فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی سەرکوت لەژێر سێبەری شەڕێکی وێرانکەر و کۆنەپەرستانەدا
شەممە ۰۱-۰۱-۱۴۰۵   |  21-03-2026

لە کاتێکدا کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە و کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە دۆخێکی شەڕەوە، هاوکات شەپۆلێکی نوێ لە ڕەشبگیری و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات دەستی پێ کردووە. ڕاپۆرت و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان دەریدەخەن کە لەم ڕۆژانەی دواییدا دەیان کەس لە پارێزگا جیاوازەکاندا بە تۆمەتی وەک “کردەوەی دژە ئەمنیەتی”، “هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل” یان “پەیوەندی لەگەڵ گرووپە نەیارەکانی ڕژێم” دەستبەسەر کراون. بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی دەستبەسەرکراوان و پەخشکردنی دانپێدانانی زۆرەملێش، بەشێکە لە سیاسەتی ئەمنییەتیی دەسەڵات بۆ خوڵقاندنی کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەدا. بەپێی ڕاگەیاندراوە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی ئیتلاعات هەواڵی دەستبەسەرکردنی لانی کەم دە کەس لە پارێزگای مازندەران، دە هاووڵاتی لە خۆراسانی ڕەزەوی و سێ کەس لە خوزستانی ڕاگەیاندووە. لە هەمان کاتدا سوپای پاسدارانی پارێزگای قوم ڕایگەیاندووە کە ١٣ هاووڵاتی لەم پارێزگایە بە تۆمەتی “کردەوەی دژە ئەمنیەتی” دەستبەسەر کراون. پۆلیسی ئەمنیەتی گشتیی فەراجاش باسی لە دەستبەسەرکردنی ٥٤ کەس کردووە، بەبێ ئەوەی شوێنی دەستبەسەرکردنەکەیان ئاشکرا بکات. هەروەها، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە چەندین هاووڵاتی لە ئازەربایجانی غەربی، ٢٥ کەس لە تاران و ٨ کەس لە هەمەدان دەستبەسەر کراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، تەنیا لە ماوەیەکی کورتدا لانی کەم ٩٠ هاووڵاتی لە پەیوەندی لەگەڵ کەشوهەوای شەڕ و پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەر کراون. لەگەڵ ئەوەشدا، پێ دەچێت ئەم ئامارانە تەنیا بەشێکی بچووک لە ڕاستییەکان نیشان بدەن. لە هەلومەرجێکدا کە کەشی وڵات بەتەواوی میلیتاریزە و ئەمنیەتی کراوە و هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە، زانیاری لەسەر زۆرێک لە دەستبەسەرکراوان بڵاو ناکرێتەوە. بنەماڵەکانیش زۆرجار بەهۆی ترس لە گوشاری زیاتر، خۆ لە ئاشکراکردنی دۆخی ڕۆڵە دەستبەسەرکراوەکانیان دەپارێزن.

پەرەسەندنی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان لە هەلومەرجی شەڕدا دیاردەیەکی لەناکاو و بەهەڵکەوت نییە. هەروەک پێشبینی دەکرا، کۆماری ئیسلامی دۆخی شەڕی قۆزتووەتەوە بۆ توندترکردنی کۆنترۆڵی سیاسی و سەرکوتکردنی نەیارانی. کەشوهەوای شەڕ دەرفەتێکی بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ڕەخساندووە تا هەر جۆرە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەک وەک “هاوکاری لەگەڵ دوژمن” پێناسە بکات. لە وەها دۆخێکدا، سنووری نێوان چالاکیی سیاسی، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و “کردەوەی ئەمنیەتی” بەکردەوە دەسڕێتەوە و دەزگا سەرکوتگەرەکان دەستکراوەتر دەبن بۆ پەلاماردان و سەرکوتکردنی کۆمەڵگە.

کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجی ئێستادا لە لایەکەوە لەژێر گوشاری هێرشە سەربازییەکان و مەترسیی داڕمانی ئابوورییە و، لە لایەکی دیکەشەوە کەوتووەتە ژێر گوشاری تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی وڵاتدا. ئاخێزی ئەم دواییەی مانگی بەفرانبار جارێکی تر سەلماندی کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە دژی دۆخی سیاسی و ئابووریی هەنووکەییە. لە وەها هەلومەرجێکدا، دەسەڵات هەوڵ دەدات بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی شەڕ، هەر جۆرە ئەگەرێکی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لەناوببات. هەڵکشانی ڕەشبگیرییەکان لە کاتێکدایە کە دۆخی زیندانەکان لە مێژە گەیشتووەتە قۆناغێکی قەیراناوی. گەلێک ڕاپۆرت باس لە قەرەباڵغیی زۆر، نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکی و دۆخی نالەباری ژیان لە زیندانەکاندا دەکەن. ئێستاش لەگەڵ درێژەی هێرشە سەربازییەکان، مەترسییەکی نوێ لەسەر گیان و ئاسایشی زیندانییان دروست بووە. ئەگەر هێرشەکان بەرفراوانتر ببن و هەندێک ناوەندی حکوومەتی بکرێنە ئامانج، ئەو زیندانانەی لە نزیک ئەم ناوەندانەن ڕەنگە بکەونە مەترسییەوە. لە دۆخێکی وەهادا، ئەگەری برینداربوون یان تەنانەت گیانلەدەستدانی زیندانییان زیاتر دەبێت. لە لایەکی دیکەشەوە، کەشوهەوای شەڕ دەتوانێت ببێتە زەمینەخۆشکەر بۆ توندوتیژیی ڕاستەوخۆ دژی زیندانییان.

مێژووی کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی کە لە قۆناغە قەیراناوییەکاندا، ئەم دەسەڵاتە هیچ سڵێکی لە کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی نەکردووەتەوە. هەر بەم هۆیەشەوە مەترسی لەسەر گیانی زیندانییانی سیاسی لە هەلومەرجی ئێستادا تەواو جدییە. بڵاوکردنەوەی دانپێدانانە تەلەفزیۆنییەکان، یەکێکە لە ئامرازە کۆنەکانی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕای گشتی. ئەم دانپێدانانە زۆرجار بە مەبەستی خوڵقاندنی کەشی تۆقاندن لە کۆمەڵگە و پێدانی ڕەوایەتی بە ڕەشبگیرییەکان ساز دەکرێن. لە هەلومەرجی شەڕدا، ئەم ئامرازە ڕۆڵێکی گرنگتر دەگێڕێت. میدیاکانی سەر بە دەسەڵات بە لکاندنی تۆمەتی وەک “سیخوڕی”، هەوڵ دەدەن هەر جۆرە دژایەتییەکی سیاسی وەک “هاوکاری لەگەڵ دوژمن” لە قەڵەم بدەن. ئەم شێوازە پڕوپاگەندەیە، لە ڕاستیدا بەشێکە لە شەڕی دەروونیی ڕژێم دژی کۆمەڵگە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموون نیشانی داوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە گەلێک جار شایەدی دانپێدانانی زۆرەملێ و دۆسیەسازییە ئەمنییەکان بووە، جەماوەر هیچ بەهایەک بۆ ئەم گێڕانەوە چەواشەکارانەیە دانانێت. لە شەڕی ئێستادا، لە لایەکەوە بۆردومانی بێوچانی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل، گیان، ژیان و ئاسایشی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە حکوومەتی ئیسلامی بە پەرەپێدانی سەرکوت و ڕەشبگیری و ئەمنیەتی کردنی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەر ئەم جەماوەرەی پتر لە جاران خستووەتە ژێر گوشارەوە. لە ئەنجامدا، جەماوەری خەڵک لە هەردوو بەرەی ئەم شەڕ و قەیرانەدا دەبنە قوربانی.

لە وەها دۆخێکدا، بەرگریکردن لە ئازادیی زیندانییانی سیاسی و پاراستنی گیانی زیندانییانی ئاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتگەری، گرنگییەکی تایبەت پەیدا دەکات. بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی دەستبەسەرکراوان، ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە. لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە کۆمەڵگە لەژێر مەنگەنەی شەڕ و کاولکاری، گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و پەرەسەندنی سەرکوتگەریدایە، قایمکردنی ڕیزەکانی یەکگرتوویی و هاوپشتی و بەزیندوو هێشتنەوەی هیوای گۆڕانکاری، ڕەمزی دەربازبوونە لەم قەیرانەی ئێستا. بەڵام هیوای گۆڕانکاری و دەربازبوون لە قەیرانی شەڕ، پێویستە خۆی لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ گۆڕانکاریدا نیشان بدات. تێکۆشانی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر بۆ ڕێکخستنی مانگرتنە کرێکارییەکان و مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان —کە هاوکات ناوەندە بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزارییەکان، چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە و بە بەشداریی بەرفراوانی جەماوەر شارەکان دابخات— بە خواست و دروشمی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئازادیی بێمەرجی سەرجەم زیندانییانی سیاسی، دەتوانێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر گوشارێکی توندەوە و ماشێنی شەڕ و سەرکوتگەریی ئەم ڕژێمە جەنایەتکارە ڕابگرێت.