فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بێکارکردن لە ژێر سێبەری شەڕدا، لە سەروبەندی یەکی ئایاردا
سێشەممە ۰۸-۰۲-۱۴۰۵   |  28-04-2026

لە بەرەبەری یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، جارێکی تر ڕوخساری ئاشکرا و بێ‌پەردەی پێوەندییە سەرمایەداری-ئیسلامییەکان لە فۆرمی شەپۆلگەلێکی نوێی بێکارکردن و ناسەقامگیریی بژێویدا خۆی دەنوێنێت. دەرکردنی سەدان کرێکار لە کارگەکانی “پینک”ی ڕەشت و “ڕستنی بروجێرد”، هاوکات لەگەڵ بڕینی ئینتەرنێت وەک ژێرخانێکی ئابووری لە جیهانی هاوچەرخدا کە دەیان هەزار هەلی کاری لە ناو بردووە، هەروەها بێکاریی بەربڵاو بە هۆی وێرانکردنی ژێرخانە پیشەسازییەکان لە خوزستان و لێکەوتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی شەڕی کۆنەپەرستانە، تەنیا چەند نموونەیەک لە ڕەوتێکن کە ڕیشەی لە لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایە، قەیرانە ناوخۆییەکانی و پێگەی ئابووریی ئێران لە سیستەمی جیهانیی سەرمایەداریدا هەیە. دەرکردنی نزیکەی ٥٠٠ کرێکار لە ڕەشت و ٧٠٠ کرێکار لە بروجێرد، هەرچەندە بە بیانووی وەک “داخستنی کاتی” یان “کەمکردنەوەی هێزی کار” پاساو دەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکە لە میکانیزمی هەمیشەیی سەرمایە بۆ گواستنەوەی باری قەیرانەکە بۆ سەر شانی چینی کرێکار. سەرمایە، لە ئاست دابەزینی ڕێژەی قازانج، سستبوونی بازاڕ یان تێکچوونی زنجیرەکانی بەرهەمهێناندا، پێش هەر شتێک پەنا بۆ کەمکردنەوەی تێچووی هێزی کار دەبات. ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی ئابووریی بۆرژوازیدا بە “نەرمی‌نواندن” (انعطاف‌پذیری) ناو دەبرێت، لە کردەوەدا هیچ نییە جگە لە ناسەقامگیرکردنی ژیانی کرێکاران و توندکردنەوەی چەوسانەوە.

لە ئاستێکی گشتگیرتردا، بارودۆخی خوزستان پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان شەڕ، وێرانکاری و بەرهەمهێنانەوەی هەژاری بە ڕوونی نیشان دەدات. بۆردومانی ناوەندە پترۆکیمیایی و پیشەسازییەکان، کە بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کرێکار، بەشێکە لەو بازنەیەی کە تێیدا سەرمایەداریی جیهانی و هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، لە ڕێگەی وێرانکاری و داڕشتنەوەی جوگرافیای بەرهەمهێنانەوە، هەلومەرج بۆ کەڵەکەبوونی نوێی سەرمایە خۆش دەکەن. لەم نێوەدا، کرێکاران نەک تەنیا قوربانیی ڕاستەوخۆی شەڕن، بەڵکو دەبنە قوربانیی پرۆسەی “ئاوەدانکردنەوە”ی دوای شەڕیش؛ ئاوەدانکردنەوەیەک کە زۆرتر هاوڕێیە لەگەڵ تایبەتسازی، گرێبەستە کاتییەکان و دابەزاندنی ستانداردەکانی کار یان جێگیرکردنی هاوردەکردن لە جێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.

تەشەنەسەندنی بێکاری لە ئاستی دوو ملیۆن کەسدا بە هۆی بارودۆخی شەڕەوە – وەک ئەوەی جێگری وەزیری کاری ڕێژیم ڕایگەیاندووە – دەرخەری قووڵبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییەیە کە ئیتر ناتوانرێت تەنیا بە خراپ‌بەڕێوەبردن یان گەندەڵی پێناسە بکرێت. ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدایە، دەرکەوتەی ئابوورییەکی قەیران‌لێدراوە کە لە ژێر گوشاری گەمارۆکان، شەڕ و ململانێ ژیۆپۆلۆتیکییەکاندا، توانای بەرهەمهێنانەوەی سەقامگیریی خۆی لەدەست داوە. لە وەها بارودۆخێکدا، سەرمایە نەک لە ڕێگەی فراوانکردنی بەرهەمهێنانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی قووڵکردنەوەی چەوسانەوە، کەمکردنەوەی حەقدەستی ڕاستەقینە و دەرکردنی هێزی کاری “زێدە” (مازاد)، درێژە بە مانەوەی خۆی دەدات. ئەم هەلومەرجە، ڕوخساری دوولایەنەی سەرمایەداریی ئیسلامی زەقتر دەکاتەوە: لە لایەکەوە سەرمایەداریی نیمچە-دەوڵەتیی پشت‌بەستوو بە ڕانت، قۆرخکاری و سەرکوتگەری؛ لە لایەکی تریشەوە، سەرمایەداریی تایبەت کە لە چوارچێوەی هەمان لۆژیک، بەڵام بە ئامرازی جیاواز، دەست دەکاتە چەوساندنەوەی هێزی کار. خاڵی هاوبەشی هەردووکیان، قووڵکردنەوەی چەوسانەوە، زەوتکردنی ئاسایشی کار و سەرکوتکردنی هەر جۆرە بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕێکخراوی کرێکارانە. لەم نێوەدا، ڕۆڵی دەوڵەت وەک سەرمایەدارێکی گەورە پتر لە پێشوو دەردەکەوێت. دەوڵەت، بە سیاسەتگەلێکی وەک ئازادکردنی نرخەکان، گۆڕینی هەمان یاساکانی کاری دژە-کرێکار بە قازانجی خاوەنکار و سەرمایەداران و ئاسانکاری بۆ تایبەتسازی، لە کردەوەدا زەمینە بۆ توندکردنەوەی ئەم ڕەوتە خۆش دەکات. تەنانەت لەوێشدا کە باس لە “پشتیوانی لە بەرهەمهێنان” دەکرێت، ئەم پشتیوانییە لە بنەڕەتدا بە مانای دەستەبەرکردنی قازانجی سەرمایەدارانە، نەک پاراستنی هەلی کار یان باشترکردنی ژیان و کاری کرێکاران.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە یەکی ئایار، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە چینی کرێکار چۆن دەتوانێت لە بەرامبەر ئەم هێرشەی دەوڵەت و سەرمایەداران بۆ سەر کار و ژیانی کرێکاران خۆڕاگری بکات. ئەزموون نیشانی داوە کە کاردانەوە پەرتەوازەکان و تەنیا بەرگریکارانە، هەرچەند پێویستیش بن، بەڵام بەس نین. ئەوەی زەروورەتە، تێپەڕینە لە ناڕەزایەتی و مانگرتنە پەرتەوازەکان بەرەو مانگرتنە ڕێکخراوە سەرتاسەرییەکان کە بتوانن هاوسەنگیی هێزی ئێستا بە شێوەیەکی واقیعی بگۆڕن. لەم چوارچێوەیەدا، پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتی و سەربەخۆکانی کرێکاران (سەربەخۆ لە دەوڵەت)، وەک ئامرازەکانی خۆڕێکخستنی چینەکە، گرینگییەکی تایبەتیان هەیە. ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن سەرباری بەدواداچوون بۆ داواکارییە هەنووکەییەکان – وەک حەقدەست، ئاسایشی کار و بیمەی بێکاری – ئاسۆیەکی سیاسیی فراوانتریش بخەنە ڕوو؛ ئاسۆیەک کە تێیدا، کۆنترۆڵی کرێکاران بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا، وەک ئەلتەرناتیڤێک لە بەرامبەر پێوەندییە سەرمایەدارییەکاندا دادەنرێت. لە بارودۆخی ئێستادا کە نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران وەک لەمپەرێکی جیددی لەبەردەم سەرتاسەری‌بوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە کۆمەڵگە پیشەسازی و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری دێتە هەژمار، پێکهێنانی دامەزراوەیەک کە پێکهاتبێت لە ڕێکخراوە و ناوەندە سەربەخۆکانی کرێکاران و ڕێبەران و هەڵسوڕاوانێک کە لە چەقی گەرمی خەباتی کرێکاران ئامادەن و پێوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ کرێکاراندا هەیە، دەتوانێت تا ڕادەیەک ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. پێکهێنانی دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بۆ پێکەوەگرێدان و سەرتاسەری‌کردنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بگێڕێت.

هەروەها، پێکەوەگرێدانی خەباتی کرێکاری لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوەکانی تری کۆمەڵگە، لە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی ‘نا بۆ لەسێدارەدان’ و بزووتنەوەی دادخوازییەوە بگرە تا پەیوەندیکردن لەگەڵ دانیشتووانی ناوچە بێبەش و پەراوێزخراوەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهاتنی بەرەیەکی فراوانتر دژ بە سیستەمی زاڵ. قەیرانی ئێستا، قەیرانێکی سەرتاسەرییە کە تەواوی کرێکاران، زەحمەتکێشان و بەشمەینەتانی کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر گوشارەوە؛ لەبەر ئەمەش، وەڵامدانەوە بەمە دەبێ سەرتاسەری، هاوئاهەنگ و پشت‌بەستوو بە هاوپشتی و یەکێتیی چینایەتی بێت.

لە کۆتاییدا، ئەوەی ئەمڕۆ وەک “قەیران” ئەزموون دەکرێت، بۆ سەرمایەداری، بەشێکە لە کارکردە ئاساییەکەی خۆی. شەڕ، بێکارکردن، وێرانکاری، هەژاری و سەرکوتگەری، پێکهاتە دەروونییەکانی ئەم سیستەمەن. هەر بۆیە، هەر هەوڵێک بۆ باشتربوونی سەقامگیریی ژیان و کاری کرێکاران، ناچارە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بنەڕەتییە ببێتەوە: ئایا دەتوانرێت لە چوارچێوەی هەمان سیستەمدا بگەین بە ڕزگاریی کۆمەڵایەتی، یان ڕزگاریی ڕاستەقینە پێویستی بە تێپەڕین و دەربازبوون لەو سیستەمەیە؟

یەکی ئایار، لە هەلومەرجێکی وەهادا، نەک تەنیا ڕۆژێکە بۆ ڕێزلێنان لە هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران، بەڵکو هاوکات ساتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئاسۆی ڕزگاریی سۆسیالیستیدا. چینی کرێکار، سەرەڕای تەواوی گوشار و پەرتەوازەییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێگەیەی کە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا هەیەتی، هێشتا هێزێکە کە دەتوانێت بە خۆڕێکخستن، هۆشیاری و یەکێتیی چینایەتی، ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕێت. بەڵام ئەم ئیمکانە تەنیا کاتێک دەبێتە واقیع کە خەبات لە ئاستی کاردانەوەوە بەرز ببێتەوە بۆ ئاستی کردەوەیەکی هۆشیارانە و ڕێکخراو.