
لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی ئاوارەبوون و جێگۆڕکێی بەربڵاوی مرۆڤەکان لە سنوورەکانەوە کە دەرئەنجامی شەڕ و نائەمنی و ڕوودانی کارەساتی مرۆییە، یەکێک لە ناتەباییەکانی نەزمی جیهانیی سەرمایەداری زیاتر لە جاران خۆی دەرخستووە. ئەو زلهێزانەی لە گوتاری فەرمیدا خۆیان وەک پارێزەری “مافی مرۆڤ”، “ئازادیی ژنان” و “بەها دیموکراتیکەکان” پێناسە دەکەن، لە پراکتیکدا دەچنە ناو هاوکارییەوە لەگەڵ هێزگەلێک کە هەبوونیان لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی هەمان ئەو پرەنسیپانە دامەزراوە. ئەم ناتەباییە، لە ڕووی پێکهاتەییەوە ڕەنگدانەوەی لۆژیکی ناوەکیی سەرمایەداریی جیهانییە. کۆچی بەربڵاوی خەڵکی ئەفغانستان بۆ ئەورووپا، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١دا، ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی “قەیرانێکی مرۆیی” و دابڕاو لە زەمینە مێژوویی و ئابوورییەکانی لێک بدرێتەوە. ئەم جێگۆڕکێیە مەزنە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی دەیان ساڵ دەستتێوەردانی ئیمپریالیستی، شەڕ، داڕمانی ژێرخانە ئابوورییەکان و جێگیرکردنی هێزە کۆنەپەرستەکانە لەنێو پێکهاتەی دەسەڵاتدا. ملیۆنان مرۆڤ، بەتایبەتی ژنان، کرێکاران و لاوان، بۆ ڕزگاربوون لە نەزمێک کە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان سەرکوت دەکات، ناچار بە جێهێشتنی وڵاتی خۆیان بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە مرۆییە بەربڵاوتر و قووڵتر دەکاتەوە، شێوازی مامەڵەی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ئەورووپایە لەگەڵ هەمان هێزی کۆنەپەرستی تاڵیباندا. لە ساڵانی ڕابردوودا، پەیوەندی و دیدارە فەرمییەکانی نێوان نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا و تاڵیبان زیادی کردووە. ئەم مامەڵانە کە زۆرجار بە بیانووی وەک “بەڕێوەبردنی کۆچی پەنابەران” یان “لێکۆڵینەوە لە هەلومەرجی گەڕانەوەی پەنابەران” پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە، نیشانی دەدەن کە چۆن بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان دەخرێنە پێش هەر جۆرە بانگەشەیەکی ئەخلاقییەوە. بەڵگە بەردەستەکانی کۆبوونەوە دیپلۆماتیکەکان لە برۆکسل و پایتەختەکانی دیکەی ئەورووپا، ئەوە دەردەخەن کە ئەولەوییەتی سەرەکیی ئەم دەوڵەتانە، باشترکردنی دۆخی کارەساتباری خەڵکی ئەفغانستان نییە، بەڵکوو کۆنترۆڵکردنی شەپۆلی کۆچبەران و کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکانی خۆیانە.
دەبێت ئەم ڕوانگەیە لە چوارچێوەی دابەشکاریی نایەکسانی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیدا شی بکرێتەوە؛ نەزمێک کە تێیدا دەوڵەتە ئەورووپییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکان، هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتانی “باشووری جیهانی”دا بەرهەم دەهێننەوە. لە پێکهاتەیەکی لەم چەشنەدا، دەوڵەتەکان نەک لەسەر بنەمای ڕادەی پابەندبوونیان بە مافەکانی مرۆڤەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای کارکردیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئەم نەزمە هەڵدەسەنگێنرێن. هەر لەبەر ئەمەشە ڕژێمگەلێکی وەک تاڵیبان، سەرەڕای سرووشتی دژەژن و سەرکوتگەرانەیان، تا ئەو کاتەی لە خزمەت بەرژەوەندییە گەورەکانی ئەم سیستەمەدا کار بکەن، دەتوانن وەک هاوکار پەسەند بکرێن.
یەکێک لە ڕەهەندە کلیدییەکانی ئەم دۆخە، بەکارهێنانی ئامرازییانەی چەمکی “ئاسایش”ە. دەوڵەتە ئەورووپییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان، پەرەسەندنی نایەکسانی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێدەکۆشن ئاراستەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی کۆچبەران کەناڵیزە بکەن و ڕای گشتی چەواشە بکەن و بەلاڕێیدا بەرن. لەم چوارچێوەیەدا، پەنابەران نەک وەک قوربانییانی نەزمێکی نایەکسان، بەڵکوو وەک هۆکاری قەیران و نائەمنی و پەلاماری کولتووری پێناسە دەکرێن. دانوستان لەگەڵ تاڵیبان و ڕژێمە هاوشێوەکانی دیکە، بەشێکە لەم ستراتیژییە؛ واتە سپاردنی ئەرکی کۆنترۆڵی کۆچبەران بەو هێزانەی کە خۆیان هۆکاری سەرەکین لە بەرهەمهێنانی ئەو کۆچەدا.
ئەم دۆخە بۆ ژنانی ئەفغانستان مانایەکی دووهێندە تاڵتری هەیە. ئەو ژنانەی لەژێر زەبری سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی و قەدەغەبوونی خوێندن، کارکردن و دەرکەوتن لە گۆڕەپانی گشتیدا هەڵاتوون، ئێستا دەبینن هەمان ئەو زلهێزانەی بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانیانیان دەکرد، دەچنە ناو هاوکارییەوە لەگەڵ بکەرانی ئەم سەرکوتە. ڕەوتێکی لەم چەشنە نەک تەنیا هەستی بێپەنایی زیاتر دەکات، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەوایی دەبەخشێت بە پێکهاتە سەرکوتگەرەکان. ناکرێت ئەم ناتەبایی و ناکۆکییانە تەنیا لە ئاستی بێشەرمی و دووڕووییەکی سیاسیدا بچووک بکرێنەوە. ئەوەی خەریکە ڕوو دەدات، دەرئەنجامی لۆژیکیی کارکردی سیستەمێکە کە لەسەر کەڵەکەبوونی سەرمایە، کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی و پاراستنی پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات دامەزراوە. لەم چوارچێوەیەدا، مافی مرۆڤ تەنیا تا ئەو جێگایە گرنگیی هەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی زلهێزە سەرمایەدارییەکاندا نەکەوێتە ململانێ و ناکۆکییەوە؛ هەرکاتێکیش ئەم پێکدادانە دروست بێت، ئەولەوییەت بێوچان دەدرێت بە بەرژەوەندییەکانی سەرمایە.
نموونە بەرچاوەکانی ئەم ڕەوتە دەکرێت لە سیاسەتە سنوورییەکانی یەکێتیی ئەورووپادا ببینرێت؛ لە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی سێیەم بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی پەنابەرانەوە بگرە، تا دەگاتە دابینکردنی بودجە بۆ هێزە ئەمنییەکان لە وڵاتانی سەرچاوە یان تێپەڕگەی کۆچبەران، و دروستکردنی میکانیزمی ئاسانکاری بۆ دیپۆرتکردنەوەیان. لە زەمینەیەکی وەهادا، تەنانەت ئەو حکوومەتانەش کە کارنامەی ڕەشیان لە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤدا هەیە، دەتوانرێت وەک شەریک و هاوکار بەکار بهێنرێن. هاوکاریی دەوڵەتە ئەورووپییەکان لەگەڵ تاڵیبان ڕێک لەنێو ئەم لۆژیکەدا جێگەی تێگەیشتنە. لەپاڵ ئەمانەشدا، ڕۆڵی ئایدۆلۆژیاش یەکلاکەرەوەیە. میدیاکان و گوتاری فەرمی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپیدا، بە تیشکخستنە سەر “قەیرانی کۆچبەری” و “مەترسیی کولتووری” و بە چەواشەکردنی ڕای گشتی، زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ پەسەندکردنی ئەم سیاسەتانە خۆش دەکەن. لەم گێڕانەوەیەدا، بەرپرسیارێتیی قەیرانەکە لە پێکهاتەکانی سەرمایەداریی جیهانییەوە دەخرێتە ئەستۆی خودی پەنابەران، و قوربانیی قەیرانەکە، وەک هۆکاری قەیرانەکە دەناسرێت. جێگۆڕکێیەک کە نەک تەنیا ڕاستییەکان دەشێوێنێت، بەڵکوو ئەگەری پێکهاتنی هاوپشتیی چینایەتی لەنێوان کرێکارانی باکوور و باشووری جیهانیشدا لاواز دەکات.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئەوەی لە هەر شتێک زیاتر بە پێویست دەزانرێت، بونیادنانەوەی ئاسۆیێکی ئینتەرناسیۆنالیستییە؛ ئاسۆیەک کە خەباتی کرێکاران، ژنان و جەماوەری چەوساوەی ئەفغانستان، ئێران و ناوچەکانی دیکەی جیهان، وەک پێکهاتەکانی خەباتێکی هاوبەش دژی نەزمی سەرمایەداریی زاڵ بەسەر جیهاندا ببینێت. ئەمەش پێویستی بە وەلانانی هەر جۆرە وەهمێکە بەرامبەر بە پێکهاتەکانی سیستەمی سەرمایەداری. ئەزموون سەلماندوویەتی کە بێ ڕێکخستن، بێ پێکهاتن و گەشەکردنی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان، بێ پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەکان و بێ هەبوونی ئاسۆیێکی سۆسیالیستی، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەستەبەر نابێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە