
لە هەلومەرجێکدا کە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی دۆناڵد ترامپ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دیاری کردبوو، خەڵکی ئێران چاوەڕوانی قۆناغێکی نوێ لە هێرشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە ئابوورییەکان، هێڵی ئاسن، پرد و ڕێگاوبانەکان، زانکۆ و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بوون؛ لە کاتێکدا ترامپ شێتانە هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر ئێران تا کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا مەرجەکانی واشینگتۆن پەسەند نەکات، شارستانییەتێک لەسەر ڕووی زەوی دەسڕێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئێوارەی سێشەممە ٧ی ئاپریلی ٢٠٢٦، بەڕواڵەت وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی سەرۆکوەزیرانی پاکستان و بەو مەرجەی کە کۆماری ئیسلامی بە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی پابەند بێت و گەرووی هورمز بکاتەوە، ڕایگەیاند کە شەڕ بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕادەگرێت. ترامپ، ئەم کەسە درۆزن و بێتوانایە لە ڕووی مێژووییەوە، کە لەبەرچاوی ڕای گشتی بەو تۆنە جنونئامێزە هەڕەشەی دەکرد، لە پشت پەردەوە ئاگاداری بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان بۆ ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز بوو. ناوبراو تا ڕەوتی دیپلۆماسی زیاتر دەچووە پێش، تۆنی هەڕەشەکانیشی توندتر دەکردەوە، بۆ ئەوەی ئەم پێشهاتە وەک نیشانەی هێز و توانای سەربازی و سەرکەوتنی ئەمریکا نیشان بدات. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە بە چاوی سووکایەتییەوە دەیڕوانییە هۆشداریی یاساناسان، بەرپرسانی نێودەوڵەتی و تەنانەت ڕای گشتیی ئەمریکاش سەبارەت بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی.
بەڵام لەپشت ئەم بانگەشە و خۆبەزلزانییەوە ئەوەی کە ڕاستییە، ئەو شەڕە چل ڕۆژەیە بوو کە بڕیار بوو خۆسەپێنیی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و تاكڕەویی ترامپ لەسەر ئاستی جیهان نمایش بکات، کەچی زیاتر لاوازی، سنوورداربوون و سەرلێشێواویی ستراتیژیی ئەمریکای دەرخست. هەڵگیرساندنی شەڕێکی وێرانکەر و تێچوودار لەسەر ئەو خەیاڵ و وەهمەی گوایە بە کوشتنی خامنەیی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی هەرەس دەهێنێت، شۆکبوون لە بەرامبەر داخستنی گەرووی هورمز کە کاریگەریی لەسەر تەواوی بازاڕی نەوت و گازی جیهان دانا، هاوڕێنەبوونی ئەورووپا و ناتۆ لەگەڵ ئەم شەڕەدا و هتد… هەموو ئەمانە نیشاندەری شکستخواردنی ستراتیژیی ئەمریکان لەم شەڕەدا. ئەم شەڕە وەک قۆناغێکی تری ڕەوتی داتەپین و داڕمانی ئیمپراتۆری و هەژموونیی ئەمریکا بەسەر جیهاندا، لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
دەوڵەتی ئیسرائیل هەرچەندە لە گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی، واتە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەسەرووی سەری خەڵکەوە، لەسەر تەخت دانانی ڕەزا پەهلەوی و داڕشتنی ئەو نەزمە ناوچەییەی کە مەبەستی بوو، ناکام مایەوە، بەڵام جارێکی تر هێزی بێوێنەی سەربازیی خۆی بەسەر ڕکابەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاند. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، کە ئەم شەڕە بۆی شەڕی مان و نەمان بوو، وە ئامانجی سیاسیی خۆی لەم شەڕەدا بە پاراستن و مانەوەی نیزامی ئیسلامی پێناسە کردبوو، بێگومان ئەم ئاگربەستە و کۆتاییهاتنی ئەگەریی شەڕەکە بە واتای سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی خۆی بەگوێی جیهاندا دەدات. بەڵام لەپشت ئەم بانگەشانەوە، دەرئەنجامی کۆمەڵکوژییە سامناکەکەی خۆپیشاندەران لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی مانگی بەفرانبار و ئەو گورز و برینە قورسانەی ئەم شەڕە خستوویەتییە سەر جەستەی کۆماری ئیسلامی، هێندە قووڵن کە سەرەنجام کۆماری ئیسلامی لەپێ دەخەن. لێکەوتەکانی ئەم شەڕە و ئەو زیانانەی بەر کۆماری ئیسلامی کەوتوون، قەیرانی ناوخۆیی ڕژیم توندتر دەکەنەوە و بگرە لەوانەیە ببێتە هۆی پاکتاوکردنی خوێناوی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە. ڕژیمێک کە ئابوورییەکەی لەژێر گوشاری قووڵبوونەوەی قەیرانی پێکهاتەیی، گەندەڵیی دامەزراوەیی و گەمارۆکاندا لە لێواری داڕماندا بوو، ئەمجارە دەکەوێتە ژێر باری تێچووە قورسەکانی ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی شەڕیش. ئەم ڕژیمە کە پێش شەڕیش ڕووبەڕووی دەریایەک لە ڕق و قین و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتی ببووەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لەسەر کار و ژیان و بژێویی خەڵک، درز و کەلێنی نێوانی لەگەڵ خەڵکدا قووڵتر دەبێتەوە و قەیرانی ڕەوایەتیی سیاسییەکەی زیاتر پەرە دەستێنێت. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ستراتیژییە ناوچەییەکانی و سەرکێشی و دەستوەردانەکانی لە چەقی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە دەزانن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و بەپێچەوانەی خەون و خەیاڵی پاشایەتیخوازە فاشیستەکان و هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی کە ستایشی شەڕ و بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان دەکرد و هاواریان دەکرد کە خەڵکی ئێران خوازیاری بەردەوامبوونی شەڕن، ئەم ئاگربەستە دوو هەفتەییە دەستکەوتێکە بۆ بزووتنەوەی دژەجەنگ و بۆ خەڵکی ئێران. ئەو کەمینە بێئومێد و ورەڕووخاوەی خەڵک، کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی میدیا ئیمپریالیستییەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژواییەکان و ئومێدیان بە ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان و بەردەوامبوونی بۆردومانەکانەوە هەڵچنیبوو، پێویستە لەم شەڕەوە ئەو وانەیە فێر ببن کە کۆماری ئیسلامی نە لە ڕێگەی دەستوەردانی دەرەکی و نە لە ڕێگەی ئاسمانەوە، بەڵکوو تەنیا بە هێزی ڕێکخراوی کۆمەڵانی خەڵک دەڕووخێت.
زۆرینەی کرێکاران و خەڵکی ئێران کە لەژێر بۆردومانەکاندا ژێرخانەکانی کار و ژیانیان خاپوور دەکرا و بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕەکە ساتژمێرییان دەکرد، ئەم ئاگربەستە بە دەستکەوتێک بۆ خۆیان و بۆ بزووتنەوەی دژەجەنگ دەزانن. بەڵام ئاگربەستی دوو هەفتەیی بە واتای کۆتاییهاتنی شەڕ و سەقامگیربوونی ئاشتی نییە. ئەم ئاگربەستە هێشتا لاواز و لەرزۆکە. لەبەر ئەوەی هەم دەوڵەتی ترامپ و هەم ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مەرجگەلێکیان بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاریی شەڕ گەڵاڵە کردووە کە لەگەڵ هاوسەنگیی ڕاستەقینەی هێز لە گۆڕەپانی شەڕدا یەکناگرێتەوە، ئەگەری زۆرە کە پێداگریی هەر کام لە لایەنەکان لەسەر مەرجەکانیان، ببێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی گڕی شەڕەکە.
هەر بۆیەش، ئاگربەست بە واتای کۆتاییهاتنی کارەساتەکە نییە. بۆ کرێکاران و خەڵکی ئێران کە لەژێر مەنگەنەی پەرەسەندنی سەرکوت، لەگەڵ گوشاری بێوێنەی بێکاری، گرانیی بێسنوور و هەژاری و نەهامەتیی ئابووریدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن، شەڕ بۆ مانەوە، شەڕ بۆ ژیان و ئازادی هەر بەردەوامە. بێگومان کۆماری ئیسلامی، کە لە پێکهاتەکەیدا سوپای پاسداران بە ڕوانگەیەکی فاشیستییەوە پێشەنگی گۆڕەپانەکەیە، بە قۆستنەوەی هەلومەرجی پاش شەڕ، کەشی کۆمەڵگا ئەمنییەتیتر دەکات و سەرکوتگەرییەکان توندتر دەکاتەوە و بەشێک لە تێچووی وێرانکاریی شەڕ بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت. بەڵام کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر هێرشی حکوومەتی سوپای پاسداراندا دەستەوەستان نابن. ڕاستە کە ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی پەراوێز خست و ئەم بزووتنەوانە چوونە ژێر خۆڵەمێشی شەڕەوە، بەڵام ئەم بزووتنەوانە دانەمرکاونەتەوە؛ پێویستیان بە دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی لەژێر باری ماندوویەتی و شەکەتیی شەڕەکەدا پشتیان ڕاست بکەنەوە و دووبارە بڵێسەکانیان بگەشێتەوە. ئەم بزووتنەوانە بە هێزێکی نوێوە دەگەڕێنەوە بۆ مەیدان.
پێویستە کرێکاران، کۆمەڵانی خەڵک و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەزموونی ڕاپەڕینە جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو، ئەم سێ وانە بنەڕەتییە فێر بن: یەکەم؛ زیاتر لە هەر کاتێک بڕوایان بە هێزی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی خۆیان هەبێت، هەر ئەم هێزەی ئەوان بووە کە خەباتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی خستووەتە قۆناغێکی نوێوە و ئەم ڕژیمە تاوانکارەی نیوەگیان کردووە. دووەم؛ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەو پێکهاتەیەی کە هەیەتی، بە ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکان و ڕاپەڕینە بێڕێکخراوەکان ناڕووخێت، بەڵکوو دەبێت پێداویستییەکانی ڕووخاندنی، واتە ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆی، پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری و وێنەیەکی ڕوون لە واتای سەرکەوتن دابین بکات. سێیەم؛ ئەم ئەزموونانە جارێکی تریش ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئامادەیی ڕێکخراوی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا، و گرنگیی گرێدانی کارخانە و شەقام بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هەر گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنن، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەوڵەکانمان فراوانتر بکەین و یەکیان بخەین.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، یەکسانی، دەسەڵاتی کرێکاری
بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥
٨ی ئاپریلی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە