
دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە هەمووان، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژە چەوساوە و کەمداهاتەکانی کۆمەڵگای خستووەتە ژێر گوشارەوە. لەژێر کاریگەریی ئەم شەڕە و گوشارە دووقاتەکانی بۆ سەر چینی کرێکار، ئەمە کرێکارانن کە دەبنە قوربانیی کەمکردنەوەی هێزی کار و شەپۆلی بێکارسازییەکان و پەیوەست دەبن بە بەرەی گەورەی بێکارانەوە. هەر ئەم کرێکارانەن کە پێدانی حەقدەست و کرێ و دەرماڵەکانیان زیاتر لە جاران دوا دەخرێت و ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیش (تەئمینی ئیجتماعی) بە بیانووی بارودۆخی شەڕەوە، خۆی لە پێدانی بیمەی بێکاری بە کرێکاران دەدزێتەوە. دەزگا ئەمنی و سەرکوتگەرەکانیش پێش هەر شوێنێک، ناوەندە کرێکارییەکان دەخەنە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێرییەوە، بۆ ئەوەی پێش بە گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران بگرن. بەڵام سەرەڕای توندتربوونەوەی کەشی ئەمنی و هەڕەشە و ڕێگریکردن لە کرێکاران بۆ سازدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی لەلایەن دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە، کرێکاران بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری و برسیەتی هیچ ڕێگەیەکیان جگە لە مانگرتن و خەباتی ناڕەزایەتی لە بەردەمدا نییە.
کرێکارانی دەرکراوی “پرۆژەی فازی دووی پاڵاوگەی گازی ئیلام” پاش تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ بەسەر شەڕدا و لە قۆناغێکی ئاگربەستی لەرزۆکدا، دژی گوشاری بێکاری و گرانیی ڕۆژلەدوایڕۆژ، دەستیان دایە خەباتی ناڕەزایەتی. ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، کرێکارانی دەرکراوی کۆمپانیای پەیمانکاری “جەهان پارس”، بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان سەرەتا لە بەردەم ئیدارەی کاری ئیلام کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنا و دواتر، کۆبوونەوەکەیان گواستەوە بۆ بەردەم فەرمانداریی شارستانی “چوار”. خواست و داواکاریی کرێکارانی دەرکراوی کۆمپانیای پەیمانکاری “جەهان پارس” بریتییە لە پێدانی حەقدەستە دواخراوەکانیان، گەڕانەوە بۆ سەر کار، ڕزگاربوون لە بێچارەنووسی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی کار و گوزەران. کرێکاران لە شیکردنەوەی بارودۆخی نالەباری کار و گوزەرانی خۆیان بۆ هەواڵنێران ڕایانگەیاندووە کە: “نزیکەی ٣٥٠ کرێکاری ئەم کۆمپانیایە کە زۆربەیان لە هێزی کاری خۆجێیین و ساڵانێکە لەم کۆمپانیایەدا خەریکی کارن، لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکانیان، بێکار کراون. کرێکاران داواکارن کە لە درێژەی پرۆژەی دروستکردنی فازی دووی پاڵاوگەی گازی ئیلامدا، بگەڕێندرێنەوە سەر کارەکانیان. سەرەڕای ئەوەش، بەشێک لە کرێکاران هێشتا حەقدەستی مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە. کرێکاران پێداگرن لەسەر ئەوەی خاوەنکار کرێ دواخراوەکانیشیان پێ بدات.” ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە پێدانی مافی بیمەی بێکاری بە کرێکارانیش هیچ هەواڵێک نییە و زۆرینەی ڕەهای کرێکاران بۆ دابینکردنی بژێویی خۆیان و بنەماڵەکانیان لەم هەلومەرجە جەنگییەدا بەرەوڕووی کێشەی جدی بوونەتەوە.
لە نموونەیەکی تری ناڕەزایەتییە کرێکارییەکاندا، کرێکارانی نەیشەکری حەوتتەپە لە پارێزگای خوزستان و کرێکارانی کارگەی دارووگەر لە تاران، هەواڵی پێنەدانی سێ تا پێنج مانگ لە کرێ و حەقدەستەکانیان ڕاگەیاندووە و خوازیاری پێدانی مووچە و دەرماڵەکانیان بوون. سەرباری ئەوەش، سەدان کەس لە کارمەندانی زانکۆی تاران ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا و داوای بەرزکردنەوەی مووچەکانیان بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان و تێچووی سەبەتەی بژێویی ژیانیان کرد. تا ئێستا کە مانگێک بەسەر ساڵی ١٤٠٥دا تێپەڕیوە، هێشتا “شۆرای باڵای کار”ی ڕژێم نەیتوانیوە بڕی لانیکەمی حەقدەستەکان بۆ ئەمساڵ دیاری بکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەرچی نوێنەری ڕێکخراوە زەردە کرێکارییەکانی سەر بە دەسەڵات لە شۆرای باڵای کاردا، هەواڵی پەسەندکردنی بەرزکردنەوەی ٦٠ لەسەدی حەقدەستەکانی ڕاگەیاندووە، بەڵام کرێکاران زیادکردنی ٦٠ لەسەد بە بێبایەخی و پشتگوێخستنی ئاشکرای ڕێژەی بێسنووری گرانی و بارودۆخی سەختی بژێوی دەزانن.
لەگەڵ بەردەوامبوونی هەلومەرجی شەڕ، قەیرانی ئابووریی ڕژێمی ئیسلامی زیاتر لە جاران قووڵ بووەتەوە و پەرەی سەندووە، ڕێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرز بووەتەوە و دراوی باوی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بێبەهاتر دەبێت، بەمەش کرێکاران و زەحمەتکێشان توانای کڕینیان لەدەست دەدەن و سفرەکانیان بەتاڵتر دەبێتەوە. سەرمایەداران و خاوەنکارانیش ڕایدەگەیەنن کە توانای دابینکردنی تێچووەکان و پێدانی حەقدەست و دەرماڵەی کرێکارانیان نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، غوڵام حوسێن محەممەدی، جێگری وەزیری بەناو “تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی”ی ڕژێم لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی پارێزگاکان، دانی بەو ڕاستییەدا نا کە ئەم شەڕە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یەک ملیۆن و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دوو ملیۆن هەلی کاری لەناوبردووە. زۆرێک لە کارگەکانی پترۆشیمی، لەوانە کارگەی ماهشەهر، بەهۆی شەڕەوە وێران و داخراون و کرێکارەکانیان یان گیانیان لەدەست داوە یان بێکار و دەرکراون.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژنامەی “پەیام” باسی لە دابەزینی توندی پیشەسازیی گەشتیاری و داخرانی بەربڵاوی پیشە دەستییەکان کرد. پچڕانی ئینتەرنێتیش لەلایەن دەسەڵاتەوە لە ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا، دەیان هەزار هەلی کاری پەیوەندیداری لەناو بردووە. وتەبێژی ژووری ئەسنافی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە: “زیانە ئابوورییەکانی سەرچاوەگرتوو لە پچڕانی ئینتەرنێت بەدەر لە تەسەورە. چونکە پێنج لەسەدی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی وڵات بەستراوەتەوە بە ئابووریی دیجیتاڵییەوە.” سەرۆکی کۆمەڵەی ڕێکخراوە زانستبنەماکان، زیانی ڕۆژانەی پچڕانی ئینتەرنێتی بە ٨٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە کرد. ئەنجومەنی پیشەییی ڕۆژنامەنووسانی ئێرانیش بە ئاماژەدان بە شوێنەوارەکانی شەڕ لەسەر ئەم بوارەی چالاکیی کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند کە دوو لەسەر سێی هەواڵنێران بەر کەمکردنەوەی هێزی کار و دەرکردن کەوتوون.
لە سەروبەندی یەکی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و هێرشی یەکلەدواییەکی ڕژێمی ئیسلامی بۆ سەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و هەلومەرجی شەڕ و تەشەنەسەندنی گرانی و هەژاری و برسیەتی، ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاری و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگای بە توندی خستووەتە ژێر گوشارەوە. لە هەلومەرجی جەنگیی ئێستا و قەیرانی قووڵی ئابووریدا، دەسەڵاتی ئیسلامی نەک هەر هیچ ئاسۆیەک بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش شک نابات، بەڵکوو هیچ زەمانەتێکیش بۆ ئاسایشی کار لە ئارادا نییە و ڕژێمی ئیسلامی لە ئاست خواست و مافە ڕەواکانی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاریدا داماو و دەستەوەستانە. لە وەها هەلومەرجێکدا، پێویستە کرێکاران لە کەرتە جیاوازەکاندا، هاوشێوەی «کرێکارانی دەرکراوی کۆمپانیای پەیمانکاری جەهان پارس»، بەبێ چاوەڕوانی بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ، درێژە بە مانگرتن و خەباتە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دژی دەسەڵاتی سەرمایەدارانی ئیسلامی بۆ هێنانەدیی داواکارییەکانیان بدەن؛ هەروەها ڕێگە بە ڕژێمی گەندەڵ و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی نەدەن کە لەمە زیاتر بە بیانووی شەڕەوە، ژیان و بژێوییان بکاتە قوربانیی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە