
لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەبات و تێکۆشانی مامۆستایانی ئێراندا، ڕۆژی ١٢ی گوڵان وەک “ڕۆژی مامۆستا” ناودێر کراوە. ٦٥ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویدا، هەزاران مامۆستا بە داواکاریی چوونەسەرەوەی حەقدەستەکانیان لە گۆڕەپانی “بەهارستان” کۆبوونەوە و خوازیاری دیدار لەگەڵ سەرۆکی مەجلیس بوون. هێزە سەرکوتگەرەکانی پۆلیسی ڕژێمی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوی، هێرشیان کردە سەر ئەم کۆبوونەوەیە و بە باتۆم و ماشێنی ئاوپڕژێن پەلاماری مامۆستایانی ناڕازییان دا. لەو ڕۆژەدا، سەرۆکی بنکەی پۆلیسی بەهارستان، دەسترێژی گولـلەی لە مامۆستایانی تێکۆشەر و لەوانەش “ئەبولحەسەن خانعەلی”، مامۆستا و خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای فەلسەفە لە تاران کرد، کە لە ئاکامدا ئەبولحەسەن خانعەلی گیانی بەخت کرد و دوو مامۆستای دیکەش بریندار بوون. لە ١٨ی گوڵانی هەمان ساڵدا، کۆبوونەوەی جەماوەریی مامۆستایان، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، ڕۆژی ١٢ی گوڵانیان بۆ یادکردنەوەی مانگرتنی مامۆستایان و بەرزڕاگرتنی یادی دکتۆر خانعەلی، بە “ڕۆژی مامۆستا” ڕاگەیاند و بڕیار درا کە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا سەرجەم قوتابخانە و دامەزراوە فەرهەنگییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دابخرێن. لە سەردەمی حکوومەتی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەویدا، لەژێر گوشاری خەباتی مامۆستایاندا، ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی مامۆستا بە فەرمی ناسێندرا.
بەڵام ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، هەوڵی دا ئەم ڕۆژە مێژووییە لە نێوەڕۆکە شۆڕشگێڕانە و خەباتکارانەکەی بەتاڵ بکاتەوە. ڕژێمی ئیسلامی تیرۆری “مورتەزا موتەهەری”، سەرۆکی شۆرای دژیشۆڕشی ئیسلامی و لە تیۆریسیەنەکانی کۆنەپەرستی لە ١١ی گوڵانی ١٣٥٨دا وەک هەلێک قۆستەوە و هەوڵی دا ١٢ی گوڵان، واتە ڕۆژی مامۆستا، بە ناوی ئەم تیۆریسیەنە کۆنەپەرستە ئیسلامییەوە گرێ بدات. بەڵام ئەم چەواشەکارییە مێژووییە هەرگیز لەلایەن کۆمەڵگەی مامۆستایانی ئێرانەوە قبووڵ نەکرا و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران هێشتاش خەباتی مامۆستایان و گیانبەختکردنی مامۆستای تێکۆشەر، دکتۆر خانعەلی، بە بۆنەی سەرەکیی ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە دەزانن.
ئەمساڵ ڕۆژی مامۆستا لە هەلومەرجێکدا دێت، کە دەرئەنجامەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، کار، ژیان، بژێوی و خەباتی مامۆستایانی وەک بەشێک لە چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێرانی لە دۆخێکی زۆر دژوارتردا قەتیس کردووە. ئەم شەڕە بە کۆمەڵکوژیی هەزاران مرۆڤ و ئاوارەیی و وێرانکردنی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، و بێکارکردنی زیاتر لە ٢ ملیۆن کرێکار و پەرەپێدانی شەپۆلی سەرکوت، نەک هەر بنەماکانی بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی خستووەتە ژێر زەبرەوە، بەڵکوو بە پەراوێزخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، ڕەوتی گەشەی ئەم بزووتنەوانەی لە بواری خۆڕێکخستندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ کردووەتەوە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی شەڕ و بە پچڕاندنی ئینتەرنێت، کە لە سەردەمی ئێستادا وەک ژێرخانێکی گرنگی ئابووری دێتە ئەژمار، نەک تەنیا خەڵکی ئێرانی لە مافی سەرەتایی خۆیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بێبەش کردووە، بەڵکوو دەیان هەزار هەلی کاریشی لەناوبردووە. ئەم بێکارکردنە بەربڵاوە لە هەلومەرجێکدا کە ڕێژەی هەڵاوسان و گرانی بە شێوەیەکی یەکجار بەرین هەڵکشاوە، ژیان و گوزەرانی بنەماڵە کرێکارییەکان و چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر گوشارێکی لەتاقەتبەدەرەوە و مامۆستایانیش لەم هاوکێشەیە بەدەر نین. بەڵام ئەوەی جێگەی هیوایە ئەوەیە کە مامۆستایان، بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا، گەیشتوونەتە ئاستێک لە هۆشیاری، ئەزموونی کردەیی و پوتانسیێلەکانی خۆڕێکخستن لە ئاستی سەرتاسەریدا، کە شەڕ و دەرئەنجامەکانی ناتوانن لەناوی ببەن. ئەگەر خەباتی مامۆستایان لەژێر سێبەری هەلومەرجی شەڕدا پەراوێز خرابێت، ئەوا لە قۆناغی پاششەڕدا دەتوانێت ببێتە هێزێکی ماددی بۆ بووژاندنەوە و پەرەپێدانی زیاتری خەبات.
مامۆستایانی ئێران بە پشتبەستن بەو پاشخانە خەباتکارانەی هەیانبووە، سەرەڕای پاکسازییەکان، زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی مامۆستایانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕژێمەوە، بەتایبەتی لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە و هاوکات لەگەڵ تێکۆشانی بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاریدا، دەستیان بە خەباتەکەیان کردەوە. خەباتی مامۆستایان سەرەڕای گوشاری بەردەوام و ڕەشبگیریی چالاکان، هەم لە ڕووی فۆرم و هەم لە ڕووی دروشم و داواکارییەکانەوە، بە شێوەیەکی عەینی سنووری یاسا ئیسلامییەکان و ئەو چوارچێوە بەرتەنگانەی تێپەڕاند کە هەندێک لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی لایەنگری ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی بۆیان دیاری کردبوو، و زیاتر لە جاران ماهییەتێکی سیاسی و ڕادیکاڵی بەخۆیەوە گرت.
لە ڕاستیدا، دوای ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەژاران و پەراوێزنشینانی شارەکان لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، وە لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و “ژن، ژیان، ئازادی”دا، بزووتنەوەی داخوازیی مامۆستایانیش قووڵتر و بەربڵاوتر بووەتەوە. مامۆستایانی تێکۆشەر پاش کۆمەڵکوژییە سامناکەکەی ناڕازییان لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، بە وەڕێخستنی کەمپەینی “کورسییە بەتاڵەکان”، پلاتفۆرمەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردە مەیدانێک بۆ ئاشکراکردن و ڕیسواکردنی ڕەهەندەکانی تاوانەکانی ڕژێمی ئیسلامی. لە درێژەشدا بە بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەریی قوتابخانەکان لە ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو تاوانانە، لە پێناو بەرگریکردن لە کەرامەت و ئاسایشی قوتابیان و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵە جەرگسووتاوەکان، هەستی بەرپرسیارێتی و گرێدراوەییە قووڵە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لەگەڵ ئازار و مەینەتی و هاوارە هاوبەشەکاندا سەلماند.
مامۆستایانی ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە وەڕێخستنی چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و بە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی لێبڕاوانە لە بەرامبەر پەلاماری حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ سەر کار، ژیان، بژێوی و مافە سەرەتاییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک، پوتانسیێلەکانی خۆیان بۆ کاریگەریدانان لەسەر کەشی سیاسیی کۆمەڵگە نیشان داوە. مامۆستایان یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بەرزکردنەوەی ئاڵای داواکارییە لانیکەمییەکانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بوون کە تێیدا لەسەر چەندین پرسی گرنگ پێداگری کراوە؛ لەوانە: ئازادییە بێقەیدوشەرتە سیاسییەکان، ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، بەرابەریی ژن و پیاو لە گشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەموو منداڵان، هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنەکان، چوونەسەرەوەی حەقدەستەکان بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، هەروەها داواکاریی قەدەغەکردنی تایبەتسازی و کاڵاییبوونی پەروەردە، و دابینکردنی چارەسەریی پزیشکیی بێبەرامبەر و هتد. پێشڕەویی خەباتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان و بۆ ئازادکردنی مامۆستایان و کرێکاران و گشت بەندکراوانی سیاسی، لەگرەوی یەکڕیزی و هاوپشتیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەگرەوی گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بۆ یەکگرتوویی و سەرتاسەری کردنەوەی زیاتری ئەم ناڕەزایەتییانەدایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە