فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر کار، ژیان و بژێویی کرێکاران
چوارشەممە ۲۶-۰۱-۱۴۰۵   |  15-04-2026

ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر دۆخی کار، ژیان و بژێویی کرێکاران لە ئێران، وێنەیەکی چڕوپڕ لە لۆژیکی سەرمایەداری لە ساتی شەڕ و قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا دەخەنە ڕوو. ئەوەی لە ڕواڵەتدا وەک «زیانگەیشتن بە یەکەکانی بەرهەمهێنان بەهۆی بۆردومانەکانەوە»، «پەرەسەندنی بێکاری» و «نەبوونی پشتیوانی لە کرێکاران» باسی لێوە دەکرێت، لە ئاستێکی قووڵتردا نیشانی دەدات کە چۆن شەڕ قورسترین گورز لەو چینە دەوەشێنێت کە هیچ ڕۆڵێکی لە بڕیاردان لەسەریدا نییە، بەڵام باجەکەی بە گیان، بژێوی و داهاتووی خۆی دەدات. بۆ نموونە، بۆردومانکردنی کۆمەڵگەی بەرهەمهێنانی پۆڵا دەبێتە هۆی ئەوەی پیشەسازییەکانی ئۆتۆمبێلسازی، پارچەسازی، کەلوپەلی ناوماڵ یان پڕۆژە ئاوەدانییەکان کە پشتبەستوون بە پەڕەی پۆڵای ئەم کارگەیە، بەرەوڕووی کەمبوونی کەرەستەی خاو و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان ببنەوە. ئەم تێکچوونە زنجیرەییە کە لە دامەزراوەیەکەوە بۆ دامەزراوەیەکی تر دەگوازرێتەوە، ڕاستەوخۆ ئاسایشی کاریی کرێکاران دەخاتە مەترسییەوە. یان کاتێک کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هێڵی ئینتەرنێت دەپچڕێنێت، لە سەردەمێکدا کە ئینتەرنێت وەک ژێرخانێکی ئابووری هەژمار دەکرێت، پچڕاندنی، کاریگەری لەسەر کارکردی کەرتە جیاوازەکانی ئابووری دادەنێت و گەلێک کار و کەسابەت لەناو دەبات. واتە دەیان هەزار بنەماڵە سەرچاوەی داهاتی خۆیان لەدەست دەدەن. لەم سۆنگەیەوە، شەڕ دیاردەیەکی دەرەکی نییە لەدەرەوەی پەیوەندییە چینایەتییەکان، بەڵکوو درێژکراوەی سیاسەتی چینە دەسەڵاتدارەکانە بە ئامرازی وێرانکەر؛ سیاسەتێک کە تێیدا جەستە، ماڵ، کار و نانی کرێکار دەبێتە گۆڕەپانی سەرەکیی وێرانکاری. سەرمایەداری کە لە هەر هەلومەرجێکدا لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی هێزی کار و دەستبەسەرداگرتنی زێدەبایی (یان ئەرزشی ئیزافی) دامەزراوە، لە دۆخی شەڕدا ئەم میکانیزمەی زۆر ڕووتتر و دڕندانەتر کار دەکات.

شەڕ تەنیا پڕۆسەی بەرهەمهێنان پەک ناخات، بەڵکوو بە وێرانکردنی پرد، هێڵی ئاسن، نەخۆشخانە، زانکۆ و قوتابخانە و پچڕاندنی ئینتەرنێت، بناغە کۆمەڵایەتییەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژیانیش تێکدەشکێنێت. وێرانبوون یان داخرانی کارگەیەک تەنیا بە واتای ڕاوەستانی یەکەیەکی بەرهەمهێنان نییە؛ بەڵکوو پەککەوتنی تۆڕێکە لە بژێوی، کارامەیی، شوناس و گرێدراوییە کۆمەڵایەتییەکان. بێبەشبوون لە کار، تەنیا لە لەدەستدانی داهاتدا سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی دابەزین و کەوتن لەو پێگە کۆمەڵایەتییەی کە لە ڕێگەیەوە دەرفەتی ڕێکخستنی ژیان فەراهەم دەبوو. هەر بۆیە، پەرەسەندنی بێکاری لە بارودۆخی شەڕدا، فۆرمێکە لە پەراوێزخستنی پێکهاتەیی کە تێیدا هێزی کار دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی بێکەڵک لەنێو نەزمێکی وێرانکراودا. لەم نێوەندەدا، دابەشبوونی نەهامەتی و ئازارەکان بە هیچ شێوەیەک بێلایەنانە نییە. گێڕانەوەکانی دەزگای دەسەڵاتدار یان ناسیۆنالیستە شۆڤێنییەکان و هێزەکانی میحوەری موقاوەمەت، کە پاساو بۆ ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە دەهێننەوە لە چوارچێوەی پێداویستییە نەتەوەییەکان و بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژیی ئیمپریالیستیدا، لە کاتێکدا لە جیهانی واقیعدا ئەم شەڕە هاوکات لە خزمەتی مانەوەی چینی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیی زلهێزە ئیمپریالیستییەکاندایە، وە لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا، باجەکەی بە شێوەیەکی لاسەنگ دەکەوێتە سەر شانی بێبەشکراوان و چەوساوەکان، بەتایبەتی کرێکاران. لەدەستدانی کار، دابەزینی ئاستی حەقدەست (کرێ)، نائەمنیی خۆراک، دڵەڕاوکێی بەردەوام و داڕمانی ئاسۆی داهاتوو، لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی شەڕن بۆ سەر چینی کرێکار.

هێنانەگۆڕی پرسی «نەبوونی پشتیوانی»ش لە کەموکوڕییەکی کارگێڕی واوەترە و دەبێت لە چوارچێوەی کارکردی دەوڵەتی سەرمایەداریدا بۆ هەرزانکردنی هێزی کار لێی تێبگەین. لە وەها هەلومەرجێکدا، دەوڵەت نەک وەک زامنی مافە گشتییەکان، بەڵکوو وەک ئامراز و میکانیزمێک لە خزمەتی چینی سەرمایەدار و بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و پاراستنی نەزمی زاڵ کار دەکات. کەواتە، پاڵپشتییە ئەگەرییەکانیش زۆرجار سنووردار و دەستنیشانکراون، و بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان ئەنجام دەدرێن. لە دەرەنجامدا، سیاسەتە پاڵپشتییەکان لەبری خوڵقاندنی ئاسایشێکی پایەدار، بچووک دەکرێنەوە بۆ ئامرازێکی بەڕێوەبردنی قەیران، و کرێکار نەک وەک سووژەیەکی خاوەن ماف، بەڵکوو وەک حەشیمەتێکی زیانپێکەوتوو چاوی لێ دەکرێت کە دەبێت بە شێوەیەکی کاتی کۆنترۆڵ بکرێت.

هاوکات، نەبوونی پاڵپشتییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیش ناکرێت وەک پرسێکی پەراوێزخراو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. شەڕ تەنیا گیان، ژیان و بژێوی ناکاتە ئامانج، بەڵکوو سەقامگیریی دەروونی، متمانە بە داهاتوو و توانای پلانداڕشتنیش لەناودەبات. ئەو بنەماڵانەی ڕووبەڕووی بێکاری و نائەمنی دەبنەوە، دەکەونە بەر مەترسیی داڕمانی دەروونیی بەردەوام. دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، پچڕانی پەیوەندییەکان و شەکەتیی دەروونی، بەشێکن لە ڕەوتی گشتیی تێکشکاندنی هێزی کار وەک هێزێکی مرۆیی. لە وەها دۆخێکدا، تەنانەت کەمترین پێداویستییەکان بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاریش لەناو دەچن و بازنەیەک لە بێبەشبوون و بێدەرەتانی دروست دەبێت.

لەم هەلومەرجەدا، نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کار، نیشانی دەدات کە شەڕ دەتوانێت ئاسۆکانی داهاتوو دابخات. کرێکاری بێکار، تەنیا بێکار نییە؛ بەڵکوو لە توانای وێناکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر بێبەش دەبێت. لە لۆژیکی سەرمایەداریدا، کار مەرجی بەشداریی کۆمەڵایەتییە و بە سڕینەوەی، تاک دەکەوێتە دۆخی پەراوێزخرانەوە. شەڕ ئەم دۆخەی قووڵتر و توندتر کردووەتەوە، چونکە هەم ئاوەدانکردنەوە و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دوادەخات و هەم نادڵنیایی دەکاتە دیاردەیەکی هەمیشەیی. هاوکات، ئەم قەیرانە لاوازی و فەشەڵیی قووڵی نەزمی ئێستا ئاشکرا دەکات.

ئەم شەڕە چل ڕۆژەیە کە هێشتا ئاسۆی کۆتاییهاتنی ڕوون نییە، جارێکی تر ڕوخساری نەزمی سەرمایەداریی ئاشکرا کرد کە لە هەلومەرجی ئاساییشدا لەسەر بنەمای چەوساندنەوە، جیاکاری، نایەکسانی و نائارامیی کاریی کرێکاران دامەزراوە. پەرەسەندنی ڕەهەندەکانی بێکاری، نەبوونی پاڵپشتی و نەبوونی بیمەی بێکاری، لەگەڵ لەناوچوونی ئاسۆی داهاتوو، توندبوونەوەی هەمان میکانیزمن. لەم ڕووەوە، لە پاش شەڕیش دەبێت خەبات دژی بێکاری و دژی ئەو ڕەهەندانە لە هەژاری و نەهامەتییە بێوێنەیەی کە بەسەر کرێکاراندا سەپێندراوە، گرێ بدرێت بە خەبات و بە ئاسۆی خوڵقاندنی نەزمێکەوە کە تێیدا هێزی کار بە ئاسانی نەبێتە قوربانیی قەیرانەکان و بڕیارە سەرمایەدارییەکان. دەربازبوون لەم بازنەیە، گرێ دراوە بە یەکگرتنی هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە دەوری ستراتیژێکی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانە، هەروەها خۆڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری و گەشەپێدانی ئاسۆی سۆسیالیستی.