فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان پارێزەری شێلگیری مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان
شەممە ۱۵-۰۱-۱۴۰۵   |  04-04-2026

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، وەک هێزێکی پێداگر و جێگیر لە خەبات بۆ ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی، لە بەرامبەر پڕۆژەی حیزب و هێزە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕاپەڕینی جەماوەر لە شارەکانی کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە قۆناغی تێپەڕبوون و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە لە ئێستاوە ئەو حیزب و هێزانە موعەزە و بانگەشەی بۆ دەکەن، سیستەمی شۆرایی بە باشترین و بەردەستترین ئامرازی دەستێوەردانی سەرجەم تاکەکانی خەڵک وەک یاسادانەر و جێبەجێکاری یاسا لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەزانێت. شۆرای هاوکاری لەو بڕوایەدایە لە هەلومەرجێکدا کە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەیوەندییەکانیان فراوان کردووە و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییان لە هەموو بوارەکاندا بۆ هەموان مسۆگەر کردووە، سیستەمی شۆرایی پرسی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی کرێکاران، زەحمەتکێشان و جەماوەری چەوساوەی کوردستان لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگەدا زیاتر لە جاران ئاسان کردووە و کردوویەتی بە ئیمکانێکی کردەیی. بەڕێوەبردنی شۆرایی کۆمەڵگە دەتوانێت ڕێگری بکات لە جێگیربوونی سیستەمێکی بیڕۆکراتیک کە دووبارە خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێتەوە و بیانکاتە بینەری بێدەسەڵاتی گۆڕەپانی سیاسەت. ئەو خەڵکەی لە سیستەمی شۆراییدا خۆیان ڕێکدەخەن، خۆیان هەم یاسادانەر و هەم جێبەجێکاری یاساش دەبن. لەم سیستەمە حکومەتییەدا، سەرجەم کاربەدەستە ئیداری، سیاسی و قەزاییەکان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەر کاتێک زۆرینەی دەنگدەران ئیرادە بکەن، لە هەر کاتێکدا بن دەتوانن لەسەر کاریان لابەرن. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لەمێژە هێڵە گشتییەکانی مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕاگەیاندووە و شێلگیرانە خەباتی بۆ دەکات.

  • لە کوردستانێکی ئازادکراودا، سەرجەم ئەو یاسا و دامەزراوانەی کە هێما یان پارێزەری ستەمی نەتەوەیین، هەڵدەوەشێندرێنەوە، و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە واتای ئازادیی جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بە فەرمی دەناسرێت. حکومەتی شۆرایی لەگەڵ پێداگری لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنووسیی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری ئێران، سەرجەم مەرج و پێداویستییەکانی ڕیفراندۆمێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ کەڵک‌وەرگرتنی هۆشیارانەی خەڵکی کوردستان لەم مافە، دابین و مسۆگەر دەکات. ئەگەر بە دابینکردنی کردەیی و ڕاستەقینەی مەرج و پێداویستییەکانی سەرەوە، خەڵکی کوردستان ئازادانە بڕیار بدەن کە لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا بمێننەوە، لەم حاڵەتەدا مافی یەکسانی خەڵکی کوردستان لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئیداریی کۆمەڵگەدا دابین و مسۆگەر دەکرێت.
  • ئازادییە بێ شەرت و مەرجە سیاسییەکان، ئازادیی بیروباوەڕ و بانگەشەکردنی، ئازادیی ڕادەربڕین و چاپەمەنی، ئازادیی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، خۆپیشاندان، مانگرتن، ئازادیی پێکهێنانی حیزب و چالاکیی سیاسی، پێکهێنانی شۆرا، سەندیکا و هەر جۆرە ڕێکخراوێکی پیشەیی، سیاسی و جەماوەری. ڕەخساندنی دەرفەتی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە میدیا جەماوەرییەکان، بڵاوکراوەکان، تۆڕەکانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن، و هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە سانسۆرێک؛
  • مسۆگەرکردنی بژێوی و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بەپێی ستانداردەکانی جیهانی ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی شۆرایی لە کوردستان، دابینکردنی بیمەی بێکاریی گونجاو بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ١٦ ساڵە و ئامادەی کارن، و سەرجەم ئەو کەسانەی بە هۆکاری جەستەیی یان دەروونی توانای کارکردنیان نییە. مسۆگەرکردنی پەروەردە، تەندروستی و چارەسەری پزیشکیی بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتییان، دابینکردن و مسۆگەرکردنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە، دابینکردنی ژیان و خۆشگوزەرانی بۆ کەمئەندامان و ڕەخساندنی پێداویستییەکان بۆ خۆدەرخستنی کۆمەڵایەتییان لەلایەن دەوڵەتەوە، دابینکردنی ژیان و خۆشگوزەرانی بۆ بەساڵاچووان و دروستکردنی شوێنی گشتی و گونجاو بۆ چاودێریکردنیان؛
  • جیاکردنەوەی تەواوەتیی ئایین لە دەوڵەت و لە پەروەردە و فێرکردن. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا ئایینییەکان، داخستن و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە و دەزگا ئایینییە حکومییەکان. هەڵوەشاندنەوەی توندی هەر جۆرە ئیمتیاز و هەڵاواردنێک لە دامەزراندنی حکومی و مافی تاکەکان لەسەر بنەمای باوەڕبوون یان باوەڕنەبوونیان بە ئایین، هەڵوەشاندنەوە و قەدەغەکردنی توندی پێدانی یارمەتیی دارایی و نادارایی لەلایەن حکومەتی شۆراییەوە بە چالاکی و دامەزراوە ئایینییەکان، هیچ ئایینێک وەک ئایینی فەرمی لە کوردستان بە فەرمی ناناسرێت، ئایین وەک مەسەلەیەکی تایبەتیی تاکەکان سەیر دەکرێت و سەرجەم تاکەکان لە کوردستاندا ئازادن لە هەڵبژاردنی هەر ئایینێک یان نەبوونی هیچ ئایینێک؛
  • سڕینەوەی تەواوەتیی هەر جۆرە هەڵاواردن و ستەمێکی ڕەگەزی لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا دژەژن و جیاکارییەکان، ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی یەکسانیی تەواوەتیی مافەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە سەرجەم گۆڕەپانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و خێزانییەکاندا. ژنان لە هەڵبژاردنی پۆشاک ئازادن و هەر جۆرە مەرجێکی فەرمی یان نافەرمی لەسەر پۆشاکیان قەدەغەیە. سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی بێ شەرت و مەرجی یاسا و فۆرمە هەڵاواردنەکان دژی ئینتیما و مەیلە سێکسی و ڕەگەزییەکان، بەفەرمیناسینی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان، سڕینەوەی مۆری تاوانکاری لەسەر گشت مەیل و ئینتیما ڕەگەزییەکان و پابەندبوونی بێ قەید و مەرج بە سەرجەم مافەکانی ژنان بەسەر جەستە و چارەنووسی خۆیاندا؛
  • مافی دەنگدانی گشتی، یەکسان، ڕاستەوخۆ و نهێنی بۆ سەرجەم تاکەکانی سەرووی ١٦ ساڵ بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ئینتیمای ئایینی، نەتەوەیی و باوەڕی سیاسی. مافی هەر تاکێکی سەرووی ١٨ ساڵ بۆ هەڵبژێردران لە هەر دامەزراوە و ئۆرگانێکی نوێنەرایەتیدا؛ یەکسانیی تەواوی مافە یاساییەکانی سەرجەم تاکەکان لە کوردستان بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوە، ئایین، ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی سیاسییان؛ زمانی کوردی بە فەرمی لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستان دەخوێندرێت و لە فەرمانگە دەوڵەتییەکان، دامەزراوە فەرهەنگی و هونەرییەکان و ڕاگەیاندنە جەماوەرییەکاندا بەکار دەهێندرێت؛ لە کوردستانێکی ئازادکراودا پەنابەرانی سیاسی بێ شەرت و مەرج وەردەگیرێن. هەر کرێکارێکی کۆچبەر یان هەر پەنابەرێک خاوەنی مافی تەواو و یەکسان دەبێت لەگەڵ دانیشتووانی دیکەدا؛
  • قەدەغەکردنی کاری پیشەیی (کرێگرتەیی) بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ. مسۆگەرکردنی بەهرەمەندبوونی سەرجەم منداڵان لە پەروەردە و تەندروستیی بێبەرامبەر و دابینکردنی سەلامەتی و شادی و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەکردن و پێگەیشتنیان. بە تاوانی جینایی زانینی هەر جۆرە دەستدرێژی و سوءئیستیفادەیەکی سێکسی بۆ سەر منداڵان و پاراستنی منداڵان لەلایەن حکومەتی شۆرایی لە کوردستان. منداڵان، جا لە ناوەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری لەدایک بووبن یان لە دەرەوەی، دەبێت خاوەنی یەکسانیی مافی تەواوەتی بن؛
  • کەمکردنەوەی کاری هەفتانە بۆ لانی زۆر ٣٥ کاتژمێر و دیاریکردنی لانی کەم دوو ڕۆژ پشووی لەسەریەک لە هەر هەفتەیەکدا، دیاریکردنی لانی کەمی حەقدەستی فەرمی بە ڕەزامەندیی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران لەسەر بنەمای تێچووی دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە و مرۆڤانە و زیادکردنی بەپێی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە، قەدەغەکردنی دەرکردنی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەوە، قەدەغەکردنی شەوکاری لە سەرجەم بوارەکاندا جگە لەو بوارانەی کە بە هۆکاری تەکنیکی یان خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی شەوکاری تێیاندا پێویستە، مسۆگەرکردنی سەلامەتی و تەندروستیی ژینگەی کار و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ژینگەی کار بۆ نزمترین ئاستی گونجاو، بیمەی تەواوی کرێکاران لە بەرامبەر پێکان و زیانەکانی ناشی لە کار، حەقدەستی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان لە بەرامبەر کاری یەکساندا، پێکهێنانی دەستەکانی چاوەدێریی کرێکاری بە هەڵبژاردنی خودی کرێکاران؛
  • دادوەران، دادگاکان و سیستەمی دادوەری دەبێت لە ڕووی یاساییەوە سەربەخۆ بن. بنەما لە سەرجەم دادگاییکردنەکاندا بێتاوانیی تۆمەتبارە. بەهرەمەندبوون لە دەرفەتی پێداچوونەوە و دادگاییکردنی دادپەروەرانە و هەبوونی پارێزەر مافی هەر تاکێکە. هەر جۆرە ئەشکەنجە، تۆقاندن، سووکایەتیپێکردن، فشاری دەروونی و فیکری بۆ سەر تاکەکان قەدەغەیە و ئەنجامدانی بە تاوان هەژمار دەکرێت. هەر جۆرە دانپێدانانێکی زۆرەملێ بێ‌ئیعتیبارە؛
  • مافی ژیان بنەڕەتیترین مافی مرۆڤە. سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی لەژێر هەر هەلومەرجێکدا قەدەغەیە. تاکەکان دەبێت لە هەر جۆرە دەستدرێژییەکی جەستەیی و دەروونی پارێزراو بن؛
  • سەرجەم زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی دەبێت دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێن و بە تاوان‌ناساندنی چالاکیی سیاسی دەبێت قەدەغە بکرێت؛
  • فەرماندەران و بکەرانی سەرکوت و ئازاردانی خەڵک دەبێت دەستگیر بکرێن و لە دادگای عەلەنی و ئاشکرادا دادگایی بکرێن؛
  • ڕێگریکردن لە وێرانکردنی ژینگە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و بەرنامەداڕشتنی درێژخایەن بۆ پاراستنی ژینگە و سەرچاوە ژیانییەکانی وەک ئاو، خاک و هەوای پاک؛
  • حکومەتی شۆرایی خەڵکی کوردستان پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە کرێکاری، سۆسیالیستی و ئازادیخوازەکان لە سەرتاسەری جیهان و پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان لە بەشەکانی دیکە بۆ ئازادی و ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی بە ئەرکی خۆی دەزانێت؛
  • دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم دامەزراوە پیشەسازی و بازرگانییەکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دەستبەسەرداگرتنی وەقفەکان و سەپاندنی باجی هەڵکشاو (مالیاتی تەساعودی) بەسەر میرات و ساماندا و بەسەر ئەو داهاتانەی کە لە خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕەوە بەدەست دێن، چاودێریی شۆرا دیموکراتیکەکانی خەڵک بەسەر پرۆسەی دابەشکردنی کاڵاکاندا

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان هەوڵ دەدات سەرجەم داواکاری، ماف و ئازادییەکانی خەڵک کە بەشێکیان لەم جاڕنامەیەی سەرەوەدا هاتوون، ببنە بنەمایەک بۆ داڕشتنی دەستووری بنەڕەتیی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە شەکاندنەوەی ئاڵای داواکارییە ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەکانی خەڵکی کوردستان، لە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان و سەرجەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە سەرتاسەری ئێراندا، بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکومەتی شۆراکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان و هەژاران و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان کە تێیدا سەرجەم سامانی وڵات و سەرچاوە دەوڵەمەندە سروشتییەکان بخرێنە خزمەتی خۆشگوزەرانیی گشتییەوە، خەبات دەکات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، مەرجی پێشڕەوی و مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی خۆی لە یەکگرتوویی و هاوپشتیدا دەبینێت لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەباتی شۆڕشگێڕانە لە سەرتاسەری ئێراندا.