
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەواڵدەریی فارس و میدیاکانی تری سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕێپێوانی لەشکری فاتمییون (هێزێکی میلیشیای پێکهاتوو لە کۆچبەرە شیعەکانی ئەفغانستان) لە شەقامەکانی تاران، هەوڵیان داوە وێنەیەکی بەناو “دەسەڵات” و “هاوپشتیی شۆڕشگێڕانە” نیشان بدەن. لە ڕواڵەتدا، وا بڕیارە ئەم کۆبوونەوانە نمایشی “پشتیوانیی هێزەکانی میحوەری موقاوەمەت” بێت لە ڕژێم؛ بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا لە شەقامەکانی پایتەختدا نمایش کرا، پێش هەر شتێک نیشانەی ترس و تۆقانی ڕژێمە لە سەرهەڵدانەوەی تەقینەوەیەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی.
کۆماری ئیسلامی کە لە دەیەی ڕابردوودا بەشێک لە ستراتیژیی ناوچەیی خۆی بە پشتبەستن بە هێزە میلیشیا شیعەکانی وەک لەشکری فاتمییون، زەینەبییون و حەشدی شەعبی دەبردە پێش، ئێستا هەمان ئەو هێزانە بانگێشتی ناو سنوورەکانی خۆی دەکاتەوە. سەرانی کۆماری ئیسلامی کە پێشتر دەیانگوت بۆ پاراستنی ئاسایشی خوڕەمشار و تاران دەبێت لە سووریا شەڕ بکەین، ئێستا ئەم هێزانەیان هێناوەتە تاران تاوەکوو بۆ پاراستنی ڕژێمی ئیسلامی لە دژی دوژمنی ناوخۆیی، واتە جەماوەری خەڵک، ئامادەی شەڕ بن. ئەم جێگۆڕکێیە، دەربڕینی ئاوەژووی لاوازییەکی مێژووییە؛ ڕژێمێک کە سەردەمانێک هێزە بەوەکالەتەکانی (بەکرێگیراوەکانی) بۆ شەڕی دەرەکی ڕێکدەخست، ئەمڕۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی پەنایان بۆ دەبات.
دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان بەگشتی بۆ پاراستنی هەژموون و دەسەڵاتیان پەنا دەبنە بەر ئامرازە ئابوورییەکان، بەڵام کۆماری ئیسلامی دوای ساڵانێک لە سەپاندنی سیاسەتەکانی ڕیازەتی ئابووری، لێکەوتە و کارەساتەکانی گەمارۆکان، گەندەڵیی پێکهاتەیی و داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی، گەیشتووەتە قۆناغێک کە ئامرازە ئابوورییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر تا ڕادەیەکی زۆر لەدەست داوە. دابەزینی حەقدەستی ڕاستەقینەی کرێکاران، پەرەسەندنی گرانی، هەژاری و بێکاری، و بێتوانایی لە دابینکردنی کەمترین بژێویی ژیان، کەلێنی چینایەتیی گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە. لەم هەلومەرجەدا، دەزگای ئایینی و ئایدۆلۆژیکی ڕژێم توانای پاساوهێنانەوە و شەرعیەتدانی بەم دۆخە لەدەست داوە و دەسەڵات هەوڵی داوە بە نمایشی توندوتیژیی ڕێکخراو، “ترس و تۆقان” بکاتە جێگرەوەی “ڕەزامەندی”. هێژمۆنیی چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار لە هەلومەرجی سەقامگیریدا، لەسەر تێکەڵەیەک لە ڕەزامەندی و زۆرەملێ وەستاوە؛ بەڵام لە ساتی قەیراندا، ئەم هاوسەنگییە دادەڕمێت و “زەبروزەنگی ئاشکرا و بێسنوور” جێگەی دەگرێتەوە. لە ئێرانی ئەمڕۆدا، بەشێکی بەرفراوان لە چینی کرێکار، مامۆستایان، پەرستاران و لاوانی بێکار ئیتر بڕوایان بە گێڕانەوە فەرمییەکانی “موقاوەمەت” و “شەهادەت” نەماوە. لە دۆخێکی وەهادا، بانگێشتکردنی هێزە نیابەتییەکان نیشانەی لاوازبوون و لەکارکەوتنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامییە. ڕژێم بە کردەوە دان بەوەدا دەنێت کە ئیتر ناتوانێت تەنیا لە ڕێگەی ئامرازە ناوخۆییەکانەوە سیستەمەکەی بپارێزێت و ناچار بووە پشت بەو هێزانە ببەستێت کە لە دەرەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێران شکڵیان گرتووە.
هێزی لەشکری فاتمییون، کە زۆربەیان لە نێو کۆچبەرە هەژارە ئەفغانستانییەکانەوە ڕاکێشراون، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتە کۆنەپەرستانە و ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامین. ئەم هێزانە ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی سووریا کران بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی کۆماری ئیسلامی دابین بکەن و ئێستا هەمان لۆژیک، بە شێوەیەکی پێچەوانە، گەڕاوەتەوە بۆ ناوخۆی وڵات. ئەوەی ڕژێم لە دەرەوە چاندبووی، واتە شەڕی بەوەکالەت بۆ ئامانجگەلی کۆنەپەرستانە کە لەسەر بنەمای هەژاری و بێمافیی مرۆڤەکان بونیاد نرابوو، ئەمڕۆ لە ناوخۆدا دروێنەی دەکات. ئەم وەرچەرخانە، یەکێکە لە ڕوونترین دەرکەوتەکانی قووڵبوونەوەی قەیران لە کۆماری ئیسلامیدا. هاوکاتبوونی ئەم نمایشانە لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆردومانی ژێرخانە مەدەنییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و هەڵکشانی قەیرانی جەنگ لە ناوچەکەدا، ئەوە دەردەخات کە دەسەڵات لە ئامادەکاری بۆ شەڕ لە ناو خودی کۆمەڵگەشدا بێئاگا نییە. ئەمەش هەوڵێکە بۆ خولقاندنی جۆرێک لە گەمارۆی دەروونی، کە تێیدا هەر ناڕەزایەتییەکی جەماوەری لە هەلومەرجی جەنگدا وەک “خیانەت” پێناسە بکرێتەوە.
بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە کۆمەڵگە نەک هەر لەگەڵ ئەم ڕەوایەتانەدا نییە، بەڵکوو بەگژیشیاندا دەچێتەوە و بەرخۆدان دەکات. تا پێکهاتەی دەسەڵات میلیتاریزەتر بووبێت، کەلێنی کۆمەڵایەتیش زیاتر پەرەیسەندووە. گەڕاندنەوەی هێزە بەکرێگیراوەکان بۆ ناوخۆ، لە ڕاستیدا سنووری نێوان جەنگی دەرەکی و سەرکوتی ناوخۆیی سڕیوەتەوە. یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی ئەم دیاردەیە، ماهییەتە چینایەتییەکەیەتی. هێزەکانی لەشکری فاتمییون زۆربەیان لە بێبەشترین توێژەکانی کۆچبەری ئەفغانستانین، کە لە هەلومەرجێکی تەواو بێمافیدا، وەک هێزی کاری سەربازی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. لێرەدا ئێمە لەگەڵ فۆرمێک لە “هێزی کاری میلیشیایی”، واتە گۆڕینی هەژاری و پەراوێزنشینی بۆ ئامرازی سەرکوت ڕووبەڕووین. بەم شێوەیە، کۆماری ئیسلامی توندوتیژی و هەڵاواردنی پێکهاتەیی بە شێوەیەکی هاوکات و پێکەوە بەرهەم دەهێنێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، تەنیا وەڵامی ڕزگاریخوازانە، شکڵگرتنی هاوپشتیی چینایەتییە. کرێکاری ئێرانی و کۆچبەری ئەفغانستانی لە دوو جەمسەری دژایەتییەکی ڕاستەقینەدا نین؛ هەردووکیان قوربانیی لۆژیکی هاوبەشی سەرمایەدارین و ململانێی نێوانیان بەرهەمی ئەندازیارییەکی سیاسییە بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی چینایەتی. ئەرکی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری، ئاشکراکردنی ئەم دژایەتییە ساختەیە و پێداگرییە لەسەر کەلێنە ڕاستەقینەکە کە هەمان کەلێنی چینایەتییە. خۆڕێکخستنی وشیارانە و سەربەخۆی کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و لاوان مەرجی بنەڕەتییە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی هەنووکەیی؛ بەبێ ئەوە، هەر بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەک مەترسیی سەرکوت یان بەلاڕێدابردنی لەسەرە. ئامادەبوونی هێزە بەوەکالەتەکان لە شەقامەکانی ئێراندا، لە ڕواڵەتدا نمایشی هێزە؛ بەڵام لە نێوەڕۆکدا، نیشانەی ئاوابوون و داڕمانی هێژمۆنیی حکوومەتی ئیسلامییە. ڕژێمێک کە بۆ پاراستنی نەزمی ناوخۆیی پەنا بۆ هێزە دەرەکییەکان دەبات، لە ڕاستیدا پەردە لەسەر نەبوونی پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی هەڵدەداتەوە. ئەم دۆخە دەربڕی قۆناغێک لە قەیرانە کە تێیدا قۆرخکاریی ئابووری دەگۆڕێت بۆ قۆرخکاریی زەبروزەنگی ئاشکرا. بەڵام، هەروەک ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت تەنیا لەسەر بنەمای ترس پایەدار بمێنێتەوە. ئاسۆی ڕزگاری، لە گرێدانی خەبات دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و دژی سیستەمی سەرمایەداری، و هەروەها لە هاوپشتیی چەوساوەکاندایە؛ شوێنێک کە تێیدا مرۆڤەکان، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێرانین یان ئەفغانستانی، نەک لە بەرامبەر یەکتردا، بەڵکوو شانبەشانی یەکتر لە بەرامبەر سیستەمێکدا دەوەستنەوە کە هەردووکیان دەچەوسێنێتەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە