە، بوون بە ڕێبەرانی سیاسیی جێگەی متمانەی خەڵک. دوای ڕاپەڕینیش دروستکردنی دامەزراوە جەماوەرییەکان، بنکەکان، شۆراکان، جەمعییەتەکان و…یان خستە نێو دەستووری کاری خۆیانەوە. بۆ پووچەڵکردنەوەی گوشاری ڕەوتی ناسیۆنالیستی و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئایینییەکان، پشتیان بە ئامادەیی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەست. لە ڕووبەڕووبوونەوەی زەحمەتکێشانی دێ بەرامبەربە پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی لە ڕیزی زەحمەتکێشاندا ڕاوەستان و لەو شوێنانەی پێویست بوو، بۆ بەرگریکردن لە خۆیان چەکداریان کردن. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا زەمینەی بزووتنەوەیەکی مقاوەمەتی جەماوەرییان خۆش کرد، و لە بەرامبەر هەڕەشە جەنگییەکانی ئەم ڕژیمەدا توانا و پوتانسیەلی بەرگریی چەکدارانەی جەماوەرییان لە کوردستان ڕێک خست.

  • لە قۆناغی هەنووکەییدا بە پشتبەستن بەم ئەزموونانە و دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی خودی خەباتەکانی خەڵکی کوردستان، دەبێ زیانبەخشبوونی هەڵوێست و سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان کە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی حیسابیان لەسەر هێرشی سەربازیی دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە، بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. ئەم سیاسەتە جیا لەوەی ڕەگ و ڕیشەی لە بێ‌باوەڕیی قووڵی ئەوان بە هێزی خەباتی جەماوەردایە، خەڵکیش لە چاوەڕوانیی هێزی ڕزگاریدەر لە دەرەوەی سنوورەکان دەهێڵێتەوە. ئەم سیاسەتە لە نێوان بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سەرتاسەریدا درز و دووبەرەکی دروست دەکات. ئەزموونەکانی دەستتێوەردانی سەربازیی ئەمریکا نە لە ئەفغانستان، نە لە عێراق، نە لە لیبی و نە لە غەززە و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی دنیادا جگە لە کۆمەڵکوژی و وێرانکاری، تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەروەت و سامان و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا، هیچ ئاکامێکی دیکەی لێ نەکەوتووەتەوە.
  • بەپێچەوانەی ئەم حیزب و هێزانەوە کە هیوایان بە دەستتێوەردانی زلهێزە سەرمایەدارییە دەرەکییەکان بەستووە، لەئێستادا ڕێڕەوی پێشڕەوی لە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بریتییە لە پەرەپێدانی ڕێکخراوەیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دژی گرانی و هەژاری و بێکاری، کەمئاوی و بێ‌کارەبایی، دژی سیاسەتە شەڕخوازییەکان و هەروەها بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان. کادرەکانی کۆمەڵە دەبێ بە گێڕانی دەور لە بزوواندن و یارمەتیدانی ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەدا، ببن بە کەسایەتیی ناسراو و جێگەی متمانەی خەڵک.
  • لەم دەورەیەدا پەرەپێدانی ڕێکخستنی حیزبیی کۆمەڵە نەک لە ڕێگەی خشت خستنە سەر خشتەوە، بەڵکوو لە ڕێڕەوی گێڕانی دەور لە وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و یارمەتیدان بە ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە تێدەپەڕێت.
  • لە بەرامبەر ئاڵتەرناتیڤی حیزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ قۆناغی تێپەڕبوون کە باس لە حاکمییەتی حیزبەکان دەکەن و نوسخەی سیستەمی پەرلەمانی بۆ قۆناغی سەقامگیری دەپێچنەوە، ئێمە دەبێ بەڕوونی بڵێین کە حاکمییەتی حیزبە سیاسییەکان لە قۆناغی تێپەڕبوون و سیستەمی پەرلەمانی لە قۆناغی سەقامگیریدا، هەر وەک چۆن ئەزموونی کوردستانی عێراق بەڕوونی نیشانی داوە، خەڵک پەراوێز دەخات. لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا کۆمەڵە دەبێ لێبڕاوانە و پێداگرانە بەرگری لە دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی جەماوەر لە کوردستان بکات.
  • تەنیا بە پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و بە دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران، بە دروستکردنی کۆمیتەکان، بنکەکان، شۆراکان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە گوندەکان و گەڕەکی شارەکان، بە دروستکردنی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەڕەکەکان و… دەتوانرێت هەر چەشنە بۆشاییەکی ئیداری لە بەڕێوەبەری و ئیدارەکردنی کۆمەڵگادا کە بەهۆی لاوازیی دەوڵەتی ناوەندییەوە دروست دەبێت، بە بەڕێوەبەریی دامەزراوە جەماوەرییە هەڵقوڵاوەکان لە ناو جەرگەی خەڵکەوە پڕ بکرێتەوە. تەنیا بە دروستکردنی ئەم ڕێکخراو و دامەزراوە جەماوەرییانەیە کە لەگەڵ باشتربوونی هاوسەنگیی هێز، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان توانای ئەوەیان دەبێت لە خوارەوە و بە پشتبەستن بەم دامەزراوانە، ئیدارە و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بگرنە دەست.
  • کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان تەنیا بە خۆڕێکخستن و ڕێکخراوبوون لەناو بنکەکان، شۆراکان، کۆمیتەکان و دامەزراوەکانی دیکەی دەسەڵاتی جەماوەرییە کە لەگەڵ هەرەسهێنانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کوردستان، دەتوانن لە ئاستێکی جەماوەریدا چەکدار ببن و بە هێزی چەکداریی خۆیان پارێزگاری لە دەسەڵات و دەسکەوتەکانیان بکەن.
  • خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان تەنیا بە خۆڕێکخستن و ڕێکخراوبوون لە شۆراکان و دامەزراوەکانی دیکەی دەسەڵاتی جەماوەرییە کە دەتوانن بۆ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ بە پێداویستییە هەنووکەییە ئابوورییەکانی خەڵک و بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلاکەتی ئابووری نەخشە دابڕێژن، ئازادییە بێ‌قەیدوشەرتە سیاسییەکان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، یەکسانیی تەواوەتیی مافی ژن و پیاو، و جیابوونەوەی ئایین لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردن ڕابگەیەنن.
  • دەبێ لە بەرامبەر مەترسیی دووبەرەکی‌نانەوەی نەتەوەیی و ئایینی لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و کۆنەپەرستانی ناوچەییەوە بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکرێت. بۆ نموونە نابێ ڕێگە بدەین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆنەپەرستانی ناوچەیی لە نێوان نەتەوەکانی کورد و تورکدا درز و دووبەرەکی دروست بکەن و ئەم کەلێنانە بکەنە زەمینەی کێشە و تێکهەڵچوون. دەبێ هەر لەمڕۆوە بە پەرەپێدانی ڕۆحی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە نێوان خەڵکدا لە هەر نەتەوە و ئایینێک کە بن، زەمینەی سەرهەڵدانی ئەم درز و دووبەرەکییانە لەناو ببرێت.
  • شۆراکان و دامەزراوەکانی دیکەی دەسەڵاتی خەڵک لە کوردستان دەتوانن بە پشتبەستن بە ئامادەیی جەماوەر لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا ڕێگری لە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی گرووپ و حیزبە چەکدارەکان بکەن و پێشبردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی خەباتی سیاسی و بە شێوەیەکی شارستانییانە دەستەبەر بکەن. بەبێ ئامادەبوونی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسیدا ناتوانرێت حیساب لەسەر بەڵێنیی حیزبە ناسیۆنالیستەکان سەبارەت بە ڕەچاوکردنی ئازادییە سیاسییەکان بکرێت.
  • دەبێ دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان بدرێت کە دەسەڵاتی شۆرایی و بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە پرسی یاسادانان و کاروباری جێبەجێکردندا، بە باشترین شێوەی مومکین پێداویستییەکانی بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان دابین دەکات. تەنیا بە بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و تەواوی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان لە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیی کۆمەڵگادایە کە پرسی نەتەوەیی بە شێوەیەکی دیموکراتیک و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستاندا چارەسەر دەبێت و کۆتایی بە ستەمی نەتەوایەتی دەهێنرێت.
  • سەرەنج و تەرکیزی چالاکییەکانی ڕێبەریی کۆمەڵە و چالاکانی کۆمەڵە لە ناوخۆ، تەبلیغاتی سیاسی و سەرجەم چالاکییە میدیاییەکان، تەلەڤیزیۆن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڤار و ماڵپەڕەکان، دەبێ بەپێی پێداویستییەکانی ئەم دەورەیە لە خزمەتی پێشخستنی ئاراستەکان و ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکانەی سەرەوەدا بێت.

لەم ڕووەوە کۆمەڵە جارێکی دیکە بانگەوازی هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان، لاوان، ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان، ڕێکخراوەکان و چالاکانی بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەکات کە گەشە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە فۆڕمە جۆراوجۆرەکانیدا بدەن و لە دەوری ئاڵتەرناتیڤی حاکمییەتی شۆرایی جەماوەر لە کوردستان یەک بگرن.

*****

پەسەندکراوی پلینۆمی دووەمی کۆمیتەی ناوەندی

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

کە لە ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ٢١ی فێوریەی ٢٠٢٦ بەڕێوە چوو.