
چینی کرێکاری ئێران لە هەلومەرجێکدا لە یەکی مەی، ئەم هێمایەی هاوپشتیی چینایەتیی کرێکارانی جیهان نزیک دەبێتەوە کە لە یەکی مەیی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا شەڕێکی دوازدە ڕۆژە لە ٢٣ی جۆزەردان تا ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، و شەڕێکی چل ڕۆژە لە ١٠ی ڕەشەمە تا ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی تێپەڕاندووە و هێستاش ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕەکە بوونی نییە. لێکەوتەکانی ئەم دوو شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە کە لە لایەکیانەوە دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و لە لایەکەی دیکەیانەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو، کار، ژیان، بژێوی، ئاسایش و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی ئێرانی لە دۆخێکی زۆر دژوارتردا خستووەتە ژێر گوشارەوە. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران کە بەر لەم شەڕانەش بە دیاریکردنی حەقدەستگەلێکی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری، بە پەلاماردانی سفرەی بنەماڵە کرێکارییەکان، پەرەپێدانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و باوکردنی گرێبەستە کاتییەکان، لەناوبردنی ئاسایشی کاری و زیادبوونی قوربانیانی ژینگەی نائەمنی کار و بە یەک وشە بە هەرزانکردنی هێزی کار و توندترکردنەوەی سەرکوت، بارودۆخێکی پڕ لە مەینەتیی بەسەر چینی کرێکار و خەباتی ئەم چینەدا سەپاندبوو، لە ئاکامی ئەم شەڕانە و بە بیانووی ئەم شەڕانەشەوە، کار و ژیان و خەباتی ئەم چینەی زیاتر لە جاران خستووەتە نێو مەنگەنەوە. ئەم شەڕە بە کوشتاری هەزاران کەس و ئاوارەیی و وێرانکردنی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، پچڕاندنی ئینتەرنێت و بێکارکردنی سەدان هەزار کرێکار و توندترکردنەوەی شەپۆلی سەرکوت و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، نەک هەر بنەماکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی خستووەتە ژێر زەبرەوە، بەڵکوو بە پەراوێزخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، ڕەوتی گەشەی ئەم بزووتنەوانەی لە بواری ڕێکخستنەوەدا تووشی وەستان کرد و زیانێکی قورسی بە بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی گەیاند. بزووتنەوەی کرێکاری کە بەر لە شەڕ بە تێکڕای زیاتر لە ٢٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ساڵدا، پڕجۆشوخرۆشترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئێران و یەکێک لەو بزووتنەوە کرێکارییانەی جیهان بوو کە زۆرترین مانگرتنی بەخۆیەوە دەبینی، لە ئاکامی ئەم شەڕانەدا تووشی دابەزینێکی بەرچاو بوو.
ڕێبەران و هەڵسووراوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری لە کاتێکدا لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار نزیک دەبنەوە کە هاوکات دەبێ بە هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی یەکگرتوویی و هاوپشتی و هاوکاریی مرۆڤانە لە ژینگە و شوێنی کار و ژیانی کرێکاران و بەزیندوو ڕاگرتنی هیوای گۆڕانکاری، نەهامەتییەکانی سەردەمی شەڕ تێپەڕێنن و لە هەمان کاتیشدا بۆ قۆناغی پاش شەڕ خۆیان ئامادە بکەن. سۆسیالیستەکانی نێو بزووتنەوەی کرێکاری، بە پشتبەستن بەو ڕاستییانەی کە پەیوەستن بە سروشت و ماهییەتی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارییەوە، لە لایەکەوە لە بەرامبەر داڕمانی ئەخلاقی و هەڵوێستە دژەمرۆییەکانی بەرگریکارانی هێرشی سەربازیی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ئیسرائیل، و لە لایەکی دیکەشەوە لە بەرامبەر هەڵوێستە کۆنەپەرستانەکانی چەپی «میحوەری موقاوەمەت» (کە شەڕانگێزیی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی وەک بەشێک لە بەرخۆدانی جەماوەری لە دژی هێژمۆنیی سەرمایە و ئیمپریالیزم دەناسێنن)، سنووربەندییەکی یەکلاکەرەوەیان گرتەبەر، و بە هۆشیاریی چینایەتی، ئەزموون و ئیعتباری کۆمەڵایەتییەوە بەرەوپیری ئەم ئەرکە دژوارانە دەچن.
بێگومان کۆماری ئیسلامی لەژێر هێژمۆنیی سپای پاسداران کە ئامانجی سیاسیی خۆی لە شەڕەکەدا بە پاراستن و مانەوەی نیزامی ئیسلامی پێناسە کردبوو، کۆتایی شەڕەکە بە هەراوهوریای تەبلیغاتی وەک سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی خۆی بەگوێی خەڵکدا دەدات و بە ڕوانگەیەکی فاشیزمانەوە هەر لەم تاکتیکە بۆ توندترکردنی کەشوهەوای پۆلیسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا کەڵک وەردەگرێت. وێڕای ئەمەش، لێکەوتە و وێرانییەکانی شەڕ، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان و گرانیی کەمەرشکێن، داڕزانی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، و داماویی ڕژیم لە دابینکردنی نان و کارەبا و ئاوی خەڵک و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، قەیرانی ڕەوایی سیاسیی ڕژیم توندتر دەکاتەوە و کێشمەکێش و ململانێکانی نێو دەسەڵاتی ئیسلامی پەرەپێدەدات. لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە بابەتییە، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکە بە تێپەڕاندنی ماندوویی و شەکەتیی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، سەرلەنوێ دێنەوە مەیدان.
ئەوەی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە، وشیارییە سەبارەت بەم زەروورەتەی کە ئەمجارەیان بە وانەوەرگرتن لە ئەزموونی شەڕ و ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو، هۆشیارانەتر و ڕێکخراوتر لە جاران درێژە بە خەبات دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بدەن و پەرەی پێ بدەن. ئەم شەڕە سەلماندی کە خەون و خەیاڵ سەبارەت بە گەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە ڕێگەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە تا چ ڕادەیەک بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زیانبەخش و کوشندەیە. ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو و نیوەگیانکردنی کۆماری ئیسلامی، لە هەمان کاتدا کە نیشانی دا ئازادیی کرێکاران و خەڵکی ئێران لە چنگی ئەم ڕژیمە تەنیا بە دەستی خودی ئەوان مسۆگەر دەبێت، ئەم ڕاستییەشی وەبیر هێنایەوە کە حکوومەتی ئیسلامی بەو پێکهاتەیەی کە هەیەتی، بە ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکانی سەر شەقام و ڕاپەڕینە بێڕێکخراوەکان ناڕووخێت، بەڵکوو دەبێ پێداویستییەکانی ڕووخاندنەکەی کە بریتین لە ڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و وێنایەکی ڕوون لە مانا و چەمکی سەرکەوتن، دەستەبەر بکرێن. ئەم ئەزموونانە هاوشێوەی تەواوی ئەزموونەکانی سەدەی بیستەم و بیستویەکەم، جارێکی دیکە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئامادەییی ڕێکخراوەیی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا، و گرنگیی گرێدانی کارگە و شەقام بۆ خولقاندنی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان پشتڕاست کردەوە.
وانەوەرگرتن لەم ئەزموونانە، بەتایبەت لە سەروبەندی یەکی مەیدا، لە ڕێبەران و هەڵسووراوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری دەخوازێت کە لە دەوری ستراتیژییەکی سۆسیالیستی یەک بگرن. ڕێکار و ستراتیژییەک کە ڕێکخستنی چینی کرێکار لەنێو ڕێکخراوە سیاسی و چینایەتییەکان و حیزبە سیاسییەکەی خۆیدا، یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی نا بۆ لەسێدارەدان، بزووتنەوەی دادخوازی و… وە هەروەها ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگەیەوە، لە تەوەری سەرەکیی خۆیدا دابنێت. کرێکاران هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەپێش نییە جگە لەوەی کە درز و کەلێنی ژیانی ڕۆژانە و قووڵایی ناڕەزایەتییەکەیان دژی دۆخی هەنووکەیی بە سیاسەت پڕ بکەنەوە و ببنە هێزێکی سیاسیی ڕێکخراو.
هەرچەندە کۆمەڵگای ئێران هێستاش لە بارودۆخێکی جەنگیدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یەکی مەی نەریتێکی ناسراو و جێکەوتووە لەنێو بزووتنەوەی کرێکاریدا، پێویستە هەڵسووراوان و پێشڕەوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری وەک بەشێک لە کاری ئامادەکاریی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خۆیاندا لەسەر زەروورەتی سیاسی و چینایەتیی یەکگرتن لە دەوری ڕێکارێکی سۆسیالیستی و هەوڵدانی بەرنامەبۆداڕێژراو لەم پێناوەدا باس و گفتوگۆ بکەن. بێگومان کرێکارانی وشیار لە یەکی مەیدا سەرباری ڕاگەیاندنی سکاڵانامەی خۆیان دژی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری و خستنەڕووی داواکارییە دەستبەجێیەکانیان، پێویستە بە پێداگری لەسەر داخوازیی ئازادی و بەرابەری، ڕزگاریی ژنان لە کۆتوبەندی چەوسانەوە و ئاپارتایدی ڕەگەزی و ڕزگاریی نەتەوەکان لە کۆتوبەندی ستەمگەری لەنێو بڕیارنامەکانیاندا، هەنگاوێکی مەزن لەپێناو گرێدان و هاوپشتیی هەرچی زیاتر لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بنێن. لە یەکی مەیدا پێداگری لەسەر خواستەکانی کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕ، ئازادیی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ئەو داواکارییانەن کە کارخانە و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پێکەوە گرێ دەدەن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە سەرجەم کرێکاران و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە لە هەژاری و بێبەشی، لە زوڵم و زۆر و نایەکسانی و لە ستەم و سەرکوت وەزاڵە هاتوون داوا دەکات کە ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەرامبەر بە ١١ی گوڵان بە هەر شێوازێک کە دەتوانن بە جۆشوخرۆشەوە بەڕێوە ببەن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ئینتەرناسیۆنالیستیی کرێکاران، ڕۆژی جیهانیی کرێکار ئەم هێمایەی هاوپشتیی حەماسیی چینایەتی لە هەموو کرێکاران پیرۆزبایی دەکات و ستایشی گیانفیدایی و هەوڵی دڵسۆزانە و ماندوویینەناسانەی هەڵسووراوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران دەکات لەپێناو ڕێکخستن و یەکگرتوویی ڕیزەکانی کرێکاراندا.
بژی یەکی مەی ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥
١٨ی ئاپریلی ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە