فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: دەرئەنجامەکانی ئاگربەست لە شەڕی شکستخواردووەکاندا
شەممە ۲۲-۰۱-۱۴۰۵   |  11-04-2026

پاش تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا، بە نێوەندگیریی چەند وڵاتێک ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیەندراوە. لە کاتێکدا ململانێ لەسەر بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و نیشانەکانی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن هەردوولاوە بەدی دەکرێت، پێدەچێت کە هاوشێوەی هەر شەڕێکی دیکە، زۆرێک لە ناکۆکییەکان هەروا بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە و ئاگربەستەکەش دەتوانێت زۆر لاواز و لەرزۆک بێت.

دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕە لەسەر ژئۆپۆلیتیکی جیهانی و ناوچەیی، دۆخی ناوخۆیی وڵاتان و هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییەکان و بازاڕی سەرمایەداری، هەردوولای ناچار کردووە کە لانی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی ڕایبگرن. سەرباری بانگەشەی “سەرکەوتن” لەلایەن هەر یەک لە لایەنەکانەوە، ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە لەسەر کۆمەڵگا و ژیانی خەڵکی ئێران و ناوچەکە، و هەروەها مەحکوومکردنی لەلایەن بیروڕای گشتیی جیهانەوە، ئەوە نیشان دەدات کە لە ڕاستیدا ئەم شەڕە، شەڕی شکستخواردووەکان بووە.

ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە لە هەلومەرجێکدا هەڵگیرسا کە هاوکێشە ژئۆپۆلیتیکییەکانی جیهان لە گۆڕاندان. پشێویی “ترەمپیستی” لە پەرەسەندندایە و سەرکەوتنی ڕەوتە ڕاستە نیمچە-فاشیستییەکان لە زۆربەی وڵاتە ئیمپریالیستییەکاندا، نیشانەکانی داڕمانی شێنەیی سیستەمی لیبراڵی و ئەو دامەزراوە و ئۆرگانە جیهانییانەی دەرخستووە کە پاش شەڕی دووەمی جیهانی و لەژێر هەژموونی ئەمریکادا پێکهاتبوون. ئەم شەڕە هەروەها درز و کەلێنی نێو “ڕۆژئاوا”، بەتایبەت لە نێوان ئەورووپا و ئەمریکادا قووڵتر کردەوە. دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامە جیهانییەکان، وردە وردە کارایی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەورووپا و تەنانەت ناتۆش، وەک قۆڵی سەربازیی ڕۆژئاوا، بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم شەڕە دەربڕی و هەندێک وڵاتیش ئاسمانی خۆیان بە ڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا داخست. کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لەسەر میکانیزمی کارکردنی سەرمایەداری و بازاڕەکان، بەتایبەت لەسەر نرخی وزە، پێداویستییە گشتییەکان و خۆراک، زۆر بەربڵاو بووە و ئەگەری قەیرانی سستیی ئابووری و هەڵاوسانی لە جیهانی سەرمایەداریدا بەرز کردووەتەوە.

لە ئەمریکاش، ئەم شەڕە بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێن لە نێو ڕەوتی ڕاستی ترەمپیستیدا و کاریگەریی تێچووەکانی شەڕ و بەرزبوونەوەی گشتیی نرخەکان لەسەر ژیانی خەڵک، ناڕەزایەتیی بیروڕای گشتیی زیاتر کردووە و زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “ئێمە شامان ناوێت” خۆش کردووە. هەروەها کەلێنی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی زیاتر کردووە و دەستەی دەسەڵاتداری ئەمریکای بەرەوڕووی گەلێک قەیرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووەتەوە.

لە ناوچەکەدا، تاوانەکان و سیاسەتە پاوانخوازانەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و جینۆسایدکاری ئیسرائیل چڕتر بووەتەوە. لە وڵاتانی عەرەبیی پەراوێزی کەنداو، بە کردەوە “سیاسەتەکانی گەشەپێدان” و بەرنامەکانی وەبەرهێنانی بەرین لە پیشەسازی و ژیریی دەستکرددا وەستاون و پیشەسازییەکانی نەوت، گاز، گواستنەوە و گەشتیاری بەرەوڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە کە قەرەبووکردنەوەیان ساڵانێکی زۆری پێدەچێت. پشێوییەکان لە عێراق و لوبنانیش زیادیان کردووە. گورزی سەربازیی قورس لە کۆماری ئیسلامی و هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دراوە. بە شێوەیەکی گشتی، هاوکێشە ژئۆپۆلیتیکی و ژئۆئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە گۆڕەپانی ململانێ بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکی نوێی هێز.

کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا، ستراتیژییەکی دوولایەنەی گرتە بەر: پاراستنی مانەوەی خۆی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی تێچووەکانی شەڕ لە ناوچەکە و جیهاندا، وە سەرکوتکردنی هەمەلایەنە لە ناوخۆدا. هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە و ژێرخانەکانی وڵاتانی پەراوێزی کەنداو، هێنانەمەیدانی هێزە نیابەتییەکان، هێرشکردنە سەر ناوەندە سەربازی و لۆجستیکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز، بوونە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووە جیهانییەکانی شەڕ و ڕۆڵی هەبوو لە ئەگەری وەستاندنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستدا. سەرەڕای ئەمانەش، ئەم شەڕە بووە هۆی وێرانبوونی بەشێکی بەرچاو لە ناوەندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها خاپووربوونی ژێرخانی کۆمەڵگا وەک نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان، پرد و ڕێگاوبانەکان، کارگەکان و ناوەندە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان و لە هەمووی کارەساتبارتر کوژران و برینداربوونی هەزاران مرۆڤ. هاوکات، ڕژێم بە ڕێکخستنی هێزە سەرکوتگەرەکانی سوپا، بەسیج و بەکارهێنانی میلیشیا نیابەتییەکان، کەشێکی توندی ئەمنی و سەربازیی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاند و بە پچڕاندنی ئینتەرنێت، پرۆسەی زانیاری‌گەیاندن و خۆڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تێکدا. ئەم شەڕەش، وەک شەڕەکانی دیکە، شوێنەواری وێرانکەری لەسەر چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەجێهێشت.

کوژرانی خامنەیی و زۆرێک لە فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە ناسراوەکان، و فراوانبوونی شەڕ، بووەتە هۆی داڕشتنەوەی پێکهاتەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی و بە کردەوە کۆمەڵێک لە “نیزامی-سیاسییەکان” و “فەرماندەکانی سوپا و ئەمنییەکان” کە پەیڕەوی لە سیاسەتە ئایدیۆلۆژیک، پاوانخوازانە و پان‌ئیسلامیستییەکان دەکەن، کۆنترۆڵی دامەزراوە سەرەکییەکانی ڕژێمیان گرتووەتە دەست. پێدەچێت موجتەبا خامنەییش وەک وەلی فەقیهـ بە کردەوە لەلایەن ئەوانەوە دیاری کرابێت و ڕووحانییەت، سیاسەتمەداران و بەڕێوەبەرانی بیرۆکراسی و تەکنۆکراتەکان پەراوێز خراون. ئەم تاقمە بەشوێن سەرکوتی بەتەواومانای کۆمەڵگاوەن. سەرەڕای ئەوەش، لە نێوان خۆیاندا ناکۆکیی توند لەسەر پرسی ئاگربەست و بەڕێوەبردنی دۆخە هەستیارەکەی ئێستا بوونی هەیە. بە گشتی، قەیرانە تێکئاڵاوەکان، ئابووریی داڕماو، بێکاریی بەربڵاو و کۆمەڵگایەکی پڕ لە جۆش و خرۆش ڕێگرن لە بەردەوامی و جێگیربوونی هەلومەرجی ئێستا.

ئەم شەڕە کاریگەریی قووڵیشی خستە سەر ڕیزبەندییە سیاسییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست. ڕەوتی پاشایەتیخوازی فاشیست بە ئاشکرا بوو بە پشتیوانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا. ڕووداوێکی کەم‌وێنە لە مێژووی هاوچەرخدا کە گرووپێکی کۆنەپەرست و دەست‌نیشاندە، بۆ کوشتاری خەڵک و وێرانبوونی وڵاتەکەی خۆی ئاهەنگ بگێڕێت و هەڵپەڕکێ بکات. ئەم سیاسەتە بووە هۆی درزتێكەوتن لە نێو پاشایەتیخوازەکان و هەڵوەرینی لایەنگرەکانیان. لە نێو کۆماریخوازەکانیشدا فرەبەرەیی دروست بوو؛ هەندێکیان بوونە پشتیوانی شەڕ و هەندێکی تریش لەژێر ناوی “بەرگری لە ئێران” چوونە پاڵ ڕیزی پشتیوانانی ڕژێمەوە. زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیستی کوردیش بوونە داکۆکیکاری شەڕەکە. هەروەها ڕەوتی چەپ‌نوێنی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت” بوون بە سەربازی بێ جیرە و مووچەی ڕژێم.

مرۆڤایەتیی شارستانی و ئازادیخواز خوازیاری ڕاگرتنی شەڕ و کۆتاییهێنان بەو کارەساتەیە. شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەر لە سەرەتاوە ئەم شەڕەی بە کۆنەپەرستانە هەڵسەنگاند و لە بەرامبەریدا وەستایەوە. زۆرێک لە هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان، دامەزراوە کرێکارییەکان، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تریش دژی ئەم شەڕە وێرانکەرە و سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم هەڵوێستیان گرت.

کرێکاران و زەحمەتکێشان، جەماوەری شەریف و تێکۆشەر!

لە قۆناغی پاش ئاگربەستدا، ڕژێمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی قەیرانی قووڵ و تێکئاڵاو بووەتەوە و هەوڵ دەدات بە درێژەدان بە سەرکوت، کەشی ترس و تۆقاندن بەردەوام بکات. خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئێوە، بەتایبەت لە بەفرانباری ٩٦ بەدواوە، بە شێوازێکی شۆڕشگێڕانە بەرەنگاری ڕژێم بووەتەوە کە لە ڕاپەڕینە یەک لەدوای یەکەکان و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا ڕەنگدانەوەی بەرچاو و بەرجەستەی هەبووە. شەڕ و دەرئەنجامەکانی سەلماندی کە زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، پارێزەری شەڕ و ئیمپریالیزم و گۆڕانکاریی لە سەرەوەن، کە بەرهەمەکەی جگە لە وێرانی و داڕمانی کۆمەڵایەتی هیچی تر نییە. لەم هەلومەرجە پڕ لە ئاڵۆزییەدا دەتوانرێت کەشی سەرکوت تێکبشکێندرێت. هەروەک چۆن پاش کۆمەڵکوژیی بەفرانباری ڕابردوو، جەماوەری تێکۆشەر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کۆڵیان نەدا و بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەیان بە بەرخۆدان داوە.

بە یەکگرتوویی و هاوپشتی دەتوانرێت سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژێم تێکبشکێندرێت، ماشین و ئامرازی کوشتار، لەسێدارەدان و زیندان پەک بخرێت و بە پشتبەستن بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە خوارەوە، خەبات دژی بێکاری، هەژاری، برسییەتی، چەوساندنەوە، ستەم و نایەکسانییە چینایەتییەکان پەرەی پێ بدرێت و تێکۆشان بۆ کار، نان، خۆشگوزەرانی و ئازادی بەرپا بکرێت. ئەم ڕێگایە دەتوانێت زەمینە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی بەهێزی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران، بۆ گۆڕەپانی خەبات.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
هەینی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ – ١٠ی ئاپریلی ٢٠٢٦

ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

www.shorah.org

[email protected]