فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بە یادی گیانبەختکردووانی تیمی پزیشکیی ڕەوانەکراو لە سنەوە بۆ تورکمەن سەحرا، بژی هاوپشتیی خەباتکارانەی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران
شەممە ۰۸-۰۱-۱۴۰۵   |  28-03-2026

ڕۆژی ٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، ٩ کەس لە کەسایەتییە خۆشەویست و ناسراوەکانی شاری سنە، ٩ چالاک و تێکۆشەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، ٩ خەباتکاری کۆمۆنیست و ئینساندۆست هاوڕێیان: فایزە قۆتبی، گوڵڕیز قۆبادی، فەریدە زەکەریایی، جەمیل زەکەریایی، جەمیل سەجادی، ئیسماعیل عەلی پەنا، ڕەئوف کەمانگەر، ئەسعەد وەزیری و فەتحوڵڵا لوتفوڵڵا نەژادیان گیانی خۆیان لەڕێگای ئامانج و ئارمانە ئینسانییەکانیان فیدا کرد. ٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەت بۆ خەڵکی تێکۆشەری سنەی سوور، وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژانی غەم و لە هەمانحاڵدا وەبیرهێنەرەوەی هاوپشتیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە لەگەڵ خەباتی باقی ستەملێکراوانی هاوچارەنووسیان لە شوێنەکانی تر.

سەرەتاکانی بەهاری ساڵی ١٣٥٨ کە ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی ئێران بارگە و بنەی دیکتاتۆری و ستەمی ڕژیمی پەهلەویی تێکەوەپێچابوو، لە بارودۆخێکدا کە هێستا دوو مانگ لە هاتنە سەر کاری ڕژیمی ئیسلامی تێپەڕ نەببوو و لە هەلومەرجێکدا کە هێستا گوڕوتینی شۆڕش و جۆش و خرۆشی خەڵکی شۆڕشگێڕ و ڕاپەڕیوی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانج و داخوازییە وەدینەهاتووەکانیان لە ئارادابوو، خەڵکی ستەملێکراو و مافخوازی تورکمەن سەحرا لەڕێگەی ڕێکخستنی شۆراکانیانەوە بەرانبەر بە ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو دەستیان دایە موقاومەت و بەرەنگاربوونەوە و خەبات. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی کە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە سوور بوو لەسەر سەرکوتکردنی شۆڕش و خەڵکی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران، سەرەتا بەپێی پیلانێکی جەنایەتکارانە و خوێناوی چوار کەس لە ڕێبەرانی خەباتی خەڵکی تورکمەن سەحرای بە ناوەکانی (شیر محەممەد درەخشەندە ناسراو بە توماج، عەبدولکەریم مەختوم، حسێن جرجانی و محەممەد واحدی)ی کوشت و پاشان هێرشی کردە سەر تورکمەن سەحرا و بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە دەستی کرد بە سەرکوتی خەڵکی ئازادیخواز و دەستکەوتەکانیان. خەڵکی خەباتکار و مافخوازی تورکمەن سەحرا بەرانبەر بەم هێرشە و بۆ دیفاع لە ئازادی و مافە ڕەواکانی خۆیان دەستیان دایە موقاومەت و خۆڕاگری.

لە هەمان حاڵدا لە کوردستانیش موقاومەتێکی بەرین و جەماوەری بەرانبەر بە داگیرکاریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەئارادابوو و ڕۆژ بەر ڕۆژ زیاتر گەشەی دەکرد و ڕادیکاڵتر و سازماندراوتر دەبووەوە. کۆمەڵە کە خەباتی خەڵکی بێبەش و ستەمدیدەی تورکمەن سەحرای بە عادڵانە و ڕەوا دەزانی، یارمەتی و پشتیوانی لەم حەرەکەتە مافخوازانەیەی بە ئەرکی خۆی زانی و هاوپشتیی لێبڕاوانە و کردەوەیی خۆی لەوەدا بینی کە دەستبەجێ یارمەتییان بدات. لە وڵام بە وەها زەروورەتێک، کۆمەڵە بەیارمەتی و پشتیوانیی بێدەریغی خەڵک لە کەمترین کاتدا بە پێکهێنانی تیمێکی پزیشکی نۆ کەسی و بە دابینکردنی دەرمان و ئیمکاناتی پێویست لەم بوارەدا، کاروانێکی یارمەتیی خەڵکی شاری سنەی بۆ خەڵکی تورکمەن سەحرا سازماندا و ڕەوانەی ئەم ناوچەیەی کرد.

ئەم تیمە پزشکییە کە بە گوڕوتینی شۆڕشگێڕانەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی بێبەش و جەماوەری خەباتکار و مافخوازی تورکمەن سەحرا دژبە کۆنەپەرستی و دیکتاتۆریی ئیسلامی کەوتبووە ڕێ، بەداخەوە نەگەیشتە شوێنی مەبەست و لە ڕێگادا بەهۆی کارەساتێکی هاتووچۆوە هەموو هاوڕێیان گیانیان بەختکرد. تەرمی ئەم ئازیزانە لەناو غەم و پەژارەی بەرینی خەڵکی شاری سنە و ناوچەکانی دەوروبەر و بە بەشداریی دەیان هەزار کەس لە جەماوەری خەڵکی کوردستان بە خاک سپێردرا. بەڵام هیچکات یادو بیرەوەرییان لەبیر نەکرا.

ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئەم هاوڕێیانەیان دەناسی، دەزانن کە مەرگی ئەم ئازیزانە لەو سەردەمدا و لە ڕۆژ و مانگەکانی سەرەتای شکڵگرتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لەو قۆناغە هەستیارەدا چ غەمێکی ناخهەژێن و چ خەسارێکی گەورە بوو. زۆرێک لە خەڵکی شاری سنە و ئاواییەکانی دەوروبەر ئەم ئازیزانەیان دەناسی. هەرکامیان لەبواری کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆرەوە چالاکییان دەکرد. ئەوان کرێکار، موعەلیم، فەرهەنگی و پزیشک بوون. خەڵکی شار و دێ لەگەڵ سیمای خۆشەویستیان لەگەڵ زەحمەتی شەووڕۆژیان و لەگەڵ دڵسۆزیی بێ چاوەڕوانییان ئاشنابوون. ئەوان ئەو مرۆڤە دەردئاشنایانە بوون کە ژیانیان بۆ ڕزگاریی ئینسان لە ستەم و چەوسانەوە تەرخانکردبوو و هەر بەم ئەنگیزەشەوە چووبوونە ناو ئەم تیمەوە. ئەوان خزمەت بە ستەملێکراوان و بێبەشانیان لەماوەی ژیانی خەباتکارانەیاندا تەجروبە کردبوو و هەربۆیە وجوود و حزووریان لە هەموو شوێنێک کاریگەر بوو. ئەوان ئەمجارەیان ویستبوویان بۆ خزمەت بە خەباتێکی مافخوازانەی دیکە لە گۆشەیەکی تری ئەم گۆی زەوییە دەرکەون و خۆبەخشانە ئەم مەئمووریەتەیان هەڵبژاردبوو.

ئەم مرۆڤە شۆڕشگێڕ و فیداکارانە زۆر لەوەیکە هەتا ئەوکات نیشانیان دابوو، زەرفیەت و توانای خەباتکارییان بوو. بەداخەوە هەڵسووڕان و فیداکارییان زۆری نەخایاند کە بتوانن لەسەر ڕەوتی خەباتی جەماوەری ناڕازی دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی زیاتر کاریگەر بن. ئەگەرچی ئەوان زۆر زوو گیانیان بەختکرد، بەڵام مەرگیان دەرسێکی گەورەی لە هاوپشتی و وەفاداری بە ئارمانی یەکسانیخوازی و ئینساندۆستی بەجێ هێشت و ناویان بۆ هەمیشە لە مێژووی خەباتی کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ستەمدیدە و مافخوازی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

ئەم ئازیزانە لە پێناو یارمەتیدان و پتەوکردنی هاوپشتی لەگەڵ گەلانی دیکەی چەوساوەی ئێران و بە بەخشینی گیانی خۆیان، لاپەڕەیەکی دیکەی پڕ لە شانازییان بۆ مێژووی بەرخۆدان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کرد. با ڕێگە نەدەین هەندێک ڕەوت بە کەڵک وەرگرتن لە ناوی “کۆمەڵە” و بە ناوی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستانەوە، لە ڕێگەی دەربڕینی ئامادەییان بۆ بوون بە پاشکۆ و سەربازی پیادەی پڕۆژە ئەگەرییەکانی دەوڵەتە فاشیستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زیان بەم مێژووە پڕ لە شانازییە بگەیەنن.

یاد و بیرەوەریی هاوڕێیانی ئازیز: فائیزە قوتبی، گوڵڕیز قوبادی، فەریدە زەکەریایی، جەمیل زەکەریایی، جەمیل سەجادی، ئیسماعیل عەلی‌پەنا، ڕەئووف کەمانگەر، ئەسعەد وەزیری و فەتحوڵڵا لوتفوڵڵانژادیان، هەمیشە لە دڵی خەڵکی تێکۆشەر و جەماوەری چەوساوە و مافخوازی سەرانسەری ئێران و لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و مێژووی خەباتی خەڵکی تورکمەن سەحرادا زیندووە. با بە درێژەدان بە ڕێگەکەیان، یادی ئەم ئازیزانە بەرز ڕابگرین.