
سەرکوتی چالاکانی بزووتنەوەی مامۆستایان لە هەلومەرجی جەنگیدا، نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانە لە پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی دەسەڵاتداردا و دەرخەری ترسی ڕژێمە لە هەوڵە ڕێکخراوەییەکان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی هاوپشتی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر نەزمی زاڵ. لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگە لەلایەکەوە لەژێر زەبری بۆردومانەکاندایە و لەلایەکی دیکەشەوە بەرەوڕووی سەرکوتی سیستماتیکی هێزە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵکشان و پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری بووەتەوە، ئەم ڕاستییە زیاتر لە جاران زەق دەبێتەوە کە باری قورسی ئەم قەیرانە لەسەر شانی خەڵک، بەتایبەتی چینی کرێکار و زەحمەتکێشانە. ئەوەی بە هێرشکردنە سەر ماڵی چالاکانی بزووتنەوەی مامۆستایان ڕووی دا، تەنیا بەشێکە لە پرۆسەیەکی بەرفراوانتر کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردن و خنکاندنی هەرچەشنە شکڵگرتنێکی وشیاری و خۆڕێکخستنی سەربەخۆیە لە نێو ڕیزەکانی هێزە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ڕاپۆرتەکانی “ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان” سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر ماڵی چالاکانی بزووتنەوەی مامۆستایان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لەگەڵ پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە کەسییەکانیان، لە بەستەرێکدا ڕوو دەدەن کە تیایدا هەرچەشنە چالاکییەکی سەربەخۆ وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەژمار دەکرێت. دەستبەسەرکردنی بەشێک لەم چالاکانە و بێئاگایی بنەماڵەکانیان لە چارەنووسیان، ڕەهەندێکی دیکەی ئەم سەرکوتگەرییە نیشان دەدات؛ ڕەهەندێک کە ئامانج لێی دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، گۆشەگیرکردن و پێشگرتنە لە بەرفراوانبوونی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی. هێزەکانی سەرکوت لەم دۆخە جەنگییەدا وەک ئامرازێک بۆ پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و هەژموونی چینایەتی کار دەکەن. کاتێک مامۆستایان، وەک بەشێک لە چینی کرێکار، هەوڵ دەدەن داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە سەربەخۆکاندا دەربڕن، ئەم کارە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ململانێ و دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندییە پێکهاتەییەکانی سیستەمەکە. چونکە پەروەردە، تەنیا گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو سەکۆیەکە بۆ شکڵگرتنی وشیاریی ڕەخنەگرانە. هەر بۆیە، سەرکوتی مامۆستایان دەبێ وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئەم وشیارییە لێک بدرێتەوە.
ئەم سەرکوتگەرییە لە هەلومەرجێکدا چڕتر دەبێتەوە کە کۆمەڵگە هاوکات بەرەوڕووی دەرهاویشتەکانی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و وێرانگەریش بووەتەوە. شەڕ، هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی ئەولەوییەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەکار هێنراوە. لە وەها دۆخێکدا، سامان و سەرچاوە گشتییەکان لەبری ئەوەی بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تەرخان بکرێن، دەخرێنە خزمەت ئامانجە سەربازییەکانەوە و کەشوهەوای ئەمنیش دەبێتە بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان. ئەم دۆخە، زەمینە بۆ توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵ و سەرکوت خۆش دەکات. ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە دەوڵەتان لە بارودۆخە قەیراناوییەکاندا، بەتایبەتی لە کاتی شەڕدا، پاوانکردنی دەسەڵات و کپکردنی دەنگی ڕەخنەگر و ناڕازی دەکەنە بەشێک لە ستراتیژیی خۆیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە.
لەم نێوەندەدا، خەڵکی ئاسایی و بەتایبەتی چینە چەوساوەکان، زۆرترین زیانیان بەر دەکەوێت. ئەوان نە لە بڕیارە گەورە سیاسی و سەربازییەکاندا ڕۆڵیان هەیە و نە لە دەرهاویشتەکانیشی قازانج دەکەن. بۆردومانەکان، کۆمەڵکوژیی مرۆڤە بێدەرەتانەکان، ئاوارەیی، هەڵکشانی بێکاری و گرانی و هەژاری، کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سەرکوتی سیاسی، هەموویان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە. ئەم سێ لایەنە واتە شەڕ، پەرەسەندنی سەرکوت و بەرفراوانبوونی ڕەهەندەکانی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دۆخێکی خوڵقاندووە کە تیایدا خەڵک لە هەموو لایەکەوە لەژێر گوشاردایە. لە وەها دۆخێکدا، شیکاریی چینایەتی گرنگییەکی تایبەتی پەیدا دەکات، چونکە نیشانی دەدات کە چۆن بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار، چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە دژایەتیی تەواودایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵک.
مامۆستایان لەم نێوەندەدا پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. ئەوان نەک هەر بەشێکن لە چینی کرێکار و هێزی کار، بەڵکوو ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتن و ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا دەگێڕن. دژایەتیکردنی شەڕ لەلایەن بزووتنەوەی مامۆستایانەوە و داواکارییەکانیان، لە کرێی کارەوە بگرە تا ئاسایشی پیشەیی، مافی خۆڕێکخستن، و پەروەردەی بێبەرامبەر (خۆڕایی)، ڕەگ و ڕیشەی لە نێو پێکهاتە نایەکسانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندایە. هەر بەم هۆیەشەوە، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ خۆڕێکخستنی سەربەخۆیان، بەرەوڕووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە. سەرکوتی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان دەبێ لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا، واتە وەک بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە شکڵگرتنێکی هێزی بەکۆمەڵ و پەرەسەندنی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا شیکاری بکرێت. سەرەڕای ئەمانەش، مێژوو نیشانی داوە کە سەرکوتگەری، هەرچەندە ڕەنگە لە ماوەی کورتدا ببێتە کۆسپ لەبەردەم پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکاندا، بەڵام لە ماوەی درێژخایەندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری و تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان. لە وەها هەلومەرجێکدا، زەروورەتی هاوپشتی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی چینی کرێکار و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە زیاتر لە جاران هەستی پێ دەکرێت. مامۆستایان، کرێکاران، پەرستاران، شۆفێران و تەواوی توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکە، هەموویان بەرەوڕووی شێوازە جۆراوجۆرەکانی چەوسانەوە و سەرکوت بوونەتەوە. گرێدانی ئەم خەباتانە بە یەکترەوە و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو، دەتوانێت ببێتە زەمینەخۆشکەری گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان.
ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانە، ئەوە دەخوازێت کە هاوکات لەگەڵ ڕەخنەگرتن و ئاشکراکردنی سەرکوتگەرییەکان، ماهییەتی سیاسی و چینایەتیی شەڕیش بدرێتە بەر ڕەخنە. ناکرێت یەکێکیان پشتگوێ بخرێت و ئەوەی دیکەیان زەق بکرێتەوە. هەردووکیان لە کۆتاییدا دەبنە هۆی لاوازکردنی پێگەی خەڵک و بەهێزکردنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتداریەتی. هەر بۆیە، خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری، پێویستی بە تێڕوانینێکی گشتگیر و فرەڕەهەند هەیە کە بتوانێت لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دۆخە تێبگات و شیکارییان بکات. لە کۆتاییدا، ئەوەی لە هەلومەرجی ئێستادا گرنگە، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشە پێکهاتەییەکانی ئەم قەیرانانە و هەنگاونانە بەرەو دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤە ڕاستەقینەکان. پەرەپێدانی وشیاریی چینایەتی، خۆڕێکخستن و بەهێزکردنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی لەپاڵ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری، سێ بنەمای سەرەکیی ئەم ڕێگەیەن. بەبێ ئەم بنەمایانە، هەر جۆرە بەرخۆدانێک لە بەرامبەر سەرکوت و گوشاردا، پەرتەوازە و ناسەقامگیر دەبێت.
سەرکوتی چالاکانی پیشەییی مامۆستایان لە هەلومەرجی جەنگیدا، وێنەیەکی چڕی بارودۆخی گشتیی کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو؛ بارودۆخێک کە تیایدا ناکۆکییە چینایەتییەکان، بۆردومانی هێزە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدان بەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و قووڵبوونەوەی قەیرانە ناوخۆییەکان، بە یەکترەوە گرێ دراون. لە وەها دۆخێکدا، هاواری “نا بۆ ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە”، بەرگریکردن لە مافەکانی مامۆستایان، پارێزگاری لە مافی خۆڕێکخستن و بەرگریکردن لە ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و یەکسانیی مرۆڤەکان، نەک تەنیا کۆمەڵێک داواکاریی لێکدابڕاو نین، بەڵکوو بەشێکن لە خەباتێکی بەرفراوانتر بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی و هەژموونی هێزە ئیمپریالیستییەکان.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran