فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی نەورۆزیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵه بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی ۱۴۰۵
هەینی ۲۹-۱۲-۱۴۰۴   |  20-03-2026

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

ئەم ساڵ لە هەل و مەجێک دا پێ دەنێینە نەورۆز و ساڵی تازە، کە بەداخەوە، ساڵی رابردوو بۆ خەڵکی کوردستان و سەراسەری ئێرانیش ساڵێکی پڕ لە شەڕ و کوشتار و وێرانی بوو. ساڵێک کە تێیدا برسێەتی و هەژاری، هەڵاواردن و تەبعیز و نابەرابەری بارو دۆخی ژیانی کرێکاران و خەڵکی دەستەنگی گەلێک زیاتر پڕ ئێش و ئازار کردوە. بێگومان کۆماری ئیسلامی سەرمایە، هۆکار و بەرپرسی سەرەکی ئەو هەمووە نەهامەت و ژیانە پڕ ئێش و ئازارەیە کە بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران و کوردستانی داسەپاندوە. حکوومەتی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی کە بە سەدان میلیارد دولار لە بەرهەمی رەنج و کار و سەروەت سامانی کرێکاران و خەڵکانی زەحمەتکێشی بۆ مانی خۆی خەرج کردوە، ساڵهایە لە باری ئابووریەوە تووشی قەیران قووڵ وەرشکەستەیی بووە.

ئەم رژیمە دژی ئینسانیە کە هیچ مەشرووعییەتێکی لای خەڵک نییە و لە سەر دەریایەک لە رق و نەفرت و بێزاری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هەڵنیشتوە، دەزانی کە ماوەی تەمەنی بەسەر چووە و لە سێبەری خۆشی دەترسێ. کۆماری ئیسلامی کە ساڵهایە توانای جوابدانەوە بە ویست و داوخوازی سیاسی و ئابووری خەڵکی نەماوە، بۆ مانی خۆی دەست دەبا بۆ سەرکوت و کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە. دیتمان کە لە ئاخیزی جەماوەیی مانگی بەفرانباری رابردوو دا، ئەم رژیمە دژی ئینسانییە، بە فەرمانی عەلی خامنەیی قاتل، هێزە سەرکوتکەرەکانی لە گیان خەڵکی نارازی و وە گیان هاتوو بەردا و لە جنایەتێکی سامناک داهەزاران کەس لە خەڵکی نارازیان کوشت و دەیان هەزاریان بریندار کرد و زیاتر لە سەد هەزار کەسیان گرت و خستیانە زیندان و ژێر ئەشکەنجەوە.

رژیمی ئیسلامی بە هۆی سیاسەت و ستراتێژی چواردەیەی رابردووی لە پێک هێنانی تاقم و گروپی تیرۆریستی ئیسلامی بە مەبەستی دەست تێوەردان لە کار وباری وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها ستراتێژی هەوڵدان بۆ ساز کردنی چەکی ناوەکی، ساڵهایە بارودۆخی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش خستۆتە ژێر باری کەمەر شکێنی گەمارۆی ئابووریەوە. بە درێژەدان بەو سیاسەت و ستراتیژیە، رێگەی بۆ نتانیاهۆی نەسڵ کوژ و ترامپی شەڕخواز خۆش کرد تا بتوانن لە ساڵی ١٤٠٤ بە بەرپا کردنی دوو شەڕی جنایەتکارانە دژی کۆماری ئیسلامی، ژیانی خەڵک لە ئێران بخەنە مەترسیوە.

بە داخەوە ئێستا لە هەلومەرجێک دا پێ دەنێینە نەورۆز و ساڵی تازە کە سەدان هەزار بنەماڵە لە ئێران و کوردستان لە جیاتی جەژن و شادی، تازیەباری گیان لەدەست دانی ئازیزانیانن؛ ماڵیان وێران بوە و ئاوارە بوون. دیارە لەم شەڕە دا خامنەیی و دەیان بەرپرسی باڵای رژیمیش بوونە دەستەچیلەی ئاگری شەڕێک کە خۆیان لە بەرپا کردنی دا بەشدار بوون.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان!

ئێوە کە بە هۆی دەسەڵاتدارێتی رژیمی ئیسلامی زیاتر لە هەر کەس ژیانتان کەوتۆتە ناخۆشی و مەترسێوە، دەزانن کە بە کوژرانی خامنەیی و ئەو هەموە بەرپرسە باڵایانەی رژیم و سەرەڕای ئەو هەموە قەیرانانەش، حکوومەتی ئیسلامی نەرووخاوە. ئەم شەڕە جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئازادی خەڵکی کوردستان لە ئێرانیش، نە بەدەست تێوەردانی هێزە دەرەکیەکان و نە بە مووشەکباران و بۆمباران بە دی نایە. دامو دەزگا و ماشێنی کۆشتار و سەرکوتی رژیم نەوەستاوە. ئێوە باش دەزانن کە چارەنووس و داهاتووی عومری رژیم لە دەست ئێوە دایە کە ئەزموون و تەجروبەی زۆرتان لە تێپەڕاندنی قۆناغە دشوار و سەختەکاندا هەیە. لە هەلومەرجی ئێستا دا، ئێوە دەتوانن بە مانگرتنی سەراسەری لە ناوەندە سەنعەتیە سەرەکێکان دا، بە فەرمانی راگرتنی دەسبەجێی شەڕ و ئازادی زیندانیە سیاسیەکان و کۆتایی هێنان بە سەزای ئیعدام، هەموو دامو دەزگاکانی ئەم رژیمە جنایەتکارە ئیفلیج کەن. چینی کرێکار دەتوانێ بە مانگرتنێکی ئاوا هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و نارەزایەتیەکانی دیکەش بێنێتە مەیدان و بە هاوئاهەنگی یەکتر ئەم رژیمە گەندەڵ و لەرزۆکە بخەنە ناو زبڵدانی مێژۆوە.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، جارێکی دیکەش پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی بەهار و ساڵی تازە لە هەموو ئێوە کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکا. هیوادارین، خەباتی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بە رووخانی شۆڕشگێڕانە ئەم رژیمە کۆنەپەرەست و جنایەتکارە سەرکەوێ. ئاواتمان ئەوەیە کە ساڵی تازە ساڵێکی پڕ دەسکەوت و سەرکەوتن بەسەر کەندوکۆسپەکانی ژیان و خەبات بۆ هەمومان بێ؛ ساڵی پێشڕەوی و سەرکەوتنی یەکجاری لە خەبات و تێکۆشانمان بە سەرحکوومەتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بێ و ساڵی تازە ساڵی نەمان و رووخانی شۆڕشگێڕانەی رژیمی کۆنەپەرەست و جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە دەستی پڕ هێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخواز بێ.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

نەورۆزی ۱۴۰۵

مارسی ۲۰۲۶