
ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لە درێژەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئۆردوگاکانی حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و کەمپەکانی پەنابەرانی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕۆژی هەینی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ئۆردوگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردە ئامانج، کە بەداخەوە لە ڕەوتی ئەم هێرشانەدا سێ کەس بە ناوەکانی «نەدامیری»، «سەمیرا ئەڵڵایاری» و «شاهین ئازەربەرزین» گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکیش بریندار بوون. هێرشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی پەنابەران لە «گردەچاڵ»، شەوی شەممەش بەردەوام بوو کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.
لە نموونەیەکی دیکەدا، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی بۆ سەر ئۆردوگای سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کەمپی سورداش لە ناوچەی سلێمانی، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بریندار بوون کە بەداخەوە یەکیان بە ناوی «غەزاڵ مەولان» بەسەختی بریندار بوو و دواتر گیانی بەخت کرد. پاش برینداربوونی غەزاڵ، هاوڕێیانی دەستبەجێ و بەپەلە گەیاندیانە شاری سلێمانی. لە نەخۆشخانەی «شۆڕش»، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ ئەنجام دا، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێداویستی و ئیمکانیاتی چاودێریی تایبەتی پزیشکی، بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەیان ڕەوانە کرد کە هەرکامەیان بە هۆکارێک لە وەرگرتنی غەزاڵ خۆیان بوارد. نەخۆشخانەی «بەخشین» کە لە پێداویستیی پزیشکیی پێویست بۆ حاڵەتی وا بەهرەمەندە، بەو بیانوویەی کە ئەمە کەیسێکی ئەمنییە و دەبێ بۆ وەرگرتنی غەزاڵ مۆڵەتی فەرمی وەربگیرێت، لە وەرگرتنی ناوبراو خۆیان پاراست و بەداخەوە لە ڕێگەی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی فارووق، غەزاڵی پێشمەرگەی لاوی ١٩ ساڵە، گیانی بەخت کرد. وەرنەگرتنی مرۆڤێکی بریندار لە بارودۆخێکی وەهادا، نەک هەر پێشێلکردنی ئاشکرای ئەرک و پەیمانی مرۆڤانە و پیشەییی بەرپرسانی نەخۆشخانە ناوبردراوەکانە، بەڵکوو تەنانەت لەگەڵ بنەماکانی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ سەبارەت بە هەڵسوکەوت لەگەڵ برینداران، لە دژیەکیی تەواودایە. بەپێی بڕگەکانی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ، کەسانی بریندار دەبێت لە هەر هەلومەرجێکدا ڕێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن، تەنانەت ئەگەر کەسەکە «دوژمن»یش بێت، دیسان مافی چارەسەریی هەیە. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، پێوەرەکە تێبینییە سیاسی یان سەربازییەکان نییە، بەڵکوو پێوەری پزیشکییە. تەنانەت لە بەرەکانی شەڕیشدا هەڵسوکەوتی وا لەگەڵ سەربازە بریندارەکانی دوژمن، ڕەوا نییە و بەدەر لە بنەما مرۆڤایەتییەکانە. ئەم هەڵسوکەوتە نامرۆڤانە و نابەرپرسانەیەی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەرامبەر بە غەزاڵی بریندار، بەهەق تووڕەیی و ناڕەزایەتیی زۆرێک لە مرۆڤە تێکۆشەر، شەریف و ئازادیخوازەکانی لە شاری سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستانی عێراقی لێ کەوتەوە.
تەرمی بێگیانی غەزاڵ ڕۆژی هەینی ٢٨ی خاکەلێوە لە گۆڕستانی «گوردانی شوان»ـی کۆمەڵە لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا و پەڵەیەکی ڕەشی دیکەی لە دۆسیەی پڕ لە تاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کرد. بێگومان ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامی ئۆردوگا و کەمپەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیم لە کوردستانی عێراق دەکاتە ئامانجی هێرشی سەربازی. بەڵام جگە لە ڕیسوایی و بێزاری و نەفرەتی گشتی، هیچ شتێکی دیکەی پێ نەبڕاوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەنەدا پەلەقاژێ دەکات و بەم تاوانانە ناتوانێت گەرەنتییەک بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی دەستەبەر بکات.
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەم تاوانانە و هاوسەنگەرانیان، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر ئۆردوگا و کەمپی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و پەنابەران لە کوردستانی عێراق، بە توندی مەحکووم دەکات. ئەم کردەوانە هەوڵێکی شەڕانگێزانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە لەپێناو پەرەپێدانی شەڕ و پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. جەماوەری تێکۆشەری کوردستانی عێراق بە ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەی خۆیان بەرامبەر بەم تاوانانە، دەتوانن کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر گوشارەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەبارەت بە هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکانی سلێمانی لەگەڵ قوربانیان و بریندارانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی، بە بەرپرسیار بزانن و وەڵامیان لێ بخوازن. چونکە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئاسایش و ئارامیی ئەوانیش دەخاتە مەترسییەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥
١٧ی ئاپریلی٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە