
لە یەکەمین ڕۆژەکانی ساڵی نوێدا و هاوکات لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕ کە ژیان، کار، بژێوی و ئاسایشی کۆمەڵانی خەڵکی خستووەتە ژێر گوشارێکی تاقەتپڕووکێنەوە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی خێراییەکی زیاتری داوەتە شەپۆلی دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زیندانیانی سیاسی (وەحید بەنیئەمرین، ئەبولحەسەن مونتەزیر، بابەک عەلیپوور، پوویا قوبادی، ئەکبەر دانشوەرکار، سەید محەممەد تەقەوی سەنگدێهی و ئەمیرحوسێن حاتەمی)، بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزامدا، بە شێوەیەکی نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لەسێدارە دران. هەروەها حوکمی لەسێدارەدانی هەردوو زیندانیی سیاسی “محەممەدئەمین بێگلەری” و “شاهین واحیدپەرەست”، کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینە جەماوەرییە سەرتاسەرییەکەی مانگی بەفرانباردا دەستبەسەر کرابوون، لە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەدا جێبەجێ کرا. لە هەمان کاتدا، شەپۆلی ڕەشبگیری و دەستبەسەرکردنەکان بێوەستان درێژەی هەیە و هەر لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، زیاتر لە سەد هاووڵاتی لە ناوچەکانی وەک پارێزگاکانی تاران و گیلان و هەروەها شاری شاهینشار، بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناردنی وێنە بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵات، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. ئەم لەسێدارەدان و ڕەشبگیرییانە، بەشێکن لە شەپۆلێکی سەرکوتی بەرنامەبۆداڕێژراو لە هەلومەرجی شەڕ، بۆردومانە یەکلەدواییەکەکان، ئاوارەیی بەربڵاو، بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تێکدانی بەرفراوانی پەیوەندییەکان؛ دۆخێک کە بە بەرتەسککردنەوەی پرۆسەی زانیاریگەیاندن، ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی نهێنیانەی حوکمەکانی مەرگ کردووە. بڕینی ئینتەرنێت و تێکدانی سیستماتیکی بواری پەیوەندییەکان تەنیا مەسەلەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو کارکردێکی سیاسیی هەیە لە پێناو شاردنەوەی ڕەهەندەکانی سەرکوتدا.
جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان و بەرفراوانیی ڕەهەندەکانی ڕەشبگیری لە بارودۆخی ئێستادا، هەنگاوێکی سیاسی و ڕێکخراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانە پەرەسەندووەکان. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، لەژێر گوشاری هاوکاتی قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و جەنگییەکاندا و لە ترسی تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەر، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەرەپێدانی سەرکوت و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسییەوە، کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت و پێگەی لەرزۆکی خۆی جێگیر بکات. لەم هەلومەرجەدا، لەسێدارەدان بووەتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و هەڵگری پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێران.
ئەم شێوازە، بەشێکە لە پێشینە و مێژووی کۆماری ئیسلامی. لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧دا، سەرانی ڕژێمی ئیسلامی کە دوای شکستە زەبوونانەکەی ڕژێم لە شەڕی کۆنەپەرستانەی لەگەڵ عێراقدا، نیگەرانی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری ئێران بوون، بە ئامانجی چاوترسێنکردنی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە شەڕ و نەهامەتیی ئابووری، بەرنامەیان بۆ کۆمەڵکوژیی زیندانیان داڕشت. لەو سەردەمەدا پەیوەندیی زیندانەکانی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەتەواوی پچڕا و ئەو تاوانە سامناکە خولقا. ئەو ئێعدامانە کە بە نهێنی و لە بێدەنگیی میدیاییدا بەڕێوە چوون، بەشێک بوون لە پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ سڕینەوەی فیزیکیی نەیاران و سەقامگیرکردنی نەزمی زاڵ. ئەمڕۆش نیشانەگەلێکی هاوشێوە زەنگی مەترسییان لێداوە: قۆستنەوەی دۆخی جەنگی، بڕینی ئینتەرنێت، بەرتەسککردنەوەی زانیاریگەیاندن، جێبەجێکردنی نهێنیانەی حوکمەکان و بەئامانجگرتنی زیندانیانی سیاسی. ئەم بەردەوامی و پەنابردنە بۆ سڕینەوەی فیزیکیی نەیارانی سیاسی، دەربڕی لۆژیکێکی نەگۆڕە لە شێوازی سەپاندنی دەسەڵاتدا.
پەرەسەندنی سەرکوت و لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییە، دەبێت لە پەیوەند لەگەڵ قەیرانە پێکهاتەییەکانی کۆماری ئیسلامی، مەترسیی داڕمانی ئابووری، تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، قووڵبوونەوەی قەیرانی ڕەوایی سیاسی، کەلێن و باڵباڵێنەکانی ناوخۆی دەسەڵات، و هەروەها لاوازیی ئایدیۆلۆژیک لە پاساوهێنانەوە بۆ دۆخی هەنووکەیی، لێک بدرێتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، پەرەپێدانی سەرکوت هەم وەک ستراتیژیی مانەوە و هەم وەک تاکتیکێک دەبێتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی قەیران، و ئەم کوشتارە حکوومەتییانە بەشێکن لە کارکردی بەردەوامی ئەم سیستمە چەوسێنەرە. ئەم ئێعدامە بەرنامەبۆداڕێژراوانە، زیاتر لەوەی نیشانەی هێز بن، دەربڕی لووتکەی قەیرانی ڕەوایەتیی ڕژێمی ئیسلامی و داماویی ئەم دەسەڵاتەیە لە وەڵامدانەوە بە خواست و داواکارییەکانی کۆمەڵگا.
ئێستا و لە کاتێکدا کە بۆردومانەکانی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە و زیندانیان بەرەوڕووی کەمیی شوێن، خۆراک و کەرەستەی ژیان و تەندروستی بوونەتەوە، هێشتا دەیان هەزار کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ لە زیندانەکاندان. ڕژێمی تاوانکاری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا، ئەم زیندانیانەی وەک بارمتە گرتووە، داسی مەرگی بەسەریاندان هەڵواسیوە و هەموو هەفتەیەک ژمارەیەک لەوان لەسێدارە دەدات.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای ئەوەی کە لێبڕاوانە و بە توندی ئەم ئێعدامانە مەحکووم دەکات، جەخت دەکاتەوە سەر پێویستیی پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاودڵی و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و، پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ “کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان” کە ئاڵاکەی لەپشت شیشەکانی زیندانەوە شەکاوەتەوە. لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە بۆ خستنەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئێعدام و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، دەست لەناو دەستی سەرجەم هێزەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، ڕێکخستنی کەمپەینە سیاسییەکان بخرێتە دەستووری کارەوە.
نا بۆ شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانە!
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی!
بژی ئازادی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاری!
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥
٥ی ئاپریلی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە